Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانییەکی داود.
103 ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە،
هەموو ناخیشم ستایشی ناوی پیرۆزی بکە.
2 ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە،
هیچ چاکەیەکی لەبیر مەکە:
3 ئەوەی لە هەموو گوناهێکت خۆشدەبێت،
لە هەموو نەخۆشییەک چاکت دەکاتەوە،
4 ئەوەی ژیانت لە گۆڕ دەکڕێتەوە،
خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەیی دەکاتە تاجی سەرت،
5 ئەوەی تەمەنت تێر دەکات بە چاکە،
تاکو گەنجییەتیت وەک هەڵۆ نوێ ببێتەوە.
6 یەزدان ڕاستودروستی ئەنجام دەدات،
دادپەروەری بۆ هەموو چەوساوەکان.
7 ڕێگای خۆی بە موسا ناساند،
کردارەکانی بە نەوەکانی ئیسرائیل:
8 یەزدان میهرەبان و بە بەزەییە،
پشوودرێژە و خۆشەویستی نەگۆڕی زۆرە.
9 تاوانبارکردنی هەتاسەر نییە،
تووڕەیی هەتاهەتایە نییە.
10 بە گوناهی خۆمان لەگەڵ ناکات و
بەگوێرەی تاوانەکانمان سزامان ناداتەوە.
11 وەک بەرزی ئاسمان لەسەر زەوییەوە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی زۆرکردووە بۆ ئەوانەی کە لێی دەترسن.
12 وەک دووری ڕۆژهەڵات لە ڕۆژئاواوە،
یاخیبوونەکانمانی لێ دوورخستووینەتەوە.
13 وەک باوک چۆن بەزەیی بە منداڵەکانیدا دێتەوە،
یەزدانیش ئاوا بەزەیی بەوانەدا دێتەوە کە لێی دەترسن.
22 ئەی هەموو کارەکانی، ستایشی یەزدان بکەن
لە هەموو شوێنێکی ژێر دەسەڵاتی.
ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.
چیڕۆکێک دەربارەی بێوەفایی ئۆرشەلیم
16 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئۆرشەلیم ڕووبەڕووی کارە قێزەونەکانی خۆی بکەرەوە و 3 بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست بە ئۆرشەلیم ئەمە دەفەرموێت: ڕەچەڵەک و لەدایکبوونت لە خاکی کەنعان بوو. باوکت ئەموری بوو، دایکیشت حیتی. 4 ئەو ڕۆژەی لەدایک بوویت ناوکت نەبڕاوە، بۆ پاکبوونەوە بە ئاو نەشوشترای، بە خوێ سوێر نەکرایت، قۆنداغ نەکرایت. 5 هیچ چاوێک بە میهرەبانییەوە تەماشای نەکردیت و دڵی پێت نەسووتا هەتا یەکێک لەمانەت بۆ بکات، بەڵکو ئەو ڕۆژەی لەدایک بووی لەبەر بێزلێبوونەوە لە دەشتودەر فڕێدرایت.
6 «”من بەلاتدا تێپەڕیم و بینیم خەڵتانی خوێنی خۆت بوویت، کە لە خوێنی خۆتدا پاڵکەوتبوویت، پێم فەرموویت: ’بژی!‘ 7 وەک ڕووەکی کێڵگە من خزمەتم کردیت بۆ ئەوەی پێ بگەیت، ئیتر گەشەت کرد و گەورە بوویت و گەیشتیت بە تەمەنی هەرزەکاری. مەمکەکانت بناغەیان دانا و مووی لەشت درێژبوو، ئەو کاتە تۆ ڕووتوقووت بوویت.
8 «”دیسان بەلاتدا تێپەڕیم و تۆم بینی، ئەوەتا تەمەنی دڵداریتە. ئینجا دامێنی کراسەکەم بەسەرتدا دا[a] و ڕووتی تۆم داپۆشی و سوێندم بۆت خوارد و پەیمانم لەگەڵتدا بەست، لەبەر ئەوە تۆ بوویتە هی من. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
9 «”بە ئاو تۆم شوشت و خوێنەکەتم لێت پاککردەوە، ئینجا بە زەیت چەورم کردیت. 10 جلێکی نەخشێنراوم لەبەرکردیت و پێڵاوی پێستی مانگای دەریام[b] لە پێ کردیت. کەوایەکی کەتانی ناسکم خستە سەر شانت و بە حەریر تۆم پۆشی. 11 بە خشڵ تۆم ڕازاندەوە، بازنم لە دەستت کرد، ملوانکەم لە مل کردیت، 12 خەزێمم لە لووتت کرد، گوارەشم لە گوێت کرد و تاجی جوانیم لە سەرت نا. 13 جا بە زێڕ و زیو خۆتت ڕازاندەوە، کەتانی ناسک و حەریر و قوماشی نەخشێنراو بەرگت بوو. باشترین ئارد و هەنگوین و زەیتت خوارد. زۆر زۆر جوان بوویت، شیاوی ئەوە بوویت ببیتە شاژن. 14 لەبەر جوانیت ناوبانگت لەنێو نەتەوەکان دەرکرد، چونکە بەهۆی شکۆمەندییەکەم کە پێم بەخشیبوویت جوانییەکەت تەواو بوو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
دڵسۆزی خودا
3 کەواتە، جولەکەکان چییان لە نەتەوەکانی دیکە زیاترە؟ یان سوودی خەتەنەکردن چییە؟ 2 زۆر شتیان لە نەتەوەکانی دیکە زیاترە! پێش هەموو شتێک، وشەکانی خودایان پێ سپێردرا.
3 کەواتە چی دەبێت ئەگەر هاتوو هەندێکیان بێباوەڕ بوون؟ ئایا دڵسۆز نەبوونیان دڵسۆزی خودا پووچەڵ دەکاتەوە؟ 4 نەخێر! بەڵکو با خودا ڕاستگۆ بێت و هەموو مرۆڤ درۆزن. وەک نووسراوە:
[تاکو لە قسەکانت ڕاست بیت و
سەرکەوتوو بیت لە حوکمەکانت.][a]
5 بەڵام ئەگەر ناڕەواییمان ڕەوایی خودا دەردەخات، چی بڵێین؟ ئایا خودا ناڕەوایە کە تووڕەیی دەهێنێت؟ (وەک مرۆڤ قسە دەکەم.) 6 نەخێر! ئەگینا چۆن خودا جیهان حوکم دەدات؟ 7 لەوانەیە یەکێک بڵێ: «ئەگەر درۆی من ڕاستی خودا بۆ شکۆی ئەو زیاتر بکات، بۆچی من هێشتا وەک گوناهبارێک تاوانبار دەکرێم؟» 8 وەک هەندێک بوختان بە دەممانەوە هەڵدەبەستن، دەڵێن: «با خراپە بکەین تاکو چاکەی بەدواوە بێت.» ئەوانە تاوانبارکردنیان دادپەروەرانەیە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.