Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داود.
110 یەزدان بە خاوەن شکۆی منی فەرموو:
«لە دەستەڕاستم دابنیشە،
هەتا دوژمنانت دەکەمە تەختەپێ[a] بۆ پێیەکانت.»
2 یەزدان لە سییۆنەوە هێز و دەسەڵاتەکەت فراوان دەکات،
لەناو دوژمنەکانت فەرمانڕەوایەتی دەکەیت.
3 گەلەکەت لە ڕۆژی هێزت خۆیان پێشکەش دەکەن،
بە ئاراییشتێکی پیرۆزەوە لە منداڵدانی بەرەبەیانەوە،
تۆ شەونم لە گەنجییەتیت وەردەگریت.
4 یەزدان سوێندی خواردووە و بڕیاری ناگۆڕێت:
«هەتاهەتایە تۆ کاهینیت لە پلەی مەلکیسادق[b].»
5 پەروەردگار لەلای دەستە ڕاستی تۆیە،
لە ڕۆژی تووڕەییەکەی پاشایان وردوخاش دەکات.
6 لەنێو نەتەوەکان حوکم دەدات، خاکیان پڕ دەکات لە تەرم،
سەرۆکەکان لەسەر هەموو زەوی وردوخاش دەکات.
7 پاشا لە جۆگەی دەم ڕێگا دەخواتەوە،
لەبەر هەموو ئەمانە سەری بەرز ڕادەگرێت.
3 ڕۆڵە، فێرکردنەکەم لەبیر مەکە،
فەرمانەکانم لەناو دڵتدا هەڵبگرە.
2 چونکە ڕۆژگاری درێژ و
ساڵانی ژیان و ئاشتیت بۆ زیاد دەکات.
3 با خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی لێت جیا نەبنەوە،
بە ملتەوە گرێیان بدە،
لەسەر پەڕەی دڵت بیاننووسە.
4 ئینجا پەسەندی و نازناوی چاک بەدەستدەهێنیت
لەلای خودا و خەڵک.
5 پڕ بەدڵ پشت بە یەزدان ببەستە و
بە تێگەیشتوویی خۆت پشت ئەستوور مەبە.
6 لە هەموو ڕێگاکانت بیناسە،
ئەویش ڕێچکەکانت ڕاست دەکات.
7 لەبەرچاوی خۆت، خۆت بە دانا مەزانە،
لە یەزدان بترسە و لە بەدکاری بەدووربە.
8 دەبێتە تەندروستی بۆ لەشت و
ئاودانە بۆ ئێسقانەکانت.
9 بە سامانت ڕێزی یەزدان بگرە،
بە یەکەمین بەرهەمی هەموو خەرمانەکانت.
10 ئەمبارەکەت پڕ دەبێت هەتا تێری،
قەڕابەکەت سەرڕێژ دەبێت لە شەرابی نوێ.
11 ڕۆڵەکەم، بە سووکی تەماشای تەمبێکردنی یەزدان مەکە،
ڕقت لە سەرزەنشتی ئەو نەبێتەوە،
12 چونکە ئەوەی یەزدان خۆشیبوێ تەمبێی دەکات و
وەک باوکێک بە کوڕ دڵخۆش دەبێت.
11 خوشکان، برایان، بە خراپە باسی یەکتری مەکەن. ئەوەی بە خراپە باسی براکەی بکات یاخود براکەی حوکم بدات، ئەوا بە خراپە باسی تەورات دەکات و تەورات حوکم دەدات. ئەگەر تەورات حوکم بدەیت، ئەوا تۆ کار بە تەورات ناکەیت، بەڵکو خۆت دەکەیت بە دادوەر بەسەرییەوە. 12 تەنها یەک شەریعەتدانەر و دادوەر هەیە، ئەو دەتوانێت ڕزگار بکات و لەناوببات. بەڵام تۆ کێی تاکو نزیکەکەت حوکم بدەیت؟
پشتبەستن بە خودا
13 وەرن ئەوانەی دەڵێن: «ئەمڕۆ یان بەیانی دەڕۆین بۆ فڵان شار، ساڵێک لەوێ دەبین و کاسبی دەکەین و قازانج دەکەین.» 14 ئێوە کە نازانن بەیانی چی دەبێت، ژیانتان چییە؟ چونکە هەڵمێکە، ماوەیەک دەردەکەوێت، دواتر نامێنێت. 15 لە جیاتی بڵێن: «ئەگەر مەسیحی باڵادەست خواستی لەسەر بوو و ژیاین، ئەمە و ئەوە دەکەین.» 16 بەڵام لە جیاتی ئەوە، ئێوە شانازی بە لووتبەرزیتانەوە دەکەن، هەموو شانازییەکی ئاواش خراپە. 17 بۆیە ئەوەی بزانێت چاکە بکات و نەیکات، گوناه دەکات.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.