Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
נ (نون)
105 وشەکانی تۆ چران بۆ پێیەکانم،
ڕووناکییە بۆ ڕێگام.
106 سوێندم خواردووە و بەجێی دەهێنم،
کە ملکەچی حوکمە ڕاستودروستەکانت دەبم.
107 ئەی یەزدان، زۆر ئازارم چێژتووە،
جا بەپێی بەڵێنی خۆت بمژیێنەوە.
108 ئەی یەزدان، بە ستایشە خۆویستەکانی دەمم ڕازی بە،
حوکمەکانی خۆتم فێر بکە.
109 هەمیشە گیانم لەناو دەستمدایە،
بەڵام فێرکردنی تۆ لەبیرناکەم.
110 بەدکاران تەڵەیان بۆم ناوەتەوە،
بەڵام من لە ڕێنماییەکانی تۆ گومڕا نابم.
111 یاساکانت هەتاهەتایە گەنجینەن بۆ من،
چونکە ئەوان شادی دڵمن.
112 دڵم بۆ بەجێهێنانی فەرزەکانت تەرخان دەکەم،
هەتاهەتایە و هەتا کۆتایی.
پەیمان نوێکردنەوەی یۆشیا
23 ئینجا پاشا ناردی و هەموو پیرانی یەهودا و ئۆرشەلیمی کۆکردەوە. 2 لەگەڵ هەموو گەلی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم، کاهین و پێغەمبەرەکان و هەموو گەل لە گەورەوە هەتا بچووک چوونە پەرستگای یەزدان. لەبەردەمیان تەواوی وشەکانی پەڕتووکی پەیمانی خوێندەوە، ئەوەی لە پەرستگای یەزدان دۆزرایەوە. 3 پاشا لەلای کۆڵەکەکە ڕاوەستا و لەبەردەم یەزدان پەیمانی دا[a] کە دوای یەزدان بکەوێت و بە هەموو دڵ و گیانییەوە فەرمان و یاسا و فەرزەکانی بەجێبهێنێت، بۆ ئەوەی وشەکانی ئەم پەیمانەی لەم پەڕتووکەدا نووسراوە پەیڕەو بکرێت، هەموو گەلیش پابەندی پەیمانەکە بوون.
4 ئینجا پاشا فەرمانی دا بە حیلقیای سەرۆک کاهین و کاهینەکانی کۆمەڵی دووەم و دەرگاوانەکان کە هەموو ئەو قاپوقاچاغانەی بۆ بەعل و ئەشێرا و هەموو هێزەکانی ئاسمان دروستکراون، لە پەرستگای یەزدان ببەنە دەرەوە و لە دەرەوەی ئۆرشەلیم لە کێڵگەکانی دۆڵی قدرۆن بیانسووتێنن و خۆڵەمێشەکەشی ببەنە بێتئێل. 5 خزمەتکارانی بتەکانیشی نەهێشت کە پاشاکانی یەهودا دایاننابوون هەتا لە نزرگەکانی سەر بەرزایی و لە شارۆچکەکانی یەهودا و دەوروبەری ئۆرشەلیم بخوور بسووتێنن، ئەوانەی بۆ بەعل و خۆر و مانگ و کەلووەکان و هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان بخووریان دەسووتاند. 6 ئەو ستوونە ئەشێرایەشی لە پەرستگای یەزدانەوە بردە دۆڵی قدرۆن لە دەرەوەی ئۆرشەلیم و لەوێ سووتاندی، کوتای هەتا بووە خۆڵ، خۆڵەکەشی بەسەر گۆڕی مردووانی خەڵکەکە بە با کرد. 7 ماڵی پیاوە لەشفرۆشەکانیشی ڕووخاند کە لەناو پەرستگای یەزدان بوون، ئەوەی کە ژنان لەوێ پەردەیان بۆ بتە ئەشێراکە دەچنی.
8 یۆشیا هەموو کاهینەکانی لە شارۆچکەکانی یەهوداوە هێنا و ئەو نزرگانەی سەر بەرزایی گڵاوکرد کە کاهینەکان لەوێ بخووریان دەسووتاند، لە گەڤەعەوە هەتا بیری شابەع. نزرگەکانی دەروازەکانیشی ڕووخاند، ئەوەی لە دەروازەی دەرگای یەشوعی فەرمانڕەوای شارەکە کە دەکەوتە لای چەپی دەروازەی شارەکە بوو.
21 پاشا فەرمانی بە هەموو گەل دا و گوتی: «جەژنی پەسخە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان بکەن، وەک ئەوەی لەم پەڕتووکی پەیماندا نووسراوە.» 22 جەژنی پەسخەی ئاوا نەکراوە، نە لە سەردەمی ڕابەران کە دادوەریێتی ئیسرائیلیان کردووە و نە لە هەموو سەردەمەکانی پاشاکانی ئیسرائیل و پاشاکانی یەهودا. 23 بەڵام لە ساڵی هەژدەیەمینی یۆشیای پاشا ئەم جەژنەی پەسخە لە ئۆرشەلیم بۆ یەزدان گێڕدرا.
24 هەروەها یۆشیا هەموو نێوانگر و ڕۆح ئامادەکار و پەیکەر و بت و هەموو پەیکەرە قێزەونەکان کە لە خاکی یەهودا و لە ئۆرشەلیم دەبینران لەناوی بردن، بۆ ئەوەی دەقی ئەو فێرکردنانە پەیڕەو بکات کە لەناو ئەو پەڕتووکە نووسراون کە حیلقیای کاهین لە پەرستگای یەزدان دۆزییەوە. 25 هیچ پاشایەک لەپێش خۆی وەکو یۆشیا نەبوو، کە بە هەموو دڵ و گیان و هێزییەوە بگەڕێتەوە لای یەزدان، بەپێی هەموو تەوراتی موسا، لەپاش ئەویش کەسی وەک خۆی نەبوو.
دڵسۆزی لە خزمەتکردن
4 بۆیە کە ئەم خزمەتەمان هەیە، وەک بەر بەزەیی خودا کەوتین، ورە بەرنادەین، 2 بەڵکو شتە شاراوەکانی سەرشۆڕیمان ڕەتکردەوە، بە فێڵبازی ناکەین و دەستکاری پەیامی خودا ناکەین، بەڵکو بە دەرخستنی ڕاستی، بۆ ویژدانی هەرکەسێک لەبەردەم خودا خۆمان دەسەلمێنین. 3 بەڵام ئەگەر مژدەکەمان[a] شاراوە بێت، ئەوا لەنێو ئەوانە شاراوەیە کە لەناودەچن، 4 لێرەدا خوداوەندی ئەم دنیایە[b] بیری بێباوەڕانی کوێر کردووە، تاکو ڕووناکی مزگێنی شکۆی مەسیحیان بۆ نەدرەوشێتەوە، ئەوەی وێنەی خودایە. 5 ئێمە خۆمان ڕاناگەیەنین، بەڵکو عیسا کە مەسیحی باڵادەستە، خۆشمان لە پێناوی عیسا بەندەی ئێوەین، 6 چونکە خودا، ئەوەی فەرمووی: [با لە تاریکیدا ڕووناکی بدرەوشێتەوە،][c] ئەو لە دڵماندا درەوشایەوە، بۆ ڕووناککردنەوەی ناسینی شکۆی خودا لەڕووی عیسای مەسیحدا.
7 بەڵام ئەم گەنجینەی هەمانە لەناو گۆزەی گڵیندایە، تاکو دەربکەوێت کە وزەی لە ڕادەبەدەر لە خوداوەیە نەک لە ئێمەوە. 8 لە هەموو لایەکەوە پەستین، بەڵام تەنگەتاو نین؛ دەشێوێین، بەڵام بێ ئومێد نین؛ 9 چەوسێنراوەین، بەڵام بەجێنەهێڵدراوین؛ بە زەویدا دەدرێین، بەڵام لەناو ناچین. 10 هەمیشە چۆنیەتی مردنی عیسا لە لەشدا هەڵدەگرین[d]، تاکو ژیانی عیسا لە لەشماندا دەربکەوێت، 11 چونکە ئێمەی زیندوو هەردەم لە پێناوی عیسا دەدرێینە دەست مردن، تاکو ژیانی عیسا لە جەستەی مردوومان دەربکەوێت. 12 کەواتە مردن لە ئێمەدا کار دەکات، بەڵام ژیان لە ئێوەدا.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.