Old/New Testament
حوکمی سەر ئیسرائیل
5 «ئەی کاهینەکان، گوێتان لەمە بێت!
ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، سەرنج بدەن!
ئەی ماڵی پاشا گوێ بگرن!
حوکمەکە لە دژی ئێوەیە،
چونکە ئێوە لە میچپا بوونە تەڵە،
هەروەها تۆڕێکی ڕاخراویش بوون بەسەر تاڤۆر.
2 یاخیبووان لە کوشتن قووڵبوونەوە،
منیش هەموویان تەمبێ دەکەم.
3 من ئەفرایم دەناسم و
ئیسرائیلیش لە من شاردراوە نییە.
ئەی ئەفرایم، ئێستا ڕێگای لەشفرۆشیت گرتووەتەبەر،
ئیسرائیل گڵاو بووە.
4 «کارەکانیان ڕێیان نادات
بۆ لای خودای خۆیان بگەڕێنەوە،
چونکە ڕۆحی لەشفرۆشی لە ناخیاندایە و
ئەوان دان بە یەزداندا نانێن.
5 لووتبەرزی ئیسرائیل بەرەوڕوو شایەتی لەسەر دەدات و
ئیسرائیل و ئەفرایم بە تاوانەکانیان تێکدەشکێن،
یەهوداش لەگەڵیاندا تێکدەشکێت.
6 بە مەڕ و مانگاکانیانەوە دەڕۆن
بۆ ئەوەی ڕوو لە یەزدان بکەن،
بەڵام بۆیان دەرناکەوێت،
چونکە لێیان دوورکەوتووەتەوە.
7 ناپاکییان لە یەزدان کرد
چونکە منداڵی زۆڵیان[a] بوو.
ئێستا جەژنی سەرەمانگەکانیان
خۆیان و کێڵگەکانیشیان دەخوات.
8 «لە گیڤعادا کەڕەنا لێ بدەن و
لە ڕامەش زوڕنا.
لە بێتئاڤن[b] نەعرەتەی جەنگ بکێشن؛
”ئەی بنیامین، ئێمە لەدوای تۆین.“
9 ئەفرایم وێران دەبێت
لە ڕۆژی تەمبێکردندا.
لەنێو هۆزەکانی ئیسرائیلدا
ڕاستی ڕادەگەیەنم.
10 میرانی یەهودا وەک ئەوانەن
کە سنوور دەگوازنەوە،
منیش تووڕەیی خۆم وەک باران
بەسەریاندا هەڵدەڕێژم.
11 ئەفرایم زۆرلێکراوە،
بە حوکم تێکشکێنراوە،
چونکە بڕیاری دا دوای بت بکەوێت.
12 من بۆ ئەفرایم وەک مۆرانەم و
وەک کلۆربوونیش بۆ بنەماڵەی یەهودا.
13 «کاتێک ئەفرایم نەخۆشییەکەی خۆی بینی و
یەهوداش ناسۆرەکەی خۆی،
ئینجا ئەفرایم چووە لای ئاشور و
بەدوای پاشا گەورەکەدا[c] ناردی.
بەڵام ناتوانێت چارەسەرتان بکات و
برینەکەتان لەسەر لاببات.
14 چونکە من بۆ ئەفرایم وەک شێرم و
بۆ بنەماڵەی یەهوداش وەک بەچکە شێر،
چونکە من پارچەپارچەیان دەکەم و دەڕۆم،
دەبەم و فریادڕەسیش نییە،
15 دەڕۆم و دەگەڕێمەوە بۆ شوێنەکەی خۆم
هەتا دان بە تاوانەکەیان دەنێن و
ڕوویان لە من دەکەن،
لە تەنگانەیاندا بە پەرۆشەوە ڕوویان لە من دەکەن.»
تۆبەنەکردنی ئیسرائیل
6 «وەرن، با بگەڕێینەوە لای یەزدان،
چونکە ئەو پارچەپارچەی کردووین و
هەر ئەویش چارەسەرمان دەکات.
ئەو برینداری کردووین و
هەر ئەویش برینەکانمان ساڕێژ دەکات.
2 دوای دوو ڕۆژ دەمانژیێنێتەوە،
لە ڕۆژی سێیەمدا هەڵماندەستێنێتەوە
بۆ ئەوەی ئێمە لەبەردەمیدا بژین.
3 با دان بە یەزداندا بنێین،
با تێبکۆشین بۆ ئەوەی دانی پێدا بنێین.
بێگومان وەک چۆن ڕۆژ هەڵدێت
ئاواش یەزدان دەردەکەوێت،
وەک بارانی زستان دێتە لامان،
وەک بەهارە باران کە زەوی ئاو دەدات.»
4 «ئەی ئەفرایم، چیت لێ بکەم؟
ئەی یەهودا، چیت لێ بکەم؟
خۆشویستنی ئێوە وەک هەوری بەیانییان وایە،
وەک ئەو شەونمەی بە زوویی دەڕوات.
5 لەبەر ئەوە بە پێغەمبەران پارچەپارچەم کردن،
بە وشەکانی دەمم ئێوەم کوشت،
حوکمەکەشم وەک ڕووناکی دەرکەوت.
6 چونکە میهرەبانیم دەوێ نەک قوربانی،
لەلای من خواناسی لە قوربانی سووتاندن گرنگترە.
7 بەڵام ئەوان وەک ئادەم سەرپێچی پەیمانیان کرد،
لەوێدا ناپاکییان لە من کرد.
8 گلعاد شاری خراپەکارانە و
بە خوێن پێپەستە.
9 وەک چۆن جەردە بۆسە بۆ کەسێک دەنێنەوە،
ئاواش دەستەی کاهینەکان،
لە ڕێگادا ڕووەو شەخەم خەڵک دەکوژن.
بەدڕەوشتی ئەنجام دەدەن.
10 لە بنەماڵەی ئیسرائیلدا کارێکی تۆقێنەر دەبینم،
لەوێدا ئەفرایم لەشفرۆشی دەکات،
ئیسرائیل گڵاوە.
11 «تۆش ئەی یەهودا،
ڕۆژی لێپێچینەوەت بۆ دیاریکراوە.
«هەر کاتێک بمەوێت ڕاپێچکراوانی گەلەکەم دەگەڕێنمەوە[d]،
7 کاتێک ئیسرائیلم چارەسەر دەکرد،
تاوانی ئەفرایم ئاشکرا بوون،
هەروەها خراپەی سامیرە.
فێڵیان کرد،
دز چووە ژوورەوە و
جەردەکانیش لە دەرەوە تاڵانیان کرد،
2 بەڵام لە دڵی خۆیاندا بیر لەوە ناکەنەوە
کە من هەموو خراپەکەی ئەوانم لەبیرە.
ئێستا کردەوەکانیان دەوریان دەدات،
لە بەرچاومدان.
3 «بە خراپەکەیان پاشا دڵخۆش دەکەن و
بە درۆکانیشیان میر.
4 هەموو داوێنپیسن
وەک تەنوورێکی گەرمکراون
کە نانەواکە ئاگرەکەی گڕ نادات،
لە کاتی هەویر شێلانەوە تاوەکو کاتی هەڵهاتنی.
5 لە ڕۆژی جەژنی پاشاماندا،
میر نەخۆش دەکەون، لەبەر شەراب تایان لێ دێت،
پاشا لەگەڵ گاڵتەجاڕان دەست تێکەڵ دەکات.
6 چونکە دڵیان وەک ناخی تەنوورە،
بە فرتوفێڵ لە پاشا نزیک دەبنەوە.
قینیان بە درێژایی شەو کپ دەبێت و
بۆ بەیانی وەک ئاگرێکی گڕ گرتوو گەرمە.
7 هەموویان وەک تەنوور گەرمن،
دادوەرەکانی خۆیان دەخۆن،
هەموو پاشاکانیان دەکەون،
کەسیان تێدا نییە نزا بۆ من بکات.
8 «ئەفرایم تێکەڵ بە گەلان دەبێت.
ئەفرایم بووە بە کولێرەیەکی هەڵنەگەڕاوە.
9 بێگانەکان هێزەکەی دەخۆن و
ئەویش پێی نازانێت.
قژی ماشوبرنج بووە و
ئەویش پێی نازانێت.
10 لووتبەرزی ئیسرائیل بەرەوڕوو شایەتی لەسەر دەدات،
لەگەڵ هەموو ئەوەشدا
ناگەڕێنەوە بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆیان و
بەدوایدا ناگەڕێن.
11 «ئەفرایم وەک کۆترێکی لێهاتووە،
گێل و بێ مێشک،
بانگی میسر دەکەن و
بۆ لای ئاشور دەچن.
12 کاتێک دەڕۆن، تۆڕەکەم بەسەریاندا هەڵدەدەم،
وەک باڵندەی ئاسمان دایاندەگرم.
کاتێک کۆدەبنەوە تەمبێیان دەکەم
بەگوێرەی ئەوەی دەیبیستم.
13 قوڕبەسەریان، چونکە لە من هەڵاتن!
ماڵوێرانی بۆیان، چونکە لێم یاخی بوون!
من دەیانکڕمەوە،
بەڵام ئەوان درۆم بۆ هەڵدەبەستن.
14 کاتێک لەسەر جێگاکانیان دەناڵێنن
لە دڵەوە هاوارم بۆ ناکەن.
بۆ دانەوێڵە و شەراب کۆدەبنەوە،
لە من هەڵدەگەڕێنەوە.
15 من فێرم کردن و بازووی ئەوانم بەهێز کرد،
بەڵام ئەوان لە دژی من بیر لە خراپە دەکەنەوە.
16 دەگەڕێنەوە، بەڵام نەک بۆ لای خودای هەرەبەرز،
وەک کەوانێکی ناڕێکیان لێدێت.
لەبەر قینی زمانیان ڕابەرانیان بە شمشێر دەکوژرێن.
لەبەر ئەمە لە میسر دەبنە گاڵتەجاڕ.
دورینەوەی گەردەلوول
8 «کەڕەنا ببە بۆ دەمت!
هەڵۆیەک هاتە سەر ماڵی یەزدان،
لەبەر ئەوەی پەیمانەکەی منیان شکاند و
لە فێرکردنەکانم یاخی بوون.
2 هاوار بۆ من دەکەن:
”ئەی خودای ئێمە، ئێمەی ئیسرائیل دانت پێدا دەنێین!“
3 بەڵام ئیسرائیل بێزی لە چاکە بووەوە،
لەبەر ئەوە دوژمن ڕاوی دەنێت.
4 ئەوان پاشایان دانا، بەڵام لە منەوە نەبوو،
میریان دانا، کە من نایانناسم.
لە زێڕ و زیوەکانیان بتیان بۆ خۆیان دروستکرد،
بۆ لەناوچوونیان.
5 ئەی سامیرە، بتە گوێرەکەکەت بەلاوە بنێ!
تووڕەییم بەسەریاندا دەجۆشێت.
هەتا کەی ناتوانن خۆیان بێگەرد ڕابگرن؟
6 هەروەها ئەوانیش هەر لە ئیسرائیلن!
وەستایەک ئەم بتەی دروستکردووە، نابێتە خودا.
گوێرەکەکەی سامیرە پارچەپارچە دەبێت.
7 «ئەوان با دەچێنن و
گەردەلوول دەدورنەوە.
چێنراوێک کە بەروبوومی نییە و
ئاردی لێ دروستناکرێت و
ئەگەر دروستیش کرا
بێگانەکان هەڵیدەلووشن.
8 ئیسرائیل هەڵلووشرا!
ئێستا لەنێو نەتەوەکاندا
وەک قاپێکیان لێ هاتووە کە هیچ سوودی نییە.
9 چونکە وەک کەرەکێوییەکی تاک و تەنها
چوونە ئاشور.
ئەفرایم خۆی بە چەند دۆستێک فرۆشتووە.
10 هەرچەندە ئەوان لەنێو نەتەوەکان خۆیان فرۆشتووە،
بەڵام ئێستا من کۆیان دەکەمەوە،
ئینجا ئەوان لەژێر باری پاشای توانادار[e] دەفەوتێن.
11 «هەرچەندە ئەفرایم قوربانگاکانی قوربانی گوناهی زۆر کرد،
بۆی بوونە قوربانگای گوناهکردن.
12 شتی زۆری بۆ دەنووسم کە پەیوەستە بە فێرکردنەکانم،
بەڵام ئەو بە نامۆیان دادەنێت.
13 قوربانیم پێشکەش دەکەن و
خۆیان گۆشتەکەی دەخۆن،
بەڵام یەزدان پێیان ڕازی نییە.
ئێستا تاوانەکەیان دەهێنێتەوە یاد و
سزای گوناهەکانیان دەدات:
ئەوان دەگەڕێنەوە میسر.
14 ئیسرائیل دروستکەری خۆی لە یاد کرد و
چەندین کۆشکی بنیاد نا،
یەهوداش شارە قەڵابەندەکان.
بەڵام من ئاگر دەنێرمە سەر شارەکانی
ئینجا قەڵاکانی دەخوات.»
نامەیەک بۆ کڵێسای ئەفەسۆس
2 بۆ فریشتەی کڵێساکەی ئەفەسۆس بنووسە:
ئەوەی حەوت ئەستێرەکەی بە دەستی ڕاستی گرتووە و بە ناو حەوت چرادانە زێڕینەکەدا هاتوچۆ دەکات، دەفەرموێ: 2 «ئاگام لە کردار و ماندووبوون و دانبەخۆداگرتنتە، هەروەها کە چۆن لە تواناتدایە خراپەکاران ڕەتبکەیتەوە، ئەوانەشت تاقی کردەوە کە خۆیان بە نێردراو دەزانن بەڵام نێردراو نین، بە درۆزن دەرچوون، 3 دانت بەخۆتداگرت و لەبەر ناوی من بەرگەت گرت، کۆڵت نەدا.
4 «بەڵام ئەوەم لەسەرت هەیە: تۆ خۆشەویستییەکەی یەکەمینت بەلاوە ناوە. 5 بەبیرت بێتەوە لە چ پایەیەکی بەرز کەوتیت! تۆبە بکە و کارەکانی پێشترت دووبارە بکەرەوە. ئەگەر تۆبە نەکەیت، دێمە لات و چرادانەکەت لە شوێنی خۆی لادەدەم. 6 بەڵام شتێکی باشت هەیە: ڕقت لە دابونەریتی نیکۆلاوییەکان[a] دەبێتەوە، کە منیش ڕقم لێیان دەبێتەوە.
7 «ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ. ئەوەی سەربکەوێت دەیدەمێ لە درەختی ژیان[b] بخوات، ئەوەی لە بەهەشتی خودایە.»
نامەیەک بۆ کڵێسای سمیرنا
8 بۆ فریشتەی کڵێساکەی سمیرنا بنووسە:
ئەوەی یەکەمین و دواهەمینە، ئەوەی مردوو بوو و زیندووبووەوە، دەفەرموێ: 9 «ئاگام لە تەنگانە و هەژاریتە، هەرچەندە تۆ دەوڵەمەندیت. هەروەها ئاگام لە قسە هەڵبەستنی ئەوانەیە کە دەڵێن جولەکەین و واش نین، بەڵام کەنیشتی شەیتانن. 10 هەرگیز مەترسە لەو ئازارانەی وا بۆت دێت. وا ئیبلیس خەریکە هەندێکتان بخاتە زیندانەوە، تاکو تاقی بکرێنەوە و دە ڕۆژ تەنگانەتان دەبێت. هەتا مردن دڵسۆزبە، منیش تاجی ژیانت پێ دەبەخشم.
11 «ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ. ئەوەی سەربکەوێت مردنی دووەم ئازاری نادات.»
نامەیەک بۆ کڵێسای پرگامۆس
12 بۆ فریشتەی کڵێساکەی پرگامۆس بنووسە:
ئەوەی شمشێرە تیژە دوو دەمەکەی هەیە دەفەرموێ: 13 «ئاگام لێیە لەکوێ دەژیت، ئەو شوێنەی تەختی شەیتانی لێیە. لەگەڵ ئەوەشدا دەست بە ناوی منەوە دەگریت. تەنانەت لەو ڕۆژانەش کە ئەنتیپاسی شایەتیدەری دڵسۆزم لەلاتان شەهید کرا، لەو شوێنەی شەیتان نیشتەجێیە، نکۆڵیت لە باوەڕی من نەکرد.
14 «بەڵام هەندێک شتم لەسەرت هەیە: ئەویش هەندێک کەس لەلاتن پابەندن بە فێرکردنی بەلعامەوە[c]، ئەوەی بالاقی فێردەکرد کۆسپ لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دابنێت تاکو لەو قوربانییانە بخۆن[d] کە بۆ بت کراون و داوێنپیسی بکەن. 15 بە هەمان شێوە لەلای تۆش هەندێک هەن پابەندن بە فێرکردنی نیکۆلاوییەکان. 16 بۆیە تۆبە بکە! ئەگینا، بەم زووانە دێمە لات و بە شمشێرەکەی دەمم لەگەڵیان دەجەنگم.
17 «ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ. ئەوەی سەربکەوێت لە مەنی[e] شاراوەی دەدەمێ، هەروەها بەردێکی سپی دەدەمێ کە ناوێکی نوێی لەسەر نووسراوە، جگە لەوەی وەریدەگرێت کەس نایزانێت.»
نامەیەک بۆ کڵێسای سیاتیرا
18 بۆ فریشتەی کڵێساکەی سیاتیرا بنووسە:
کوڕی خودا، ئەوەی چاوەکانی وەک گڕی ئاگرە و پێیەکانی وەک بڕۆنزی بریقەدارە، دەفەرموێ: 19 «ئاگام لە کردار و خۆشەویستی و خزمەت و باوەڕ و دانبەخۆداگرتنتە. کارەکانی ئەم دواییەت لەوانەی یەکەمت زیاترن.
20 «بەڵام ئەمەم لەسەرت هەیە: تۆ ڕێت بەو ژنە داوە کە ناوی ئیزابێلە[f]، خۆی بە پێغەمبەر ناوببات، بەندەکانم فێردەکات و چەواشەیان دەکات تاکو داوێنپیسی بکەن و لەو خواردنە بخۆن کە بۆ بت کراوەتە قوربانی. 21 کاتم پێیدابوو تاکو تۆبە بکات، بەڵام نەیویست تۆبە لە داوێنپیسی بکات. 22 لەبەر ئەوە فڕێیدەدەمە سەر جێگا و نەخۆش دەکەوێ، هەروەها ئەگەر ئەوانەی داوێنپیسییان لەگەڵی کردووە لە کردارەکانیان تۆبە نەکەن، دەیانخەمە ناو تەنگانەیەکی گەورەوە. 23 هەروەها منداڵەکانی بە مردن لەناودەبەم، هەموو کڵێساکانیش دەزانن من پشکێنەری مێشک و دڵەکانم، هەر یەکێکیشتان بەگوێرەی کارەکانی دەیدەمێ.
24 «بەڵام بە ئێوە دەڵێم، ئەوانەی لە سیاتیرا ماونەتەوە، ئەوانەی ئەم فێرکردنەیان نییە و بە قووڵایی شەیتانیان نەزانیوە، وەک دەڵێن، من بارێکی دیکەتان ناخەمە سەر، 25 تەنها ئەوەی هەتانە دەستی پێوە بگرن، هەتا دێم.
26 «ئەوەی سەربکەوێت و کارەکانی من تاکو کۆتایی بپارێزێت، دەسەڵاتی بەسەر نەتەوەکاندا دەدەمێ،
27 «[بە گۆچانێکی ئاسنین بەڕێوەیان دەبات،
وەک گۆزەیەکی گڵین وردوخاشیان دەکات.][g]
هەروەک منیش لە باوکمەوە دەسەڵاتم وەرگرتووە. 28 هەروەها ئەستێرەی بەرەبەیانی دەدەمێ. 29 ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.