Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سلێمان.
72 ئەی خودایە، دادپەروەری خۆت بدە بە پاشا،
ڕاستودروستیت بە کوڕی پاشا.
2 با بە ڕاستودروستی حوکمی گەلەکەت بکات،
بە دادپەروەریش هەژارەکانت.
3 با چیاکان ئاشتی بۆ گەل دابین بکەن،
گردەکان ڕاستودروستی.
4 با دادوەری کڵۆڵانی گەل بکات،
کوڕی نەداران ڕزگار بکات،
زۆرداران وردوخاش بکات.
5 با وەک خۆر بمێنێت،
وەک مانگ بە درێژایی نەوەکان.
6 وەک باران بەسەر گیادا ببارێت،
وەک هەور زەوی ئاو بدات،
7 ڕاستودروستان لە سەردەمی ئەو شکۆفە دەکەن،
ئاشتییەکی زۆر دەبێت هەتا فەوتانی مانگ.
8 لە دەریاوە هەتا دەریا حوکم دەکات،
لە ڕووباری فوراتەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی.
9 بیاباننشینەکان کڕنۆشی بۆ دەبەن و
ناحەزانی تۆز دەلێسنەوە.
10 پاشاکانی تەرشیش[a] و دوورگە دوورەکان سەرانە دەنێرن،
پاشاکانی شەبا و سەبا[b] دیاری بۆ دێنن.
11 هەموو پاشاکان کڕنۆشی بۆ دەبەن و
هەموو نەتەوەکان خزمەتی دەکەن.
12 چونکە نەدار هاواری بۆ ببات، دەربازی دەکات،
چەوسێنراوەش کە یارمەتیدەری نییە.
13 بەزەیی بە لاواز و نەداردا دێتەوە،
گیانی نەدارەکان ڕزگار دەکات،
14 گیانیان لە ستەم و توندوتیژی دەکڕێتەوە،
خوێنی ئەوان لەلای بەنرخە.
15 تەمەن درێژ بێت!
با لە زێڕی شەبای پێبدرێت،
با هەمیشە خەڵک نزای بۆ بکەن،
با بە درێژایی ڕۆژ داوای بەرەکەتی بۆ بکەن.
16 با دانەوێڵەیەکی زۆر لەسەر زەوی بێت،
لەسەر لووتکەی گردەکان،
بەرهەمی وەک لوبنان بشەکێتەوە،
با ئەوانەی لە شارەکانن وەک گیای کێڵگە چرۆ بکەن.
17 با هەتاهەتایە ناوی بمێنێت،
هەتا خۆر مابێت ناوی بەردەوام بێت.
هەموو نەتەوەکان لەوەوە بەرەکەتدار بن،
هەمووان خۆزگەی پێ بخوازن.
18 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگار، خودای ئیسرائیل،
بە تەنها ئەوە کاری سەرسوڕهێنەر دەکات.
19 هەتاهەتایە ستایش بۆ ناوی شکۆداری،
با شکۆمەندییەکەی هەموو جیهان پڕ بکات.
ئامین و ئامین.
20 لێرەدا نوێژەکانی داودی کوڕی یەسا تەواو بوون.
سەردانی شاژنی شەبا بۆ لای سلێمان
10 کاتێک شاژنی شەبا ناوبانگی سلێمان و پەیوەندییەکەی ئەوی لەگەڵ یەزدان بیست، هات بۆ ئەوەی بە چەند مەتەڵێک تاقی بکاتەوە. 2 بە کەژاوەیەکی زۆر گەورەوە، وشتری بارکراو لە بۆنوبەرام و زێڕی زۆر و بەردی گرانبەها، گەیشتە ئۆرشەلیم. هاتە لای سلێمان و لەبارەی هەموو ئەو شتانەی لە دڵی بوو قسەی لەگەڵ کرد. 3 سلێمانیش وەڵامی هەموو پرسیارەکانی دایەوە، هیچ شتێک بۆ پاشا قورس نەبوو وەڵامی بداتەوە. 4 کاتێک شاژنی شەبا ئەو هەموو داناییەی سلێمان و ئەو کۆشکەی بینی کە بنیادی نابوو، 5 هەروەها خواردنی سەر خوانەکەی، دانیشتنی دەستوپێوەندەکانی، ڕێکوپێکی خزمەتکارەکانی و جلوبەرگاکانیان، ساقییەکانی و ئەو قوربانی سووتاندنانەی کە سلێمان لە پەرستگای یەزدان دەیکرد، لە بینینی ئەمانە شەیدا بوو.
6 بە پاشای گوت: «ئەو هەواڵەی کە لە خاکەکەمدا لەبارەی کاروبار و داناییەکەت بیستم، ڕاستە. 7 بڕوام بەو هەواڵانە نەکرد هەتا نەهاتم و بە چاوی خۆم نەمبینی، ئەوەتا نیوەشم پێ ڕانەگەیەنراوە، لە دانایی و چاکی زۆر مەزنتر بوویت لەوەی لەبارەی تۆوە بیستبووم. 8 خۆزگە بە پیاوەکانت دەخوازرێ، خۆزگە بە خزمەتکارەکانت دەخوازرێ، ئەمانە کە هەمیشە لەبەردەمت ڕاوەستاون و داناییەکەت دەبیستن. 9 ستایش بۆ یەزدانی خوداکەت، ئەوەی پێت دڵشادە و لەسەر تەختی ئیسرائیل دایناویت. لەبەر ئەوەی یەزدان هەتاهەتایە ئیسرائیلی خۆشدەوێت، تۆی کردووەتە پاشا تاکو ڕاستودروستی و دادپەروەری پیادە بکەیت.»
10 ئینجا سەد و بیست تالنت[a] زێڕ و بۆنوبەرامێکی زۆر و بەردی گرانبەهای دایە پاشا، جارێکی دیکە بۆنوبەرامی بەو جۆرە زۆر نەهاتەوە، هێندەی ئەوەی شاژنی شەبا پێشکەشی سلێمان پاشای کرد.
11 هەروەها کەشتییەکانی حیرامیش ئەوانەی لە ئۆفیرەوە زێڕیان هەڵگرتبوو، لە ئۆفیرەوە دار ئەلگومی[b] زۆر زۆریان لەگەڵ بەردی گرانبەها هێنا. 12 پاشا لەو دار ئەلگومانە چەند تەختێکی بۆ پتەوکردنی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا دروستکرد، هەروەها قیسارە و سازیش بۆ گۆرانیبێژەکان. هەتا ئەمڕۆش ئەوەندە داری ئەلگوم نەهاتووە و نەبینراوە.
13 سلێمانی پاشا هەموو ئەو شتانەی دایە شاژنی شەبا کە ئارەزووی کرد، جگە لەو شتانەی کە سلێمان پاشا لە بەخشندەیی خۆی پێی بەخشی. پاشان لەگەڵ خزمەتکارەکانی بەڕێکەوت و گەڕایەوە خاکەکەی خۆی.
14 لەبەر ئەمە چۆک بۆ باوک دادەدەم، 15 ئەوەی هەموو خێزانێک لە ئاسمان و سەر زەوی بوونیان لە ئەوەوە سەرچاوەی گرتووە. 16 لێی دەپاڕێمەوە کە بەپێی دەوڵەمەندی شکۆی خۆی بەهێزتان بکات لە ڕێگەی ڕۆحەکەی کە لە ناختاندایە، 17 تاکو بە باوەڕ مەسیح لە دڵتاندا نیشتەجێ بێت و ڕەگ و بناغەتان لە خۆشەویستیدا دابمەزرێت، 18 تاکو توانادار بن، لەگەڵ تەواوی گەلی پیرۆزی خودا تێبگەن کە پانی و درێژی و بەرزی و قووڵی خۆشەویستی مەسیح چییە، 19 تاکو ئەم خۆشەویستییە بناسن کە لە سەرووی زانیارییەوەیە، بۆ ئەوەی پڕبن لە هەموو پڕیێتی خودا.
20 بۆ ئەو خودایەی توانادارە هەموو شتێک بکات زۆر زیاتر لەوەی کە داوای دەکەین یان بیری لێ دەکەینەوە، بەگوێرەی ئەو هێزەی کە تیاماندا کار دەکات، 21 با نەوە لەدوای نەوە، خودا بۆ هەتاهەتایە لە کڵێسا و لە عیسای مەسیحدا شکۆدار بێت. ئامین.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.