Old/New Testament
چیڕۆکێک دەربارەی بێوەفایی ئۆرشەلیم
16 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئۆرشەلیم ڕووبەڕووی کارە قێزەونەکانی خۆی بکەرەوە و 3 بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست بە ئۆرشەلیم ئەمە دەفەرموێت: ڕەچەڵەک و لەدایکبوونت لە خاکی کەنعان بوو. باوکت ئەموری بوو، دایکیشت حیتی. 4 ئەو ڕۆژەی لەدایک بوویت ناوکت نەبڕاوە، بۆ پاکبوونەوە بە ئاو نەشوشترای، بە خوێ سوێر نەکرایت، قۆنداغ نەکرایت. 5 هیچ چاوێک بە میهرەبانییەوە تەماشای نەکردیت و دڵی پێت نەسووتا هەتا یەکێک لەمانەت بۆ بکات، بەڵکو ئەو ڕۆژەی لەدایک بووی لەبەر بێزلێبوونەوە لە دەشتودەر فڕێدرایت.
6 «”من بەلاتدا تێپەڕیم و بینیم خەڵتانی خوێنی خۆت بوویت، کە لە خوێنی خۆتدا پاڵکەوتبوویت، پێم فەرموویت: ’بژی!‘ 7 وەک ڕووەکی کێڵگە من خزمەتم کردیت بۆ ئەوەی پێ بگەیت، ئیتر گەشەت کرد و گەورە بوویت و گەیشتیت بە تەمەنی هەرزەکاری. مەمکەکانت بناغەیان دانا و مووی لەشت درێژبوو، ئەو کاتە تۆ ڕووتوقووت بوویت.
8 «”دیسان بەلاتدا تێپەڕیم و تۆم بینی، ئەوەتا تەمەنی دڵداریتە. ئینجا دامێنی کراسەکەم بەسەرتدا دا[a] و ڕووتی تۆم داپۆشی و سوێندم بۆت خوارد و پەیمانم لەگەڵتدا بەست، لەبەر ئەوە تۆ بوویتە هی من. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
9 «”بە ئاو تۆم شوشت و خوێنەکەتم لێت پاککردەوە، ئینجا بە زەیت چەورم کردیت. 10 جلێکی نەخشێنراوم لەبەرکردیت و پێڵاوی پێستی مانگای دەریام[b] لە پێ کردیت. کەوایەکی کەتانی ناسکم خستە سەر شانت و بە حەریر تۆم پۆشی. 11 بە خشڵ تۆم ڕازاندەوە، بازنم لە دەستت کرد، ملوانکەم لە مل کردیت، 12 خەزێمم لە لووتت کرد، گوارەشم لە گوێت کرد و تاجی جوانیم لە سەرت نا. 13 جا بە زێڕ و زیو خۆتت ڕازاندەوە، کەتانی ناسک و حەریر و قوماشی نەخشێنراو بەرگت بوو. باشترین ئارد و هەنگوین و زەیتت خوارد. زۆر زۆر جوان بوویت، شیاوی ئەوە بوویت ببیتە شاژن. 14 لەبەر جوانیت ناوبانگت لەنێو نەتەوەکان دەرکرد، چونکە بەهۆی شکۆمەندییەکەم کە پێم بەخشیبوویت جوانییەکەت تەواو بوو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
15 «”بەڵام تۆ پشتت بە جوانییەکەت و بە ناوبانگت بەستبوو، لەشفرۆشیت کرد و لەشفرۆشییەکەتت بەسەر هەموو ڕێبوارێکدا ڕشت و جوانییەکەت بووە هی ئەو. 16 لە جلوبەرگەکەی خۆتت برد و نزرگە ڕازاوەکانی سەر بەرزاییەکانت بۆ خۆت دروستکرد و لەسەری لەشفرۆشیت[c] کرد، شتێک کە نە بووە و نە دەبووایە ببێت. 17 کەلوپەلی جوانییەکەت لە زێڕ و زیوەکەی من برد کە پێم دایت و لەوان بتی نێرینەت دروستکرد و تۆ لەشفرۆشیت لەگەڵ کردن. 18 جلە نەخشێنراوەکانی خۆتت برد و ئەوانت پێ داپۆشی و زەیت و بخووری منت لەبەردەمیان دانا. 19 هەروەها ئەو خواردنەی کە بە تۆم دا، لە باشترین ئارد و زەیت و هەنگوین، تۆ لەبەردەم ئەو بتانە وەک بخووری بۆنخۆش پێشکەشت کرد، ئەمەش ئەوەیە کە ڕوویداوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
20 «”ئەو کوڕ و کچانەت برد کە بۆ منت ببوو، سەرت بڕین و بۆ بتەکانت کردە قوربانی، وەک خواردن پێشکەشی بتەکانت کردن. ئایا لەشفرۆشییەکەت بەس نەبوو؟ 21 هاتیت و منداڵەکانی منیشت سەربڕی و بە ئاگر سووتاندنت بۆ بتەکان؟ 22 لە هەموو نەریتە قێزەونەکانت و لەشفرۆشییەکەت، سەردەمی لاویێتیت بەبیر نەهاتەوە، ئەو کاتەی کە ڕووتوقووت بوویت و خەڵتانی خوێنی خۆت بوویت.
23 «”یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: قوڕبەسەر! قوڕبەسەر تۆ! دوای هەموو خراپەکانت، 24 تۆ بۆ خۆت گومەز و نزرگەی بەرزت لە هەموو گۆڕەپانێکدا دروستکرد. 25 لەسەر هەموو ڕێگایەک نزرگەی بەرزی خۆتت بنیاد نا و جوانییەکەتت گڵاوکرد، ناوگەڵت بۆ هەموو ڕێبوارێک کردەوە و لەشفرۆشیت زۆر کرد. 26 لەگەڵ خەڵکی میسری دراوسێت کە هەوەسبازن لەشفرۆشیت کرد و بە زیادکردنی بەدڕەوشتییەکەت پەستت کردم. 27 لەبەر ئەوە منیش دەستم بۆ ئێوە درێژ کرد و بەشە خاکەکەی تۆم کەم کردەوە و تۆم دایە دەست چاوبرسییەکان، ئەوانەی ڕقیان لێتە، کچانی فەلەستییەکان، کە شەرمیان لە ڕەفتاری تۆ دەکرد. 28 بەڵام کە تێر نەبوویت، هاتیت و لەگەڵ ئاشورییەکانیشدا لەشفرۆشیت کرد، لەگەڵ ئەوەشدا هەر تێر نەبوویت. 29 سەرەڕای ئەوەش لەشفرۆشییەکەتت هەتا خاکی بازرگانە بابلییەکان فراوان کرد، بەمەش هەر تێر نەبوویت.
30 «”یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: دڵت چەند نەخۆشە، کە هەموو ئەم کارانەت کرد، وەک کردەوەی لەشفرۆشێکی بەڕەڵا. 31 گومەزی خۆتت لەسەر هەموو ڕێگایەک بنیاد نا، نزرگەی بەرزیشت لە هەموو گۆڕەپانێک، بەڵام تۆ بە پێچەوانەی لەشفرۆشانەوە بوویت، چونکە کرێت ڕەت دەکردەوە.
32 «”ئەی ژنی بەدڕەوشت، ئەوەی کە لە جێی مێردەکەی بێگانان دەبات! 33 هەموو لەشفرۆشێک کرێ وەردەگرێت، بەڵام تۆ دیاریت دایە هەموو دۆستەکانی خۆت، بەرتیلت دانێ هەتا لە هەموو لایەکەوە بێن و داوێنپیسیت لەگەڵ بکەن. 34 جا لە لەشفرۆشییەکەتدا پێچەوانەی لەشفرۆشانی دیکە بوویت، چونکە بەدوای تۆ نەدەکەوتن بۆ لەشفرۆشی، بەڵکو تۆ کرێت دەدا و هیچ کرێیەک بە تۆ نەدەدرا، جا بە پێچەوانەوە بوویت.
35 «”جا ئەی لەشفرۆش، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە، 36 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی پەردەی شەرمی خۆتت دادڕی و لە لەشفرۆشییەکەت لەگەڵ دۆستانت ڕووتیت دەرکەوت، هەروەها لەبەر هەموو بتە قێزەونەکانت کەوا خوێنی منداڵەکانت پێشکەش بە ئەوان کرد، 37 من هەموو دۆستانت کۆدەکەمەوە ئەوانەی بەچێژ بوویت بۆیان، لەگەڵ هەموو ئەوانەی خۆشت ویستن و هەموو ئەوانەی ڕقت لێیان بوو، هەموویان لەسەرت کۆدەکەمەوە و ڕووتیت بۆیان دەردەخەم، هەتا تەماشای هەموو ڕووتییەکەت بکەن. 38 من حوکمی ژنە داوێنپیسەکان و خوێنڕێژەکانت بەسەردا دەدەم و خوێنی تووڕەیی تۆڵەسێنەر و دڵگەرمی هەڵچوونی خۆمتان بەسەردا دەهێنم. 39 دەتدەمە دەستی دۆستەکانت، ئینجا گومەز و نزرگە بەرزەکانت دەڕووخێنن و جلەکانت لەبەر دادەکەنن. کەرەستەی خۆڕازاندنەوەکەت دەبەن و بە ڕووتوقووتی جێت دەهێڵن. 40 چەتە دەهێننە سەرت و بەردبارانت دەکەن و بە شمشێرەکانیان لەتوپەتت دەکەن. 41 خانووەکانت بە ئاگر دەسووتێنن و لەبەرچاوی زۆر ئافرەتان سزات دەدەن، لە لەشفرۆشی ڕات دەگرم و چیتر کرێ نادەیتە دۆستەکانت. 42 دوای ئەوە تووڕەیی خۆم لەسەرت هێور دەکەمەوە، جا ئیرەییم لەسەرت نامێنێت و هێمن دەبمەوە و چیتر تووڕە نابم.
43 «”لەبەر ئەوەی سەردەمی لاویێتیت بەبیر نەهاتەوە، بەڵکو بە هەموو ئەمانە تووڕەت کردم، جا منیش بێگومان کردەوەکانت بەسەر خۆتدا دەهێنمەوە. ئایا لەسەر هەموو نەریتە قێزەونەکانت بێ شەرمیت نەکردووە؟ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
44 «”هەموو ئەوانەی بە پەند دەدوێن، لەبارەی تۆوە پەندێک دەهێننەوە و دەڵێن: ’دایک چۆن بێت کچیش وایە.‘ 45 تۆ کچی دایکی خۆتیت کە ڕقی لە مێرد و منداڵەکانییەتی، هەروەها تۆ خوشکی خوشکەکانی خۆتیت کە ڕقیان لە مێرد و منداڵەکانی خۆیان بوو. دایکت حیتی بوو و باوکت ئەموری. 46 خوشکە گەورەکەت سامیرە بوو، کە لەگەڵ کچەکانی لای باکوورت نیشتەجێ بوو، خوشکە بچووکەکەشت سەدۆم بوو، کە لەگەڵ کچەکانی لای باشوورت نیشتەجێ بوو. 47 تۆ بە ڕێگای ئەواندا ڕۆیشتیت و وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەوانت کرد، بەڵام وەک ئەوەی تەنها ئەوەندە کەم بێت، جا لە هەموو کارەکانت زووتر لەوان گەندەڵتر بوویت. 48 یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، سەدۆمی خوشکت و کچەکانی هەرگیز وەک تۆ و کچەکانی تۆیان نەکرد.
49 «”ئەمە تاوانی سەدۆمی خوشکت بوو: خۆی و کچەکانی لووتبەرز، زۆرخۆر، بێ خەم و کەمتەرخەم بوون، یارمەتی هەژار و نەداریان نەدەدا. 50 جا لە خۆیان بایی بوون و کارە قێزەونەکانیان لەبەردەمم ئەنجام دا، لەبەر ئەوە منیش هەروەک بینیت، ئەوانم داماڵی. 51 سامیرەش بە نیوەی گوناهەکانی تۆ گوناهی نەکرد، بەڵکو لەوان زیاتر کاری قێزەونت کرد و بە هەموو ئەو گڵاوییانەی کە کردت وات کرد خوشکەکانت لە چاو تۆدا ڕاستودروست بن. 52 ئەی ئەوەی خەریک بووی خوشکەکانت بێتاوان بکەیت، تۆش بەرگەی ئابڕووچوون بگرە. بە گوناهەکانت کە زیاتر لەوان پێیان گڵاو بوویت، خوشکەکانت لە تۆ ڕاستودروستترن، هەروەها شەرمەزاربە و دەست بە ئابڕووی خۆتەوە بگرە، چونکە وات کرد خوشکەکانت لە چاو تۆدا ڕاستودروست بن.
53 «”لەگەڵ ئەوەشدا ڕاپێچکراوان و بەختیاری سەدۆم و سامیرە و کچەکانیان دەگەڕێنمەوە، هەروەها ڕاپێچکراوان و بەختیاری تۆش لەنێو ئەواندا دەگەڕێنمەوە، 54 بۆ ئەوەی بەرگەی ئابڕووچوونت بگریت و شەرمەزار بیت لە هەموو ئەوەی کردت کە دڵنەوایی ئەوانت کرد. 55 خوشکەکانت، سەدۆم و کچەکانی و سامیرە و کچەکانی دەگەڕێنەوە دۆخی جارانیان. تۆ و کچەکانیشت دەگەڕێنەوە دۆخی جارانتان. 56 لە ڕۆژی فیزلێدانت بە دەمتدا نەدەهات باسی سەدۆمی خوشکت بکەیت، 57 بەر لە ئاشکرابوونی خراپەکاریت، وەک لە سەردەمی ڕیسوایی کچانی ئەدۆم و هەموو ئەوانەی دەوروبەری، کچانی فەلەستییەکان ئەوانەی لە هەموو لایەکەوە سووکایەتیت پێ دەکەن. 58 خۆت ئەنجامی بێ شەرمی و نەریتە قێزەونەکانت دەگریتە ئەستۆ. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
59 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە شایستەی ڕەفتارەکەت هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکەم، لەبەر ئەوەی بە شکاندنی پەیمانەکەم سووکایەتیت بە سوێندی من کرد. 60 بەڵام من پەیمانەکەی خۆمت بەبیر دەهێنمەوە کە لە سەردەمی لاویێتیت لەگەڵ تۆدا گرێم دابوو، ئێستاش پەیمانێکی هەتاهەتاییت[d] لەگەڵ دەبەستم. 61 ئینجا کردەوەکانی خۆت بیردەکەوێتەوە و شەرمەزار دەبیت کاتێک خوشکە گەورەکانت و خوشکە بچووکەکانت وەردەگریت، دەیانکەم بە کچی تۆ، بەڵام نەک بەگوێرەی پەیمانەکەی من لەگەڵ تۆ. 62 بەم جۆرە من پەیمانی خۆم لەگەڵ تۆدا دەبەستم، ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم. 63 ئەو کاتەی کەفارەت بۆ هەموو کردەوەکانت دەکەم، ئینجا بیرت دەکەوێتەوە و شەرمەزار دەبیت، ئیتر لەبەر شەرمەزارییەکەت هەرگیز دەمت ناکەیتەوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»
دوو هەڵۆ و دار مێوێک
17 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2 «ئەی کوڕی مرۆڤ، مەتەڵێک و پەندێک بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل بهێنەوە و 3 بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: هەڵۆیەکی مەزنی باڵ بەهێزی شاپەڕ درێژی پەڕپەڕی ڕەنگاوڕەنگ هاتە لوبنان. لەسەر لووتکەی دار ئورزێک نیشتەوە، 4 بەرزترین چڵەکەشی قرتاند و هێنای بۆ خاکی بازرگانی و لە شاری بازرگانەکان چاندی.
5 «”هەروەها هەندێک تۆوی خاکەکەی ئێوەی برد و لە زەوییەکی بەپیتدا چاندی. بردی و لەدەم ئاوێکی زۆر وەک داری بی چاندی. 6 ڕوا و بوو بە دار مێوێکی پەل بڵاو و قەد کورت، لقەکانی بەرەو لای هەڵۆکە سووڕانەوە، ڕەگەکەشی لەژێر خۆیدا بوو، جا بوو بە دار مێو و لقی دا و چڵ و چرۆی کرد.
7 «”هەڵۆیەکی دیکە هەبوو، زل و باڵەکانی بەهێز و پەڕی زۆر بوو. ئیتر دار مێوەکە لەو شوێنەی کە تێیدا چێنرابوو ڕەگی درێژ کردەوە بۆ لای هەڵۆکە، لقیشی بەرەو لای ئەو هاویشت بۆ ئەوەی ئاوی لێ وەربگرێت. 8 ئەگەرچی لە کێڵگەیەکی باش و لە دەم ئاوی زۆردا چێنرابوو، هەتا لقەکانی نەشونما بکات و بەر بگرێت، ببێتە دار مێوێکی بڵاو.“
9 «بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئایا سەرکەوتوو دەبێت؟ ئایا لە ڕەگەوە هەڵناکێشرێت و بەرەکەی ناڕنرێت هەتا وشک بێت؟ هەموو گەڵای لقەکانی وشک دەبێت پێویست بە بازووێکی بەهێز و خەڵکێکی زۆر ناکات هەتا لە ڕەگەوە هەڵیبکێشن. 10 ئەگەر بشچێنرێتەوە، ئایا گەشە دەکات؟ ئایا وەک ئەوەی بای ڕۆژهەڵات لێی دابێت بە تەواوی وشک نابێت؟ لەو شوێنەی لێی ڕواوە وشک نابێت؟“»
11 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 12 «بە بنەماڵەی یاخی بڵێ: ”ئایا لەم پەندە تێگەیشتن؟ بڵێ: پاشای بابل هاتە ئۆرشەلیم و پاشای یەهودا و میرەکانی برد و لەگەڵ خۆی ڕاپێچی کردن بۆ بابل. 13 ئینجا لە توخمی شاهانە کەسێکی هەڵبژارد و پەیمانێکی لەگەڵدا بەست و سوێندی دا. سەرەڕای ئەوەش، ڕابەرانی خاکەکەشی ڕاپێچ کرد 14 بۆ ئەوەی پاشایەتییەکە سووک بێت و بەرز نەبێتەوە و پەیمانەکەی نەشکێت و جێگیر بێت. 15 بەڵام پاشا لێی یاخی بوو بەوەی نێردراوانی خۆی بۆ میسر نارد بۆ ئەوەی ئەسپ و سوپایەکی گەورەی بداتێ. ئایا سەرکەوتوو دەبێت؟ ئایا ئەوەی ئەمە بکات دەرباز دەبێت؟ یان ئەوەی پەیمان بشکێنێت دەرباز دەبێت؟
16 «”یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، لە شوێنی ئەو پاشایەی کە کردی بە پاشا، ئەوەی سووکایەتی بە سوێندەکەی کرد و پەیمانەکەی شکاند، لەلای ئەو لە ناوەڕاستی بابل دەمرێت. 17 فیرعەونیش بە سوپای گەورە و خەڵکێکی بێشومارەوە ناتوانێ لە جەنگدا یارمەتی بدات، ئەو کاتەی سەنگەر لێ دەدرێت و قوللە بنیاد دەنرێت بۆ لەناوبردنی خەڵکێکی زۆر. 18 ئەوەی سووکایەتی بە سوێند کرد و پەیمانی شکاند، دەستی دایە دەست و سەرەڕای ئەوەش هەموو ئەمانەی کرد، دەرباز نابێت.
19 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، سزای دەدەم لەبەر ئەوەی سووکایەتی بە سوێندەکەم کرد و پەیمانەکەی منی شکاند. 20 تۆڕی خۆمی بۆ دادەنێمەوە، بە داوی منەوە دەبێت و دەیهێنمە بابل و لەسەر ئەو ناپاکییەی لە منی کرد لەوێ حوکمی بەسەردا دەسەپێنم. 21 هەموو لەشکرە ڕاکردووەکەی بە شمشێر دەکوژرێن و ئەوانەش کە دەمێننەوە بەرەو ڕووی هەموو بایەک پەرتەوازە دەبن، جا ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.
22 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: منیش لە لووتکەی دار ئورزێک لقێک دەبەم و دەیڕوێنم، چڵێک لە چڵەکانی لێ دەکەمەوە و لەسەر کێوێکی بەرزی سەرکەش دەیڕوێنم. 23 لە چیای بەرزی ئیسرائیل دەیڕوێنم، جا لقی لێ دەڕوێت و بەر دەگرێت و دەبێت بە دار ئورزێکی گەورە، هەموو جۆرە باڵندەیەک لەناوی نیشتەجێ دەبێت، هەموو باڵدارێک لەژێر سێبەری لقەکانی نیشتەجێ دەبێت. 24 ئەو کاتە هەموو درەختەکانی دەشتودەر دەزانن کە من یەزدانم ئەوەی داری بەرز نزم دەکاتەوە و داری نزم بەرز دەکاتەوە، ئەوەی سەوزەکەش وشک دەکات و چرۆ بە دارە وشکەکە دەکات.
«”من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، هەروەها بەجێی دەهێنم.“»
خراپی زمان
3 خوشکان و برایانم، زۆرتان مەبنە فێرکار، بزانن لێپرسینەوەی قورسترمان لەگەڵ دەکرێت. 2 هەموومان لە زۆر شت هەڵە دەکەین. ئەگەر یەکێک هەیە لە قسەکردندا هەڵە ناکات، ئەوە مرۆڤێکی تەواوە و دەتوانێت جڵەوی هەموو جەستەی بگرێتە دەست.
3 ئێمە لغاو دەکەینە دەمی ئەسپ تاکو گوێڕایەڵمان بێت و هەموو لەشی ئاراستە بکەین. 4 سەیری کەشتی بکەن، هەرچەندە گەورەیە و بای بەهێز دەیبات، کەچی بە سەوڵێکی بچووک بۆ هەر لایەک کەشتیوان بیەوێت ئاراستەی دەکات. 5 بە هەمان شێوە زمانیش ئەندامێکی بچووکە، بەڵام بە لەخۆباییبوونەوە شانازی دەکات. ئاگرێکی بچووک چ دارستانێکی گەورە دەسووتێنێ. 6 زمان ئاگرە، جیهانێکە لە خراپە لەنێو ئەندامانی لەشمان. زمان هەموو لەش گڵاو دەکات، ئاگر لە ژیان بەردەدات و خۆی بە گڕی دۆزەخ دادەگیرسێت.
7 مرۆڤ دەتوانێت هەموو جۆرە ئاژەڵێکی کێوی و باڵندە و خشۆک و بوونەوەرێکی ئاوی دەستەمۆ بکات و کردووشیەتی، 8 بەڵام کەس ناتوانێت زمان دەستەمۆ بکات. خراپەیەکە ناگیرێت، پڕە لە ژەهری کوشندە.
9 بە زمان ستایشی یەزدان و خودای باوک دەکەین، هەر بەمەش نەفرەت لەو خەڵکە دەکەین کە لە شێوەی خودا دروستکراون. 10 ستایش و نەفرەت لە هەمان دەم دێتە دەرەوە. خوشکان و برایانم، ئەمە پەسەند نییە. 11 ئایا لە یەک کانیدا ئاوی سازگار و ئاوی سوێر هەڵدەقوڵێت؟ 12 خوشکان و برایانم، ئایا دار هەنجیر زەیتوون دەگرێت، یان مێو هەنجیر؟ بەم شێوەیەش کانی سوێر ئاوی سازگار نادات.
دانایی خودایی
13 کێ لەنێوتاندا دانا و تێگەیشتووە؟ با بە ڕەوشتی باشی کردارەکانی پیشان بدات کە بە بێفیزییەک کە لە داناییەوە سەرچاوەی گرتبێت. 14 بەڵام ئەگەر چاوپیسی تاڵ و خۆپەرستیتان لە دڵدا بوو، شانازی مەکەن یان نکۆڵی لە ڕاستی مەکەن. 15 ئەم داناییە لە ئاسمانەوە دانەبەزیوە، بەڵکو دنیایی و مرۆڤانە و شەیتانییە، 16 چونکە چاوپیسی و خۆپەرستی لەکوێ بێت، گێرەشێوێنی و هەموو کارێکی خراپ لەوێیە.
17 بەڵام ئەو داناییەی لە ئاسمانەوەیە، لەپێش هەموو شتێک پاکە، دواتر ئاشتیخوازە، خۆنەویستە، گوێڕایەڵە، پڕ لە بەزەییە و بەروبوومی چاکە، لایەنگر نییە، دووڕوو نییە. 18 ئاشتیسازان تۆوی ئاشتی دەچێنن و بەرهەمەکەی ڕاستودروستی دەبێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.