Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
6 ئەی خودایە، تەختی تۆ بۆ هەتاهەتاییە،
گۆچانی شانشینیت گۆچانی دادپەروەرییە.
7 تۆ حەزت لە ڕاستودروستییە و ڕقت لە خراپەیە،
بۆیە خودا، خودای خۆت، لە سەرووی هاوەڵەکانتەوە داینای،
بە ڕۆنی شادی دەستنیشانی کردیت[a].
8 جلوبەرگت هەمووی بە بۆنی موڕ و ئەلوا[b] و کاسیا[c] بۆندار بووە،
لە کۆشکی بە عاج[d] ڕازاوەوە دەنگی مۆسیقا دڵخۆشت دەکات.
9 لەناو ژنە خانەدانەکانت شازادە هەن
شاژنیش بە بەرگی زێڕی ئۆفیرەوە[e] لەلای دەستە ڕاستتە.
10 ئەی کچ، گوێ بگرە، لەبەرچاوتی بگرە و گوێ شل بکە،
گەلەکەت و بنەماڵەکەت لەبیر بکە.
11 پاشا تامەزرۆی جوانی تۆیە،
کڕنۆشی بۆ ببە، چونکە گەورەی تۆیە.
12 دانیشتووانی شاری سور[f] بە دیارییەوە دێن،
خاوەن سامانەکان ڕەزامەندی تۆیان دەوێت.
13 کچی پاشا لە ماڵی خۆی بە تەواوی شکۆدارە،
جلوبەرگەکەی بە زێڕ چنراوە.
14 بە کراسێکی نەخشێنراوەوە بۆ لای پاشا دەیبەن،
یاوەرە پاکیزەکانی بەدوایەوە بۆ لای تۆ[g] دێنن.
15 بە شادی و خۆشییەوە دەیانهێنن،
دێنە ناو کۆشکی پاشا.
16 کوڕەکانت جێی باوکانیان دەگرنەوە،
دەیانکەیتە میری سەرانسەری زەوی.
17 یادی ناوت دەکەمەوە نەوە دوای نەوە،
بۆیە نەتەوەکان هەتاهەتایە ستایشت دەکەن.
تۆبەکردن بۆ وەرگرتنی بەرەکەت
14 ئەی ئیسرائیل، بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بگەڕێنەوە،
چونکە بە تاوانی خۆتان تێکشکان!
2 ئەم قسانە لەگەڵ خۆتان ببەن و
بگەڕێنەوە لای یەزدان،
پێی بڵێن:
«لە هەموو تاوانێک خۆشبە و
بە چاکەی خۆت وەرمانبگرە،
بەروبوومی لێوەکانمان سوپاسکردنی تۆ دەبێت.[a]
3 ئاشور ڕزگارمان ناکات.
سواری ئەسپ نابین،
جارێکی دیکە بە دەستکردەکانمان ناڵێین،
”خوداوەندەکانمان،“
چونکە لەلایەن تۆ هەتیو بەر بەزەیی دەکەوێت.»
4 «من هەڵگەڕانەوەیان چاک دەکەمەوە،
بە دڵفراوانییەوە ئەوانم خۆشدەوێت،
چونکە تووڕەییم لەوان دامرکایەوە.
5 بۆ ئیسرائیل وەک شەونم دەبم،
ئەویش وەک سەوسەن گوڵ دەکات و
وەک دار ئورزی لوبنان ڕەگ دادەکوتێت،
6 چڵەکانی درێژ دەبنەوە،
جوانییەکەی وەک دار زەیتوون دەبێت و
وەکو دار ئورزی لوبنان بۆندار دەبێت.
7 نیشتەجێبووان لە سایەی سێبەرەکەی دەگەڕێنەوە.
وەک دانەوێڵە دەژیێتەوە و
وەک مێو دەگەشێتەوە.
ناوبانگی وەک شەرابی لوبنان دەبێت.
8 ئەی ئەفرایم، لەمەولا چ پەیوەندییەکم بە بتەوە هەیە؟
من وەڵام دەدەمەوە و چاودێریت دەکەم،
من وەک دار سنەوبەرێکی سەوزم،
بەروبوومەکەت لەلایەن منەوەیە.»
9 کێ دانایە و لە ئەمانە تێدەگات؟
کێ تێگەیشتووە و دەیانزانێت؟
چونکە ڕێگاکانی یەزدان ڕاستن و
ڕاستودروستان پێیدا دەڕۆن،
بەڵام یاخیبووەکان ساتمەی تێدا دەکەن و دەکەون.
پۆڵس و نێردراوە درۆزنەکان
11 هیوادارم بەرگەی هەندێک گێلایەتی من بگرن، هەرچەندە بەرگەشم دەگرن. 2 بە ئیرەییەکی[a] خوداییانە ئیرەییتان پێ دەبەم، چونکە لە پیاوێک نیشانم کردن، تاکو وەک پاکیزەیەکی پاک پێشکەشی مەسیحتان بکەم. 3 بەڵام دەترسم، وەک مارەکە حەوای بە فێڵەکەی هەڵخەڵەتاند، بیری ئێوەش لەو دڵسۆزی و پاکییە بۆ مەسیح چەواشە بکرێت، 4 چونکە ئەگەر یەکێک بێت و عیسایەکی دیکە[b] ڕابگەیەنێت جیاواز لەوەی ڕامانگەیاند، یان ڕۆحێکی دیکە وەربگرن جیاواز لەوەی وەرتانگرت، یان مزگێنییەکی دیکە ڕابگەیەنێت جیاواز لەوەی وەرتانگرت، ئەوا بە ئاسانی وەریدەگرن. 5 پێم وایە هیچم لەو «نێردراوە بەرزانە» کەمتر نییە. 6 ئەگەر لە قسەکردندا زمان پاراو نەبم، خۆ زانیاریم هەیە، بەڵکو لە هەر لایەک و لە هەموو شتێک بۆ ئێوەمان دەرخست.
7 یاخود گوناهم کردووە کە خۆمم نزم کردەوە تاکو ئێوە بەرز بنەوە، چونکە بەخۆڕایی مژدەی ئینجیلی خودام بۆ جاڕدان؟ 8 کڵێساکانی دیکەم تاڵان کرد کە خەرجیم لێیان وەرگرت بۆ خزمەتەکەتان. 9 کاتێک لەگەڵتان بووم و پێویستیم هەبوو، نەبوومە بار بۆ کەس، چونکە برایان لە مەکدۆنیاوە هاتن پێویستییەکانی منیان پڕکردەوە. لە هەموو شتێکدا خۆمم پاراست بۆ ئەوەی بارگرانی نەخەمە سەرتان و بەردەوام خۆمی لێ دەپارێزم. 10 وەک ڕاستی مەسیح لە مندایە، لە ناوچەکانی ئەخایا ئەم شانازیەم لێ ناسەنرێتەوە. 11 بۆچی؟ ئایا چونکە ئێوەم خۆشناوێت؟ خودا دەزانێت.
12 بەڵام ئەوەی دەیکەم، وا دەیکەم بۆ ئەوەی هەلی هەڵپەرستان ببڕم کە شانازی دەکەن و دەیانەوێت دەریبخەن گوایا ئەوان وەک ئێمەن، 13 چونکە ئەمانە نێردراوی درۆزنن و کارگەری فێڵبازن، خۆیان لە شێوەی نێردراوی مەسیح دەردەخەن. 14 سەیر نییە، چونکە شەیتان خۆی لە شێوەی فریشتەی ڕووناکی دەردەخات. 15 کەواتە شتێکی سەیر نییە ئەگەر خزمەتکارانی خۆیان لە شێوەی خزمەتکاری ڕاستودروستی دەربخەن. دواڕۆژیان بەگوێرەی کرداریان دەبێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.