Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
6 ئەی خودایە، تەختی تۆ بۆ هەتاهەتاییە،
گۆچانی شانشینیت گۆچانی دادپەروەرییە.
7 تۆ حەزت لە ڕاستودروستییە و ڕقت لە خراپەیە،
بۆیە خودا، خودای خۆت، لە سەرووی هاوەڵەکانتەوە داینای،
بە ڕۆنی شادی دەستنیشانی کردیت[a].
8 جلوبەرگت هەمووی بە بۆنی موڕ و ئەلوا[b] و کاسیا[c] بۆندار بووە،
لە کۆشکی بە عاج[d] ڕازاوەوە دەنگی مۆسیقا دڵخۆشت دەکات.
9 لەناو ژنە خانەدانەکانت شازادە هەن
شاژنیش بە بەرگی زێڕی ئۆفیرەوە[e] لەلای دەستە ڕاستتە.
10 ئەی کچ، گوێ بگرە، لەبەرچاوتی بگرە و گوێ شل بکە،
گەلەکەت و بنەماڵەکەت لەبیر بکە.
11 پاشا تامەزرۆی جوانی تۆیە،
کڕنۆشی بۆ ببە، چونکە گەورەی تۆیە.
12 دانیشتووانی شاری سور[f] بە دیارییەوە دێن،
خاوەن سامانەکان ڕەزامەندی تۆیان دەوێت.
13 کچی پاشا لە ماڵی خۆی بە تەواوی شکۆدارە،
جلوبەرگەکەی بە زێڕ چنراوە.
14 بە کراسێکی نەخشێنراوەوە بۆ لای پاشا دەیبەن،
یاوەرە پاکیزەکانی بەدوایەوە بۆ لای تۆ[g] دێنن.
15 بە شادی و خۆشییەوە دەیانهێنن،
دێنە ناو کۆشکی پاشا.
16 کوڕەکانت جێی باوکانیان دەگرنەوە،
دەیانکەیتە میری سەرانسەری زەوی.
17 یادی ناوت دەکەمەوە نەوە دوای نەوە،
بۆیە نەتەوەکان هەتاهەتایە ستایشت دەکەن.
ئاشتبوونەوەی هۆشەع لەگەڵ ژنەکەی
3 یەزدان پێی فەرمووم: «دیسان بڕۆ ژنەکەت خۆشبوێتەوە، هەرچەندە خاوەنی دۆستە و داوێنپیسە، وەک خۆشەویستی یەزدان بۆ نەوەی ئیسرائیل، ئەوانیش ڕوویان لە خوداکانی دیکە کردووە و نانی کشمیشیان[a] خۆشدەوێت.»
2 منیش دیسان بە پازدە شاقل زیو و بارێک و دوو قەزناخ[b] جۆ کڕیمەوە، 3 پێم گوت: «ماوەیەکی درێژ لەگەڵ من دەژیت، بێ ئەوەی داوێنپیسی بکەیت و بۆ هیچ پیاوێک بیت، هەروەها منیش بە هەمان شێوە دەبم بۆت.»
4 ئەمەش لەبەر ئەوەی ماوەیەکی درێژ نەوەی ئیسرائیل بەبێ پاشا یان میر، بەبێ قوربانی و بەردە تەرخانکراوەکان[c]، بەبێ ئێفۆد و تەرافیم[d] دەمێننەوە. 5 پاش ئەوە نەوەی ئیسرائیل دەگەڕێنەوە و ڕوو لە یەزدانی پەروەردگاریان و داودی پاشایان دەکەن، لە ڕۆژانی کۆتاییدا بە لەرزەوە ڕوو لە یەزدان و چاکەکەی دەکەن.
23 خوداش دەکەمە شایەت لەسەر خۆم، بەزەییم پێتان هاتەوە کە نەهاتمەوە کۆرنسۆس. 24 نەک بەسەر باوەڕتان سالار بین، بەڵکو هاوکارین بۆ خۆشیتان، چونکە بە باوەڕ چەسپاون.
2 لەبەر ئەوە بڕیارم دا نەیەمەوە بۆ لاتان، نەوەک سەردانەکەم ببێتە مایەی خەمباری، 2 چونکە ئەگەر من خەمبارتان بکەم، کێ دڵشادم دەکات، جگە لە ئێوە کە خەمبارم کردوون؟ 3 بۆم نووسین، بۆ ئەوەی کاتێک هاتم خەمبار نەبم لەوانەی پێویستە پێیان شادبم. لە هەمووتان دڵنیام، کە شادی من هی هەمووتانە. 4 لە تەنگانەیەکی زۆر و دڵتەنگییەوە بە فرمێسکی زۆرەوە بۆم نووسین، نەوەک خەمبار بن، بەڵکو تاکو بزانن خۆشەویستیم بۆ ئێوە چەند قووڵە.
لێخۆشبوون لە گوناهبار
5 بەڵام ئەگەر یەکێک بووە هۆی خەمباری، ئەوا تەنها منی خەمبار نەکردووە، بەڵکو تاکو ڕادەیەک هەمووتانی خەمبار کردووە، ئەگەر زۆرم نەگوتبێت. 6 ئیتر بەسە ئەو سزایەی کە لەلایەن زۆرینەیە، 7 بە پێچەوانەوە، باشترە گەردنی ئازاد بکەن و دڵنەوایی بکەن، نەوەک لە خەفەتی زۆرەوە هەڵبلووشرێت. 8 لەبەر ئەوە تکاتان لێ دەکەم خۆشەویستی خۆتانی بۆ دووپات بکەنەوە، 9 چونکە بۆ ئەمە بۆم نووسین تاکو بە سەلماندنتان بزانم، ئاخۆ لە هەموو شتێکدا گوێڕایەڵن. 10 منیش گەردنی ئەو کەسە ئازاد دەکەم کە ئێوە گەردنی ئازاد دەکەن. هەروەها ئەگەر پێویستی بەوە کردبێت گەردنی کەسێک ئازاد بکەم، ئەوا لەبەردەم مەسیح لەبەر ئێوە گەردنم ئازاد کردووە، 11 نەوەک شەیتان لەخشتەمان ببات، چونکە لە مەبەستەکانی بێئاگا نین.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.