Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
14 «لەبەر ئەوە بە زمانی شیرین
دەیبەمە چۆڵەوانی و
بە نەرمی قسەی لەگەڵدا دەکەم.
15 لەوێ ڕەزەمێوەکانی دەدەمەوە،
دۆڵی عاخۆر[a] دەکەم بە دەرگای هیوا.
لەوێ وەک ڕۆژانی هەرزەکاری گۆرانی دەڵێت،
وەک ڕۆژی سەرکەوتنی لە خاکی میسرەوە.»
16 یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا دەبێت،
پێم دەڵێیت: ”مێردەکەم“ و
چیتر پێم ناڵێیت: ”گەورەم.“
17 ناوی بەعلەکان لە دەمی دادەماڵم و
ئیتر ناویان ناهێنێت.
18 لەو ڕۆژەدا پەیمانێکیان بۆ دەبەستم
لەگەڵ ئاژەڵی کێوی و باڵندەکانی ئاسمان و
خشۆکەکانی زەوی.
کەوان و شمشێر و جەنگ
لە خاکەکەدا بنبڕ دەکەم و
وایان لێ دەکەم بە ئاسوودەیی پاڵ بکەون.
19 بۆ هەتاهەتایە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و
بە ڕاستودروستی و دادوەری،
بە خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەیی بۆ خۆمت نیشان دەکەم.
20 بە دڵسۆزییەوە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و
دان بە یەزداندا دەنێیت.
گۆرانییەکی داود.
103 ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە،
هەموو ناخیشم ستایشی ناوی پیرۆزی بکە.
2 ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە،
هیچ چاکەیەکی لەبیر مەکە:
3 ئەوەی لە هەموو گوناهێکت خۆشدەبێت،
لە هەموو نەخۆشییەک چاکت دەکاتەوە،
4 ئەوەی ژیانت لە گۆڕ دەکڕێتەوە،
خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەیی دەکاتە تاجی سەرت،
5 ئەوەی تەمەنت تێر دەکات بە چاکە،
تاکو گەنجییەتیت وەک هەڵۆ نوێ ببێتەوە.
6 یەزدان ڕاستودروستی ئەنجام دەدات،
دادپەروەری بۆ هەموو چەوساوەکان.
7 ڕێگای خۆی بە موسا ناساند،
کردارەکانی بە نەوەکانی ئیسرائیل:
8 یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە،
پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕی زۆرە.
9 تاوانبارکردنی هەتاسەر نییە،
تووڕەیی هەتاهەتایە نییە.
10 بە گوناهی خۆمان لەگەڵ ناکات و
بەگوێرەی تاوانەکانمان سزامان ناداتەوە.
11 وەک بەرزی ئاسمان لەسەر زەوییەوە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی زۆرکردووە بۆ ئەوانەی کە لێی دەترسن.
12 وەک دووری ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاواوە،
یاخیبوونەکانمانی لێ دوورخستووینەتەوە.
13 وەک باوک چۆن بەزەیی بە منداڵەکانیدا دێتەوە،
یەزدانیش ئاوا بەزەیی بەوانەدا دێتەوە کە لێی دەترسن.
22 ئەی هەموو کارەکانی، ستایشی یەزدان بکەن
لە هەموو شوێنێکی ژێر دەسەڵاتی.
ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.
خزمەتکاری پەیمانی نوێ
3 ئایا دیسان دەست بەوە بکەینەوە بە خۆماندا هەڵبدەین؟ ئایا وەک هەندێک کەس، پێویستیمان بە ڕاسپاردەنامەیە بۆ ئێوە یان لە ئێوەوە؟ 2 ئێوە نامەی ئێمەن، کە لە دڵماندا نووسراوە، کە هەموو خەڵک دەیخوێننەوە و دەیزانن. 3 ئێوە دەرکەوتن نامەی مەسیحن، کە ئێمە خزمەتمان کردووە، بە مەرەکەب نەنووسراوە بەڵکو بە ڕۆحی خودای زیندوو، نەک لەسەر تەختەی بەردین، بەڵکو لەسەر تەختە دڵی مرۆڤ.
4 بەهۆی مەسیح متمانەی ئاوامان بە خودا هەیە. 5 ئێمە خۆمان لێهاتوو نین کە بیر لە شتێک بکەینەوە و پێمان وابێت لە خۆمانەوەیە، بەڵکو لێهاتووییمان لە خوداوەیە. 6 ئەوەی لێهاتووی کردین تاکو ببینە خزمەتکاری پەیمانی نوێ، ئەوەی پیت نییە بەڵکو ڕۆحی پیرۆزە، چونکە پیت[a] دەکوژێت، بەڵام ڕۆحەکە ژیان دەدات.
عیسا لێڤی بانگهێشت دەکات
13 دیسان عیسا چووە سەر کەناری دەریاچەکە، خەڵکەکە هەموو لێی کۆبوونەوە و ئەویش فێری دەکردن. 14 لە کاتی ڕۆیشتنیدا، لێڤی کوڕی حەلفی بینی لە شوێنی باجگری دانیشتبوو، پێی فەرموو: «دوام کەوە.» ئەویش هەستا و دوای کەوت.
15 کاتێک لە ماڵی ئەو دانیشتبوو زۆر لە باجگران و گوناهباران لەگەڵ عیسا و قوتابییەکانی لەسەر خوان بوون، چونکە ژمارەی ئەوانە زۆر بوو کە دوای کەوتبوون. 16 کاتێک مامۆستایانی تەورات کە فەریسی بوون بینییان عیسا وا لەگەڵ گوناهبار و باجگران نان دەخوات، بە قوتابییەکانیان گوت: «بۆچی لەگەڵ باجگر و گوناهباران نان دەخوات؟»
17 کە عیسا گوێی لەمە بوو، پێی فەرموون: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش. نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران.»
دەربارەی ڕۆژوو
18 کاتێک قوتابییەکانی یەحیا و فەریسییەکان بەڕۆژوو بوون، چەند کەسێک هاتنە لای عیسا و لێیان پرسی: «بۆچی قوتابییەکانی یەحیا و قوتابی فەریسییەکان بەڕۆژوو دەبن، بەڵام قوتابییەکانی تۆ بەڕۆژوو نابن؟»
19 عیساش پێی فەرموون: «ئایا بانگهێشتکراوانی زەماوەند دەتوانن بەڕۆژوو بن کاتێک زاوا لەگەڵیاندایە؟ هەتا زاوا لەگەڵیاندا بێت ناتوانن بەڕۆژوو بن. 20 بەڵام ڕۆژێک دێت کە زاوایان لێ دوور دەخرێتەوە، ئەوسا لەو ڕۆژەدا بەڕۆژوو دەبن.
21 «کەس کراسی کۆن بە پەڕۆیەک کە نەچووبێتە ئاو پینە ناکات، چونکە پینە نوێیەکە لە کراسە کۆنەکە ڕادەکێشێت و دڕاویەکە خراپتر دەبێت. 22 کەسیش شەرابی نوێ ناکاتە ناو مەشکەی کۆنەوە، نەوەک شەرابەکە مەشکەکە بدڕێنێت، شەرابەکە دەڕژێت و مەشکەکەش لەناودەچێت. بەڵکو شەرابی نوێ دەکرێتە ناو مەشکەی نوێوە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.