Old/New Testament
ژووری کاهینان
42 ئینجا بە ڕێگای لای باکوور منی هێنایە خانەکانی دەرەوە، بردمییە ئەو ژوورانەی کە بەرامبەر شوێنە جیاکراوەکەن، ژوورەکانی بەرامبەر بیناکە لەلای باکوور. 2 درێژی ئەو تەلارە کە دەرگاکەی ڕووی لە باکوور بوو سەد باڵ، پانییەکەشی پەنجا باڵ بوو. 3 لەو بەشەی کە دووری لە حەوشەکەی ناوەوە بیست باڵ بوو، هەروەها لەو بەشەی کە بەرامبەر شۆستەی خانەکانی دەرەوە بوو، هۆڵ بەرامبەر هۆڵ بوو لە هەر سێ نهۆمەکە. 4 بەرامبەر بە ژوورەکانیش ڕێڕەوێک هەبوو، پانییەکەی دە باڵ و درێژییەکەی سەد باڵ بوو، بەرەو حەوشەکەی ناوەوە و دەرگای ژوورەکانیش ڕووەو باکوور بوون. 5 شوێنی ژوورەکان بەر هۆڵەکان کەوتبوون، لەبەر ئەوە ژوورەکانی سەرەوە لە ژوورەکانی ناوەڕاست و خوارەوەی بیناکە تەسکتر بوون. 6 بیناکە سێ نهۆم بوو، ژوورەکانی نهۆمی سێیەم کۆڵەکەیان نەبوو وەک کۆڵەکەی حەوشەکان، لەبەر ئەوە زەمینەکەیان لە نهۆمی خوارەوە و ناوەڕاست کەمتر بوو. 7 ئەو دیوارەش لە دەرەوە بوو لەگەڵ ژوورەکان ڕووەو خانەکانی دەرەوە بۆ بەردەم ژوورەکان، درێژییەکەی پەنجا باڵ بوو. 8 درێژی ژوورەکان لەلای خانەکانی دەرەوە پەنجا باڵ بوو، بەڵام درێژی لای پیرۆزگاکە سەد باڵ بوو. 9 لەژێر ئەم ژوورانەشەوە داڵانێک هەبوو لەلای ڕۆژهەڵاتەوە، ئەوەی لە خانەکانی دەرەوە بۆی دەهاتنە ژوورەوە.
10 ژوورەکان بە درێژایی دیواری حەوشەکە بوون بەرەو باشوور لەبەردەم شوێنە جیاکراوەکە و بەرامبەر بیناکە. 11 لەبەردەمی ژوورەکان ڕێڕەوێک هەبوو، وەک داڵانەکانی ئەو ژوورانەی کە بەرەو باکوور بوون، هەمان درێژی و پانی و شوێنی چوونەدەرەوە و شێوە و دەرگایان هەبوو. 12 وەک داڵانی ژوورەکانی ڕووەو باشووریش، داڵانێک لە سەرەتای ڕێڕەوەکەی بەرامبەر دیوارەکەی ڕووەو ڕۆژهەڵات هەبوو، کە لەوێوە بۆی دێتە ژوورەوە.
13 پێی فەرمووم: «ژوورەکانی باکوور و ژوورەکانی باشوور کە بەرامبەر بە شوێنە جیاکراوەکەن ژوورە تەرخانکراوەکانن، کە کاهینەکان ئەوانەی لە یەزدان نزیک دەبنەوە پێشکەشکراوە هەرەپیرۆزەکان دەخۆن. پێشکەشکراوی هەرەپیرۆز و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی گوناه و قوربانی تاوان دادەنێن، چونکە شوێنەکە پیرۆزە. 14 کاتێک کاهینەکان دەچنە ژوورەوە، نابێت لە شوێنی پیرۆزەوە بچنە دەرەوە بۆ خانەکانی دەرەوە، هەتا جلەکانیان کە خزمەتی پێ دەکەن لەوێی دادەنێن، چونکە جلەکانیان تەرخانکراون، ئینجا جلێکی دیکە لەبەر دەکەن و دەچنە پێشەوە بۆ ئەو شوێنەی گەل لێی کۆدەبنەوە.»
15 کە پێوانەی دیوی ناوەوەی پەرستگای تەواو کرد منی هێنایە دەرەوە بەرەو ئەو دەروازەیەی ڕووەو ڕۆژهەڵاتە و چواردەورەکەی پێوا، 16 لای ڕۆژهەڵاتی بە قامیشی پێوانەکە پێوا، پێنج سەد باڵ[a] بوو. 17 لای باکووریشی پێوا، پێنج سەد باڵ بە قامیشی پێوانە. 18 لای باشووریشی پێوا، پێنج سەد باڵ بە قامیشی پێوانە. 19 ئینجا بەلای ڕۆژئاوا سووڕایەوە و پێنج سەد باڵی بە قامیشی پێوانە پێوا. 20 لە هەر چوار لاوە پێوای، شوورایەکی بە چواردەوری بوو کە پێنج سەد باڵ درێژییەکەی و پێنج سەد باڵ پانییەکەی بوو، بۆ جیاکردنەوە لەنێوان پیرۆز و پیرۆزنەکراو.
گەڕانەوەی شکۆمەندی خودا بۆ پەرستگاکە
43 ئینجا منی بردە لای ئەو دەروازەیەی ڕووەو ڕۆژهەڵاتە. 2 بینیم شکۆمەندی خودای ئیسرائیل لە ڕێگای ڕۆژهەڵاتەوە دەهات و دەنگی وەک دەنگی ئاوێکی زۆر بوو، خاکەکەش لەبەر شکۆمەندییەکەی دەدرەوشایەوە. 3 بینینەکە وەک ئەو بینینە بوو کە لە کاتی هاتنی بۆ وێرانکردنی شارەکە بۆم ئاشکرا کرابوو، هەروەها وەک ئەو بینینە بوو کە لەلای نۆکەندی کەڤار بۆم ئاشکرا کرابوو، ئەو کاتە بەسەر ڕوومدا کەوتم. 4 شکۆمەندی یەزدان لە ڕێگای ئەو دەروازەیەی ڕووەو ڕۆژهەڵاتە بۆ ناو پەرستگاکە هات. 5 ئینجا ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و منی بردە حەوشەکەی ناوەوە و بینیم شکۆمەندی یەزدان پیرۆزگاکەی پڕکردووە.
6 گوێم لێ بوو لە پیرۆزگاکەوە قسەی لەگەڵ کردم و پیاوێکیش لەتەنیشتمەوە ڕاوەستابوو. 7 پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەمە شوێنی تەختی من و شوێنی بنی پێمە، کە لەنێو نەوەکانی ئیسرائیل بۆ هەتاهەتایە نیشتەجێ دەبم. لەمەودوا بنەماڵەی ئیسرائیل ناوی پیرۆزم گڵاو ناکەن، نە خۆیان و نە پاشاکانیان، نە بە لەشفرۆشی و نە بە تەرمی پاشاکانیان لە نزرگەکانی سەر بەرزایی. 8 کاتێک ئەوان بەردەرگاکەیان لای بەردەرگاکەم و چوارچێوەی دەرگاکەیان لای چوارچێوەی دەرگاکەم دانا، لەنێوان من و ئەواندا تەنها دیوارێک هەبوو، جا ناوی پیرۆزی منیان بە نەریتە قێزەونەکانیان گڵاوکرد. منیش بە تووڕەیی خۆم لەناوم بردن. 9 ئێستا با لەشفرۆشی و تەرمی پاشاکانیان لە من دووربخەنەوە، ئەو کاتە منیش بۆ هەتاهەتایە لەناویان نیشتەجێ دەبم.
10 «ئەی کوڕی مرۆڤ، دەربارەی پەرستگاکە بە بنەماڵەی ئیسرائیل ڕابگەیەنە، با لە تاوانەکانی خۆیان شەرمەزار بن و با نەخشەکە بپێون. 11 ئەگەر هاتوو لە هەرچی کردوویانە شەرمەزارییان کێشا، ئەوسا وێنەی پەرستگا، نەخشە و شوێنی چوونەدەرەوە و شوێنی چوونەژوورەوە، هەموو شێوە و فەرزەکان و فێرکردنەکانییان بۆ باس بکە. ئەمە لەبەرچاویان بنووسە، با هەموو نەخشە و هەموو فەرزەکانی بەجێبهێنن و کاری پێ بکەن.
12 «ئەمە فێرکردنی پەرستگاکەیە: لەسەر لووتکەی کێوەکە، هەموو چواردەوری پەرستگاکە دەبێتە شوێنێکی زۆر پیرۆز، ئەمە فێرکردنی پەرستگاکەیە.
قوربانگاکە
13 «ئەمەش پێوانەکانی قوربانگاکەیە بە پێوانەی باڵی درێژ، باڵی درێژیش باڵێک و چوار پەنجەیە[b]. قووڵایی ئاوەڕۆکەی باڵێکە و پانییەکەشی باڵێک و کەنارەکەشی هەتا لێوەکەی چواردەوری بستێکە[c]. ئەمەش بەرزی قوربانگاکەیە: 14 بنکەکەی لە زەوی ئاوەڕۆکەوە هەتا لێواری خوارەوە دوو باڵ و پانییەکەشی یەک باڵ بوو، لە لێوارە بچووکەکەی ژێرەوە هەتا لێوارە گەورەکەی سەرەوەش چوار باڵ و پانییەکەشی یەک باڵ بوو. 15 بەرزی ئاگردانی قوربانگاکەش چوار باڵ بوو، لە ئاگردانی قوربانگاکەشەوە بۆ سەرەوە چوار قۆچ هاتبوونە دەرەوە. 16 ئاگردانی قوربانگاکەش دوازدە باڵ درێژی و دوازدە باڵ پانی بوو، شێوەی چوارگۆشەیی بوو. 17 لێوارەکەی سەرەوەش چوار گۆشە بوو، چواردە باڵ درێژ و چواردە باڵ پان بوو، کەنارەکەی چواردەوریشی نیو باڵ بوو و ئاوەڕۆکەشی بە دەوریدا یەک باڵ بوو، پێپلیکانەکانیشی ڕووەو ڕۆژهەڵات بوو.»
18 پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەمانە فەرزەکانی پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندن و پرژاندنی خوێن لەسەر قوربانگاکەیە، ئەو ڕۆژەی کە بنیاد دەنرێت. 19 جوانەگایەک[d] بۆ قوربانی گوناه بە کاهینە لێڤییەکان دەدەیت، ئەوانەی لە نەوەی سادۆقن، کە لە من نزیک دەبنەوە بۆ خزمەتکردنم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 20 لە خوێنەکەی دەبەیت و لە هەر چوار قۆچی قوربانگاکە و هەر چوار گۆشەی لێوارەکەی سەرەوەی دەدەیت و لە کەنارەکەشی دەدەیت بە هەر چواردەوریدا، بەم شێوەیە پاکی دەکەیتەوە و کەفارەتی بۆ دەکەیت. 21 جوانەگاکەی قوربانی گوناه دەبەیت و لە شوێنی دیاریکراو لە پەرستگاکە لە دەرەوەی پیرۆزگاکە دەیسووتێنیت.
22 «لە ڕۆژی دووەم گیسکێکی نێری ساغ پێشکەش دەکەیت، ساغ بێت، دەکرێت بە قوربانی گوناه و قوربانگەکە بە خوێنەکەی پاک دەکەنەوە وەک چۆن بە خوێنی جوانەگاکە پاکیان کردەوە. 23 کە لە پاککردنەوەکە تەواو بوویت، جوانەگایەکی ساغ و بەرانێکی ساغی مێگەل پێشکەش دەکەیت. 24 لەبەردەم یەزدان پێشکەشیان دەکەیت و کاهینەکان خوێیان پێوە دەکەن و دەیانکەن بە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان.
25 «حەوت ڕۆژ، هەر ڕۆژە گیسکێکی نێرینە دەکەیت بە قوربانی گوناه و جوانەگایەکی ساغ و بەرانێکی ساغی مێگەل دەکەیت بە قوربانی. 26 کاهینەکان حەوت ڕۆژ لەسەر قوربانگاکە کەفارەتی بۆ دەکەن و پاکی دەکەنەوە، بەم شێوەیە تەرخانی دەکەن. 27 کە ئەم ڕۆژانە تەواو بوون، لە ڕۆژی هەشتەم بەسەرەوە کاهینەکان لەسەر قوربانگاکە قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشیتان[e] پێشکەش دەکەن، منیش لێتان ڕازی دەبم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
میرەکە، لێڤی و کاهینەکان
44 ئینجا پیاوەکە منی هێنایەوە بۆ ڕێگای دەروازەی دەرەوەی پیرۆزگا کە ڕووەو ڕۆژهەڵات بوو، دەرگاکانی داخرا بوون. 2 یەزدان پێی فەرمووم: «ئەم دەروازەیە بە داخراوی دەمێنێتەوە، ناکرێتەوە و کەس پێیدا ناچێتە ژوورەوە، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل پێیدا چووە ژوورەوە، جا داخراو دەبێت. 3 تەنها میری فەرمانڕەوا خۆی تێیدا دادەنیشێت بۆ ئەوەی لەبەردەم یەزدان نان بخوات. لە ڕێگای هەیوانی دەروازەکەوە دێتە ژوورەوە و لە هەمان ڕێگاوە دەچێتە دەرەوە.»
4 ئینجا پیاوەکە لە ڕێگای دەروازەی باکوورەوە منی هێنایە بەردەم پیرۆزگاکە، منیش تەماشام کرد ئەوەتا شکۆمەندی یەزدان پیرۆزگاکەی پڕکردووە. جا بەسەر ڕوومدا کەوتم.
5 یەزدانیش پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بە چاوت ببینە، هەموو ئەوەی دەیفەرمووم بە گوێیەکانت بیبیستە و مێشکت بخەرە سەر هەموو فەرزەکانی پەرستگای یەزدان و هەموو فێرکردنەکانی. هەروەها مێشکت بخەرە سەر شوێنی چوونە ژوورەوەی پەرستگاکە و سەر هەموو شوێنەکانی چوونە دەرەوەی پیرۆزگاکە. 6 بە یاخیبووەکان، بە بنەماڵەی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئێوە هەموو ئەو نەریتە قێزەونانەی خۆتان بەسە. 7 سەرەڕای ئەوەش بێگانە بە دڵ و لەش خەتەنە نەکراوەکانتان هێنایە ناو پیرۆزگای من، بۆ ئەوەی لەناو پەرستگای مندا بن و پیسی بکەن، ئەو کاتەی کە پیو[f] و خوێن دەکرێنە قوربانی و وەک خواردن پێشکەش بە من دەکرێن. بەو هەموو نەریتە قێزەونانەتان پەیمانی منتان شکاند. 8 ئەرکی خۆتان بۆ شتە پیرۆزکراوەکانی من بەجێنەگەیاند، بەڵکو کەسانی دیکەتان دانا لە جێی خۆتان بۆ پارێزگاریکردنی پیرۆزگاکەم. 9 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: نابێت هیچ بێگانەیەکی دڵ و لەش خەتەنە نەکراو بێتە ناو پیرۆزگای من، تەنانەت ئەوانەی کە لەنێو ئیسرائیلییەکانیشدا نیشتەجێن.
10 «”بەڵکو لێڤییەکان کە لە من دوورکەوتنەوە کاتێک نەوەی ئیسرائیل گومڕابوون، لە سایەی بتەکانیانەوە ئەوانیش گومڕا بوون، تاوانی خۆیان لە ئەستۆی خۆیان دەگرن. 11 لە پیرۆزگاکەم دەبن بە خزمەتکار و بە پاسەوانی دەروازەکانی پەرستگا و خزمەتکارانی پەرستگا. ئەوان قوربانی سووتاندن و قوربانی سەربڕاو بۆ گەل سەردەبڕن و ئەوان لەبەردەمیان ڕادەوەستن بۆ ئەوەی خزمەتیان بکەن. 12 بەڵام لەبەر ئەوەی لەبەردەم بتەکانیان خزمەتی گەلیان کرد و بوون بە کۆسپی تاوانکاری بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل، لەبەر ئەوە سوێندم خواردووە کە تاوانی خۆیان لە ئەستۆی خۆیان دەبێت. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 13 لە من نزیک نابنەوە بۆ ئەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەن و لە هیچ یەکێک لە شتە پیرۆزکراوەکانم یان پێشکەشکراوە هەرەپیرۆزەکانم نزیک نابنەوە، بەڵکو دەبێت شەرمەزاری نەریتە قێزەونەکانیان هەڵبگرن. 14 لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسیاریێتی پارێزگاری پەرستگا بۆ هەموو خزمەتێک و بۆ هەموو ئەوەی تێیدا دەکرێت دەدەم بە ئەوان.
15 «”بەڵام کاهینە لێڤییەکانی نەوەی سادۆق، ئەوانەی بە دڵسۆزییەوە ئەرکی پارێزگاری پیرۆزگاکەی منیان لە ئەستۆ گرت، کاتێک نەوەی ئیسرائیل لە من گومڕابوون، ئەوان لە من نزیک دەبنەوە بۆ خزمەتکردنم و لەبەردەمم ڕادەوەستن هەتا پیو و خوێن بۆ من بکەن بە قوربانی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 16 ئەوانە دێنە ناو پیرۆزگاکەم و لە مێزەکەم نزیک دەکەونەوە بۆ ئەوەی خزمەتم بکەن و پارێزگاری لە نەریتەکەم بکەن.
17 «”کاتێک دێنە ناو دەروازەکانی حەوشەکەی ناوەوە، جلی کەتان لەبەر دەکەن، لە کاتی خزمەتکردن لە دەروازەکانی حەوشەکەی ناوەوە لەناو پەرستگاکە نابێت جلی خورییان لەبەردا بێت. 18 با مێزەری کەتان بەسەریانەوە بێت و دەرپێی کەتان لەبەر بکەن، شتێک بە ناوقەدیانەوە نەبەستن کە ئارەقەی پێ بکەن. 19 کاتێک دەچن بۆ لای گەل لە خانەکانی دەرەوە، جلی خزمەتکردن دادەکەنن و لە ژوورە تەرخانکراوەکان دایدەنێن، ئینجا جلی دیکە لەبەر دەکەن نەوەک گەل دەستیان بەر جلە تەرخانکراوەکانیان بکەوێت.
20 «”پرچی سەریان نە بە موس دەتاشن و نە دەیهێڵنەوە، بەڵکو بە ڕێکوپێکی کورتی دەکەنەوە. 21 کاهین کە چووە ناو حەوشەکەی ناوەوە نابێت شەراب بخواتەوە. 22 نابێت بێوەژن و ژنی تەڵاقدراو بهێنن، بەڵکو دەبێت کچی پاکیزە لە نەوەی ئیسرائیل یان بێوەژنی کاهینێک بهێنن. 23 جیاوازی نێوان پیرۆز و پیرۆزنەکراو، گڵاو و پاک بە گەلەکەم پیشان دەدەن و فێریان دەکەن.
24 «”لە ناکۆکیدا ئەوان دەبن بە ناوبژیوان و بەپێی حوکمەکانم حوکم دەدەن، لە جەژنەکان فێرکردن و فەرزەکانم بەجێدەهێنن، هەروەها شەممەکانم پیرۆز ڕادەگرن.
25 «”کاهین لە مرۆڤی مردوو نزیک نابێتەوە نەوەک گڵاو بێت. بەڵام ئەگەر مردووەکە باوک یان دایک یان کوڕ یان کچ یان براکەی بێت، یان خوشکەکەی کە شووی نەکردبێت، ئەوا دەتوانێت خۆی گڵاو بکات. 26 پاش پاکبوونەوەی حەوت ڕۆژی بۆ دەژمێرن. 27 لە ڕۆژی چوونە ناو پیرۆزگاوە بۆ ناو حەوشەکەی ناوەوە، بۆ ئەوەی لە پیرۆزگا خزمەت بکات، قوربانییەکەی گوناهی پێشکەش دەکات. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
28 «”هیچ میراتێک بۆ کاهین نابێت بێجگە لە من، لە ئیسرائیل هیچ موڵکیان نادەنێ، من موڵکی ئەوان دەبم. 29 پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی گوناه و قوربانی تاوان و هەموو ئەوەی لە ئیسرائیلدا کە بۆ یەزدان تەرخانکراوە[g] بۆ ئەوانە. 30 لە هەموو یەکەمین بەرهەم و پیتاکە پیرۆزەکان، باشترینیان بۆ کاهین دەبن. هەروەها یەکەم هەویرتان بە کاهینەکان دەدەن، بۆ ئەوەی بەرەکەت بکەوێتە ماڵتان. 31 کاهینەکان نە گۆشتی ئاژەڵی مردار و نە گۆشتی نێچیر دەخۆن، نە باڵندە و نە ئاژەڵ.
1 ئێمە ئەمە ڕادەگەیەنین سەبارەت بە وشەی[a] ژیان، ئەوەی لە سەرەتاوە بوو، ئەوەی گوێمان لێی بوو، ئەوەی بە چاوی خۆمان بینیمان، ئەوەی تەماشامان کرد و دەستمان لێیدا. 2 ژیانەکە دەرکەوت، ئێمە بینیومانە و شایەتی بۆ دەدەین، ژیانە هەتاهەتاییەکەتان بۆ ڕادەگەیەنین، ئەو ژیانەی کە لەلای باوکی ئاسمانی بوو و بۆ ئێمە دەرکەوت. 3 ئەوەی بینیومانە و بیستوومانە بە ئێوەی ڕادەگەیەنین، بۆ ئەوەی لەگەڵ یەکتر بژین، پێکەوە ژیانی ئێمەش پەیوەستە لەگەڵ باوکی ئاسمانی و عیسای مەسیحی کوڕی. 4 ئێمە ئەمانەتان بۆ دەنووسین تاکو خۆشییەکەمان پڕ و تەواو بێت.
خودا ڕووناکییە
5 ئەمەش ئەو پەیامەیە کە لە مەسیحەوە بیستمان و پێتانی ڕادەگەیەنین: خودا ڕووناکییە، هیچ تاریکی تێدا نییە. 6 ئەگەر بڵێین پێکەوە ژیانمان لەگەڵی هەیە و بە تاریکیدا بڕۆین، ئەوا درۆ دەکەین و ڕاست ناکەین، 7 بەڵام ئەگەر بە ڕووناکیدا بڕۆین، هەروەک چۆن خودا لە ڕووناکیدایە، ئەوا لەگەڵ یەکتری پێکەوە دەژین و خوێنی عیسای کوڕی لە هەموو گوناهێک پاکمان دەکاتەوە.
8 ئەگەر بڵێین گوناهمان نییە، ئەوا خۆمان هەڵدەخەڵەتێنین و ڕاستی لە ئێمەدا نییە. 9 ئەگەر دانمان بە گوناهەکانماندا نا، ئەوا خودا دڵسۆز و دادپەروەرە، تەنانەت لە گوناهەکانمان خۆشدەبێت و لە هەموو ناڕەواییەک پاکمان دەکاتەوە. 10 ئەگەر بڵێین گوناهمان نەکردووە، ئەوا بە درۆزنی دادەنێین و پەیامەکەی لە ئێمەدا نییە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.