Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 103:1-13

گۆرانییەکی داود.

103 ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە،
    هەموو ناخیشم ستایشی ناوی پیرۆزی بکە.
ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە،
    هیچ چاکەیەکی لەبیر مەکە:
ئەوەی لە هەموو گوناهێکت خۆشدەبێت،
    لە هەموو نەخۆشییەک چاکت دەکاتەوە،
ئەوەی ژیانت لە گۆڕ دەکڕێتەوە،
    خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەیی دەکاتە تاجی سەرت،
ئەوەی تەمەنت تێر دەکات بە چاکە،
    تاکو گەنجییەتیت وەک هەڵۆ نوێ ببێتەوە.

یەزدان ڕاستودروستی ئەنجام دەدات،
    دادپەروەری بۆ هەموو چەوساوەکان.

ڕێگای خۆی بە موسا ناساند،
    کردارەکانی بە نەوەکانی ئیسرائیل:
یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە،
    پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕی زۆرە.
تاوانبارکردنی هەتاسەر نییە،
    تووڕەیی هەتاهەتایە نییە.
10 بە گوناهی خۆمان لەگەڵ ناکات و
    بەگوێرەی تاوانەکانمان سزامان ناداتەوە.
11 وەک بەرزی ئاسمان لەسەر زەوییەوە،
    خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی زۆرکردووە بۆ ئەوانەی کە لێی دەترسن.
12 وەک دووری ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاواوە،
    یاخیبوونەکانمانی لێ دوورخستووینەتەوە.

13 وەک باوک چۆن بەزەیی بە منداڵەکانیدا دێتەوە،
    یەزدانیش ئاوا بەزەیی بەوانەدا دێتەوە کە لێی دەترسن.

زەبوورەکان 103:22

22 ئەی هەموو کارەکانی، ستایشی یەزدان بکەن
    لە هەموو شوێنێکی ژێر دەسەڵاتی.

ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.

حزقیێل 16:53-63

53 «”لەگەڵ ئەوەشدا ڕاپێچکراوان و بەختیاری سەدۆم و سامیرە و کچەکانیان دەگەڕێنمەوە، هەروەها ڕاپێچکراوان و بەختیاری تۆش لەنێو ئەواندا دەگەڕێنمەوە، 54 بۆ ئەوەی بەرگەی ئابڕووچوونت بگریت و شەرمەزار بیت لە هەموو ئەوەی کردت کە دڵنەوایی ئەوانت کرد. 55 خوشکەکانت، سەدۆم و کچەکانی و سامیرە و کچەکانی دەگەڕێنەوە دۆخی جارانیان. تۆ و کچەکانیشت دەگەڕێنەوە دۆخی جارانتان. 56 لە ڕۆژی فیزلێدانت بە دەمتدا نەدەهات باسی سەدۆمی خوشکت بکەیت، 57 بەر لە ئاشکرابوونی خراپەکاریت، وەک لە سەردەمی ڕیسوایی کچانی ئەدۆم و هەموو ئەوانەی دەوروبەری، کچانی فەلەستییەکان ئەوانەی لە هەموو لایەکەوە سووکایەتیت پێ دەکەن. 58 خۆت ئەنجامی بێ شەرمی و نەریتە قێزەونەکانت دەگریتە ئەستۆ. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

59 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە شایستەی ڕەفتارەکەت هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکەم، لەبەر ئەوەی بە شکاندنی پەیمانەکەم سووکایەتیت بە سوێندی من کرد. 60 بەڵام من پەیمانەکەی خۆمت بەبیر دەهێنمەوە کە لە سەردەمی لاویێتیت لەگەڵ تۆدا گرێم دابوو، ئێستاش پەیمانێکی هەتاهەتاییت[a] لەگەڵ دەبەستم. 61 ئینجا کردەوەکانی خۆت بیردەکەوێتەوە و شەرمەزار دەبیت کاتێک خوشکە گەورەکانت و خوشکە بچووکەکانت وەردەگریت، دەیانکەم بە کچی تۆ، بەڵام نەک بەگوێرەی پەیمانەکەی من لەگەڵ تۆ. 62 بەم جۆرە من پەیمانی خۆم لەگەڵ تۆدا دەبەستم، ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم. 63 ئەو کاتەی کەفارەت بۆ هەموو کردەوەکانت دەکەم، ئینجا بیرت دەکەوێتەوە و شەرمەزار دەبیت، ئیتر لەبەر شەرمەزارییەکەت هەرگیز دەمت ناکەیتەوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»

یۆحەنا 7:53-8:11

53 ئیتر هەریەکە چووەوە ماڵی خۆی،

بەڵام عیسا چوو بۆ کێوی زەیتوون.

ژنێکی داوێنپیس

عیسا لە بەرەبەیاندا گەڕایەوە حەوشەکانی پەرستگا، هەموو خەڵک هاتنە لای و ئەویش دانیشت و فێری دەکردن. مامۆستایانی تەورات[a] و فەریسییەکان ژنێکیان هێنا کە لە کاتی داوێنپیسیدا گیرابوو، لە ناوەڕاستی خەڵکەکە ڕایانگرت، پێیان گوت: «مامۆستا، ئەم ژنە لە کاتی ئەنجامدانی داوێنپیسیدا گیراوە. موساش لە تەوراتدا فەرمانی پێ کردووین ژنی ئاوا بەردباران بکرێت. تۆ چی دەڵێی؟» ئەمەیان بۆ تاقیکردنەوەی عیسا گوت، تاکو شتێکیان هەبێت سکاڵای لێ بکەن.

بەڵام عیسا خۆی چەماندەوە و بە پەنجە لەسەر زەوی دەینووسی. کاتێک ئەوان بەردەوام بوون لە پرسیارکردن، عیسا هەستایەوە و پێی فەرموون: «کامەتان بێ گوناهە با یەکەم بێت بەردێکی تێبگرێ.» دیسان خۆی چەماندەوە و لەسەر زەوی دەینووسی.

ئەوانەی گوێیان لێبوو، یەک لەدوای یەک ڕۆیشتن، دەستپێک لە پیرانەوە. ئەوسا عیسا بە تەنها مایەوە، ژنەکەش لەوێ ڕاوەستابوو. 10 عیسا ڕاستبووەوە و پێی فەرموو: «خانم، ئەوانە چییان لێهات؟ کەس تاوانباری نەکردیت؟»

11 گوتی: «نەخێر گەورەم.»

عیسا فەرمووی: «منیش تاوانبارت ناکەم. بڕۆ ئیتر گوناه مەکە.»⌞

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.