Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
هۆشەع 1-4

ئەمە ئەو پەیامەی یەزدانە کە لە سەردەمەکانی پاشایەتی عوزیا و یۆتام و ئاحاز و حەزقیای پاشایانی یەهودا بۆ هۆشەعی کوڕی بئێری هات، کە هاوسەردەمی یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل بوو.

ژن و منداڵی هۆشەع

سەرەتا یەزدان لە ڕێگەی هۆشەعەوە پەیامی خۆی ڕاگەیاند، ئینجا بە هۆشەعی فەرموو: «بڕۆ ژنێکی سۆزانی بهێنە و با منداڵی زۆڵت[a] ببێت، چونکە خەڵکی خاکەکە وەک ژنێکی داوێنپیس ناپاکی بەرامبەر بە یەزدان کردووە.» ئەویش گۆمەری کچی دیڤلایمی هێنا، سکی پڕ بوو، کوڕێکی لێ بوو.

یەزدان بە هۆشەعی فەرموو: «ناوی بنێ یەزرەعیل، چونکە پاش کەمێکی دیکە بنەماڵەی یێهو سزا دەدەم، لەسەر ئەو خوێنەی کە لە یەزرەعیل ڕشتیان، پاشایەتی ئیسرائیلیش لەناودەبەم. لەو ڕۆژەدا کەوانی ئیسرائیل لە دۆڵی یەزرەعیلدا دەشکێنم.»

دیسان گۆمەر سکی پڕ بوو، کچێکی بوو. یەزدان بە هۆشەعی فەرموو: «ناوی لێ بنێ لۆڕوحامە[b]، چونکە چیتر بەزەییم بە بنەماڵەی ئیسرائیلدا نایەتەوە، لێیان خۆشنابم. بەڵام بەزەییم بە بنەماڵەی یەهودا دێتەوە، بە کەوان، شمشێر یان جەنگ، ئەسپ و سوار ڕزگاریان ناکەم، بەڵکو بە یەزدانی پەروەردگاریان ڕزگاریان دەکەم.»

لەدوای ئەوەی گۆمەر لۆڕوحامەی لە شیر بڕییەوە، دیسان سکی پڕ بوو و کوڕێکی بوو. یەزدان فەرمووی: «ناوی لێ بنێ لۆعامی[c]، چونکە ئێوە گەلی من نین و منیش بۆ ئێوە نابم.

10 «بەڵام لە داهاتوودا ژمارەی نەوەکانی ئیسرائیل وەک لمی دەریا دەبێت کە ناپێورێن و ناژمێردرێن، لەو شوێنەی پێیان گوترا، ”ئێوە گەلی من نین،“ بە ”ڕۆڵەکانی خودای زیندوو“ ناودەبردرێن. 11 لەو کاتەدا نەوەی یەهودا و نەوەی ئیسرائیل یەکدەگرنەوە و یەک سەرۆک بۆ خۆیان دادەنێن، لە خاکەکە سەردەکەون و دێنە دەرەوە، چونکە ڕۆژی یەزرەعیل گەورە دەبێت.»

«بە براکانتان بڵێن: ”گەلی من،“ و بە خوشکەکانتان: ”بەر بەزەیی کەوتوو.“

سزادان و چاککردنەوەی ئیسرائیل

«سەرزەنشتی دایکتان بکەن، سەرزەنشتی بکەن،

    چونکە ئەو ژنی من نییە و
    منیش مێردی ئەو نیم.
بەدڕەوشتی لە ڕوخساری و
    ناپاکی لەنێوان مەمکەکانی داماڵێت.
ئەگینا ڕووتوقووتی دەکەمەوە،
    وەک ئەو ڕۆژە ڕایدەگرم کە تێیدا لەدایک بووە؛
وەک چۆڵەوانی لێ دەکەم،
    وەک خاکی وشکی لێ دەکەم،
    بە تینووێتی دەیمرێنم.
بەزەییم بە منداڵەکانیدا نایەتەوە،
    چونکە زۆڵن.
بێگومان دایکیان داوێنپیسی کردووە و
    بە بێ ئابڕوویی سکی پێیان پڕ بووە.
ئەو گوتی: ”دوای دۆستەکانم دەکەوم،
    ئەوانەی نان و ئاو،
    خوری و کەتان، زەیت و خواردنەوەم پێدەدەن.“
لەبەر ئەوە ڕێگاکەی بە دڕک پەرژین دەکەم،
    دیوارێک بە دەوریدا دروستدەکەم بۆ ئەوەی ڕێڕەوەکانی نەدۆزێتەوە.
دوای دۆستەکانی دەکەوێت و پێیان ناگات،
    بەدوایاندا دەگەڕێت و نایاندۆزێتەوە.
ئینجا دەڵێت:
    ”دەچم و وەک جاران دەگەڕێمەوە بۆ لای مێردەکەم،
    چونکە ئەو کاتم لە ئێستام باشتر بوو.“
ئەو دانی پێدا نەناوە ئەوە من بووم کە
    دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتم پێیداوە،
زێڕ و زیوم بۆی زیاد کردووە،
    بەڵام ئەوان بۆ بەعل بەکاریانهێنا.

«لەبەر ئەوە دەگەڕێمەوە و دانەوێڵەکەم لە کاتی خۆیدا دەبەمەوە،
    شەرابە تازەکەشم لە کاتی خۆیدا.
خوری و کەتانەکەم کە ڕووتییەکەی دادەپۆشن
    لەبەری دادەکەنم.
10 ئێستا شوێنی شەرمی
    لەبەرچاوی خۆشەویستەکانیدا دەردەخەم،
    کەسیش لە دەستم فریای ناکەوێت.
11 هەموو خۆشییەکانی ڕادەگرم:
    جەژن و سەرەمانگەکانی،
    شەممە و جەژنە دیاریکراوەکانی.
12 ڕەزەمێو و هەنجیرەکانی تێکدەدەم،
    کە گوتی: ”ئەوانە کرێیەکەی منن، خۆشەویستانم پێیان داوم.“
دەیانکەم بە دارستان و
    ئاژەڵی کێوی دەیانخوات.
13 لەسەر ئەو ڕۆژانەی سزای دەدەم
    کە بخووری بۆ بەعلەکان دەسووتاند،
بە خەزێم و خشڵەکانی خۆی دەڕازاندەوە،
    دوای خۆشەویستانی کەوت،
    بەڵام منی لەیاد کرد.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

14 «لەبەر ئەوە بە زمانی شیرین
    دەیبەمە چۆڵەوانی و
    بە نەرمی قسەی لەگەڵدا دەکەم.
15 لەوێ ڕەزەمێوەکانی دەدەمەوە،
    دۆڵی عاخۆر[d] دەکەم بە دەرگای هیوا.
لەوێ وەک ڕۆژانی هەرزەکاری گۆرانی دەڵێت،
    وەک ڕۆژی سەرکەوتنی لە خاکی میسرەوە.»

16 یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا دەبێت،
    پێم دەڵێیت: ”مێردەکەم“ و
    چیتر پێم ناڵێیت: ”گەورەم.“
17 ناوی بەعلەکان لە دەمی دادەماڵم و
    ئیتر ناویان ناهێنێت.
18 لەو ڕۆژەدا پەیمانێکیان بۆ دەبەستم
    لەگەڵ ئاژەڵی کێوی و باڵندەکانی ئاسمان و
    خشۆکەکانی زەوی.
کەوان و شمشێر و جەنگ
    لە خاکەکەدا بنبڕ دەکەم و
    وایان لێ دەکەم بە ئاسوودەیی پاڵ بکەون.
19 بۆ هەتاهەتایە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و
    بە ڕاستودروستی و دادوەری،
    بە خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەیی بۆ خۆمت نیشان دەکەم.
20 بە دڵسۆزییەوە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و
    دان بە یەزداندا دەنێیت.

21 «یەزدان دەفەرموێت:
    لەو ڕۆژەدا من کاردانەوەم دەبێت،
من کاردانەوەم بەرامبەر بە ئاسمان دەبێت و
    ئەوانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بە زەوی دەبێت،
22 زەویش کاردانەوەی بەرامبەر بە دانەوێڵە و
    شەرابی نوێ و زەیت دەبێت،
    ئەوانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بە یەزرەعیل[e] دەبێت.
23 لە خاکەکەدا بۆ خۆم دەیچێنم،
    بەزەییم دێتەوە بەوانەی کە فەرمووم ”بەزەییم پێیاندا نایەتەوە.“
ئەوانەی کە پێیان دەگوترا ”گەلی من نین“ پێیان دەڵێم: ”ئێوە گەلی منن.“
    ئەوانیش دەڵێن: ”تۆ خودای ئێمەیت.“»

ئاشتبوونەوەی هۆشەع لەگەڵ ژنەکەی

یەزدان پێی فەرمووم: «دیسان بڕۆ ژنەکەت خۆشبوێتەوە، هەرچەندە خاوەنی دۆستە و داوێنپیسە، وەک خۆشەویستی یەزدان بۆ نەوەی ئیسرائیل، ئەوانیش ڕوویان لە خوداکانی دیکە کردووە و نانی کشمیشیان[f] خۆشدەوێت.»

منیش دیسان بە پازدە شاقل زیو و بارێک و دوو قەزناخ[g] جۆ کڕیمەوە، پێم گوت: «ماوەیەکی درێژ لەگەڵ من دەژیت، بێ ئەوەی داوێنپیسی بکەیت و بۆ هیچ پیاوێک بیت، هەروەها منیش بە هەمان شێوە دەبم بۆت.»

ئەمەش لەبەر ئەوەی ماوەیەکی درێژ نەوەی ئیسرائیل بەبێ پاشا یان میر، بەبێ قوربانی و بەردە تەرخانکراوەکان[h]، بەبێ ئێفۆد و تەرافیم[i] دەمێننەوە. پاش ئەوە نەوەی ئیسرائیل دەگەڕێنەوە و ڕوو لە یەزدانی پەروەردگاریان و داودی پاشایان دەکەن، لە ڕۆژانی کۆتاییدا بە لەرزەوە ڕوو لە یەزدان و چاکەکەی دەکەن.

سکاڵا لە دژی ئیسرائیل

ئەی نەوەی ئیسرائیل، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن،
    چونکە یەزدان سکاڵای هەیە
    لە دانیشتووانی خاکەکە:
«نە وەفاداری، نە خۆشەویستی نەگۆڕ،
    نە خواناسی لە خاکەکەدا هەیە.
نەفرەتکردن و درۆ و کوشتن،
    دزی و داوێنپیسی،
پەرەی سەندووە و
    خوێنڕشتن، خوێن ڕشتنی بەدوادا دێت.
لەبەر ئەوە خاکەکە شین دەگێڕێت و
    ئەوەی تێیدا نیشتەجێیە بەرەو نەمان دەچێت،
بە ئاژەڵی کێوی و باڵندەی ئاسمانیشەوە،
    تەنانەت ماسی دەریاش لەناودەچێت.

«بەڵام با کەس سکاڵا نەکات و
    کەسیش تاوانبار نەکرێت،
چونکە گەلەکەی تۆ وەک ئەوانەن کە
    سکاڵا لە کاهین دەکەن.
تۆش بە ڕۆژ تێکدەشکێیت و
    بە شەویش پێغەمبەر لەگەڵت تێکدەشکێت،
منیش دایکت لەناودەبەم.
    گەلەکەم لە نەزانین لەناودەچێت.

«لەبەر ئەوەی تۆ زانینت ڕەتکردەوە،
    منیش ڕەتت دەکەمەوە لەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەیت.
لەبەر ئەوەی فێرکردنەکانی خودای خۆتت لەیاد کرد،
    منیش نەوەکانت لەیاد دەکەم.
ئەوەندەی کاهینەکان زیاد بوون،
    ئەوەندەش گوناهیان لە دژی من کرد،
    منیش شکۆیان دەگۆڕم بۆ شەرمەزاری.
قوربانی گوناهی گەلەکەم دەخۆن و
    ئاواتەخوازن کە تاوان بکات.
جا کاهین وەک گەل دەبێت،
    بەپێی ڕەفتارەکەی سزای دەدەم،
    کردەوەکانی بەسەر خۆیدا دەدەمەوە.

10 «دەخۆن و تێر نابن،
    لەشفرۆشی دەکەن و زیاد نابن،
چونکە وازیان لە یەزدان هێنا
بۆ ئەوەی خۆیان تەرخان بکەن 11     بۆ لەشفرۆشی و
بۆ شەرابی کۆن و شەرابی نوێ
    کە هزر و هۆشی گەلەکەی منی بردووە.
12 گەلەکەم پرس بە بتە دارینەکەیان دەکەن،
    وەڵام لە گۆچانەکەی دەستی وەردەگرن،
چونکە ڕۆحی لەشفرۆشی گومڕای کردوون و
    دڵسۆزی خودای خۆیان نین.
13 لەسەر لووتکەی چیاکان قوربانی سەردەبڕن و
    لەسەر گردەکان بخوور دەسووتێنن،
لەژێر دار بەڕوو و ئەسپیندار و دارەبەن،
    چونکە سێبەری باشە!
لەبەر ئەوە کچەکانتان لەشفرۆشی دەکەن و
    بووکەکانیشتان داوێنپیسی.

14 «کچەکانتان سزا نادەم
    کە لەشفرۆشی دەکەن و
بووکەکانیشتان
    کە داوێنپیسی دەکەن،
چونکە پیاوەکان خۆیان دەچنە پاڵ لەشفرۆشەکان و
    لەگەڵ لەشفرۆشەکان دەچنە نزرگەکان و قوربانی سەردەبڕن.
    گەلێک تێگەیشتنی نەبێت لەناودەچێت!

15 «ئەی ئیسرائیل، ئەگەر تۆش داوێنپیسیت،
    بەڵام با یەهودا تاوان نەکات.

«مەچن بۆ گلگال و
    سەرمەکەون بۆ بێت‌ئاڤن[j] و
    سوێند مەخۆن: ”بە یەزدانی زیندوو!“
16 وەک نوێنگینێکی[k] کەللەڕەق
    ئیسرائیلیش کەللەڕەق بووە،
ئیتر یەزدان چۆن بیانلەوەڕێنێت
    وەک بەرخ لە شوێنێکی پانوبەریندا؟
17 ئەفرایم بە بتەکانەوە بەستراوەتەوە،
    وازی لێ بهێنن!
18 تەنانەت خواردنەوەشیان تەواوبێت،
    هەر نوقومی لەشفرۆشییەکەیان دەبن،
    گەورەکانیان بە تەواوی حەزیان لە شەرمەزارییە نەک لە ڕێز.
19 با لەژێر باڵەکانی خۆیدا دەیپێچێتەوە،
    بە قوربانییەکانیان شەرمەزار دەبن.

ئاشکراکردن 1

پێشەکی

ئاشکراکردنی عیسای مەسیح کە خودا پێیداوە، تاکو ئەو شتانەی دەبێت زوو ڕووبدەن بە بەندەکانی پیشان بدات و دەریخست کە بە فریشتەکەی خۆی بۆ یۆحەنای بەندەی خۆی نارد، ئەوەی شایەتی دا بۆ وشەی خودا و بۆ شایەتی عیسای مەسیح، هەرچییەکی بینی. خۆزگە دەخوازرێت بەوەی وتەکانی ئەم پێشبینییە دەخوێنێتەوە، هەروەها خۆزگە بەو کەسانەش دەخوازرێت کە دەیبیستن و ئەوەی تێیدا نووسراوە پەیڕەوی دەکەن، چونکە کاتەکە نزیکە.

سڵاو بۆ کڵێساکان

لە یۆحەناوە،

بۆ حەوت کڵێساکەی هەرێمی ئاسیا:

با نیعمەت[a] و ئاشتی بۆ ئێوە، لەوەی هەیە و هەبووە و دێت و لەو حەوت ڕۆحەی لەبەردەم تەختەکەیدان، هەروەها لە عیسای مەسیحیشەوە کە شایەتیدەری دڵسۆزە، نۆبەرەی هەستانەوەی نێو مردووانە، سەرۆکی پاشاکانی سەر زەوییە.

ئەو کە ئێمەی خۆشدەوێت و بە خوێنی خۆی لە گوناهەکانمان ئازادی کردین و ئێمەی کردە شانشین و کاهین بۆ خودای باوکی، هەتاهەتایە شکۆ و دەسەڵات بۆ ئەوە! ئامین.

ئەوەتا لەگەڵ هەوردا[b] دێت و
    هەموو چاوێک دەیبینێت،
ئەوانەش کە ڕمیان لێیداوە،
    هەموو خێڵەکانی زەویش شیوەنی بۆ دەگێڕن.
            بێگومان بەم جۆرە دەبێت، ئامین.

یەزدانی پەروەردگار دەفەرموێ: «من ئەلف و یێم، ئەوەی هەیە و هەبووە و دێت، هەرە بە توانا.»

بینینی مەسیحی زیندوو

من یۆحەنای براتانم، کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسادا هاوبەشتانم لە تەنگانە و شانشین و دانبەخۆداگرتن، لە پێناوی پەیامی خودا و شایەتی بۆ عیسا لە دوورگەی پەتمۆس بووم. 10 لە ڕۆژی یەزداندا ڕۆحی پیرۆزم هاتە سەر و لە پشتمەوە گوێم لە دەنگێکی گەورە بوو، وەک هی کەڕەنا بوو، 11 دەیفەرموو: «ئەوەی دەیبینی لە پەڕتووکێک بینووسەوە و بۆ حەوت کڵێساکەی بنێرە، واتە ئەفەسۆس و سمیرنا و پرگامۆس و سیاتیرا و ساردس و فیلادەلفیا و لاودیکییا.[c]»

12 ئاوڕم دایەوە تاکو ئەو دەنگە ببینم کە لەگەڵم دەدوا، کاتێک ئاوڕم دایەوە حەوت چرادانی زێڕینم بینی، 13 لەناوەڕاستی چرادانەکاندا یەکێکم وەک کوڕی مرۆڤ[d] بینی، جلێکی شۆڕی لەبەردا بوو هەتا بەرپێی، پشتێنێکی زێڕینی بە سنگییەوە بەستبوو. 14 سەر و قژی سپی وەک خوری و وەک بەفر سپی بوون و چاوەکانی وەک گڕی ئاگر بوون. 15 پێیەکانی وەک بڕۆنزێکی بریقەدار کە لە کوورە پوختە کرابێت وابوون، دەنگیشی وەک هاژەی تاڤگە وابوو، 16 حەوت ئەستێرە لە دەستی ڕاستی بوون، شمشێرێکی دوو دەمیش لە دەمیەوە دەردەچوو، ڕوخساری وەک تیشکی بەتینی ڕۆژ دەدرەوشایەوە.

17 کاتێک بینیم وەک مردوو لەبەرپێی کەوتم، دەستی ڕاستی خستە سەرم و فەرمووی: «مەترسە، من یەکەمین و کۆتاییم. 18 منم ئەوەی زیندووە، پێشتر مردم، بەڵام ئەوەتا ئێستا بۆ هەتاهەتایە زیندووم! هەروەها کلیلەکانی مردن و جیهانی مردووانم[e] پێیە. 19 بۆیە ئەمانە بنووسە لەوەی بینیت و ئەوەی هەیە و ئەوەی پاش ئەمەش دەبێت. 20 نهێنی ئەو حەوت ئەستێرەیەی لە دەستی ڕاستم بینیت و حەوت چرادانە زێڕینەکە ئەمەیە: حەوت ئەستێرەکە فریشتەی حەوت کڵێساکانن و حەوت چرادانەکەش حەوت کڵێساکەن.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.