Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 112:1-9

112 هەلیلویا!

خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی لە یەزدان دەترسێت،
    بە ڕاسپاردەکانی زۆر دڵخۆشە.

وەچەی لەسەر زەوی بەهێز دەبن،
    نەوەی سەرڕاستان بەرەکەتدار دەبن.
سامان و دەوڵەمەندی لە ماڵیەتی،
    ڕاستودروستییەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە.
لە تاریکیدا ڕووناکی بۆ سەرڕاستان درەوشایەوە،
    بۆ ئەوانەی کە میهرەبان و بە بەزەیی و ڕاستودروستن.
چاک دەبێت بۆ ئەو کەسەی کە دڵفراوانە و قەرز دەدات،
    بە دادپەروەرییەوە ئیشوکاری خۆی ڕادەپەڕێنێت.

بێگومان پیاوچاک هەتاهەتایە نالەقێت،
    هەتاهەتایە یادی دەکرێتەوە.
لە بیستنی هەواڵی خراپ ناترسێت،
    دڵی پتەوە، پشتی بە یەزدان بەستووە.
دڵی چەسپاوە و ناترسێت،
    هەتا سەرکەوتووانە دەڕوانێتە دوژمنەکانی.
بە دڵفراوانییەوە بە هەژارانی بەخشیوە،
    ڕاستودروستییەکەی هەتاهەتایە چەسپاوە،
    بە ڕێزەوە شکۆمەندییەکەی بەرز دەبێتەوە.

زەبوورەکان 112:10

10 بەدکار ئەمە دەبینێت و بێزار دەبێت،
    ددانەکانی جیڕدەکاتەوە و دەتوێتەوە،
    ئارەزووی بەدکاران لەناودەچێت.

دواوتار 4:1-14

فەرمانەکانی یەزدان بپارێزن

ئێستاش ئەی ئیسرائیل، گوێ لەم فەرز و یاسایانە بگرە کە من فێرتان دەکەم هەتا بەجێی بهێنن و بژین و بچنە ناو ئەو خاکە و دەستی بەسەردا بگرن کە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان دەتانداتێ. ئەو قسانەی من فەرمانتان پێ دەکەم هیچی لێ زیاد و کەم مەکەن، هەتا فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگارتان بپارێزن کە من فەرمانتان پێ دەکەم.

چاوەکانتان بینییان یەزدان چی لە بەعل‌پەعۆردا کرد، هەرچی دوای بەعلی پەعۆر[a] کەوت یەزدانی پەروەردگارتان لەنێوتاندا بە تەواوی لەناوی برد، بەڵام ئێوە کە خۆتان بە یەزدانی پەروەردگارتانەوە گرتووە ئەوا هەمووتان ئەمڕۆ زیندوون.

بڕوانە، فەرز و یاساکانم فێرکردن هەروەک یەزدانی پەروەردگارم فەرمانی پێ کردم بۆ ئەوەی ئاوا بکەن لەو خاکەی کە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن، ئیتر بیانپارێزن و جێبەجێیان بکەن، چونکە ئەوە دانایی و تێگەیشتوویی ئێوەیە لەبەرچاوی ئەو گەلانەی کە گوێیان لەو هەموو فەرزانە دەبێت و دەڵێن، «ئەم گەلە مەزنە گەلێکی دانا و تێگەیشتوون.» چونکە چ گەلێکی مەزن هەیە، خوداوەندێکی نزیکی هەبێت وەک یەزدانی پەروەردگارمان لە هەموو داواکارییەکانمان؟ هەروەها چ گەلێک مەزنە و ئەو فەرز و یاسا ڕاستودروستانەی هەیە وەک ئەو هەموو فێرکردنەی من ئەمڕۆ لەبەردەمتان دایدەنێم؟

بەڵام ئاگاداربە و باش خۆت بپارێزە هەتا ئەو شتانە لەبیر نەکەیت کە بە چاوەکانت بینیت، بۆ ئەوەی هەموو ڕۆژانی ژیانت لە دڵت دەرنەچێت و منداڵەکانت و منداڵی منداڵەکانتی پێ فێر بکە. 10 ئەو ڕۆژەت لە یاد بێت کە لە بەرامبەر یەزدانی پەروەردگارت ڕاوەستایت لە حۆرێڤ، کە یەزدان پێی فەرمووم: «گەلم بۆ کۆبکەرەوە و وشەکانی منیان بخەرە بەر گوێ، هەتا فێر بن هەموو ئەو ڕۆژانەی کە لەسەر زەوی زیندوون لێم بترسن و منداڵەکانیان فێر بکەن.» 11 ئێوەش هاتنە پێش و لە خوارەوەی کێوەکە ڕاوەستان و کێوەکە هەتا ناو جەرگەی ئاسمان بە ئاگر داگیرسا بوو، بە تاریکی و تەمی چڕ، 12 جا یەزدان لەنێو ئاگرەکەوە لەگەڵتاندا دوا و ئێوە گوێتان لە دەنگی وشەکان دەگرت، بەڵام هیچ شێوەیەکی ئەوتان نەبینی، تەنها دەنگ نەبێت. 13 ئەویش پەیمانەکەی خۆی پێ ڕاگەیاندن کە فەرمانی پێ کردن کاری پێ بکەن، دە ڕاسپاردەکە کە لەسەر دوو تەختەی بەردی نووسی. 14 لەو کاتەدا یەزدان فەرمانی بە منیش کرد، بۆ ئەوەی فەرز و یاساکانتان فێر بکەم هەتا لەو خاکەدا کاری پێ بکەن کە لە ڕووباری ئوردون بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن.

یەکەم یۆحەنا 5:1-5

باوەڕهێنان بە مەسیح

هەرکەسێک باوەڕی بەوە هەبێت کە عیسا مەسیحە، ئەوە لە خوداوە لەدایک بووە. هەرکەسێک باوکی خۆشبوێ، ئەوەشی خۆشدەوێت کە لێی لەدایک بووە. بەمەدا دەزانین ڕۆڵەکانی خودامان خۆشدەوێت: کە خودامان خۆشبوێت و ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنین. ئەمە خۆشەویستی خودایە، ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنن، ڕاسپاردەکانیشی قورس نین، چونکە هەرکەسێک لە خوداوە لەدایک بووبێت جیهان دەبەزێنێت، ئەمەش ئەو سەرکەوتنەیە کە جیهان دەبەزێنێت، باوەڕمانە. کێیە جیهان دەبەزێنێت؟ تەنها ئەو کەسەی باوەڕی هەیە کە عیسا کوڕی خودایە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.