Old/New Testament
ئیسرائیل لە یەزدان یاخی بوو
20 ئەوە بوو لە دەی مانگی پێنجی ساڵی حەوتەم،[a] کەسانێک لە پیرانی ئیسرائیل هاتن بۆ پرسیارکردن لە یەزدان، جا لەبەردەممدا دانیشتن.
2 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 3 «ئەی کوڕی مرۆڤ، لەگەڵ پیرانی ئیسرائیل بدوێت و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئایا ئێوە هاتوون هەتا پرسیار لە من بکەن؟ بە گیانی خۆم! ناهێڵم ئێوە پرسیارم لێ بکەن، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“
4 «ئایا حوکمیان دەدەیت؟ ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا تۆ حوکم دەدەیت؟ ڕووبەڕووی نەریتە قێزەونەکانی باوباپیرانی خۆیان بکەرەوە، 5 پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەو ڕۆژەی ئیسرائیلم هەڵبژارد سوێندم بۆ بنەماڵەی یاقوب خوارد، لە خاکی میسردا خۆمم پێیان ناساند، سوێندم بۆ خواردن و فەرمووم: ’من یەزدانی پەروەردگارتانم.‘ 6 لەو ڕۆژەدا سوێندم بۆ خواردن کە لە خاکی میسر دەریاندەهێنم و دەیانبەم بەرەو خاکێک کە خۆم بەدوایدا گەڕابووم بۆیان، شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، باشترینی هەموو خاکەکانە. 7 پێم فەرموون: ’هەریەکە لە ئێوە با ئەو وێنە قێزەونانەی کە سەرنجی ڕاکێشاون و خۆشتان دەوێن، لە خۆتان دووربخەنەوە و بە بتەکانی میسر خۆتان گڵاو مەکەن. من یەزدانی پەروەردگارتانم.‘
8 «”بەڵام لێم یاخی بوون و نەیانویست گوێم لێ بگرن، کەسیان وێنە گڵاوەکانی بەرچاوی فڕێنەدا کە سەرنجی ڕاکێشابوون، وازیان لە بتەکانی میسر نەهێنا. لەبەر ئەوە بیرم لەوە دەکردەوە، تووڕەیی خۆمیان بەسەردا ببارێنم و لە ناوەڕاستی خاکی میسردا هەڵچوونی خۆمیان پێدا هەڵبڕێژم.“ 9 بەڵام ئەوەی من کردم لە پێناوی ناوی خۆم بوو، هەتا ناوم گڵاو نەبێت لەبەرچاوی ئەو نەتەوانەی لەنێویاندان، ئەوانەی لەبەرچاویان خۆمم بۆ دەرخستن بەوەی لە خاکی میسر دەرمهێنان. 10 جا لە خاکی میسر دەرمهێنان و ئەوانم هێنایە چۆڵەوانی. 11 فەرزەکانی خۆمم پێدان و حوکمەکانی خۆمم پێ ناساندن، ئەوانەی ئەگەر مرۆڤ بەجێیان بهێنێت، پێیان دەژیێت. 12 هەروەها ڕۆژی شەممەم بۆ دیاری کردن، هەتا ببێتە نیشانەیەک لەنێوان من و ئەوان، بۆ ئەوەی بزانن کە من یەزدانم، ئەوەی پیرۆزیان دەکات.
13 «”لەگەڵ ئەوەشدا بنەماڵەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانی لێم یاخی بوون. ڕێگای فەرزەکانی منیان پەیڕەو نەکرد و حوکمەکانی منیان ڕەتکردەوە، ئەو حوکمانەی ئەگەر مرۆڤ جێبەجێیان بکات بەهۆی ئەوانەوە دەژیێت، هەروەها بە هیچ جۆرێک پیرۆزی شەممەکانی منیان ڕانەگرت. لەبەر ئەوە فەرمووم لە چۆڵەوانیدا من تووڕەیی خۆم بەسەریاندا دەبارێنم بۆ کۆتایی پێهێنانیان. 14 بەڵام ئەوەی کردم لە پێناوی ناوی خۆم بوو، هەتا گڵاو نەبێت لەبەرچاو ئەو نەتەوانەی لەبەرچاویان دەرمهێنان. 15 هەروەها لە چۆڵەوانیدا سوێندم بۆ خواردن کە نەیانهێنم بۆ ئەو خاکەی کە پێم دابوون، ئەوەی شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت و باشترینی هەموو خاکەکانە، 16 لەبەر ئەوەی حوکمەکانی منیان ڕەتکردەوە و ڕێگای فەرزەکانی منیان پەیڕەو نەکرد، بەڵکو شەممەکانی منیان گڵاوکرد، چونکە دڵیان دوای بتەکانیان کەوت. 17 لەگەڵ ئەوەشدا چاوەکانم بەزەیی پێیاندا هاتەوە لە لەناوبردنیان، جا کۆتاییم پێ نەهێنان. 18 لە چۆڵەوانی بە ڕۆڵەکانی ئەوانم فەرموو: ’بە ڕێگای فەرزی باوکانتاندا مەڕۆن و حوکمەکانیان مەپارێزن و بە بتەکانیان خۆتان گڵاو مەکەن. 19 من یەزدانی پەروەردگاری خۆتانم، ڕێگای فەرزەکانم پەیڕەو بکەن و حوکمەکانم بپارێزن و کاریان پێ بکەن. 20 شەممەکانیشم پیرۆز ڕابگرن، جا دەبێت بە نیشانەیەک لەنێوان من و ئێوەدا، تاوەکو ئێوە بزانن کە من یەزدانی پەروەردگاری خۆتانم.‘
21 «”ڕۆڵەکانیشیان لێم یاخی بوون، ڕێگای فەرزەکانی منیان پەیڕەو نەکرد و حوکمەکانی منیان نەپاراست هەتا کاری پێ بکەن، ئەوانەی ئەگەر مرۆڤ بیانکات بەهۆی ئەوانەوە دەژیێت، هەروەها شەممەکانی منیان گڵاوکرد. جا فەرمووم، تووڕەیی خۆم دەرببڕم، هەتا لە چۆڵەوانی هەڵچوونی خۆمیان پێدا هەڵبڕێژم. 22 بەڵام دەستم هەڵگرت و ئەوەی کردم لە پێناوی ناوی خۆم بوو، هەتا لەبەرچاو ئەو نەتەوانە گڵاو نەبێت کە لەبەرچاویان دەرمهێنان. 23 هەروەها لە چۆڵەوانی سوێندم بۆ خواردن کە بەناو نەتەوەکاندا پەرتیان بکەم و بەسەر خاکەکاندا بڵاویان بکەمەوە، 24 چونکە گوێڕایەڵی حوکمەکانی من نەبوون، بەڵکو فەرزەکانی منیان ڕەتکردەوە و شەممەکانی منیان گڵاوکرد و چاویان بەدوای بتەکانی باوکیانەوە بوو. 25 هەروەها من ئەو فەرزانەم پێدان کە باش نین و ئەو حوکمانەی کە پێی ناژین[b]، 26 ڕێم دا کە خۆیان گڵاو بکەن، بەوەی کە هەموو نۆبەرەیەکی خۆیان کرد بە دیاری و بە ئاگر سووتاندیانن، بۆ ئەوەی بیانتۆقێنم تاوەکو بزانن کە من یەزدانم.“
27 «ئەی کوڕی مرۆڤ، لەبەر ئەوە لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل قسە بکە و پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەمەشدا باوکانتان کفریان لە دژی من کرد کە ناپاکییان کرد: 28 کاتێک ئەوانم هێنایە ئەو خاکەی سوێندم بۆ خواردبوون کە بیدەمە ئەوان، جا هەر گردێکی بەرز و هەر دارێکی پڕ گەڵایان بینی، لەوێ قوربانییەکانیان سەربڕی، لەوێ پێشکەشکراوەکانیان پێشکەش کرد کە مایەی تووڕەبوونی منە. لەوێ بخوورە بۆنخۆشەکانیان پێشکەش کرد، لەوێ شەرابی پێشکەشکراویان پێشکەش کرد. 29 پێم فەرموون: ئەم نزرگەی سەر بەرزاییە چییە کە بۆی دێن؟“» جا لەو ڕۆژەوە ناوی لێنرا، باما[c].
دادگاییکردن و گەڕاندنەوە
30 «لەبەر ئەوە بە بنەماڵەی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئایا ئێوەش بە ڕێگای باوکانتاندا دەڕۆن، بە وێنە قێزەونەکانیان خۆتان گڵاو دەکەن و لەشفرۆشی دەکەن؟ 31 بە پێشکەشکردنی دیارییەکانتان و سووتاندنی منداڵەکانتان و بە هەموو بتەکانتان هەتا ئەمڕۆش گڵاو دەبن. ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا ڕێ بدەم ئیتر ئێوە پرسیارم لێ بکەن؟ بە گیانی خۆم ناهێڵم ئێوە پرسیارم لێ بکەن، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
32 «”ئەوەی بە خەیاڵتاندا دێت هەرگیز نایەتە دی، کە دەڵێن: ’وەک نەتەوەکان دەبین، وەک هۆزەکانی زەوی، دار و بەرد دەپەرستین.‘ 33 یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، من بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز و بە تووڕەیی دەربڕینم فەرمانڕەوایەتیتان دەکەم. 34 لەنێو گەلان دەرتاندەهێنم و کۆتان دەکەمەوە لەو خاکانەوە کە تێیدا پەرتەوازە بوون بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز و تووڕەییەکی دەربڕدراوەوە. 35 دەتانهێنمە چۆڵەوانی خاکی گەلانی دیکە و لەوێ ڕووبەڕوو دادگاییتان دەکەمەوە. 36 وەک چۆن باوباپیرانتانم لە چۆڵەوانی خاکی میسر دادگایی کرد، ئاواش ئێوە دادگایی دەکەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. 37 واتان لێ دەکەم بەژێر داردەستدا تێبپەڕن و دەتانهێنمە ناو بەندی پەیمانەوە. 38 ئەوانەی لەنێوتان هەڵگەڕاونەتەوە و لە من یاخین ڕیشەکێشیان دەکەم. هەرچەندە لە خاکی ئاوارەییان دەریاندەهێنم، بەڵام ناچنە ناو خاکی ئیسرائیلەوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.
39 «”ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، یەزدانی باڵادەست سەبارەت بە ئێوە ئەمە دەفەرموێت: بڕۆن و هەریەکەتان بتەکانی خۆی بپەرستێت! بەڵام دوای ئەوە بە قسەم دەکەن. ئیتر ناوی پیرۆزیشم بە دیاری و بتەکانتان گڵاو ناکەن، 40 چونکە هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل لە کێوی پیرۆزیم، لە کێوی بەرزی ئیسرائیل، لەوێ لە خاکەکە دەمپەرستن، منیش لەوێ لێتان ڕازی دەبم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. لەوێ داوای پێشکەشکراو و پەسەندترین دیاریتان لێ دەکەم، لەگەڵ هەموو قوربانییە پیرۆزەکانتان. 41 ئێوە وەک بخووری بۆنخۆش لەلای من پەسەند دەبن، کاتێک لەنێو گەلان دەرتاندەهێنم و لەو خاکانەی کە تێیدا پەرشوبڵاو بوونەتەوە کۆتان دەکەمەوە و لەبەرچاوی نەتەوەکان بە ئێوە پیرۆزی خۆم دەردەخەم. 42 ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک دەتانهێنم بۆ خاکی ئیسرائیل، بۆ ئەو خاکەی کە سوێندم خواردبوو بیدەمە باوباپیرانتان. 43 لەوێ ڕەفتاری خۆتان و هەموو کردەوەکانتان کە پێی گڵاو ببوون دێتەوە یادتان، لەبەر هەموو ئەو خراپانەی کە ئەنجامتان داوە قێز لە خۆتان دەکەنەوە. 44 ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، کاتێک لەبەر ناوی خۆم هەڵسوکەوتتان لەگەڵدا دەکەم، نەک وەکو کارە خراپەکانتان و نەریتە گەندەڵەکانتان، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
پێشبینی لەسەر باشوور
45 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 46 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووی خۆت لە باشوور بکە و بەرەو باشوور جاڕبدە، پێشبینی لەسەر ئەو دارستانە بکە کە لە باشوورە. 47 بە دارستانی باشوور بڵێ، ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە، یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم ئاگرت تێ بەردەدەم، جا هەموو دارێکی تەڕ و هەموو دارێکی وشک لەناو تۆدا دەخوات. کڵپەی گڕەکەی ناکوژێتەوە و لە باشوورەوە هەتا باکوور هەموو ڕوخسارێک دەسووتێت. 48 جا هەموو مرۆڤ دەبینن کە من یەزدانم ئاگرم تێی بەرداوە و ناکوژێتەوە.“»
49 منیش گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، ئەوان بە من دەڵێن: ”ئایا ئەو تەنها بە نموونە نادوێت؟“»
بابلی شمشێری خودا
21 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە ئۆرشەلیم بکە و لە دژی پیرۆزگاکەی جاڕبدە. پێشبینی لەسەر خاکی ئیسرائیل بکە و 3 بە خاکی ئیسرائیل بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی تۆم، شمشێرەکەم لە کالانەکەیەوە هەڵدەکێشم و کەسی ڕاستودروست و خراپەکار لە تۆ دەبڕمەوە. 4 لەبەر ئەوەی کەسی ڕاستودروست و خراپەکار لە تۆ دەبڕمەوە، شمشێرەکەم لە کالانەکەی دێتە دەرەوە بۆ سەر هەموو مرۆڤێک، لە باشوورەوە هەتا باکوور. 5 ئەو کاتە هەموو مرۆڤێک دەزانێت کە من یەزدانم، شمشێرەکەی خۆمم لە کێلانەکەیەوە هەڵکێشاوە و تازە ناگەڕێتەوە.“
6 «لەبەر ئەوە ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆ بناڵێنە! بە دڵشکاوی و خەمبارییەوە لەبەرچاویان بناڵێنە. 7 ئەگەر لە تۆیان پرسی: ”بۆچی دەناڵێنیت؟“ تۆش بڵێ: ”لەبەر هەواڵەکە، چونکە هات. هەموو دڵێک دەتوێتەوە، هەموو دەستێک شل دەبێت، هەموو ڕۆحێک کۆڵ دەدات، هەموو ئەژنۆیەک دەلەرزێت.“ ئەوەتا دێت و دەبێت، ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»
8 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 9 «ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە و بڵێ، ”پەروەردگار ئەمە دەفەرموێت: بڵێ:
«”شمشێرێک، شمشێرێک تیژکراوەتەوە،
هەروەها مشتوماڵ کراوە،
10 بۆ سەربڕین تیژکراوەتەوە،
مشتوماڵ کراوە بۆ ئەوەی وەک بریسکە بدرەوشێتەوە!
«”ئایا دڵمان بە داردەستی کوڕەکەم[d] خۆش بێت؟ شمشێر سووکایەتی بە هەموو داردەستێک دەکات.
11 «”شمشێر مشتوماڵ کراوە و دانراوە
بۆ ئەوەی بە دەست بگیردرێت.
ئەم شمشێرە تیژکراوەتەوە و مشتوماڵ کراوە
تاکو بدرێتە دەست پیاوکوژ.
12 ئەی کوڕی مرۆڤ، هاوار و واوەیلا بکە،
چونکە بەسەر گەلەکەم و
بەسەر هەموو میرانی ئیسرائیلەوەیە.
فڕێدەدرێنە بەر شمشێرەکە،
لەگەڵ گەلەکەم.
لەبەر ئەوە سنگی خۆت بکوتە.
13 «”بێگومان کاتی تاقیکردنەوە دێت. لەبەر ئەوە چییە ئەگەر داردەستەی یەهودا، کە شمشێر سووکایەتی پێی دەکات، نەمێنێت؟ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“
14 «لەبەر ئەوە ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە،
دەست بەناو دەستی خۆتدا بدە.
با بە چواردەوریاندا
شمشێر دووبارە و سێبارە ڕابوەشێنرێت،
شمشێری سەربڕینە،
شمشێری کوشتاری گەورەیە.
15 بۆ توانەوەی دڵ و
بۆ زۆرکردنی کوژراوان،
لەبەر ئەوە لەسەر هەموو دەروازەکانیان
شمشێری سەربڕینم داناوە.
ئای! لەو شمشێرە دروستکراوە بۆ ئەوەی وەک هەورە بروسکە ببریسکێتەوە،
ئەو بۆ سەربڕین مشتوماڵ کراوە.
16 ئەی شمشێر، لای ڕاست ببڕە،
ئینجا لای چەپ،
بۆ هەر لایەک ڕووی تێدەکەیت!
17 منیش دەست بەناو دەستی خۆمدا دەدەم،
تووڕەیی خۆم هێدی دەکەمەوە.
من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.»
18 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 19 «ئەی کوڕی مرۆڤ، دوو ڕێگا بۆ خۆت دیاری بکە بۆ هاتنی شمشێری پاشای بابل، هەردووکیان لە یەک خاکەوە دەستپێبکەن، تابلۆیەکی ڕێنمایی دابنێ، لە سەرەتای سەر ڕێگاکە بەرەو شار دایبنێ. 20 ڕێگایەک دیاری بکە با شمشێرەکە بێتە سەر ڕەبەی پایتەختی عەمۆنییەکان و بۆ سەر یەهودا لە ئۆرشەلیمی قەڵابەند، 21 چونکە پاشای بابل لەسەر دووڕیانەکە دەوەستێت، لەسەر گۆشەی هەردوو ڕێگاکە، فاڵ دەگرێتەوە هەتا بزانێت بە چ ئاراستەیەکدا بڕوات، بە هەڵدانی تیر، تیروپشک دەکات؛ بە پرسین و ڕاوێژکردن لەگەڵ بتەکانی؛ بە پشکنینی جگەری ئاژەڵێکی سەربڕاو. 22 تیروپشک بە دەستی ڕاستی بۆ ئۆرشەلیم هەڵدەدات بۆ مەنجەنیق دانان، فەرمانی کوشتن و نەعرەتە کێشانی جەنگ، بۆ مەنجەنیق دانان بۆ شکاندنی دەروازەکان، بۆ لێدانی سەنگەر و قوللە بنیادنان. 23 لەبەرچاوی ئەوانەی سوێندیان بۆ خواردووە کە دڵسۆزبن بۆی وەک فاڵگرتنەوەیەکی درۆ دەبێت، بەڵام ئەو تاوانەکەیان دەهێنێتەوە یادیان تاکو بە دیلیان بگرێت.
24 «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ”ئێوە تاوانەکەی خۆتان هێنایەوە یاد، چونکە یاخیبوونەکانتان ڕوون و ئاشکرایە و گوناهەکانتان لە هەموو کردەوەکانتاندا دەرکەوتووە، لەبەر ئەوە بە دیل دەگیرێن.
25 «”تۆش ئەی بەدکاری گڵاو، میری ئیسرائیل، ڕۆژت هاتووە، کاتی هاتووە سزادانت گەیشتووەتە بەرزترین پلە. 26 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: مێزەرەکە دابگرە، تاجەکە هەڵبگرە، بارودۆخەکە بەم شێوەیە نامێنێتەوە، بەڵکو بێ پلەوپایە بەرز دەکرێتەوە و پایەدار نزم دەکرێتەوە. 27 کاولگە! کاولگە! ئەم شانشینە کاولگە! هەروەها نۆژەن ناکرێتەوە، هەتا ئەو پاشایە دێت کە مافی خۆیەتی، منیش دەیدەمە ئەو.“
28 «ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆش پێشبینی بکە و بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست لەبارەی عەمۆنییەکان و سووکایەتیکردنەکەیان ئەمە دەفەرموێت:
«”شمشێر[e]، شمشێر
بۆ سەربڕین هەڵکێشراوە،
مشتوماڵ کراوە بۆ لەناوبردن،
بریسکە دەداتەوە وەک بروسکە.
29 بە پێچەوانەی ئەو بینینە پووچانە و
فاڵگرتنەوە درۆیانەی کە سەبارەت بە تۆ کراون،
شمشێرەکە لەسەر ملی
کوژراوە خراپەکارەکان دادەنرێت،
ئەوانەی ڕۆژیان هات،
کاتیان هاتووە سزادانیان گەیشتووەتە بەرزترین پلە.
30 «”شمشێرەکە بگەڕێنەوە کێلانەکەی خۆی.
لە نیشتیمانی دایکت
حوکمت بەسەردا دەدەم،
لەو شوێنەی بەدیهێنرایت.
31 تووڕەیی خۆم بەسەر تۆدا دەبارێنم و
بە ئاگری هەڵچوونم فووت لێ دەکەم،
دەتدەمە دەست کەسانێکی گڕگرتووی
شارەزا لە فەوتاندن.
32 دەبیت بە سووتەمەنی ئاگر،
خوێنت لەناوەڕاستی خاکەکەدا دەڕژێت.
ئیتر یادت ناکرێتەوە،
چونکە من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.“»
ئاگادارکردنەوەی دەوڵەمەندەکان
5 وەرن ئەی دەوڵەمەندەکان، بگریێن و شیوەن بکەن بۆ ئەو دەردەسەرییەی بەسەرتان دێت. 2 سامانتان بۆگەن بووە و بەرگتان مۆرانە لێیداوە، 3 زێڕ و زیوتان دادەخورێت، داخورانەکەشیان شایەتیتان لەسەر دەدات و وەک ئاگر جەستەتان دەخوات. لە ڕۆژانی کۆتایی گەنجینەتان بۆ خۆتان کۆکردەوە. 4 ئەوەتا کرێی ئەو کرێکارانەتان نەداوە کە لە کێڵگەکانی ئێوە کاریان کردووە، لە دژی ئێوە هاوار دەکات. هاواری سەپانەکانیش گەیشتە گوێی یەزدانی سوپاسالار. 5 لەسەر زەوی خۆشتان ڕابواردووە و بە شوێن ئارەزووەکانی جەستەتان کەوتوون، دڵی خۆتان وەک دابەستە بۆ ڕۆژی سەربڕین ڕاگرتووە. 6 بێتاوانتان حوکم دا و کوشتتان، کە بەرهەڵستی ئێوەیان نەدەکرد.
دانبەخۆداگرتن لە ئازار
7 بۆیە خوشکان و برایانم، هەتا هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ ئارام بگرن. سەیر بکەن چۆن جوتیار چاوەڕێی بەرهەمە سەنگینەکەی زەوی دەکات، بۆ بارانی پاییز و بەهار ئارام دەگرێت. 8 ئێوەش ئارام بگرن و دڵتان بچەسپێنن، چونکە هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ نزیک بووەتەوە. 9 خوشکان، برایان، بۆڵەبۆڵ لەسەر یەکتری مەکەن، نەوەک حوکم بدرێن. ئەوەتا دادوەر لە بەردەرگا ڕاوەستاوە.
10 خوشکان، برایان، نموونە وەربگرن لە بەرگەی ئازار و ئارامگرتنی ئەو پێغەمبەرانەی کە بە ناوی یەزدانەوە قسەیان کرد. 11 وا ئێمە ئەوانە بە بەختەوەر دەزانین کە دانیان بەخۆیاندا گرتووە. دانبەخۆداگرتنی ئەیوبتان بیستووە و کە لە ئەنجامدا یەزدان چۆن بەرەکەتداری کرد،[a] چونکە یەزدان بەزەیی زۆرە و میهرەبانە.
12 خوشکان و برایانم، پێش هەموو شتێک، سوێند مەخۆن، نە بە ئاسمان و نە بە زەوی و نە بە شتی دیکە. بەڵکو با «بەڵێ»تان بەڵێ بێت و «نەخێر»تان نەخێر بێت، نەوەک بکەونە ژێر تاوانبارکردن.
نوێژ بە باوەڕەوە
13 کامەتان ناخۆشی هەیە؟ با نوێژ بکات. کەس دڵخۆشە؟ با بە گۆرانی ستایش بکات. 14 کامەتان نەخۆشە؟ با پیرانی کڵێسا بانگ بکات بۆ ئەوەی نوێژی لەسەر بکەن و بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە چەوری بکەن[b]. 15 ئەو نوێژەی بە باوەڕ دەکرێت نەخۆش چاک دەکاتەوە و عیسای خاوەن شکۆ هەڵیدەستێنێتەوە. ئەگەر گوناهێکیشی کردبێت دەبەخشرێت. 16 بۆیە بۆ یەکتری دان بە گوناهەکانتاندا بنێن، نوێژ بۆ یەکتری بکەن تاکو چاکببنەوە. نوێژی کەسی ڕاستودروست زۆر بەهێز و کاریگەرە.
17 ئەلیاس مرۆڤێک بوو وەک ئێمە لە هەمان سروشت، بە گەرمی نوێژی کرد تاکو باران نەبارێت، ئیتر سێ ساڵ و نیو لەسەر خاکەکەیان باران نەباری. 18 نوێژی کردەوە، ئاسمان بارانی دا و زەویش بەرهەمی دا. 19 خوشکان و برایانم، ئەگەر یەکێکتان لە ڕاستی چەواشە کرا و یەکێک گەڕاندییەوە، 20 با بزانێت ئەوەی گوناهبارێک لە ڕێگای گومڕایی بگەڕێنێتەوە، دەروونێک لە مردن ڕزگار دەکات و زۆر گوناهیش دادەپۆشێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.