Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
ستایشی مریەم
46 مریەمیش گوتی:
«گیانم ستایشی یەزدان دەکات،
47 ڕۆحم بە خودای ڕزگارکەرم دڵشادە،
48 چونکە سەیری بێفیزی کارەکەرەکەی کرد.
ئەوەتا لە ئێستاوە هەموو نەوەکان خۆزگە بە من دەخوازن،
49 چونکە توانادار کاری گەورەی بۆ من ئەنجام دا،
پیرۆزە ناوی ئەو.
50 بەزەییەکەی بۆ ئەوانەیە کە لێی دەترسن،
نەوە دوای نەوە.
51 بە بازووی کاری بەهێزی ئەنجام دا،
ئەوانەی بە بۆچوونەکانی دڵیان لووتبەرز بوون، پەرتوبڵاوی کردنەوە.
52 تەختی توانادارەکانی سەرەوژێر کردووە و
بێفیزەکانی بڵند کردەوە.
53 برسییەکانی لە خێروبێر تێر کرد،
دەوڵەمەندانی بە دەستی بەتاڵ ڕەوانە کردەوە.
54 بە یارمەتیدانی گەلی ئیسرائیلی بەندەی خۆی
هەتاهەتایە بەزەییەکەی بەبیر هێنایەوە
55 لەگەڵ ئیبراهیم و نەوەکەی،
هەروەک بەڵێنی بە باوباپیرانمان دا.»
نوێژی حەنا
2 حەنا نوێژی کرد و گوتی:
«دڵم بە یەزدان شادە،
سەرم بە یەزدان بەرزە.
پێکەنینم بە دوژمنەکانم دێت،
لەبەر ئەوەی شادمانم بە ڕزگارییەکەت.
2 «کەس نییە پیرۆز وەک یەزدان،
بێجگە لە تۆ کەس نییە،
هیچ تاشەبەردێک نییە وەک خودامان.
3 «بە لووتبەرزی زۆرەوە مەدوێن،
با قسەی زل لە دەمتان دەرنەچێت،
چونکە یەزدان خودایەکی بەئاگایە،
ئەوە کارەکان هەڵدەسەنگێنێت.
4 «کەوانی پاڵەوانەکان تێکشکێنران و
شکستخواردووەکانیش هێزیان بەبەردا کرا.
5 تێرەکان خۆیان بەکرێ دا بۆ نان و
برسییەکانیش نانیان لەبەر مایەوە.
نەزۆک حەوت منداڵی بوو و
ئەوەی کوڕی زۆر بوو نائومێد بوو.
6 «یەزدان مرۆڤ دەمرێنێت و زیندووشی دەکاتەوە،
دەیباتە جیهانی مردووان و هەڵیشیدەستێنێتەوە.
7 یەزدان مرۆڤ هەژار و دەوڵەمەند دەکات،
نزم دەکاتەوە و بەرزیشی دەکاتەوە.
8 ئەو هەژار لەناو خۆڵ ڕاست دەکاتەوە،
کڵۆڵیش لەناو زبڵخانە بەرز دەکاتەوە،
هەتا لەگەڵ میران دایاننیشێنێت و
تەختی شکۆمەندی بکات بە میراتیان.
«چونکە کۆڵەکەکانی زەوی هی یەزدانن
جیهانی لەسەر داناوە.
9 پێی خۆشەویستانی خۆی دەپارێزێت،
بەڵام بەدکاران لە تاریکیدا بێدەنگ دەبن.
«مرۆڤ بە هێز زاڵ نابێت،
10 نەیارانی یەزدان تێکدەشکێنرێن.
لە ئاسمانەوە بەسەریاندا دەگرمێنێت،
یەزدان حوکم بەسەر ئەوپەڕی زەویدا دەدات.
«هێز بە پاشای خۆی دەدات،
سەری دەستنیشانکراوەکەی بەرز دەکاتەوە.»
کەژاوەی پاشایانە
11 کاتێک لە ئۆرشەلیم نزیک بوونەوە، لە بێتفاجی و بێتعەنیا لەلای کێوی زەیتوون، عیسا دووان لە قوتابییەکانی نارد، 2 پێی فەرموون: «بڕۆنە ئەو گوندەی بەرامبەرتان، کاتێک دەچنە ناوی، دەبینن جاشکێک بەستراوەتەوە هەتا ئێستا کەس سواری نەبووە، بیکەنەوە و بیهێنن. 3 ئەگەر یەکێک لێی پرسین: ”بۆ ئەمە دەکەن؟“ بڵێن: ”گەورەمان پێویستی پێیەتی، ئینجا زوو دەینێرێتەوە بۆ ئێرە.“»
4 چوون و لە شەقامەکە بینییان جاشکێک لە دەرگای دەرەوە بەستراوەتەوە، ئەوانیش کردیانەوە. 5 هەندێک کەس لەوێ ڕاوەستابوون، لێیان پرسین: «چی دەکەن، جاشکەکە دەکەنەوە؟» 6 وەک عیسا پێی فەرمووبوون وەڵامیان دایەوە، ئیتر ڕێگایان دان. 7 جاشکەکەیان بۆ عیسا هێنا و کەواکانیان خستە سەری، ئەویش سواری بوو. 8 زۆریش کەواکانیان لەسەر ڕێگاکە ڕاخست، هەندێکیش لە باخەکان لقەداریان بڕیبووەوە. 9 ئەوانەی لەپێشییەوە و ئەوانەش کە لەدوایەوە دەڕۆیشتن، هاواریان دەکرد:
10 «پیرۆزە ئەو شانشینەی داودی باوکمان کە دێت!»
«هۆسانا بۆ خودا!»
11 عیسا چووە ناو ئۆرشەلیم بۆ ناو حەوشەکانی پەرستگا، تەماشای هەموو شتێکی دەوروبەری کرد، بەڵام لەبەر ئەوەی کاتەکە درەنگ داهات، لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە چوونە دەرەوەی شار بۆ گوندی بێتعەنیا.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.