Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 45:10-17

10 ئەی کچ، گوێ بگرە، لەبەرچاوتی بگرە و گوێ شل بکە،
    گەلەکەت و بنەماڵەکەت لەبیر بکە.
11 پاشا تامەزرۆی جوانی تۆیە،
    کڕنۆشی بۆ ببە، چونکە گەورەی تۆیە.
12 دانیشتووانی شاری سور[a] بە دیارییەوە دێن،
    خاوەن سامانەکان ڕەزامەندی تۆیان دەوێت.
13 کچی پاشا لە ماڵی خۆی بە تەواوی شکۆدارە،
    جلوبەرگەکەی بە زێڕ چنراوە.
14 بە کراسێکی نەخشێنراوەوە بۆ لای پاشا دەیبەن،
    یاوەرە پاکیزەکانی بەدوایەوە بۆ لای تۆ[b] دێنن.
15 بە شادی و خۆشییەوە دەیانهێنن،
    دێنە ناو کۆشکی پاشا.

16 کوڕەکانت جێی باوکانیان دەگرنەوە،
    دەیانکەیتە میری سەرانسەری زەوی.

17 یادی ناوت دەکەمەوە نەوە دوای نەوە،
    بۆیە نەتەوەکان هەتاهەتایە ستایشت دەکەن.

پەیدابوون 27:1-17

یاقوب بەرەکەتی ئیسحاق وەردەگرێت

27 کاتێک ئیسحاق پیر بوو و چاوەکانی کز بوون بۆ بینین، عیسۆی کوڕە گەورەی خۆی بانگکرد و پێی گوت: «کوڕی خۆم.»

ئەویش وەڵامی دایەوە: «ئەوەتام.»

ئیسحاق گوتی: «ئەوا پیر بووم و ڕۆژی مردنی خۆم نازانم. ئێستاش چەکەکەت، تیردانەکەت و کەوانەکەت هەڵبگرە و بڕۆ بۆ دەشتودەر، نێچیرێکم بۆ ڕاو بکە. ئەو خواردنەی حەزم لێیەتی بۆم ئامادە بکە و بیهێنە تاکو بیخۆم، بۆ ئەوەی بەر لەوەی بمرم داوای بەرەکەتت بۆ بکەم.»

ڕڤقە گوێی لێبوو کاتێک ئیسحاق قسەی لەگەڵ عیسۆ دەکرد. ئینجا عیسۆ چوو بۆ دەشتودەر تاکو نێچیرێک ڕاو بکات و بیهێنێتەوە. ڕڤقە لەگەڵ یاقوبی کوڕی قسەی کرد و گوتی: «وا گوێم لە باوکت بوو قسەی لەگەڵ عیسۆی برات دەکرد و گوتی: ”نێچیرێکم بۆ بهێنە و خواردنم بۆ ئامادە بکە، بەر لە مردنم دەیخۆم و لەبەردەم یەزدان داوای بەرەکەتت بۆ دەکەم.“ ئێستاش، کوڕی خۆم، گوێم لێ بگرە، لەوەی من فەرمانت پێدەدەم: بڕۆ لەلای مێگەلەکە دوو گیسکی ناسکم بۆ بهێنە، هەتا لێیان بنێم بۆ باوکت، وەک ئەوەی حەزی لێیەتی. 10 ئینجا بۆ باوکتی دەبەیت و دەیخوات، بۆ ئەوەی بەر لە مردنی داوای بەرەکەتت بۆ بکات.»

11 یاقوبیش بە ڕڤقەی دایکی گوت: «بەڵام عیسۆی برام پیاوێکی تووکنە و منیش پیاوێکی کۆسەم. 12 ڕەنگە باوکم دەستم لێ بدات؟ خۆ لەبەرچاوی دەبمە فێڵباز و ئیتر نەفرەت بەسەر خۆمدا دەهێنم، نەک بەرەکەت.»

13 دایکیشی پێی گوت: «کوڕی خۆم، با نەفرەتەکەت لە من بکەوێت. تەنها گوێ لە من بگرە و بڕۆ بیانهێنە بۆم.»

14 ئیتر ئەویش چوو کاریلەکانی گرت و هێنانی بۆ دایکی. دایکیشی خواردنی دروستکرد، وەک ئەوەی باوکی حەزی لێ دەکرد. 15 ئینجا ڕڤقە جلوبەرگە باشەکەی عیسۆی کوڕە گەورەی هێنا، کە لە ماڵەوە لەلای خۆی بوو، لەبەر یاقوبی کوڕە بچووکی کرد. 16 دەستەکانی و ئەو بەشەی ملی کە لووسە بە پێستی گیسکەکان دایپۆشی. 17 ئینجا خواردنەکە و نانەکەی دروستی کردبوون دایە دەست یاقوبی کوڕی.

ڕۆما 7:7-20

تەورات پیرۆزە

کەواتە چی بڵێین؟ ئایا تەورات خۆی سەرچاوەی گوناهە؟ حاشا! بەڵام لە ڕێگەی تەوراتەوە نەبێت گوناهم نەدەناسی. هەروەها واتای تەواوی چاوچنۆکیم نەدەزانی ئەگەر تەورات نەیگوتایە [چاو مەبڕە هیچ شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت.][a] بەڵام گوناه ئەم ڕاسپاردەیەی قۆستەوە و هەموو چاوچنۆکییەکی لە مندا وروژاند، چونکە گوناه بەبێ تەورات مردووە. منیش لەپێشدا بەبێ تەورات دەژیام. بەڵام کاتێک ڕاسپاردە هات، گوناه هاتە ژیان و منیش مردم. 10 بینیم هەمان ئەو ڕاسپاردەیەی بۆ ژیانە بۆ من بۆ مردنە، 11 چونکە گوناه ڕاسپاردەکەی قۆستەوە و منی خەڵەتاند و بەو منی کوشت.

12 کەواتە تەورات پیرۆزە، ڕاسپاردەش پیرۆز و دادپەروەر و چاکە.

13 ئایا چاکە بۆ من بووەتە مایەی مردن؟ حاشا! بەڵکو گوناه بەهۆی چاکەوە مردنی لە مندا هێنایە کایەوە، بۆ ئەوەی دەربکەوێت کە گوناه بە ڕاستی گوناهە و تاکو لە ڕێگەی ڕاسپاردەکەوە ئاشکرابێت کە گوناه تەواو خراپە.

14 ئێمە دەزانین تەورات ڕۆحییە، بەڵام من دنیاییم و وەک کۆیلە فرۆشراوم بە گوناه. 15 ئیتر نازانم چی دەکەم، چونکە ئەوەی دەمەوێت نایکەم، بەڵکو ئەوەی ڕقم لێیەتی ئەوە دەکەم. 16 ئەگەر ئەوە بکەم کە نامەوێت، ئەوسا تەورات پەسەند دەکەم کە باشە. 17 ئیتر من نیم کە وا دەکەم، بەڵکو ئەو گوناهەی لە مندا نیشتەجێیە، 18 چونکە دەزانم هیچ چاکەیەک لە مندا نیشتەجێ نییە، واتە لە سروشتی دنیاییمدا. خواست لەلام ئامادەیە، بەڵام توانای چاکەکردنم نییە، 19 چونکە ئەو چاکەیەی دەمەوێت نایکەم، بەڵکو ئەو خراپەی کە نامەوێت ئەوە دەکەم. 20 ئەگەر ئەوەم کرد کە نامەوێت، ئیتر ئەوە من نیم کە دەیکەم، بەڵکو ئەو گوناهەی لە مندا نیشتەجێیە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.