Old/New Testament
نموونەی مەنجەڵ
24 لە دەی مانگی دەی ساڵی نۆیەم[a] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم بەروارە تۆمار بکە، هەر ئەم ڕۆژە، چونکە هەر لەم ڕۆژەدا بوو پاشای بابل گەمارۆی ئۆرشەلیمی دا. 3 پەندێک بۆ بنەماڵەی یاخیبوو بهێنەوە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”مەنجەڵ لەسەر ئاگر دابنێ،
دایبنێ و ئاوی تێ بکە.
4 پارچە گۆشتەکانی تێدا کۆبکەرەوە،
هەموو پارچە چاکەکان، ڕان و شان،
پڕی بکە لە ئێسکی هەڵبژاردە.
5 باشترین مەڕی مێگەل ببە و
دار لەژێر مەنجەڵی ئێسکەکانی کۆبکەرەوە،
بە تەواوی بیکوڵێنە،
با ئیسکەکانیشی لەناویدا بکوڵێن.
6 «”چونکە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”قوڕبەسەر شارە خوێنڕێژەکە،
ئەو مەنجەڵەی ژەنگەکەی خۆی تێدایە،
ژەنگەکەی لێ دەرنەچوو!
پارچەپارچە دەریبهێنن،
تیروپشکی لەسەر مەکەن.
7 «”لەبەر ئەوەی ئەو خوێنەی ڕشتوویەتی لەناوەڕاستیدایە،
چونکە لەسەر بەردی ڕووت دایناوە،
نەیڕشتە سەر زەوی،
تاکو بە خۆڵ دایپۆشێت.
8 بۆ هەڵچوونی تووڕەیی و بۆ تۆڵەسەندنەوە
خوێنەکەی ئەوم لەسەر بەردێکی ڕووت دانا،
تاکو دانەپۆشرێت.
9 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«”قوڕبەسەر شارە خوێنڕێژەکە!
هەروەها منیش کەڵەکە دارەکەی گەورە دەکەم.
10 دار زۆر بکە و ئاگری تێبەردە،
گۆشتەکە پێ بگەیەنە،
بە تەواوی بەهاراتی پێوە بکە،
لێگەڕێ با ئێسکەکان بسووتێنێت.
11 دوای ئەوە مەنجەڵەکە بە بەتاڵی لەسەر پشکۆیەکان دابنێ،
با گەرم بێت و مسەکەی بسووتێت،
جا پیسییەکەی تێیدا دەتوێتەوە و
ژەنگەکەی نامێنێت.
12 ڕەنجیان بە خەسار چوو،
ژەنگە زۆرەکەی لانەدرا،
تەنانەت بە ئاگریش.
13 «”جا پیسییەکەت بەدڕەوشتییە. لەبەر ئەوەی هەوڵم دا پاکت بکەمەوە بەڵام پاک نەبوویتەوە، هەر لە پیسییەکەت پاک نابیتەوە هەتا تووڕەیی خۆمت بەسەردا دانەمرکێنمەوە.
14 «”من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، دێتە دی و دەیکەم. نە دەستت لێ دەپارێزم و نە دڵم پێت دەسووتێت و نە پاشگەز دەبمەوە. بەگوێرەی ڕەفتار و کردەوەکانت حوکمت دەدەن، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
مردنی ژنی حزقیێل
15 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 16 «ئەی کوڕی مرۆڤ، من خەریکم بە لێدانی گورزێک ئەوەی چاوت ئارەزووی دەکات لێتی دەستێنم، جا مەلاوێوە و مەگریێ و فرمێسک مەڕێژە. 17 بە کپی ئاخ هەڵکێشە، شیوەن مەگێڕە بۆ مردوو. مێزەر لە خۆت بپێچە، با پێڵاوەکانت لە پێتدا بن و سمێڵت دامەپۆشە و نانی ماتەم مەخۆ.»
18 بۆ بەیانی قسەم لەگەڵ گەل کرد و بۆ ئێوارە ژنەکەم مرد، ڕۆژی دواتریش چۆن فەرمانم پێ کرابوو وام کرد.
19 ئینجا گەل لێیان پرسیم: «ئایا پێمان ناڵێیت، ئەمەی تۆ دەیکەیت پەیوەندی چییە بە ئێمەوە؟»
20 منیش وەڵامم دانەوە: «فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 21 لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل قسە بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم پیرۆزگای خۆم گڵاو دەکەم، ئەو قەڵایەی شانازی پێوە دەکەن، ئارەزووی چاوتان و خۆشی گیانتانە. کوڕ و کچەکانتان، ئەوانەی بەجێتان هێشتن بە شمشێر دەکوژرێن. 22 من چیم کرد ئێوەش بە هەمان شێوە دەکەن، سمێڵتان داناپۆشن و نانی ماتەم ناخۆن. 23 مێزەرەکانتان بە سەرتانەوە و پێڵاوەکانتان لە پێتان دەبێت، شیوەن ناگێڕن و ناگریێن، بەڵکو بە تاوانەکانتانەوە دەفەوتێن و بۆ یەکتری دەنوزێنەوە. 24 حزقیێل بۆ ئێوە دەبێتە نیشانە. هەموو ئەوەی کردی ئێوەش دەیکەن. کاتێک ئەمە ڕوودەدات، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.“
25 «تۆش، ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەو ڕۆژەی کە قەڵاکەیان لێ دەستێنمەوە، کە شادی و شانازییانە، ئارەزووبەخشی چاوانیانە و خۆشی دڵیانە، هەروەها کوڕ و کچیشیان لێ دەستێنمەوە، 26 هەر لەو ڕۆژەدا، دەربازبووێک دێت بۆ لات وەک هەواڵدەرێک. 27 لەو ڕۆژەدا زمانت بۆ دەربازبووەکە دەکرێتەوە قسە دەکەیت و چیتر لاڵ نابیت. بۆیان دەبیت بە نیشانە، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»
پێشبینییەک لەسەر عەمۆن
25 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە عەمۆنییەکان بکە و پێشبینییان لەسەر بکە، 3 بە عەمۆنییەکان بڵێ: ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەست بگرن، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی گوتت ’هۆیها!‘ لەسەر پیرۆزگاکەم چونکە گڵاو بوو، لەسەر خاکی ئیسرائیل چونکە وێران بوو، لەسەر بنەماڵەی یەهوداش چونکە بە دیلی ڕاپێچ کران، 4 لەبەر ئەوە منیش دەتدەمە دەست خەڵکی ڕۆژهەڵات داگیرت بکەن، جا خێوەتگاکانیان لەنێو تۆدا دادەمەزرێنن و نشینگەکانیان لەنێو تۆدا دادەنێن. ئەوان میوەکەت دەخۆن و هەر ئەوانیش شیرەکەت دەخۆنەوە. 5 ڕەبە دەکەم بە مۆڵگای وشتر و خاکی عەمۆنییەکانیش بە پشتیری[b] مەڕ، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. 6 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی بە دەست چەپڵەت لێدا و پێت دا بە زەویدا و بە هەموو قینی دڵتەوە بە ڕووخاندنی ئیسرائیل دڵخۆش بوویت، 7 لەبەر ئەوە منیش دەستم بۆت درێژ دەکەم، وەک دەستکەوت دەتدەمە دەست نەتەوەکان. لەنێو گەلان ڕیشەکێشت دەکەم، لە خاکەکان لەناوت دەبەم. وێرانت دەکەم، جا دەزانیت کە من یەزدانم.“»
پێشبینییەک لەسەر مۆئاب
8 «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی مۆئاب و سێعیر دەڵێن، ’ببینە بنەماڵەی یەهودا وەک هەموو نەتەوەکانە،‘ 9 هەر لەبەر ئەوە من لەلای شارۆچکەکانییەوە سنووری مۆئاب دەکەمەوە، لە شارۆچکەکانی ئەوپەڕییەوە، کە جوانترینی خاکەکەن، بێتیەشیمۆت و بەعلمەعۆن و قیریاتەیم. 10 مۆئاب لەگەڵ عەمۆنییەکان دەدەمە دەست خەڵکی ڕۆژهەڵات، بۆ ئەوەی ئیتر ناوی عەمۆنییەکان لەنێو نەتەوەکان نەهێنرێت. 11 مۆئاب سزا دەدەم، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»
فەرموودەیەک سەبارەت بە ئەدۆم
12 «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی ئەدۆم تاوانێکی گەورەی کرد، بەوەی تۆڵەی لە بنەماڵەی یەهودا سەندەوە، 13 هەر لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: دەستم بۆ سەر ئەدۆم درێژ دەکەم و مرۆڤ و ئاژەڵی لێ ڕیشەکێش دەکەم. لە تێمانەوە بۆ دیدان بە شمشێر دەکوژرێن و خاکەکەش دەکەمە چۆڵەوانی. 14 بە دەستی ئیسرائیلی گەلەکەم تۆڵە لە ئەدۆم دەکەمەوە، جا ئەوەی بە ئەدۆمی دەکەن بەگوێرەی تووڕەیی و هەڵچوونی من دەبێت، ئەو کاتە تۆڵەی من دەزانن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
پێشبینییەک لەسەر فەلەستیە
15 «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”لەبەر ئەوەی فەلەستییەکان بە دڵێکی پڕ لە قینەوە تۆڵەیان لە یەهودا سەندەوە و کاریان کرد بۆ وێرانی و دوژمندارییەکی هەتاهەتایی، 16 هەر لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم دەست بۆ سەر فەلەستییەکان درێژ دەکەم و کریتییەکان ڕیشەکێش دەکەم و پاشماوەی دانیشتووانی کەناری دەریا لەناودەبەم. 17 تۆڵەی مەزنیان لێ دەکەمەوە و بە تووڕەیی سزایان دەدەم، جا دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک تۆڵەی خۆمیان لێ وەردەگرمەوە.“»
فەرمایشتێک سەبارەت بە پاشایەتی سور
26 لە یەکی مانگی یازدەی ساڵی دوازدەیەم،[c] فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، لەبەر ئەوەی سور دەربارەی ئۆرشەلیم گوتی: ”هۆیها! دەروازەکەی ڕوو لە گەلان شکا، دەرگاکانی کەوتنە سەر پشت، وێرانبوونی ئەو قازانجی منە.“ 3 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی سور، من لە دژی تۆم، هەروەک دەریا شەپۆلەکانی بەرز دەکاتەوە، من چەندین نەتەوە دەهێنمە سەرت. 4 جا ئەوان شووراکانی سور دەڕووخێنن و قوللەکانی تێکدەدەن، منیش خۆڵەکەی لەسەر ڕادەماڵم و دەیکەم بە بەردی ڕووت. 5 دەبێتە شوێنێک بۆ بڵاوکردنەوەی تۆڕ لەناو دەریا، چونکە من قسەم کرد. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. سور دەبێتە دەستکەوت بۆ نەتەوەکان و 6 شارۆچکەکانی دەوروبەری بە شمشێر وێران دەبن، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.
7 «چونکە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە باکوورەوە نەبوخودنەسری پاشای بابل دەهێنمە سەر سور، پاشای پاشایان، بە ئەسپ و گالیسکە و سوار و لەشکرێکی مەزنەوە. 8 جا شارۆچکەکانی دەوروبەرت بە شمشێر وێران دەکات، سەنگەرت لە دەور لێدەدەن و قوللەت لەسەر بنیاد دەنێت، سەنگەرت لە دەور لێدەدات و قەڵغانت لێ هەڵدەگرێت. 9 مەنجەنیق دەخاتە سەر شووراکانت و بە چەکەکانی قوللەکانت دەڕووخێنێت. 10 لە زۆری ئەسپەکانی تۆزیان داتدەپۆشێت. لە دەنگی ئەسپ سوار و عەرەبانە و گالیسکەکان شووراکانت دەلەرزن، کاتێک دێتە ناو دەروازەکانتەوە، وەک چوونەناو شارێکی پڕ کەلێن. 11 بە سمی ئەسپەکانی هەموو شەقامەکانت دەپەستێتەوە، گەلەکەت بە شمشێر دەکوژێت، کۆڵەکە بەهێزەکانت دەکەونە سەر زەوی. 12 سامانت تاڵان دەکەن، بازرگانیت زەوت دەکەن، شووراکانت دەڕووخێنن، خانووە جوانەکانت تێکدەدەن، بەرد و دار و خۆڵت دەخەنە ناو دەریاوە. 13 دەنگی ناسازی گۆرانییەکانت کۆتایی پێ دەهێنم، چیتر دەنگی قیسارەکانت نابیسترێنەوە. 14 دەتکەمە بەردی ڕووت و دەبیتە شوێنی بڵاوکردنەوەی تۆڕەکان. جارێکی دیکە بنیاد نانرێیتەوە، چونکە من یەزدانم، ئەوەم فەرموو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
15 «یەزدانی باڵادەست بە سور ئەمە دەفەرموێت: ئایا ناوچەکانی کەناری دەریا لەگەڵ دەنگی کەوتنت، لەگەڵ هاواری بریندار و کەوتنی کوژراوان لەناوەڕاستی تۆدا نالەرزن؟ 16 هەموو میرانی کەناری دەریا لەسەر تەختەکانیان دادەبەزن و کەواکانیان دادەماڵن و کراسە نەخشینەکانیان دادەکەنن، بەرگی تۆقین دەپۆشن و لەسەر زەوی دادەنیشن و هەموو چرکەیەک دەلەرزن، واقیان لێت وڕدەمێنێت. 17 شینت بۆ دەگێڕن و پێت دەڵێن:
«”ئەی شارە بەناوبانگەکە، چۆن لەناوچوویت؟
چۆن هێزە دەریاییەکەت لەناوچوو؟
بەهێز بوویت لە دەریا،
خۆت و دانیشتووانەکەت،
هەموو ئەوانەی کە لەوێدا دەژیان
تۆ ترس و تۆقینت هێنایە سەریان.
18 گەلانی کەناری دەریاکان
لە ڕۆژی کەوتنت دەلەرزن،
دوورگەکانی ناو دەریا
لەبەر نەمانت دەوروژێن.“
19 «یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: کاتێک وەک شارە بێ ئاوەدانییەکان دەتکەمە شارێکی وێران، کاتێک قووڵایی دەریاکان دەهێنمە سەرت و ئاوە زۆرەکان داتدەپۆشن، 20 لەگەڵ ئەوانەی دەچنە نێو جیهانی مردووان تۆش دەخەمە ناوی، بۆ لای ئەو گەلانەی کە لەمێژەوە مردوون و لە نزماییەکانی زەوی داتدەنشێنم. لە کاولگە هەتاهەتاییەکان لەگەڵ ئەوانەی کە دەچنە نێو جیهانی مردووان، بۆ ئەوەی لە خاکی زیندوواندا ئاوەدان نەبیت و نەدرەوشێیتەوە. 21 دەتکەمە کارەسات و ئیتر بوونت نابێت، بەدواتدا دەگەڕێن و چیتر نادۆزرێیتەوە، هەتاهەتایە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
بەردی زیندوو
2 بۆیە هەموو ڕق و هەموو فێڵ و دووڕوویی و چاوپیسی و هەموو زەمکردنێک دابکەنن. 2 وەک ساوای تازە لەدایک بوو، ئارەزووتان لە شیری ڕۆحی پاک بێت، تاکو بەمە بۆ ڕزگاری گەشە بکەن، 3 چونکە تامتان کردووە کە مەسیحی باڵادەست چاکە.
4 ئەوەی ئێوە دێنە لای، بەردە زیندووەکەیە، لەلایەن خەڵکەوە ڕەتکراوەتەوە، بەڵام لەلایەن خوداوە هەڵبژێردراوە و گرانبەهایە، 5 ئێوەش وەک بەردی زیندوو لە خانووێکی ڕۆحی بنیادنراون، بۆ کاهینیێتی پیرۆز، بۆ کردنی قوربانییە ڕۆحییە قبوڵکراوەکان بۆ خودا لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە، 6 چونکە لە نووسراوە پیرۆزەکاندا هاتووە:
[ئەوەتا بەردێک لە سییۆن دادەنێم،
گرنگترین بەردی بناغەی[a] هەڵبژێردراو و گرانبەها،
ئەوەی پشتی پێ ببەستێت شەرمەزار نابێت.][b]
7 بۆیە بۆ ئێوە کە باوەڕتان هێناوە ئەم بەردە گرانبەهایە، بەڵام بۆ بێباوەڕان،
[ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە،
بوو بە گرنگترین بەردی بناغە،][c]
8 هەروەها:
[دەبێتە بەردێک بۆ کۆسپ،
تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە.][d]
ئەوانە ساتمە دەکەن و دەکەون چونکە گوێڕایەڵی وشەی خودا نین، هەر ئەمەشە چارەنووسیان.
9 بەڵام ئێوە گەلێکی هەڵبژێردراون، کاهینیێتی شاهانە، نەتەوەیەکی پیرۆز، گەلی تایبەتی خودان[e]، تاکو چاکییەکانی ئەوە ڕابگەیەنن کە بانگی کردوون لە تاریکییەوە بۆ ڕووناکییە سەیرەکەی. 10 پێشتر گەل نەبوون، بەڵام ئێستا گەلی خودان، پێشتر بەزەییتان وەرنەگرتبوو، بەڵام ئێستا بەزەییتان وەرگرت.
11 خۆشەویستان، وەک نامۆ و بێگانە لێتان دەپاڕێمەوە لە هەوەسەکانی جەستە دوور بکەونەوە، کە لە دژی دەروون دەجەنگێت. 12 با لەنێو بێباوەڕاندا ڕەوشتتان باش بێت، تاکو کاتێک بوختانتان پێ دەکەن گوایا ئێوە بەدکارن، کردەوە چاکەکانتان ببینن و لە ڕۆژی بەسەرکردنەوەی خوداش ئەوان شکۆداری بکەن.
ملکەچی بۆ دەسەڵاتداران
13 لەبەر مەسیحی باڵادەست ملکەچی هەموو دەزگایەکی مرۆڤانە بن: بۆ پاشا وەک دەسەڵاتدار، 14 یان بۆ پارێزگاران وەک نێردراوی ئەو بۆ سزادانی بەدکاران و ستایشی چاکەکاران، 15 چونکە خواستی خودا ئاوایە، بە چاکەکاری نەزانی گێلەکان بێدەنگ بکەن. 16 وەک مرۆڤی ئازاد بژین، بەڵام نەک ئازادی پەردەی بەدکاری بێت، بەڵکو وەک بەندەی خودا بژین. 17 ڕێز لە هەمووان بگرن، هاوباوەڕانتان خۆشبوێ، لە خودا بترسن، ڕێز لە پاشا بگرن.
نموونەی ئازارەکانی مەسیح
18 ئەی کۆیلەکان، بە هەموو ترسەوە ملکەچی گەورەکانتان بن، نەک تەنها بۆ چاک و دڵنەرمەکان، بەڵکو بۆ توندەکانیش، 19 چونکە ئەگەر کەسێک لەبەر ویژدانی بەرامبەر خودا بەرگەی ژانی ئازاری زۆرداری بگرێت، ئەمە جێی ستایشە. 20 بەڵام ئەگەر هەڵەتان کرد و لێتان درا و بەرگەتان گرت، ئەمە چ شانازییەکە؟ بۆیە ئەگەر چاکە بکەن و لە ئازاردا بەرگەتان گرت، ئەمە جێی ستایشە لەلای خودا. 21 بۆ ئەمە بانگکراون، لەبەر ئەوەی مەسیحیش لە پێناوتاندا ئازاری چێژت و نموونەی بۆ بەجێهێشتن، تاکو بە هەنگاوەکانیدا بڕۆن.
22 [ئەوەی هیچ گوناهێکی نەکردبوو،
فڕوفێڵی لەسەر زار نەبوو.][f]
23 ئەوەی جنێوی پێدەدرا و جنێوی نەدەدایەوە، ئازار دەدرا و هەڕەشەی نەدەکرد، بەڵکو خۆی دەدایە دەست ئەوەی حوکمی دادپەروەرانەیە. 24 ئەوەی خودی خۆی لە لەشیدا لەسەر دار گوناهەکانمانی هەڵگرت، تاکو سەبارەت بە گوناه بمرین و بۆ ڕاستودروستی بژین. بە برینەکانی ئەو چاکبوونەوە.[g] 25 چونکە ئێوە وەک مەڕی ونبوو وابوون، بەڵام ئێستا گەڕانەوە لای شوان و چاودێری گیانتان.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.