Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 103:1-13

گۆرانییەکی داود.

103 ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە،
    هەموو ناخیشم ستایشی ناوی پیرۆزی بکە.
ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە،
    هیچ چاکەیەکی لەبیر مەکە:
ئەوەی لە هەموو گوناهێکت خۆشدەبێت،
    لە هەموو نەخۆشییەک چاکت دەکاتەوە،
ئەوەی ژیانت لە گۆڕ دەکڕێتەوە،
    خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەیی دەکاتە تاجی سەرت،
ئەوەی تەمەنت تێر دەکات بە چاکە،
    تاکو گەنجییەتیت وەک هەڵۆ نوێ ببێتەوە.

یەزدان ڕاستودروستی ئەنجام دەدات،
    دادپەروەری بۆ هەموو چەوساوەکان.

ڕێگای خۆی بە موسا ناساند،
    کردارەکانی بە نەوەکانی ئیسرائیل:
یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە،
    پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕی زۆرە.
تاوانبارکردنی هەتاسەر نییە،
    تووڕەیی هەتاهەتایە نییە.
10 بە گوناهی خۆمان لەگەڵ ناکات و
    بەگوێرەی تاوانەکانمان سزامان ناداتەوە.
11 وەک بەرزی ئاسمان لەسەر زەوییەوە،
    خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی زۆرکردووە بۆ ئەوانەی کە لێی دەترسن.
12 وەک دووری ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاواوە،
    یاخیبوونەکانمانی لێ دوورخستووینەتەوە.

13 وەک باوک چۆن بەزەیی بە منداڵەکانیدا دێتەوە،
    یەزدانیش ئاوا بەزەیی بەوانەدا دێتەوە کە لێی دەترسن.

زەبوورەکان 103:22

22 ئەی هەموو کارەکانی، ستایشی یەزدان بکەن
    لە هەموو شوێنێکی ژێر دەسەڵاتی.

ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.

حزقیێل 16:44-52

44 «”هەموو ئەوانەی بە پەند دەدوێن، لەبارەی تۆوە پەندێک دەهێننەوە و دەڵێن: ’دایک چۆن بێت کچیش وایە.‘ 45 تۆ کچی دایکی خۆتیت کە ڕقی لە مێرد و منداڵەکانییەتی، هەروەها تۆ خوشکی خوشکەکانی خۆتیت کە ڕقیان لە مێرد و منداڵەکانی خۆیان بوو. دایکت حیتی بوو و باوکت ئەموری. 46 خوشکە گەورەکەت سامیرە بوو، کە لەگەڵ کچەکانی لای باکوورت نیشتەجێ بوو، خوشکە بچووکەکەشت سەدۆم بوو، کە لەگەڵ کچەکانی لای باشوورت نیشتەجێ بوو. 47 تۆ بە ڕێگای ئەواندا ڕۆیشتیت و وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەوانت کرد، بەڵام وەک ئەوەی تەنها ئەوەندە کەم بێت، جا لە هەموو کارەکانت زووتر لەوان گەندەڵتر بوویت. 48 یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، سەدۆمی خوشکت و کچەکانی هەرگیز وەک تۆ و کچەکانی تۆیان نەکرد.

49 «”ئەمە تاوانی سەدۆمی خوشکت بوو: خۆی و کچەکانی لووتبەرز، زۆرخۆر، بێ خەم و کەمتەرخەم بوون، یارمەتی هەژار و نەداریان نەدەدا. 50 جا لە خۆیان بایی بوون و کارە قێزەونەکانیان لەبەردەمم ئەنجام دا، لەبەر ئەوە منیش هەروەک بینیت، ئەوانم داماڵی. 51 سامیرەش بە نیوەی گوناهەکانی تۆ گوناهی نەکرد، بەڵکو لەوان زیاتر کاری قێزەونت کرد و بە هەموو ئەو گڵاوییانەی کە کردت وات کرد خوشکەکانت لە چاو تۆدا ڕاستودروست بن. 52 ئەی ئەوەی خەریک بووی خوشکەکانت بێتاوان بکەیت، تۆش بەرگەی ئابڕووچوون بگرە. بە گوناهەکانت کە زیاتر لەوان پێیان گڵاو بوویت، خوشکەکانت لە تۆ ڕاستودروستترن، هەروەها شەرمەزاربە و دەست بە ئابڕووی خۆتەوە بگرە، چونکە وات کرد خوشکەکانت لە چاو تۆدا ڕاستودروست بن.

دووەم پەترۆس 1:1-11

لە شیمۆن پەترۆسی بەندە و نێردراوی عیسای مەسیحەوە،

بۆ ئەوانەی لە ڕێگەی ڕاستودروستی خودا و ڕزگارکەرمان عیسای مەسیح باوەڕێکی بەهاداری وەک باوەڕی ئێمەیان دەستکەوتووە.

با نیعمەت[a] و ئاشتیتان بۆ زیاد بێت، بە ناسینی خودا و عیسای خاوەن شکۆمان.

هەڵبژاردن و بانگەواز بۆ گەشەکردن

هێزە خوداییەکەی مەسیح هەموو ئەو شتانەی پێ بەخشیوین کە بۆ ژیان و لەخواترسی پێویستە، ئەمەش لە ڕێگەی ئەو ناسینەی کە هەمانە بۆ ئەو خودایەی کە بانگی کردین بۆ شکۆ و چاکییەکەی. خودا بەهۆی هەموو ئەمانەوە بەڵێنە بەهادار و گەورەکانی پێداین، تاکو ئێوە بەهۆی ئەم بەڵێنانەوە بتوانن لەو گەندەڵییەی جیهان دەرباز بن کە لە ئارەزووی خراپدایە و بەشدار بن لە سروشتی خودایی.

هەر لەبەر ئەمەش، تێبکۆشن تاکو لە باوەڕتان چاکە بکەوێتەوە، لە چاکەش، زانیاری، لە زانیاریش بەسەرخۆدا زاڵبوون، لە بەسەرخۆدا زاڵبوونیش دانبەخۆداگرتن، لە دانبەخۆداگرتنیش لەخواترسی، لە لەخواترسیش هەست و سۆزی هاوبەش، لە هەست و سۆزی هاوبەشیش خۆشەویستی، چونکە ئەگەر ئەوانەتان تێدابێت و زیاد بکات، واتان لێدەکات بۆ ناسینی عیسای مەسیحی گەورەمان تەمبەڵ و بێ بەرهەم نەبن. بەڵام ئەوەی ئەمانەی نەبێت، ئەوا کوێر و کەمبینە، لە یادی چووە کە گوناهە کۆنەکانی پاک بووەتەوە.

10 خوشکان، برایان، هەر بۆیە زیاتریش تێبکۆشن بۆ چەسپاندنی هەڵبژاردن و بانگەوازییەکەتان، چونکە ئەگەر ئەمانەتان کرد ئەوا هەرگیز ناکەون، 11 هەروەها پێشوازییەکی گەرمتان لێ دەکرێت بۆ چوونە ناو شانشینی هەتاهەتایی عیسای مەسیحی گەورە و ڕزگارکەرمان.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.