Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
حزقیێل 11-13

سەپاندنی حوکمی یەزدان

11 ئینجا ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و منی هێنایە لای دەروازەی ڕۆژهەڵاتی ماڵی یەزدان. بیست و پێنج پیاو لەبەر دەروازەکە بوون و لەنێویاندا دوو ڕابەری گەل، یازەنیاهوی کوڕی عەزور و پەلەتیای کوڕی بەنایام بینی. یەزدان پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەوانە ئەو پیاوانەن کە بیر لە بەدکاری دەکەنەوە، لەم شارە پیلان دادەڕێژن و ڕاوێژی خراپ پێشکەش دەکەن، دەڵێن: ”کاتەکە لەبار نییە بۆ دروستکردنی خانوو، شار مەنجەڵە و ئێمەش گۆشتەکەین.“ لەبەر ئەوە پێشبینی بکە لەسەریان، ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە!»

جا ڕۆحی یەزدان هاتە سەرم و پێی فەرمووم: «بڵێ، یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئێوە وا دەڵێن، بەڵام من دەزانم چی لەژێر سەرتانە. زۆرتان لەو شارە کوشتووە، کۆڵانەکانیتان پڕکرد لە کوژراو.

«لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەوانەی ئێوە کوشتتان و فڕێتاندانە ناوەڕاستی شارەکە، ئەوان گۆشتن و شاریش مەنجەڵەکە، ئێوەش لەناوەڕاستی دەردەکەم. ئێوە لە شمشێر دەترسن، شمشێرتان دەهێنمە سەر. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. لە شار دەرتاندەهێنم و دەتاندەمە دەست بێگانە، سزاتان دەدەم. 10 بە شمشێر دەکوژرێن، لەسەر سنووری ئیسرائیل حوکمتان بەسەردا دەسەپێنم، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. 11 ئەم شارە بۆ ئێوە نابێت بە مەنجەڵ و ئێوەش نابن بە گۆشتەکەی ناوی، بەڵکو لەسەر سنووری ئیسرائیل حوکمتان بەسەردا دەسەپێنم. 12 ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، چونکە ڕێگای فەرزەکانی منتان پەیڕەو نەکردووە و کارتان بە حوکمەکانی من نەکردووە، بەڵکو بەپێی بنەماکانی نەتەوەکانی دەوروبەری خۆتان ڕۆیشتن.»

13 کاتێک کە پێشبینیم دەکرد، پەلەتیای کوڕی بەنایا مرد. جا بەسەر ڕوومدا کەوتم و بە دەنگێکی بەرز هاوارم کرد و گوتم: «ئای یەزدانی باڵادەست! ئایا تۆ پاشماوەی ئیسرائیل بە تەواوی لەناودەبەیت؟»

14 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 15 «ئەی کوڕی مرۆڤ، دانیشتووانی ئۆرشەلیم سەبارەت بە براکانت، خزمەکانی خۆت و هەموو ڕاپێچکراوانی گەلی ئیسرائیل، گوتیان: ”ئەوان لە یەزدان دوورکەوتنەوە، لەبەر ئەوە یەزدان خاکەکەی بە میرات بە ئێمە بەخشی.“

بەڵێنی کۆکردنەوەی ئیسرائیل

16 «لەبەر ئەوە بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: هەرچەندە بۆ ناو نەتەوەکانیش دوورم خستبنەوە و بەناو خاکەکاندا پەرتەوازەم کردبن، بۆ ماوەیەکی کەم بۆ ئەوان بووم بە پەناگایەکی پیرۆز لەو خاکانەی کە بۆی چوون.“

17 «لەبەر ئەوە بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لەنێو گەلان کۆتان دەکەمەوە و لەناو ئەو خاکانەی تێیدا پەرتەوازە بوونە دەتانگەڕێنمەوە و خاکی ئیسرائیلتان پێدەدەمەوە.“

18 «بۆ ئەوێ دەگەڕێنەوە و هەموو وێنەیەکی قێزەون و بتێکی گڵاوی لێ دادەماڵن. 19 یەک دڵیان دەدەمێ، ڕۆحێکی تازە دەخەمە ناویانەوە. ئەو دڵە بەردینەیان لێ دەکەمەوە و دڵێکی گۆشتینیان دەدەمێ، 20 بۆ ئەوەی ڕێگای فەرزەکانم پەیڕەو بکەن و حوکمەکانم بپارێزن و کاری پێ بکەن، ببن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان. 21 بەڵام ئەوانەی دڵیان بەدوای وێنەی قێزەون و بتی گڵاو کەوتووە، من کردەوەکانی خۆیان بەسەر خۆیاندا دەهێنمەوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.»

22 ئینجا کەڕوبەکان باڵەکانیان بەرزکردەوە و چەرخەکانیش لەگەڵیان، شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەسەر سەریان بوو. 23 شکۆمەندی یەزدان لەسەر ناوەڕاستی شارەکە بەرزبووەوە و لەسەر ئەو کێوە ڕاوەستا کە لە ڕۆژهەڵاتی شارەکەیە. 24 ڕۆحی خودا هەڵیگرتم و لە بینیندا منی هێنایە خاکی بابلییەکان بۆ لای ڕاپێچکراوەکان.

لێرەدا ئەو بینینە لەبەرچاوم نەما، 25 ئیتر هەموو ئەوەی یەزدان پیشانی دام بە ڕاپێچکراوەکانم ڕاگەیاند.

نیشانەی ڕاپێچکردن

12 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆ لەناو ماڵێکی یاخیدا نیشتەجێی، ئەوانەی چاویان هەیە بۆ ئەوەی ببینن، بەڵام نابینن، گوێیان هەیە بۆ ئەوەی ببیستن، بەڵام نابیستن، چونکە بنەماڵەیەکی یاخین.

«لەبەر ئەوە، ئەی کوڕی مرۆڤ، هەگبەی ڕاپێچکردن بۆ خۆت ئامادە بکە و بە ڕۆژ لەبەرچاویان بڕۆ، لەم شوێنەوە بۆ شوێنێکی دیکە لەبەرچاویان بڕۆ، بەڵکو تێبگەن، هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین. بە ڕۆژ لەبەرچاویان هەگبەکەت دەردەهێنیت، وەک هەگبەی ڕاپێچکراوان. ئێوارە لەبەرچاویان بڕۆ دەرەوە، وەک ئەوانەی ڕاپێچ دەکرێن. بە بەرچاویانەوە دیوار کون بکە و لە کونەکەوە هەگبەکە دەربهێنە. بە بەرچاویانەوە لەسەر شانت هەڵیبگرە، کاتێک کە تاریکی دادێت دەریبهێنە، دەموچاوت داپۆشە کە خاکەکە نەبینیت، چونکە تۆم کردووە بە نیشانەیەک بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.»

منیش هەروەک ئەوەی فەرمانم پێ کرابوو وام کرد. هەگبەکەم وەک هەگبەی ڕاپێچکردن بە ڕۆژ دەرهێنا، ئێوارەش بە دەستی خۆم دیوارم کون کرد، کە تاریکی داهات لەبەرچاویان لەسەر شانم هەڵمگرت و هێنامە دەرەوە.

بۆ بەیانی فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئایا گەلی ئیسرائیلی یاخی لە تۆیان نەپرسی: ”ئەوە چی دەکەیت؟“

10 «پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەم سروشە[a] سەبارەت بەو میرەیە کە لە ئۆرشەلیمە و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل و بۆ ئەوانەش کە لەوێن.“ 11 بڵێ: ”من نیشانەم بۆ ئێوە.“

«من چیم کرد، ئاوایان پێ دەکرێت، بە دیل دەگیرێن و ڕاپێچ دەکرێن.

12 «ئەو میرەش کە لەنێویانە کە تاریکی داهات هەگبەکەی لەسەر شان هەڵدەگرێت و دەڕوات. دیوار کون دەکەن هەتا لێوەی بچنە دەرەوە. دەموچاوی دادەپۆشێت هەتا بە چاوی خۆی خاکەکە نەبینێت. 13 منیش تۆڕی خۆمی بۆ دادەنێمەوە، دەکەوێتە تۆڕەکەمەوە، دەیهێنم بۆ بابل، خاکی کلدانییەکان، بەڵام نایبینێت و لەوێ دەمرێت. 14 هەموو ئەوانەی لە دەوروبەری ئەون بۆ یارمەتیدانی و هەموو لەشکرەکانی، بە دەم هەموو بایەکدا پەرتەوازەیان دەکەم و بە شمشێرێکی هەڵکێشراو ڕاویان دەنێم.

15 «ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک بەناو نەتەوەکاندا پەرتیان دەکەم و بەنێو شانشینەکاندا پەرتەوازەیان دەکەم. 16 چەند کەسێکی کەمیان لە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لێ دەهێڵمەوە، هەتا لەنێو ئەو نەتەوانەی بۆ ناویان دەچن باسی هەموو نەریتە قێزەونەکانیان بکەن، ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.»

17 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 18 «ئەی کوڕی مرۆڤ، بەدەم لەرزینەوە نانت بخۆ، بە ترس و خەمەوە ئاوت بخۆوە. 19 بە گەلی خاکەکە بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست سەبارەت بە دانیشتووانی ئۆرشەلیم و خاکی ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بە خەمەوە نانیان دەخۆن و بە واقوڕمانەوە ئاویان دەخۆنەوە، چونکە خاکەکەیان وێران دەبێت لەبەر پڕبوونی لە ستەمی هەموو دانیشتووانەکەی ناوی. 20 شارە ئاوەدانەکان کاول دەکرێن و خاکەکە چۆڵ دەبێت، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“»

21 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 22 «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەم پەندە چییە کە لەسەر خاکی ئیسرائیل هەتانە، ئەوەی دەڵێت: ”ڕۆژگار درێژەی کێشا و هەموو بینینەکان نایەنە دی“؟ 23 لەبەر ئەوە پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەم پەندە بەتاڵ دەکەمەوە و ئیتر لەناو ئیسرائیلدا نایکەن بە پەند.“ بەڵکو پێیان بڵێ: ”ڕۆژگار نزیک بووەوە، هەموو بینینێک دێتە دی، 24 چونکە لەمەودوا هیچ بینینێکی بەتاڵ و فاڵگرتنەوەی زمان لووسی لەنێو بنەماڵەی ئیسرائیلدا نابێت. 25 بەڵکو من یەزدانم، ئەوەی بمەوێت بیفەرمووم، دەیفەرمووم و دێتە دی. ئەی بنەماڵەی یاخی، لەمەودوا درێژە ناکێشێت، چونکە ئەوەی دەیفەرمووم لە سەردەمی خۆتان دەیهێنمە دی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»

26 فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 27 «ئەی کوڕی مرۆڤ، وا بنەماڵەی ئیسرائیل دەڵێن: ”ئەو بینینەی بۆی ئاشکرا کرا بۆ ڕۆژگارێکی زۆر لەدوای ئەمەیە و ئەو بۆ سەردەمە دوورەکان پێشبینی دەکات.“

28 «لەبەر ئەوە پێیان بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەمەودوا هیچ یەک لە وشەکانم درێژە ناکێشێت، ئەو وشەیەی فەرمووم دێتە دی. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»

قوڕبەسەر پێغەمبەرە درۆزنەکان

13 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات فەرمووی: «ئەی کوڕی مرۆڤ، پێشبینی بکە لەسەر پێغەمبەرەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی لەخۆیانەوە پێشبینی دەکەن: ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن! یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: قوڕبەسەر ئەو پێغەمبەرە گێلانەی بەدوای ڕۆحی خۆیان کەوتوون و هیچیان نەبینیوە. ئەی ئیسرائیل، پێغەمبەرەکانتان وەک چەقەڵی ناو کەلاوەیان لێ هاتووە. سەرنەکەوتن کەلێنی دیوارێک بگرن، شوورایەکیشتان بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل بنیاد نەنایەوە بۆ ئەوەی لە جەنگ بەرگریتان لێ بکات لە ڕۆژی یەزدان[b]. ئەوانەی بینینیان بەتاڵ و فاڵگرتنەوەیان درۆ بوو، دەڵێن: ’سروشی یەزدانە‘ و هەرچەندەش یەزدان ئەوانی نەناردووە، کەچی چاوەڕێی هاتنەدی پێشبینییەکەیان بوون. ئایا بینینی بەتاڵتان بۆ ئاشکرا کرا و بە فاڵگرتنەوەی درۆ قسەتان نەکرد، کە دەڵێن: ’سروشی یەزدانە،‘ من قسەم نەکردووە؟

«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: چونکە بە بەتاڵی قسەتان کرد و بینینەکانتان درۆ بوون، لەبەر ئەوە من لە دژی ئێوەم. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە. دەستیشم لە دژی ئەو پێغەمبەرانە دەبێت کە بینینەکانتان درۆ بوون، بینینیان بەتاڵە و فاڵگرتنەوەیان درۆیە. لەناو ئەنجومەنی گەلەکەم نابن و لەناو کتێبی بنەماڵەی ئیسرائیل ناویان نانووسرێت و ناچنە ناو خاکی ئیسرائیلەوە. ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی باڵادەستم.

10 «”لەبەر ئەوەی گەلەکەی منیان گومڕا کرد، دەڵێن: ’ئاشتی!‘ ئاشتیش نییە، ئەو دیوارە لاوازەی خەڵکی بنیادی دەنێن، ئەوان بە گەچ سواخی دەدەن. 11 بەوانە بڵێ کە بە گەچ سواخی دەدەن: ’دەکەوێت.‘ بارانێکی بەخوڕ دەبارێت، ئەی تەرزە بەردینەکان ئێوەش دەبارن و بایەکی بەهێزیش کەلێنی تێدەکات. 12 ئەوەتا کە دیوارەکە دەڕووخێت، ئایا پێتان ناڵێن: ’کوا ئەو گەچەی پێتان سواخ دابوو؟‘

13 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە تووڕەییمدا بە بایەکی بەهێز کەلێنی تێدەکەم، لە هەڵچوونم بارانی بەخوڕ و تەرزەی بەردین دەنێرم بۆ لەناوبردنی. 14 ئەو دیوارە دەڕووخێنم کە بە گەچ سواختان داوە، لەگەڵ زەوی تەختی دەکەم، بناغەکانی دەردەکەون. کاتێک دیوارەکە دەکەوێت، ئێوەش لەناویدا دەفەوتێن، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. 15 جا تووڕەیی خۆم دەڕێژم بەسەر دیوارەکە و ئەوانەی بە گەچ سواخی دەدەن، پێتان دەڵێم: ’دیوارەکە و ئەوانەش کە بە گەچ سواخیان داوە نەماون، 16 ئەو پێغەمبەرانەی ئیسرائیل کە پێشبینییان بۆ ئۆرشەلیم کرد و بینینی ئاشتییان ڕاگەیاند، هیچ ئاشتیش نەبوو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.‘“

17 «ئێستاش، ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە کچانی گەلەکەت بکە، ئەوانەی لە خۆیانەوە پێشبینی دەکەن، پێشبینی لەسەر ئەوان بکە و 18 بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: قوڕبەسەر ئەو ژنانەی نوشتە لە شێوەی بازووبەند دەدورن بۆ مەچەکیان، نوشتە لە شێوەی سەرپۆش بۆ هەموو سەرێک دروستدەکەن، بۆ ڕاوکردنی گیانەکان. ئایا ئێوە دڵ و دەروونی گەلەکەم ڕاو دەکەن و خۆتان بە زیندووی دەهێڵنەوە؟ 19 ئێوە لەلای گەلەکەم لەبەر مشتێک جۆ و هەندێک لەتە نان گڵاوم دەکەن. بە درۆکردنتان بۆ گەلەکەم کە گوێ لە درۆ دەگرن، ئێوە ئەو کەسانەی کە شایستەی مردن نەبوون کوشتووتانن و ئەوانەی شایشتەی ژیان نەبوون بە زیندوویی هێشتووتتانەوە.

20 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: من لە دژی نوشتەکانی ئێوەم کە لەسەر شێوەی بازووبەندە، کە وەک باڵندە مرۆڤی پێ ڕاو دەکەن، لەسەر بازووتان دەیدڕێنم و ئەو مرۆڤانەی وەک باڵندە ڕاویان دەکەن بەڕەڵایان دەکەم. 21 سەرپۆشەکانتان دەدڕێنم و فریای گەلەکەم دەکەوم لە دەستتان، لەمەودوا لەناو دەستتان نابن بۆ ڕاوکردنیان، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم. 22 لەبەر ئەوەی بە درۆ دڵی ڕاستودروستتان خەمبار کرد کە من خەمبارم نەکردبوو، هەروەها خراپەکارتان هاندا هەتا لە ڕێگا خراپەکانی نەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بژیێت، 23 هەر بۆیە لەمەودوا بینینی بەتاڵیان بۆ ئاشکرا ناکرێت و چیتر فاڵ ناگرنەوە، فریای گەلەکەی خۆم دەکەوم لە دەستتان، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“»

یاقوب 1

لە یاقوبی بەندەی خودا و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە،

بۆ دوازدە هۆزەکە[a] کە لەنێو نەتەوەکاندا پەرشوبڵاو بوونەتەوە،

سڵاو.

تاقیکردنەوە لە دەرەوە

خوشکان و برایانم، بەوپەڕی خۆشیی دابنێن، کاتێک دەکەونە جۆرەها تاقیکردنەوەوە و ناخۆشی، چونکە دەزانن تاقیکردنەوەی باوەڕتان دانبەخۆداگرتن دروستدەکات. با دانبەخۆداگرتن تەواو کاری خۆی هەبێت، تاکو تەواو و پێگەیشتوو بن، کەموکوڕیتان لە هیچ شتێکدا نەبێت. ئەگەر یەکێکتان لە دانایی کەموکوڕی هەیە، با داوا لە خودا بکات، کە بە دڵفراوانی بە هەمووان دەبەخشێت و گلەییش ناکات، پێشی دەبەخشرێت. بەڵام با بە باوەڕەوە داوا بکات و گومان نەکات، چونکە ئەوەی گومان دەکات وەک شەپۆلی دەریا وایە، با دەیهێنێت و دەیبات. ئەو مرۆڤە با بیرنەکاتەوە کە شتێک لە مەسیحی باڵادەستەوە وەردەگرێت، چونکە مرۆڤی ڕاڕا، لە هەموو ڕێگاکانی چەسپاو نییە.

با برای پایەنزم شانازی بە بەرزییەکەیەوە بکات، 10 دەوڵەمەندیش بە نزمییەکەی، چونکە وەک گوڵی گژوگیا لەناودەچێت. 11 لەبەر ئەوەی ڕۆژ بە گەرمییە سووتێنەرەکەی هەڵدێت، گژوگیا وشک دەبێت و گوڵەکەی هەڵدەوەرێت و دیمەنی جوانی نامێنێت. بە هەمان شێوە، دەوڵەمەندیش کاتێک سەرقاڵە بە کارەکانییەوە لەناودەچێت.

تاقیکردنەوە لە ژوورەوە

12 خۆزگە دەخوازرێت بەوەی بەرگەی تاقیکردنەوە دەگرێت، چونکە کە سەلمێنرا تاجی ژیان وەردەگرێت، ئەوەی خودا بەڵێنی داوە بیدات بەوانەی خۆشیان دەوێت. 13 کاتێک کەسێک تاقی دەکرێتەوە، با نەڵێت: «لەلایەن خوداوە تاقی دەکرێمەوە،» چونکە خودا لە کاری خراپەدا تاقی ناکرێتەوە، ئەویش کەس بەو شێوەیە تاقی ناکاتەوە. 14 بەڵام هەرکەسێک بەو ئارەزووە خراپەی کە هەیەتی تاقی دەکرێتەوە، ئەگەر پێی ڕاکێشرا و هەڵخەڵەتا. 15 کە ئارەزووی خراپ سک بکات گوناهی لێ دەبێت، گوناهیش کە گەشەی کرد مردن بەرهەم دێنێت.

16 برایانی خۆشەویستم، هەڵمەخەڵەتێن. 17 هەموو بەخشینێکی چاک و بەهرەیەکی تەواو لەلایەن سەرەوەیە، لەلای باوکی ڕووناکییەکانەوە دێتە خوارەوە، ئەوەی ناگۆڕێت و سێبەری خولانەوەی نییە. 18 خواستی لەسەر بوو کە بە وشەی ڕاستی لەدایک ببین[b]، تاکو ببینە نۆبەرەی بەدیهێنراوانی.

گوێ بگرن و کاری پێ بکەن

19 برا خۆشەویستەکانم، ئەمەتان بیر نەچێت: با هەر مرۆڤێک لە گوێگرتندا خێرا بێت، لە قسەکردندا لەسەرخۆ بێت، لە تووڕەبووندا خاو بێت، 20 چونکە تووڕەیی مرۆڤ ڕاستودروستی خودا نایەنێتە کایەوە. 21 کەواتە هەموو گڵاوی و گەشەکردنێکی بەدکاری دابکەنن، ئەو وشەیەی کە لە ئێوەدا چانراوە بە دڵنەرمییەوە وەریبگرن، ئەوەی دەتوانێت گیانتان ڕزگار بکات.

22 تەنها گوێگری وشەی خودا مەبن، بەڵکو کاری پێ بکەن، ئەگینا خۆتان هەڵدەخەڵەتێنن، 23 چونکە ئەگەر یەکێک گوێگری وشەی خودا بێت و کاری پێ نەکات، وەک یەکێک وایە لە ئاوێنەدا سەیری ڕوخساری خۆی بکات، 24 ئینجا دوای ئەوەی سەیری خۆی دەکات و دەڕوات، یەکسەر لەبیری دەچێت چۆن بووە. 25 بەڵام هەرکەسێک بە وردی سەرنجی ئەو شەریعەتە تەواوە بدات کە ئازادی دەبەخشێت، هەروەها بەردەوام کاری پێ بکات و ئەوەی دەبیستێت لەیادی نەکات بەڵکو کاری پێ بکات، ئەوا ئەمە لە کرداریدا بەرەکەتدارە.

26 ئەوەی خۆی بە دیندار دابنێت و زمانی خۆی نەپارێزێت، ئەوا خۆی هەڵدەخەڵەتێنێت و دیندارییەکەی پووچە. 27 ئایینی پاک و بێگەرد[c] لەلای خودای باوک ئەمەیە: بەسەرکردنەوەی هەتیوان و بێوەژنان لە تەنگانەیاندا، هەروەها خۆی لە گڵاوی جیهان بپارێزێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.