Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئیشایا 58:1-9

ڕۆژووگرتنی ڕاستەقینە

58 «پڕ بە گەرووت هاوار بکە و مەیگەڕێنەوە،
    وەک کەڕەنا دەنگت بەرز بکەوە!
یاخیبوونەکەی گەلەکەم بە خۆیان ڕابگەیەنە،
    گوناهەکانی بنەماڵەی یاقوبیش بە خۆیان.
ڕۆژ بە ڕۆژ داوای من دەکەن و
    خۆیان وا دەردەخەن کە بە پەرۆشن بۆ زانینی ڕێگاکانم،
وەک نەتەوەیەک ڕاستودروستی ئەنجام دابێت و
    حوکمەکانی خودای خۆیان پشتگوێ نەخستبێت.
داوای حوکمەکانی ڕاستودروستیم لێ دەکەن و
    خۆیان وا دەردەخەن کە بە پەرۆشن بۆ نزیکبوونەوە لە خودا.
دەڵێن: ”بۆچی بەڕۆژوو بووین و سەیرت نەکردین،
    خۆمان زەلیل کرد و پێت نەزانین؟“

«وا لە ڕۆژی بەڕۆژوبوونتان خۆشی دەبینن و
    هەموو کرێکارەکانتان دەچەوسێننەوە.
وا سەرئەنجامی ڕوژووگرتنتان دەبێتە شەڕ و ناکۆکی،
    بە خراپە مست لە یەکتری دەوەشێنن.
ئەمڕۆ بەڕۆژوو نابن
    بۆ ئەوەی لە ئاسمان دەنگتان ببیسترێت.
ئایا ئەمە ئەو ڕۆژووەیە کە من دەمەوێت؟
    مرۆڤ تەنها ڕۆژێک گیانی خۆی زەلیل دەکات،
وەک زەل سەری دادەنەوێنێت و
    لەسەر گوش و خۆڵەمێش ڕادەکشێت؟
ئایا ئەمە ناو دەنێیت ڕۆژوو،
یان ڕۆژێکی پەسەند لەلای یەزدان؟

«ئایا ئەمە ئەو ڕۆژووە نییە کە من دەمەوێت،
کۆتی ستەمکاری بکرێتەوە و
    گرێیەکانی نیر شل بکرێنەوە،
چەوساوەکان بەڕەڵا بکرێن و
    هەموو نیرێک بشکێنن؟
ئایا ئەوە نییە کە نانی خۆت بۆ برسی لەت بکەیت و
    هەژارە بێ لانەکان ببەیتە ماڵەوە،
کە ڕووتێکت بینی پۆشتەی بکەیت و
    خۆت لە خزمەکانی خۆت نەشاریتەوە؟
ئەوسا ڕووناکیت وەک بەیان پڕشنگ دەداتەوە،
    تەندروستیت بە خێرایی چرۆ دەکات،
ڕاستودروستیت لەپێشتەوە دەڕوات و
    شکۆمەندی یەزدانیش پاشڕەو و پارێزەری تۆیە.
ئەوسا هاوار دەکەیت و یەزدان وەڵام دەداتەوە،
    هاواری فریاکەوتن دەکەیت، ئەویش پێت دەفەرموێت: ئەوەتام.

«ئەگەر بەرگی ستەم لە خۆت داماڵیت و
    واز لە قسەی بەد و تاوانبارکردنی خەڵکی بهێنێت،

ئیشایا 58:9-12

ئەوسا هاوار دەکەیت و یەزدان وەڵام دەداتەوە،
    هاواری فریاکەوتن دەکەیت، ئەویش پێت دەفەرموێت: ئەوەتام.

«ئەگەر بەرگی ستەم لە خۆت داماڵیت و
    واز لە قسەی بەد و تاوانبارکردنی خەڵکی بهێنێت،
10 هەروەها ئەگەر خۆت بۆ برسی ماندوو بکەیت و
    پێداویستی زەلیل دابین بکەیت،
ئاوا ڕووناکیت لەناو تاریکی دەدرەوشێتەوە و
    تاریکی ئەنگوستەچاوت وەک نیوەڕۆ دەبێت.
11 یەزدان هەمیشە ڕێنماییت دەکات و
    لە خاکی ڕووتەندا گیانت تێر دەکات و
    جەستەت بەهێز دەکات.
وەک باخچەیەکی تێر ئاوت لێدێت،
    کانییەک کە ئاوی لێ نەبڕێت.
12 گەلی تۆ کەلاوە داڕووخاوە کۆنەکان بنیاد دەنێنەوە،
    بناغەکان هەڵدەستێننەوە، کە لە نەوەکانی پێشووەوەیە،
ئینجا ناوت لێ دەنێن، ”بنیادنەرەوەی شوورا“ و
    ”ئاوەدانکەرەوەی کۆڵانەکان“.

زەبوورەکان 112:1-9

112 هەلیلویا!

خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی لە یەزدان دەترسێت،
    بە ڕاسپاردەکانی زۆر دڵخۆشە.

وەچەی لەسەر زەوی بەهێز دەبن،
    نەوەی سەرڕاستان بەرەکەتدار دەبن.
سامان و دەوڵەمەندی لە ماڵیەتی،
    ڕاستودروستییەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە.
لە تاریکیدا ڕووناکی بۆ سەرڕاستان درەوشایەوە،
    بۆ ئەوانەی کە میهرەبان و بە بەزەیی و ڕاستودروستن.
چاک دەبێت بۆ ئەو کەسەی کە دڵفراوانە و قەرز دەدات،
    بە دادپەروەرییەوە ئیشوکاری خۆی ڕادەپەڕێنێت.

بێگومان پیاوچاک هەتاهەتایە نالەقێت،
    هەتاهەتایە یادی دەکرێتەوە.
لە بیستنی هەواڵی خراپ ناترسێت،
    دڵی پتەوە، پشتی بە یەزدان بەستووە.
دڵی چەسپاوە و ناترسێت،
    هەتا سەرکەوتووانە دەڕوانێتە دوژمنەکانی.
بە دڵفراوانییەوە بە هەژارانی بەخشیوە،
    ڕاستودروستییەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە،
    بە ڕێزەوە شکۆمەندییەکەی بەرز دەبێتەوە.

زەبوورەکان 112:10

10 بەدکار ئەمە دەبینێت و بێزار دەبێت،
    ددانەکانی جیڕدەکاتەوە و دەتوێتەوە،
    ئارەزووی بەدکاران لەناودەچێت.

یەکەم کۆرنسۆس 2:1-12

مژدەی مەسیحی لەخاچدراو

ئەی خوشک و برایان، منیش کاتێک هاتمە لاتان، بە قسەی گەورە یان دانایی نەهاتم شایەتی[a] خودا ڕابگەیەنم، چونکە بڕیارم دا لەنێوتاندا هەموو شتێک لەبیر بکەم، بێجگە لە عیسای مەسیح، ئەویش بە لە خاچ دراوی. منیش بە لاوازی و ترس و لەرزێکی زۆرەوە لەلاتان بووم. کاتێک مزگێنی و وتارم پێدەدان، قسەی داناییانە و قایلکردنم بەکارنەدەهێنا، بەڵکو پشتم بە بەڵگەی هێزی ڕۆحی پیرۆز دەبەست، تاکو باوەڕتان بە دانایی مرۆڤ نەبێت، بەڵکو باوەڕتان بە هێزی خودا هەبێت.

دانایی خودا

ئێمە لەنێو پێگەیشتوواندا بە دانایی دەدوێین، بەڵام داناییەک نە لەم دنیایەوەیە و نە لە دەسەڵاتدارانی ئەم دنیایەوەیە، کە لەناودەچن. بەڵکو باسی دانایی خودا دەکەین کە نهێنییە، شاراوە بوو، ئەوەی خودا لە ئەزەلەوە بۆ شکۆی ئێمەی داناوە. هیچ کام لە دەسەڵاتدارانی ئەم دنیایە تێنەگەیشتن، چونکە ئەگەر تێبگەیشتنایە، مەسیحی خاوەن شکۆیان لە خاچ نەدەدا. بەڵکو وەک نووسراوە:

[ئەوەی هیچ چاوێک نەیبینیوە،
    هیچ گوێیەک نەیبیستووە و
بە بیری مرۆڤدا نەهاتووە،
    ئەوەی خودا ئامادەی کردووە بۆ ئەوانەی خۆشیان دەوێت.][b]

10 بەڵام خودا بەهۆی ڕۆحی خۆی بۆی ئاشکرا کردین.

ڕۆحی پیرۆز لە هەموو شتێک دەکۆڵێتەوە، تەنانەت لە قووڵایی ناخی خوداش دەکۆڵێتەوە. 11 چ مرۆڤێک دەزانێت مرۆڤ چی تێدایە، جگە لە ڕۆحی مرۆڤ کە لەناویدایە؟ بەم شێوەیە کەس نازانێت خودا چی تێدایە ڕۆحی خودا نەبێت. 12 ئێمەش ڕۆحی جیهانمان وەرنەگرتووە، بەڵکو ئەو ڕۆحەی لە خوداوەیە، تاکو لەو شتانە تێبگەین کە خودا بەخۆڕایی پێی بەخشیوین.

یەکەم کۆرنسۆس 2:13-16

13 ئەوەی باسی دەکەین لە دانایی مرۆڤەوە نەهاتووە، بەڵکو لە فێرکردنی ڕۆحەوە هاتووە، بەم شێوەیە فێرکردنی ڕۆحی بۆ کەسانی ڕۆحانی لێکدەدرێتەوە. 14 بەڵام کەسی سروشتی ئەوەی هی ڕۆحی خودایە وەریناگرێت، چونکە لەلای ئەو گێلایەتییە و ناتوانێت بیانزانێت، چونکە بە ڕۆح جیا دەکرێنەوە. 15 کەسی ڕۆحانی هەموو شتێک هەڵدەسەنگێنێت، کەچی کەس ناتوانێت ئەو هەڵبسەنگێنێت.

16 [کێ بیری یەزدانی زانی،
    کێ فێری دەکات؟][a]

بەڵام ئێمە بیری مەسیحمان هەیە.

مەتا 5:13-20

خوێی زەوی و ڕووناکی جیهان

13 «ئێوەن خوێی زەوی، بەڵام ئەگەر خوێ سوێرییەکەی نەما، بە چی سوێر دەکرێتەوە؟ ئیتر بەکەڵکی هیچ نایەت، ئەوە نەبێ فڕێبدرێتە دەرەوە و خەڵکی پێشێلی بکەن.

14 «ئێوەن ڕووناکی جیهان، شارێک لەسەر شاخ دروست‏کرابێت ناتوانرێت بشاردرێتەوە. 15 هەروەها خەڵکی چرا هەڵناکەن تاکو بیخەنە ژێر تەشتەوە، بەڵکو لەسەر چرادان دایدەنێن بۆ ئەوەی ڕووناکی بداتە هەموو ئەوانەی لە ماڵەکەدان. 16 بە هەمان شێوە، با ئێوەش ڕووناکیتان بۆ خەڵک بدرەوشێتەوە، تاکو کردارە باشەکانتان ببینن و ستایشی باوکتان بکەن کە لە ئاسمانە.

تەواوکردنی تەورات

17 «وا بیر نەکەنەوە من هاتووم تەورات یان نووسراوی پێغەمبەران بسڕمەوە، نەهاتووم بۆ سڕینەوەیان، بەڵکو هاتووم بۆ تەواوکردنیان. 18 ڕاستیتان پێ دەڵێم: هەتا زەوی و ئاسمان لەئارادا بێت، پیتێک یان خاڵێک لە تەورات لەناو ناچێت، هەتا هەمووی دێتە دی. 19 بۆیە ئەوەی بچووکترینی ئەم ڕاسپاردانە بشکێنێت و خەڵکیش ئاوا فێر بکات، لە شانشینی ئاسمان بە بچووکترین ناودەبردرێت. بەڵام ئەوەی پەیڕەوی بکات و خەڵکی فێر بکات، لە شانشینی ئاسمان بە مەزن ناودەبردرێت. 20 ئیتر پێتان دەڵێم: ئەگەر ڕاستودروستیتان لە مامۆستایانی تەورات و فەریسییەکان زیاتر نەبێت، هەرگیز ناچنە ناو شانشینی ئاسمان.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.