Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سلێمان.
72 ئەی خودایە، دادپەروەری خۆت بدە بە پاشا،
ڕاستودروستیت بە کوڕی پاشا.
2 با بە ڕاستودروستی حوکمی گەلەکەت بکات،
بە دادپەروەریش هەژارەکانت.
3 با چیاکان ئاشتی بۆ گەل دابین بکەن،
گردەکان ڕاستودروستی.
4 با دادوەری کڵۆڵانی گەل بکات،
کوڕی نەداران ڕزگار بکات،
زۆرداران وردوخاش بکات.
5 با وەک خۆر بمێنێت،
وەک مانگ بە درێژایی نەوەکان.
6 وەک باران بەسەر گیادا ببارێت،
وەک هەور زەوی ئاو بدات،
7 ڕاستودروستان لە سەردەمی ئەو شکۆفە دەکەن،
ئاشتییەکی زۆر دەبێت هەتا فەوتانی مانگ.
8 لە دەریاوە هەتا دەریا حوکم دەکات،
لە ڕووباری فوراتەوە هەتا ئەوپەڕی زەوی.
9 بیاباننشینەکان کڕنۆشی بۆ دەبەن و
ناحەزانی تۆز دەلێسنەوە.
10 پاشاکانی تەرشیش[a] و دوورگە دوورەکان سەرانە دەنێرن،
پاشاکانی شەبا و سەبا[b] دیاری بۆ دێنن.
11 هەموو پاشاکان کڕنۆشی بۆ دەبەن و
هەموو نەتەوەکان خزمەتی دەکەن.
12 چونکە نەدار هاواری بۆ ببات، دەربازی دەکات،
چەوسێنراوەش کە یارمەتیدەری نییە.
13 بەزەیی بە لاواز و نەداردا دێتەوە،
گیانی نەدارەکان ڕزگار دەکات،
14 گیانیان لە ستەم و توندوتیژی دەکڕێتەوە،
خوێنی ئەوان لەلای بەنرخە.
15 تەمەن درێژ بێت!
با لە زێڕی شەبای پێبدرێت،
با هەمیشە خەڵک نزای بۆ بکەن،
با بە درێژایی ڕۆژ داوای بەرەکەتی بۆ بکەن.
16 با دانەوێڵەیەکی زۆر لەسەر زەوی بێت،
لەسەر لووتکەی گردەکان،
بەرهەمی وەک لوبنان بشەکێتەوە،
با ئەوانەی لە شارەکانن وەک گیای کێڵگە چرۆ بکەن.
17 با هەتاهەتایە ناوی بمێنێت،
هەتا خۆر مابێت ناوی بەردەوام بێت.
هەموو نەتەوەکان لەوەوە بەرەکەتدار بن،
هەمووان خۆزگەی پێ بخوازن.
18 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگار، خودای ئیسرائیل،
بە تەنها ئەوە کاری سەرسوڕهێنەر دەکات.
19 هەتاهەتایە ستایش بۆ ناوی شکۆداری،
با شکۆمەندییەکەی هەموو جیهان پڕ بکات.
ئامین و ئامین.
20 لێرەدا نوێژەکانی داودی کوڕی یەسا تەواو بوون.
فەرمانی یەزدان بۆ یەشوع
1 ئەوە بوو پاش مردنی موسای بەندەی یەزدان، یەزدان بە یەشوعی کوڕی نونی خزمەتکاری موسای فەرموو: 2 «موسای بەندەم مرد، ئێستا هەستە، خۆت و هەموو ئەم گەلە لە ڕووباری ئوردونەوە بپەڕنەوە بۆ ئەو خاکەی پێیان دەدەم، واتە بە نەوەی ئیسرائیل. 3 هەر شوێنێک پێی لێ بنێن، بە ئێوەی دەدەم، هەروەک بە موسام فەرموو، 4 لە چۆڵەوانییەوە و لەم لوبنانەوە هەتا ڕووباری گەورە، ڕووباری فورات، هەموو خاکی حیتییەکان و هەتا دەریای سپی ناوەڕاست[a] بەرەو ڕۆژئاوا دەبێت بە سنوورتان. 5 لە هەموو ڕۆژانی ژیانت کەس بەرەو ڕووت ناوەستێت. هەروەک لەگەڵ موسادا بووم، لەگەڵ تۆش دەبم و فەرامۆشت ناکەم و بەجێت ناهێڵم.
6 «بەهێزبە و ئازابە، چونکە ئەو خاکە بۆ ئەم گەلە دەکەیت بە میرات کە سوێندم بۆ باوباپیرانیان خواردووە کە پێیانی بدەم. 7 تەنها بەهێزبە و زۆر ئازابە، بۆ ئەوەی هۆشیار بیت بۆ کارکردن بەپێی هەموو ئەو فێرکردنەی کە موسای بەندەم فەرمانی پێ کردوویت. نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپ لێی لامەدە، بۆ ئەوەی بۆ هەرکوێیەک بچیت سەرکەوتوو بیت. 8 پەڕتووکی ئەم فێرکردنە لە دەمت جیا نەبێتەوە، بەڵکو بە شەو و بە ڕۆژ لێی وردبەرەوە، بۆ ئەوەی وریابیت بۆ کارکردن بەپێی هەموو ئەو شتانەی تێیدا نووسراوە، ئەو کاتە ژیانت ڕاستەڕێ دەبێت و سەردەکەویت. 9 ئایا من فەرمانم بە تۆ نەکرد؟ جا بەهێزبە و ئازابە، مەتۆقە و ورە بەرمەدە، چونکە یەزدانی پەروەردگارت لەگەڵتە بۆ هەرکوێ بچیت.»
32 چی دیکەش بڵێم؟ کاتم نییە باسی گدعۆن و باراک و شەمشون و یەفتاح و داود و ساموئێل و پێغەمبەران بکەم، 33 کە بە باوەڕ پاشایەتییەکانیان بەزاند، دادپەروەرییان هێنایە کایەوە، بەڵێنەکەیان بۆ هاتە دی، دەمی شێریان داخست، 34 هێزی ئاگریان کوژاندەوە، لە تیخی شمشێر ڕایانکرد، لە لاوازیدا بەهێزبوون، لە شەڕدا توند بوون، لەشکری بێگانەیان گەڕاندەوە. 35 هەندێک ژن مردووەکانیان بە هەستانەوە وەرگرتەوە. بەڵام خەڵکی دیکە ئەشکەنجە دران و ڕزگارییان نەویست، تاکو هەستانەوەیەکی باشتریان دەستبکەوێت. 36 هەندێکی دیکە ڕووبەڕووی سووکایەتی و قامچی و کۆت و زیندان بوونەوە. 37 بەردباران کران، بە مشار لەت لەت کران، بە شمشێر کوژران. هەندێکیش بە پێستی مەڕ و بزن خۆیان داپۆشی، تووشی نەبوونی و چەوسانەوە و زەلیلی بوون. 38 جیهان شایانی ئەمان نەبوو. دەربەدەری بیابان و شاخ و ئەشکەوت و کون و کەلەبەری زەوی بوون.
39 هەموو ئەمانەش بەهۆی باوەڕیانەوە شایەتییان بۆ درا، بەڵام بەڵێنی خودایان دەست نەکەوت، 40 چونکە خودا پێشتر شتێکی باشتری بۆمان بینی، تاکو بێ ئێمە تەواو نەبن.
تەمبێکردن لە خودای باوکەوە
12 لەبەر ئەوە، چونکە ئێمە بە هەورێکی شایەتیدەری ئاوا گەورە دەورە دراوین، با هەموو بارگرانییەک و ئەو گوناهانەی کە بە ئاسانی لێمان دەئاڵێت لە خۆمانی دوور بخەینەوە و بە دانبەخۆداگرتنەوە لەو پێشبڕکێیە ڕابکەین کە لەپێشمانە دانراوە. 2 با سەرنجمان بخەینە سەر عیسا، پێشڕەو و تەواوکاری باوەڕمان، ئەوەی لە پێناوی ئەو خۆشییەی لەپێشی دانرابوو، بەرگەی خاچی گرت و شەرمەزاری بە سووک وەرگرت، جا لە دەستەڕاستی تەختی خودا دانیشت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.