Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
حزقیێل 5-7

«ئێستاش ئەی کوڕی مرۆڤ، شمشێرێکی تیژ وەک گوێزانی سەرتاش بۆ خۆت ببە و بەسەر سەر و ڕیشتدا بیهێنە. تەرازووێک بۆ کێشان بۆ خۆت ببە مووەکە بەش بکە. کە ڕۆژانی گەمارۆکە تەواو دەبێت سێیەکی لەناوەڕاستی شارەکەدا بە ئاگر بسووتێنە، سێیەکیشی ببە و لە دەوروبەری شارەکە بە شمشێر لێی بدە، سێیەکیشی بە بادا بکە، لەبەر ئەوەی من بە شمشێرێکی هەڵکێشراو ڕاویان دەنێم. چەند تاڵێک مووی کەم بە ژمارە لێی ببە و بە دامێنی کراسەکەی خۆتەوە گرێی بدە. هەروەها هەندێکیشی ببە و فڕێیبدە ناو ئاگر و بە ئاگر بیسووتێنە. لەوەوە ئاگر دەردەچێت بۆ سەر هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل.

«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەمە ئۆرشەلیمە کە لە ناوەڕاستی نەتەوەکاندا داممەزراند، چەند خاکێکیش بە چواردەوریدا. جا لە نەتەوەکان و لە خاکەکانی دەوروبەری خراپتر لە حوکم و لە فەرزەکانم یاخی بوو، چونکە حوکمەکانی منیان ڕەتکردەوە و بە ڕێگای فەرزەکانی مندا نەڕۆیشتن.

«لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەو نەتەوانەی دەوروبەرتان زیاتر هاتوهەراتان کرد و بە ڕێگای فەرزەکانی مندا نەڕۆیشتن و بەپێی حوکمەکانی منتان نەکرد. تەنانەت بەپێی بنەماکانی نەتەوەکانی دەوروبەریشتان نەڕۆیشتن.

«لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەی ئۆرشەلیم، منیش لە دژی تۆم، لەبەرچاوی نەتەوەکان سزاکان بەسەرتدا دەسەپێنم. لەبەر هەموو بتە قێزەونەکانت، وات پێ دەکەم کە نەمکردووە، پاشان وەک ئەوە ناکەمەوە. 10 لەبەر ئەوە لەناو تۆدا باوک کوڕ دەخوات و کوڕیش باوکی دەخوات، سزاکانم دەسەپێنم و هەموو پاشماوەکەت بە دەم هەموو بایەکەوە پەرتەوازە دەکەم. 11 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، لەبەر ئەوەی بە هەموو پەیکەرە گڵاو و وێنە قێزەونەکانت[a] پیرۆزگای منت گڵاوکرد، پاڵپشتیت ناکەم و بە چاوی بەزەییەوە تەماشات ناکەم و دەستم لێت ناپارێزم. 12 سێیەکت بە دەرد دەمرێت و بە قاتوقڕی لە ناوەڕاستی تۆدا لەناودەچن، سێیەکیشت بە شمشێر لە دەوروبەرت دەکوژرێن، سێیەکیشت بە دەم هەموو بایەکدا پەرتەوازە دەکەم و بە شمشێرێکی هەڵکێشراو ڕاویان دەنێم.

13 «ئینجا تووڕەییم تەواو دەبێت و هەڵچوونم دادەمرکێتەوە و تۆڵەیان لێ ناکەمەوە. کاتێک هەڵچوونم هەڵڕشت دەزانن کە من یەزدانم لە کاتی دڵگەرمیم فەرمووم.

14 «وێران و ڕیسوات دەکەم لەنێو ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتدان، لەبەرچاوی هەموو ڕێبوارێک. 15 جا ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتدان لێت دەتۆقن و دەبیتە مایەی ڕیسوایی و جنێو و ئاگادارکردنەوە، کە بە تووڕەیی و هەڵچوون و سەرزەنشتی توندەوە سزام بەسەرتدا سەپاند. من یەزدانم، ئەوەم فەرموو. 16 کە تیری کوشندەی قاتوقڕیم تێگرتن، ئەوەی بۆ وێرانی دەبێت، بۆ وێرانیتان دەیهاوێم. نانتان لێ دەبڕم و قاتوقڕیتان لەسەر زیاد دەکەم. 17 کاتێک قاتوقڕی و دڕندەی خراپ دەنێرمە سەرتان، جەرگتان دەسووتێنن. دەرد و خوێن بەناوتدا تێدەپەڕێت و شمشێر بەسەرتدا دەهێنم.[b] من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.»

فەرمایشتێک سەبارەت بە چیاکانی ئیسرائیل

هەروەها فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ڕووت لە چیاکانی ئیسرائیل بکە و لەسەری پێشبینی بکە. بڵێ: ”ئەی چیاکانی ئیسرائیل گوێ لە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەست بگرن. یەزدانی باڵادەست بە چیاکان و بە گردەکان، بە شیوەکان و بە دۆڵەکان ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم شمشێرێکتان بەسەردا دەهێنم و نزرگەکانی سەر بەرزاییەکانتان لەناودەبەم. جا قوربانگاکانتان وێران دەبن و قوربانگاکانی بخوورتان دەشکێن و کوژراوەکانتان فڕێدەدەمە بەردەم بتەکانتان. لاشەکانی نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم بتەکانیان دادەنێم و ئێسکەکانتان لە دەوری قوربانگاکانتان بڵاو دەکەمەوە. لە هەموو نشینگەکانتان شارۆچکەکان چۆڵ دەبن، نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان کاول دەبن بۆ ئەوەی قوربانگاکانتان چۆڵ و وێران بن، بتەکانیشتان دەشکێن و نامێنن، قوربانگاکانی خۆرتان دەبڕێنەوە، دروستکراوەکانتان دەسڕێنەوە. خەڵکانێک لەنێوتان دەکوژرێن، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.

«”لەگەڵ ئەوەشدا پاشماوەتان لێ دەهێڵمەوە، کاتێک لەنێو خاک و نەتەوەکاندا پەرتەوازە دەبن و لە شمشێر دەرباز دەبن. دەربازبووانی ئەوان لەنێو ئەو نەتەوانەی بۆیان ڕاپێچ کرابوون یادم دەکەنەوە و دێتەوە یادیان کە چۆن بەهۆی دڵە سۆزانییەکەیان و چاویان کە ئارەزووی بتیان دەکرد و بەهۆی بێوەفاییان بەرامبەر بە من دڵیان شکاندم. ئەو کاتە ڕقیان لە خۆیان دەبێتەوە لەبەر ئەو خراپەی کردوویانە و لەبەر هەموو نەریتە قێزەونەکانیان. 10 ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، لەخۆڕایی نەمفەرموو کە ئەم کارەساتەیان بەسەردا دەهێنم.

11 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە دەستت لێ بدە و بە پێیەکانت بکوتە و بڵێ، ’ئای بە داخەوە!‘ لەبەر هەموو ئەو نەریتە خراپ و قێزەونانەی بنەماڵەی ئیسرائیل، کە بەهۆیەوە بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دەمرن. 12 ئەوەی دوورە بە دەرد دەمرێت و ئەوەی نزیکە بە شمشێر دەکوژرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە و پارێزراوە بە قاتوقڕی دەمرێت. جا تووڕەییم بەسەریاندا هەڵدەڕێژم. 13 ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک کوژراوەکانیان لەنێو بتەکانیان لە چواردەوری قوربانگاکانیان دەکەون، لەسەر هەموو گردێکی بەرز، لەسەر لووتکەی هەموو چیاکان، لەژێر هەموو دارێکی سەوز و دار بەڕووێکی گەڵادار، لە هەر شوێنێک بخووری بۆنخۆشیان پێشکەش بە بتەکانیان دەکرد. 14 دەستم بۆیان درێژ دەکەم و خاکەکە چۆڵ و کاول دەکەم، لە چۆڵەوانییەوە هەتا دیڤلە، لە هەموو نشینگەکانیان. ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»

نزیکبوونەوەی کۆتایی

هەروەها فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، یەزدانی باڵادەست ئەمە بە خاکی ئیسرائیل دەفەرموێت:

«”کۆتایی! کۆتاییەکە هات!
    هەر چوار لای خاکەکەی گرتەوە.
ئێستاش کۆتاییەکەت نزیک بووەتەوە،
    تووڕەییم بەسەرتدا دەبارێنم.
بەگوێرەی ڕەفتارەکانت حوکمت بەسەردا دەدەم و
    سزای هەموو نەریتە قێزەونەکانت دەدەمەوە.
جا چاوەکانم بەزەیی پێتدا نایەتەوە و
    دەستم لێت ناپارێزم،
بەڵکو سزای ڕەفتارەکانت دەدەم،
    سزای ئەو نەریتە قێزەونانەش دەدەم کە لەنێوتان دەکرێن.

ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانم.“

«یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«”بەڵایەک دێت!
    بەڵایەک لەمەوپێش لە وێنەی نەبووە!
کۆتاییەکە هات!
    کۆتاییەکە هات!
ئاوڕی لێت دایەوە،
    ببینە، وا هات!
ئەی دانیشتووی خاکەکە نۆرە گەیشتە سەرت،
    کاتەکەی هات و ڕۆژەکە نزیک بووەتەوە،
لەسەر چیاکان هاتوهەرایە،
    نەک هاواری خۆشی.
ئێستا بەم زووانە تووڕەیی خۆم بەسەر تۆدا دەبارێنم و
    هەڵچوونی خۆم هەڵدەڕێژم،
بەپێی کردەوەکانت حوکمت بەسەردا دەدەم و
    لەسەر هەموو نەریتە قێزەونەکان سزات دەدەم.
جا چاوەکانم بەزەیی پێتدا نایەتەوە و
    دەستم لێت ناپارێزم،
بەڵکو سزای ڕەفتارەکانت دەدەم،
    سزای ئەو نەریتە قێزەونانەش کە لەنێوتان دەکرێن.

ئیتر دەزانن کە من یەزدانم لێتان دەدەم.

10 «”ئەوەتا ڕۆژەکە!
    ئەوەتا هات!
چەرخ سووڕایەوە،
    داردەست گوڵی کرد،
    لووتبەرزی چرۆی کرد!
11 ستەم بووە داردەستی خراپە،
    نە خۆیان و نە سامانیان و
نە هاتوهەرایان دەمێنێت،
    شکۆیان نامێنێت.
12 کاتەکە هاتووە!
    ڕۆژەکە گەیشتووە!
ئینجا نە کڕیار دڵخۆش دەبێت و
    نە فرۆشیار خەمبار دەبێت،
    چونکە تووڕەیی لەسەر هەموو خەڵکەکەیە.
13 فرۆشیار تەمەنی هەرچەند بێت
    فرۆشراو وەرناگرێتەوە،[c]
چونکە ئەو پەیامەی خودا
    بۆ هەموو خەڵکەکەیە ناگەڕێتەوە،
مرۆڤیش لەبەر تاوانەکەی
    ناتوانێت دەست بە ژیانییەوە بگرێت.

14 «”هەرچەندە فوو لە کەڕەنا بکەن و
    هەموو چەک و ئازووقەیەک ئامادە بکەن،
بەڵام کەس ناچێتە جەنگ،
    چونکە تووڕەییم لەسەر هەموو خەڵکەکەیە.
15 شمشێر لە دەرەوە و
    دەرد و قاتوقڕیش لەناوەوە.
ئەوەی لە دەشتودەرە بە شمشێر دەمرێت،
    ئەوەش لە شارە قاتوقڕی و دەرد دەیخوات.
16 ئەوانەی دەرباز دەبن
    هەڵدێن بۆ چیاکان و
وەک کۆتری دۆڵەکان هەموویان دەگمێنن،
    هەریەکە و لەبەر تاوانەکەی خۆی.
17 هەموو دەستەکان شل دەبن و
    هەموو ئەژنۆکان دەبن بە ئاو.
18 جلوبەرگی گوش[d] دەپۆشن و
    ترس دایاندەگرێت.
ڕیسوایی لەسەر ڕوخساریان دەبێت و
    سەریان دەڕووتێتەوە.

19 «”زیوەکانیان فڕێدەدەنە سەر شەقامەکان و
    زێڕیان دەبێتە گڵاوی.
زێڕ و زیویان ناتوانێت
    لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان فریایان بکەوێت.
بەوانە تێر نابن و هەر برسی دەبن،
    چونکە ئەو شتانە بۆیان بوون بە کۆسپی تاوان.
20 بە خشڵە جوانەکانیشیان کە مایەی شانازی بوون
    لە دروستکردنی بتە گڵاوەکانیان بەکاریانهێنا،
وێنەی قێزەونیان دروستکرد.
    لەبەر ئەوە بۆیان دەکەم بە مایەی گڵاوی.
21 دەیدەمە دەست بێگانەکان بۆ تاڵانی،
    هەروەها دەیدەمە بەدکارانی زەوی بۆ دزی،
    جا گڵاوی دەکەن.
22 ڕووی خۆم لێیان وەردەگێڕم و
    شوێنی بەنرخم گڵاو دەکەن،
توندوتیژەکان دێنە ناویەوە،
    ئەوێ گڵاو دەکەن.

23 «”زنجیر دروستبکە بۆ بەدیلگرتن!
    چونکە خاکەکە پڕ بووە لە تاوانی خوێنڕشتن،
    شارەکەش پڕ بووە لە ستەم.
24 جا دڕندەترینی نەتەوەکان دەهێنم و
    دەست بەسەر ماڵەکانیاندا دەگرن،
شانازیکردنی بەهێزەکان لەناودەبەم،
    پیرۆزگاکانیان گڵاو دەبێت.
25 لە کاتی تۆقینیان
    داوای ئاشتی دەکەن و نییە.
26 بەڵا لەسەر بەڵا و
    هەواڵ لەسەر هەواڵ دێت،
داوای بینین لە پێغەمبەر دەکەن،
    فێرکردن لەلای کاهین نامێنێت،
    ڕاوێژکردنیش لەلای پیران.
27 پاشا دەگریێت و
    میر نائومێد دەبێت،
    دەستی گەلی خاکەکەش دەلەرزێت.
بەگوێرەی ڕەفتاری خۆیان بەسەریاندا دەهێنمەوە و
    بەگوێرەی حوکمەکانی خۆیان حوکمیان بەسەردا دەدەم.

ئیتر ئەوان دەزانن کە من یەزدانم.“»

عیبرانییەکان 12

تەمبێکردن لە خودای باوکەوە

12 لەبەر ئەوە، چونکە ئێمە بە هەورێکی شایەتیدەری ئاوا گەورە دەورە دراوین، با هەموو بارگرانییەک و ئەو گوناهانەی کە بە ئاسانی لێمان دەئاڵێت لە خۆمانی دوور بخەینەوە و بە دانبەخۆداگرتنەوە لەو پێشبڕکێیە ڕابکەین کە لەپێشمانە دانراوە. با سەرنجمان بخەینە سەر عیسا، پێشڕەو و تەواوکاری باوەڕمان، ئەوەی لە پێناوی ئەو خۆشییەی لەپێشی دانرابوو، بەرگەی خاچی گرت و شەرمەزاری بە سووک وەرگرت، جا لە دەستەڕاستی تەختی خودا دانیشت. با بیر بکەنەوە لەوەی کە دانی بەخۆیدا گرت بەرامبەر ئەو دژایەتییەی کە گوناهباران لەگەڵیان کرد، تاکو شەکەت نەبن و ورە بەرنەدەن.

لە خەباتی ئێوە لە دژی گوناه هەتا ئاستی خوێن ڕشتن بەرگریتان نەکردووە. ئایا ئێوە بە تەواوی ئەو پەیامەی هاندانتان لەبیر چووەوە کە وەک ڕۆڵە لەگەڵتان دەدوێت؟ پەیامەکە دەڵێت:

[ڕۆڵەکەم، بە سووکی تەماشای تەمبێکردنی یەزدان مەکە،
    هەروەها کاتێک سەرزەنشتت دەکات ورە بەرمەدە،
چونکە ئەوەی یەزدان خۆشیبوێ تەمبێی دەکات،
    هەروەها هەر یەکێک وەک ڕۆڵەی خۆی وەریگرێت، بە گۆچان لێی دەدات.][a]

کەواتە بەرگەی تەمبێکردن بگرن، خوداش وەک ڕۆڵەی خۆی لەگەڵتان دەجوڵێتەوە. چ ڕۆڵەیەک هەیە باوکی تەمبێی نەکات؟ ئەگەر بێتو خودا تەمبێتان نەکات وەک هەموو منداڵەکانی دیکەی، ئەمە ئەوە دەگەیەنێ ئێوە زۆڵن و منداڵی ئەو نین. سەرەڕای ئەمە، باوکی مرۆڤانەمان هەیە کە تەمبێی کردووین و ڕێزی ئەومان گرتووە. ئەی چەند زیاتر ملکەچی باوکی ڕۆحیمان بین، بۆ ئەوەی ژیانی هەتاهەتایی بەدەستبهێنین؟ 10 چونکە باوکانمان بۆ ماوەیەک ئەوەندەی بە باشیان زانیوە تەمبێیان کردووین، بەڵام خودا بۆ سوودی ئێمەیە تەمبێمان دەکات، تاکو بەشداری پیرۆزییەکەی بکەین. 11 هەموو تەمبێکردنێک لە کاتی خۆیدا ئازاربەخشە و خۆش نییە، بەڵام دواتر بەروبوومی ئاشتییانەی ڕاستودروستی دەگرێت بۆ ئەوانەی پێی ڕاهێنراون.

12 کەواتە دەستە لاوازبووەکان و ئەژنۆ لەرزۆکەکان بەهێز بکەن، 13 [ڕێڕەوی بەرپێت خۆش بکە،][b] تاکو شەل پێی لەجێ نەچێت، بەڵکو چاک بێتەوە.

ئاگاداری لە ڕەتکردنەوەی خودا

14 کۆشش بکەن تاوەکو لەگەڵ هەموو کەسێک بە ئاشتی بژین، هەروەها پیرۆز بن. بێ پیرۆزی کەس مەسیحی خاوەن شکۆ نابینێت. 15 ئاگاداری ئەوە بن، کەس خۆی لە نیعمەتی خودا بێبەش نەکات، نەوەک ڕەگی تاڵی لەناوتاندا گەشە بکات و پەشێوی دروستبکات، بەهۆی ئەمەشەوە زۆر کەس گڵاو بێت. 16 ئاگاداربن نەوەک یەکێک داوێنپیس بێت یان وەک عیسۆ بەڕەڵا بێت، ئەوەی مافی نۆبەرایەتی خۆی بە ژەمێک خواردن فرۆشت[c]. 17 دواتر وەک ئاگادارن، ویستی ئەم بەرەکەتە بە میرات وەربگرێت، بەڵام ڕەتکرایەوە. هەرچەندە بە فرمێسکەوەش داوای بەرەکەتەکەی کرد، بەڵام دەرفەتی تۆبەکردنی بۆ نەمابووەوە.

18 ئێوە نەهاتوونەتە لای شاخێک[d] دەستی لێ بدرێت، لای ئاگرێکی بەتین، لای تاریکی، لای تەم، لای گەردەلوول، 19 لای دەنگی کەڕەنا، لای دەنگی قسەکردنێک وا لە گوێگران بکات بپاڕێنەوە ئیتر ئەم قسانەیان بۆ نەکرێت، 20 لەبەر ئەوەی نەیانتوانی بەرگەی فەرمانەکانی خودا بگرن: [تەنانەت ئەگەر ئاژەڵیش دەستی بەر ئەو کێوە بکەوێ، دەبێ بەردباران بکرێت.][e] 21 دیمەنەکە ئەوەندە ترسناک بوو، موسا گوتی: [من لە ترسان دەلەرزم.][f]

22 بەڵکو ئێوە هاتوونەتە کێوی سییۆن، بۆ شاری خودای زیندوو، ئۆرشەلیمی ئاسمانی، بۆ ئاهەنگێک کە فریشتەیەکی بێشوماری کۆکردووەتەوە، 23 بۆ کڵێسای نۆبەرە تۆمارکراوەکان لە ئاسماندا، بۆ لای خودا کە دادوەری هەمووانە، بۆ لای ڕۆحی ڕاستودروستان کە تەواوکراون، 24 بۆ لای عیسا، ڕێکخەری پەیمانی نوێیە، بۆ خوێنێکی پرژێنراو کە لە خوێنی هابیل باشتر دەدوێت.

25 ئاگاداربن قسەکەرەکە ڕەت مەکەنەوە، چونکە ئەگەر ئەوانەی قسەکەری سەر زەوییان ڕەتکردەوە دەرباز نەبووبن، ئایا چەند کەمتر ئێمە دەرباز دەبین کە لە قسەکەری ئاسمان هەڵگەڕاینەوە؟ 26 ئەوسا دەنگی خودا زەوی هەژاند، بەڵام ئێستا بەڵێنی داوە و دەفەرموێ: [جارێکی دیکە نەک تەنها زەوی دەهەژێنم، بەڵکو ئاسمانیش.][g] 27 وشەی «جارێکی دیکە» ئاماژەیە بۆ سڕینەوەی ئەو شتانەی کە دەهەژێن، واتە شتە دروستکراوەکان، تاکو ئەو شتانەی کە ناهەژێن بمێننەوە.

28 لەبەر ئەوە، با سوپاسگوزار بین چونکە شانشینێک وەردەگرین کە ناهەژێت، بەهۆیەوە بە شێوازێکی پەسەند بە ترس و ڕێزەوە خودا بپەرستین، 29 چونکە [خودامان ئاگرێکی بێ ئامانە.][h]

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.