Old/New Testament
شیوەنێک بۆ میسر
30 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”واوەیلا بکەن،
’ئای بۆ ئەو ڕۆژە!‘
3 چونکە ڕۆژەکە نزیکە،
ڕۆژەکەی یەزدان نزیکە،
ڕۆژێکی بە هەورە،
کاتی وێرانبوونی نەتەوەکان دەبێت.
4 شمشێرێک دێتە سەر میسر،
ترس دێتە سەر کوش.
کاتێک کوژراوان لە میسر دەکەون،
سامانەکەی دەبردرێت و
بناغەکانی دەڕووخێنرێت.
5 کوش و لیبیا، لوود و هەموو عەرەبستان، کووب و نەوەکانی خاکی پەیمان، لەگەڵ میسر بە شمشێرەکە دەکەون.
6 «”یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”هاوپەیمانانی میسر دەشکێن و
هێزەکەی لەدەست دەدات کە مایەی شانازییەتی،
خەڵکەکەشی لە مگدۆلەوە هەتا ئەسوان
بە شمشێرەکە دەکوژرێن.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
7 «”وەک خاکەکانی دەوروبەریان چۆڵ دەبن،
شارەکانیان لە ڕیزی شارە کاولەکان دەبن.
8 بەوە دەزانن کە من یەزدانم،
کاتێک ئاگر لە میسر بەردەدەم و
هەموو یارمەتیدەرانی تێکدەشکێنرێن.
9 «”لەو ڕۆژەدا، نێردراوان بە سواری کەشتی لەلای منەوە دێن بۆ تۆقاندنی کوشی لەخۆڕازی، ئینجا لە ڕۆژی سزادانی میسر ترس دێتە سەریان، چونکە ئەوەتا دێت.
10 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”من ئاپۆرەی سوپای میسر لەناودەبەم،
بە دەستی نەبوخودنەسری پاشای بابل.
11 ئەو بە خۆی و بە لەشکرەکەیەوە دڕندەترینی نەتەوەکانن،
بۆ کاولکردنی خاکەکە دەهێنرێن،
جا شمشێرەکانیان بۆ سەر میسر هەڵدەکێشن،
خاکەکە پڕ دەکەن لە کوژراو.
12 چەمەکانی نیل وشک دەکەم و
خاکەکە دەفرۆشم بە خراپەکاران،
بە دەستی بێگانان
خاکەکە و هەرچی تێیدایە کاولی دەکەم.
من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.
13 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”بتەکان لەناودەبەم و
کۆتایی بە پەیکەرەکانی نێو مەمفیس دەهێنم،
لەمەودوا هیچ میرێک لە خاکی میسر هەڵناکەوێت،
ترس دەخەمە سەر خاکی میسر.
14 پاشایەتی باشووری میسر تێکدەدەم و
ئاگر لە چۆعەن بەردەدەم و
لە تیب سزا دەسەپێنم.
15 تووڕەیی خۆم بەسەر شاری پەلوزیوم دەبارێنم،
قەڵاکەی میسر،
ئاپۆرەی سوپای تیب ڕیشەکێش دەکەم.
16 ئاگر لە میسر بەردەدەم،
پەلوزیوم ئێشی پێ دەگات.
تیب تەفروتونا دەبێت،
مەمفیسیش هەموو ڕۆژێک لە تەنگانەدا دەبێت.
17 گەنجەکانی ئۆن و پیڤەسەت
بە شمشێر دەکوژرێن،
ئەو دوو شارەش ڕاپێچ دەکرێن.
18 لە تەحپەنحێس ڕۆژ تاریک دادێت
کاتێک نیرەکانی[a] میسر دەشکێنم،
شانازی هێزی نامێنێت.
هەورێک میسر دادەپۆشێت،
شارۆچکەکانی ڕاپێچ دەکرێن.
19 لە میسر سزا دەسەپێنم،
ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»
شکاندنی هێزەکانی فیرعەون
20 لە حەوتی مانگی یەکی ساڵی یازدەیەمین،[b] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 21 «ئەی کوڕی مرۆڤ، من بازووی فیرعەونی پاشای میسرم شکاند. یەکناگرێتەوە، نە بە پەلیکە دار و نە بە پێچانەوەی، بۆ ئەوەی بەهێز بێت و شمشێر بەدەستەوە بگرێتەوە. 22 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی فیرعەونی پاشای میسرم. هەردوو بازووی دەشکێنم، ساغەکە و شکاوەکە، شمشێر لە دەستی بەردەدەمەوە. 23 میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرت دەکەم و بەناو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە. 24 هەردوو بازووی پاشای بابل توند دەکەم و شمشێری خۆم دەدەمە دەستییەوە. هەردوو بازووی فیرعەونیش دەشکێنم و لەبەردەمی وەک نوزانەوەی بریندار دەنوزێتەوە. 25 بازووەکانی پاشای بابل توند دەکەم، بەڵام بازووەکانی فیرعەون دەکەون. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک شمشێری خۆم دەدەمە دەست پاشای بابل و بەسەر خاکی میسردا هەڵیدەکێشێت. 26 میسرییەکان بەناو نەتەوەکاندا پەرتەوازە دەکەم و بەناو خاکەکاندا بڵاویان دەکەمەوە. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»
فیرعەون وەک دار ئورزێکی لوبنان ڕیشەکێش دەکرێت
31 لە یەکی مانگی سێی ساڵی یازدەیەمین،[c] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، بە فیرعەونی پاشای میسر و ئاپۆرەی سوپاکەی بڵێ:
«”لە گەورەییدا بە کێ خۆت بەراورد دەکەیت؟
3 سەیر بکە ئاشور دار ئورزێک بوو لە لوبنان،
چڵەکانی جوان و سێبەرەکەی پڕ بوو،
باڵای بەرز بوو،
لووتکەی گەیشتە هەور.
4 ئاو گەشەیان پێ کرد،
کانیاوە هەڵقوڵاوەکان گەورەیان کرد،
جۆگەکانی بە دەوریدا ڕۆیشتن،
ئاوبارەکانی نارد
بۆ هەموو دارەکانی دەشتودەر.
5 لەبەر ئەوە لە هەموو دارەکانی دەشتودەر
باڵای بەرزتر بوو،
لەبەر زۆری ئاو چڵەکانی زۆر بوون و
لقەکانی درێژ بوون،
چرۆیان کرد.
6 هەموو باڵندەکانی ئاسمان
لەناو چڵەکانی هێلانەیان کرد،
هەموو گیانلەبەرانی دەشتودەر
لەژێر لقەکانی زاوزێیان کرد،
لەژێر سێبەرەکەیدا
نەتەوە گەورەکان نیشتەجێ بوون.
7 بە چڵە درێژەکانی
لە جوانیدا بێ وێنە بوو،
چونکە ڕەگەکەی
لەسەر ئاوێکی زۆر بوو.
8 دار ئورزی باخچەی خودا
پێی نەدەگەیشتەوە،
دار سنەوبەر لەگەڵ چڵەکانی بەراورد نەدەکرا،
چنار وەک لقەکانی ئەو نەبوو.
هیچ دارێکی باخچەی خودا
لە جوانیدا لەو نەدەچوون.
9 بە زۆری لقەکانی جوانم کرد،
هەتا هەموو دارەکانی عەدەن،
ئەوانەی لە باخچەی خودان
بەغیلییان پێی دەبرد.
10 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی دار ئورزەکە باڵای بەرزبووەوە، لووتکەی گەیشتە هەورەکان، بە بەرزییەکەی دڵی لەخۆبایی بوو، 11 دامە دەست ڕابەری نەتەوەکان، بەگوێرەی خراپەکانی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکات. من دەرمکرد و 12 بێگانەکان کە دڕندەترینی نەتەوەکانن، بڕییانەوە و بەجێیان هێشت. چڵەکانی لەسەر چیاکان و لە هەموو دۆڵێک کەوتن، لقەکانیشی لەلای هەموو شیوەکانی خاکەکە شکێنرابوون. هەموو گەلانی زەوی لەژێر سێبەرەکەی لاچوون و بەجێیان هێشت. 13 هەموو باڵندەکانی ئاسمان لەسەر قەدە کەوتووەکەی نیشتنەوە و هەموو گیانلەبەرانی دەشتودەر لەنێو لقەکانی بوون. 14 لەبەر ئەوە نابێت هیچ دارێکی دیکە کەوا لە کەناری ئاوە هەرگیز بە لووتبەرزییەوە بەرز بێتەوە، لووتکەی بگاتە هەور، هیچ دارێکی دیکەی تێر ئاو باڵای ناگاتە ئەو بەرزییە. بەڵکو چارەنووسی هەموویان مردنە، لەنێو ئادەمیزادان دەخرێنە ژێر زەوی، لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان.
15 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەو ڕۆژەی دار ئورزەکە کەوتە نێو جیهانی مردووان، من سەرچاوەی ئاوەکانی ژێر زەویم بە خەم داپۆشی. جۆگەکانیم گرتەوە، ئاوە زۆرەکان بڕان. بۆ ئەو لوبنانم بە بەرگی ماتەم پۆشی، لەبەر ئەویش هەموو دارەکانی دەشتودەر سیس بوون. 16 کاتێک لە گۆڕم نا لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان، لە دەنگی کەوتنی ئەو نەتەوەکانم ڕاچڵەکاند، جا هەموو دارەکانی عەدەن، هەڵبژێردراو و هەرەباشەکانی لوبنان، هەموو دارێکی تێر ئاو، لە دنیای خوارەوە دڵنەوایی کران. 17 هەروەها ئەوانەی کە لە سایەیدا دەژیان، واتە هاوپەیمانەکانی لەنێو نەتەوەکان، لەگەڵیدا شۆڕبوونەوە ناو جیهانی مردووان و چوونە پاڵ کوژراوان بە شمشێر.
18 «”کام داری عەدەن لە شکۆمەندی و گەورەیی بە تۆ بەراورد دەکرێ؟ لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ دارەکانی عەدەن دەکەویتە قووڵایی زەوی و لەنێو خەتەنە نەکراو و کوژراوان بە شمشێر ڕادەکشێیت.
«”ئەمە فیرعەون و هەموو ئاپۆرەی سوپاکەیەتی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
شیوەنێک بۆ فیرعەون
32 لە یەکی مانگی دوازدەی ساڵی دوازدەمین[d] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، شیوەنێک بۆ فیرعەونی پاشای میسر بگێڕە و پێی بڵێ:
«”لە شێری نێو نەتەوەکان دەچیت،
تۆ وەک تیمساحی ناو ڕووبارە گەورەکەیت،
دڕ بە چەمەکانت دەدەیت،
بە پێیەکانت ئاوەکەت شڵەقاند و
چەمەکانی ئەوانت لێڵ کرد.
3 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”تۆڕی خۆم بەسەرتدا هەڵدەدەم
لەگەڵ چەندین گەل،
ئەوان ڕاتدەکێشنە ناو تۆڕەکەم.
4 لەسەر زەوی بەجێت دەهێڵم،
لەسەر ڕووی دەشتودەر فڕێتدەدەم،
هەموو باڵندەی ئاسمان لەسەرت دەنیشێنمەوە،
هەموو گیانلەبەرانی زەویت پێ تێر دەکەم.
5 گۆشتت بەسەر چیاکاندا بڵاو دەکەمەوە و
دۆڵەکان لە کەلاکت پڕ دەکەم.
6 خاک بە لافاوی خوێنت ئاودەدەم
هەتا چیاکان،
شیوەکانیش لە تۆ پڕ دەبن.
7 کە تۆ دەکوژێنمەوە، ئاسمان دادەپۆشم،
ئەستێرەکانی تاریک دەکەم.
بە هەور خۆر دادەپۆشم و
مانگیش ڕووناکییەکەی نادرەوشێتەوە.
8 هەموو ڕووناکییەکانی ئاسمانت
لێ تاریک دەکەم،
تاریکی بەسەر خاکەکەتدا دەهێنم.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
9 «”گەلانێکی زۆر خەمبار دەکەم،
کاتێک لەنێو نەتەوەکان دەتشکێنم،
لەو خاکانەی ئاشنایان نەبوویت.
10 وا لە گەلانێکی زۆر دەکەم واقیان لێت وڕبمێنێت،
لەبەر تۆ پاشاکانیان موچڕکەیان پێدا دێت،
کاتێک شمشێرەکەم لەبەردەمیان ڕادەوەشێنم.
لەو ڕۆژەی تۆ دەکەویت،
هەموو ساتێک دەلەرزن و لە گیانی خۆیان دەترسن.
11 «”چونکە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”شمشێری پاشای بابل
دێتە سەرت.
12 وا دەکەم بە شمشێری پاڵەوانان،
ئەوانەی دڕندەترینی هەموو نەتەوەکانن
ئاپۆرەی سوپاکەت بکەوێت.
جا شانازی میسر دەشکێنم،
هەموو ئاپۆرەی جەماوەرەکەی لەناودەچێت.
13 هەموو مەڕوماڵاتەکانی لەناودەبەم
لەلای ئاوە زۆرەکان،
لەمەودوا نە پێی مرۆڤ دەیشڵەقێنێت و
نە سمی گاوگۆتاڵ لێڵی دەکات.
14 ئینجا وا دەکەم ئاوەکەی ڕوون بێت و
جۆگەکانی وەک زەیت بڕۆن.
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
15 کاتێک خاکی میسر وێران دەکەم و
لە هەرچی تێیدایە چۆڵی دەکەم،
کاتێک لە هەموو دانیشتووانەکەی دەدەم،
ئینجا دەزانن کە من یەزدانم.“
16 «ئەمە شیوەنێکە دەیگێڕن، کچانی نەتەوەکان ئەم شیوەنە دەگێڕن، بۆ میسر و بۆ هەموو ئاپۆرەی گەلەکەی دەیگێڕن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
شۆڕبوونەوەی میسر بۆ ناو جیهانی مردووان
17 پازدەی مانگی یەکی ساڵی دوازدەمین،[e] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 18 «ئەی کوڕی مرۆڤ، واوەیلا بۆ ئاپۆرەی گەلی میسر بکە، بۆ ئەو و کچانی نەتەوە گەورەکان، بیاننێرە بۆ دنیای خوارەوە لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان. 19 پێیان بڵێ: ”ئایا ئێوە لەوان جوانترن؟ بڕۆن و لەگەڵ خەتەنە نەکراوان ڕابکشێن.“ 20 لە ناوەڕاستی کوژراوان بە شمشێر دەکەون، شمشێرەکە ئامادەیە؛ میسر دەگرن و لەگەڵ هەموو ئاپۆرەی سوپاکەی دەیبەن. 21 ڕابەرە پاڵەوانەکان لەناوەڕاستی جیهانی مردووان سەبارەت بە میسر و هاوپەیمانەکانی دەڵێن: ”ئەوانە هاتوون لەگەڵ خەتەنە نەکراوان ڕابکشێن، لەگەڵ ئەوانەی بە شمشێر کوژراون.“
22 «پاشای ئاشور و هەموو سوپاکەی لەوێ کەوتوون، گۆڕەکانیان لەو چواردەورەن، هەموو ئەوانەی بە شمشێر کوژراون. 23 لە ژێرەوەی جیهانی مردووان گۆڕی سوپاکە لە چواردەوری گۆڕی پاشاکەیە، هەموو ئەوانەی ترسیان خستە خاکی زیندووان، بە شمشێر کوژراون.
24 «پاشای ئیلام لەوێیە، گۆڕی هەموو سوپاکەی لە چواردەوری گۆڕەکەی ئەون. هەموویان کوژراون، بە شمشێر کەوتوون. هەموو ئەوانەی ترسیان خستە خاکی زیندووان بە خەتەنە نەکراوی چوونە دنیای خوارەوە، لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان ئابڕوویان چوو. 25 لەنێو کوژراوان جێگایەکیان پێیدا، گۆڕی هەموو سوپاکەی لە چواردەوری گۆڕەکەین. هەموویان بە خەتەنە نەکراوی بە شمشێر کوژراون. لەبەر ئەوەی ئەوان ترسیان خستبووە خاکی زیندووان، ئابڕوویان چوو لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان، لەنێو کوژراوان ڕاکشاون.
26 «پاشای مەشەک و پاشای توبال لەوێن، هەموو سوپاکەیان لە دەوری گۆڕەکانیانن. لەبەر ئەوەی ئەوان ترسیان خستبووە خاکی زیندووان، هەموویان بە خەتەنە نەکراوی بە شمشێر کوژراون. 27 ئایا لەگەڵ پاڵەوانانی دیکەی خەتەنە نەکراو کە کوژراون پاڵناخرێن، ئەوانەی بە چەکە جەنگییەکانیانەوە لە گۆڕ نران، ئەوانەی شمشێرەکانیان لەژێر سەریان دانراوە؟ سزای تاوانەکانیان لەسەر ئێسکیان دەبێت، ئەوانەی لە خاکی زیندووان پاڵەوانەکانیان تۆقاندووە.
28 «تۆش، ئەی فیرعەون، لەنێو خەتەنە نەکراوان دەشکێیت و ڕادەکشێیت، لەگەڵ ئەوانەی بە شمشێر کوژراون.
29 «پاشای ئەدۆمیش لەگەڵ هەموو میرەکانی لەوێن، ئەوانەی وێڕای بەتواناییان لەگەڵ خەتەنە نەکراوان ڕادەکشێن، لەگەڵ ئەوانەی بە شمشێر کوژراون لە گۆڕ نران، دەچنە نێو جیهانی مردووان.
30 «میرانی باکوور هەموویان و هەموو سەیدائییەکان لەوێن. هەرچەندە لە ڕابردوودا بە تواناکەیان خەڵکیان تۆقاندووە، بەڵام بە ئابڕووچوونەوە لەگەڵ کوژراوان ئەسپەردە کراون، بە خەتەنەکراوی لەگەڵ کوژراوان بە شمشێر ڕاکشان و ئابڕوویان چوو لەگەڵ ئەوانەی لە گۆڕ نران.
31 «فیرعەون و هەموو سوپاکەی سەبوورییان دێتەوە، کاتێک هەموو ئەوانە دەبینن کە بە شمشێر کوژراون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 32 هەرچەندە ترسی ئەوم خستە خاکی زیندووان، بەڵام فیرعەون و هەموو سوپاکەی لەنێو خەتەنە نەکراوان ڕادەکشێن، لەگەڵ ئەوانەی بە شمشێر کوژراون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
چەکداربوون بەو بیروڕایە
4 وەک مەسیح بە جەستە ئازاری چێژت، ئێوەش خۆتان بەم بیروڕایە چەکدار بکەن، چونکە ئەوەی بە جەستە ئازار بچێژێ لە گوناه کردن دەوەستێ، 2 تاکو ئەو کاتەی بە جەستە لە ژیاندا ماوە بۆ هەوەسی مرۆڤانە نەژی، بەڵکو بۆ خواستی خودا. 3 ئیتر ئەو کاتەی لە کردنی خواستی بێباوەڕان بەسەرتان برد بەسە، لە بەڕەڵایی، هەوەسبازی، سەرخۆشی، ڕابواردن، ئاهەنگی شەرابخواردنەوە، بتپەرستی قێزەون. 4 لەمە سەرسام دەبن کە لەگەڵیان ڕاناکەن بۆ لافاوی هەمان بەدڕەوشتی و جنێوتان پێدەدەن. 5 بەڵام ئەوانە حیسابی خۆیان دەدەن بەوەی کە ئامادەیە مردووان و زیندووان حوکم بدات، 6 چونکە بۆ ئەم هۆیە مژدە درایە مردووانیش، تاکو بەگوێرەی خەڵک لە جەستەدا حوکم بدرێن، بەڵام بەگوێرەی خودا لە ڕۆحدا بژین.
7 کۆتایی هەموو شتێک نزیک بووەتەوە. بۆیە ژیر و چاوکراوە بن تاکو نوێژ بکەن. 8 لە سەرووی هەموو شتێکەوە خۆشەویستیتان بۆ یەکتری بە هێز بێت، چونکە خۆشەویستی گوناهی زۆر دادەپۆشێت. 9 بێ بۆڵەبۆڵ میوانداریەتی یەکتری بکەن. 10 هەریەکە بەگوێرەی ئەو بەهرەیەی وەریگرتووە، خزمەتی یەکتری پێ بکەن، وەک سەرکارێکی باش لەسەر نیعمەتە جۆراوجۆرەکانی خودا. 11 ئەگەر یەکێک وتار دەدات، با بە جۆرێک بدوێت وەک کەسێک کە پەیامی خودا ڕابگەیەنێت. ئەگەر یەکێک خزمەت دەکات وەک بە هێزێک لە خوداوە درا بێت، تاکو خودا لە هەموو شتێکدا شکۆدار بێت بە عیسای مەسیح. هەتاهەتایە شکۆ و دەسەڵات بۆ ئەوە. ئامین.
وەک قوتابی مەسیح ئازار بدرێن
12 خۆشەویستان، لەلاتان سەیر نەبێ لە تاقیکردنەوەتان بەڵای سووتێنەر تووشتان دێت، وەک بڵێی شتێکی سەیرتان بەسەرهاتووە، 13 بەڵکو دڵخۆش بن وەکو بەشداریتان لە ئازارەکانی مەسیحدا کرد، تاکو لە ئاشکراکردنی شکۆیەکەی دڵخۆش و شادمان بن. 14 ئەگەر بە ناوی مەسیح جنێوتان پێدرا، خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە، چونکە ڕۆحی شکۆ و خودا دێتە سەرتان. 15 با کەستان وەک بکوژێک یان دزێک یان بەدکارێک یاخود یەکێک دەست لە کاروباری خەڵک وەربدات ئازار نەچێژێ، 16 بەڵام ئەگەر وەک قوتابی مەسیح ئازار بدرێن، شەرم مەکەن، بەڵکو ستایشی خودا بکەن کە ناوی مەسیحتان هەڵگرتووە، 17 چونکە کاتی دەستپێکردنی لێپرسینەوەیە لە گەلی خودا. ئەگەر دەستپێک لە ئێمەوە بێت، کۆتایی ئەوانە چی دەبێت کە گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیلی خودا نابن؟
18 [ئەگەر کەسی ڕاستودروست بە زەحمەت ڕزگاری ببێت،
ئەی چارەنووسی خراپەکار و گوناهبار چۆن دەبێت؟][a]
19 بۆیە ئەوانەی بەگوێرەی خواستی خودا ئازار دەدرێن، با خۆیان بدەنە دەست بەدیهێنەری دڵسۆز و بەردەوام بن لە چاکەکاری.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.