Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
شینەکانی یەرمیا 1-2

چۆن ئەم شارە بەجێهێڵراوە،
    ئەوەی پڕبوو لە خەڵک!
چۆن وەک بێوەژنی لێهات،
    ئەوەی لەناو نەتەوەکان مەزن بوو!
ئەوەی لەنێو هەرێمەکان شاژن بوو
    ئێستا بووەتە کەنیزە!

بە شەو بەکوڵ دەگریێت،
    فرمێسکی لەسەر گۆناکانییەتی.
    لەناو هەموو دۆستانی
    کەس نییە دڵنەوایی بکات.
هەموو دڵدارانی ناپاکییان لەگەڵ کرد،
    بوون بە دوژمنی.

لەدوای زەلیلی و کۆیلایەتی سەخت،
    یەهودا ڕاپێچ کرا،
لەنێو نەتەوەکان نیشتەجێ دەبێت،
    شوێنی ئارام نابینێتەوە.
ئەوانەی ڕاوی دەنێن
    لە ناوەڕاستی تەنگانەدا پێی دەگەن.

ئەو ڕێگایانەی بەرەو سییۆنن شین دەگێڕن،
    لەبەر ئەوەی کەس بۆ جەژنەکان نایەت.
هەموو دەروازەکانی چۆڵ دەکرێن،
    کاهینەکانی دەناڵێنن،
پاکیزەکانی خەمبارن،
    ئەویش تاڵی دەچێژێت.

ناحەزەکانی بوونە بە گەورەی ئەو،
    دوژمنەکانی سەرکەوتوون،
چونکە یەزدان خەمباری کرد،
    لەبەر زۆری گوناهەکانی
منداڵەکانی بەرەو خاکی غەریبی بردران،
    دوژمنەکانیان ڕاپێچیان کردن.

سییۆنی کچ[a]
    هەموو جوانییەکەی ڕۆیشت.
میرەکانی وەک ئاسکیان لێهاتووە
    لەوەڕگایان دەست ناکەوێت،
بە بێهێزی دەڕۆن
    لەبەردەم ئەوانەی ڕاویان دەنێن.

لە ڕۆژانی زەلیلی و سەرگەردانی،
    ئۆرشەلیم هەموو خۆشییەکانی خۆی بەبیر هاتەوە،
    کە لە دێرزەمانەوە بوون.
کاتێک گەلەکەی کەوتنە دەستی دوژمن،
    کەس نەبوو بە هانایەوە بێت.
دوژمنان تەماشایان کرد،
    بە ڕووخانەکەی پێکەنین.

ئۆرشەلیم بە تەواوی گوناهی کرد
    لەبەر ئەوە گڵاو بوو.
هەموو ئەوانەی ڕێزیان لێی دەگرت سووکایەتی پێ دەکەن،
    چونکە ڕووتی ئەویان بینی.
ئەویش دەناڵێنێت
    بەرەو دواوە ڕوو وەردەگێڕێت.

گڵاوییەکەی بە دامێنییەوە بوو،
    بیری لە چارەنووسی خۆی نەکردەوە.
کەوتنەکەی سامناک بوو،
    کەس نەبوو دڵنەوایی بکات.
«ئەی یەزدان، تەماشای زەلیلیم بکە،
    چونکە دوژمن سەرکەوت.»

10 دوژمن دەستی درێژکردووە
    بۆ سەر هەموو گەنجینەکانی،
نەتەوەکانی بینی
    هاتنە ناو پیرۆزگاکەیەوە،
ئەوانەی تۆ فەرمانت دا
    نەیێنە ناو کۆمەڵەکەی تۆوە.

11 سەراپای خەڵکەکەی دەناڵێنن و
    بەدوای ناندا دەگەڕێن،
گەنجینەکانی خۆیان بە خواردن دەدەن
    بۆ ئەوەی گیانیان بەبەردا بێتەوە.
«ئەی یەزدان، تەماشا بکە و ببینە،
    چونکە سووک بووم.»

12 «ئایا هیچ بۆ ئێوە نییە، ئەی هەموو ڕێبوارەکان؟
    تەماشای دەوروبەر بکەن و ببینن.
هیچ ئازارێک هەیە وەک ئازارەکەی من،
    ئەوەی کە تووشی منی کرد،
ئەوەی کە یەزدان بەسەری هێنام،
    لە ڕۆژی جۆشانی تووڕەییەکەی.

13 «لە سەرەوە ئاگری نارد،
    بۆ ناو ئێسکەکانم دایبەزاند،
تۆڕی بۆ قاچەکانم دانایەوە
    منی بەرەو پاش گەڕاندەوە.
منی وێران کرد،
    داهێزراو بە درێژایی ڕۆژ.

14 «گوناهەکانم وەک نیر[b] خرانە سەرم،
    بە دەستەکانی ئەو هۆنرانەوە.
گوناهەکانم خرانە سەر ملم و
    خودا هێزی لێ بڕیم.
پەروەردگار منی ڕادەستی کەسانێک کرد
    کە ناتوانم بەرەنگاریان ببمەوە.

15 «پەروەردگار هەموو پاڵەوانەکانی ڕەتکردەوە
    کە لەناو مندا بوون.
لەشکرێکی لە دژی من بانگکرد
    بۆ تێکشکاندنی گەنجەکانم.
پەروەردگار یەهودای کچە پاکیزەی
    لەناو گوشەر پڵیشاندەوە.

16 «لەسەر ئەمەیە من دەگریێم،
    چاوەکانم فرمێسک دەڕێژن،
ئەوەی دڵنەواییم دەکات لێم دوورکەوتووەتەوە،
    کەس نییە گیان ببوژێنێتەوە.
کوڕەکانم وێران بوون،
    لەبەر ئەوەی دوژمن زاڵ بوو.»

17 سییۆن دەستەکانی پان دەکاتەوە،
    بەڵام کەس نییە دڵنەوایی بکات.
یەزدان فەرمانی دا لە دژی یاقوب
    کە دراوسێکانی دوژمنی ئەو بن.
ئۆرشەلیم لەناویاندا
    گڵاو بوو.

18 «یەزدان ڕاستودروستە،
    بەڵام من لە دژی فەرمانی ئەو یاخی بووم.
ئەی هەموو گەلان، گوێ بگرن،
    تەماشای ئازارەکانم بکەن.
پاکیزە و لاوەکانم
    ڕاپێچ کران.

19 «هاوارم بردە لای هاوپەیمانەکانم،
    بەڵام هەڵیانخەڵەتاندم.
کاهین و پیرەکانم
    لە شاردا لەناوچوون
لەو کاتەی بەدوای خۆراکدا دەگەڕان
    بۆ ئەوەی لە ژیانیان بەردەوام بن.

20 «ئەی یەزدان، ببینە، من لە تەنگانەدام!
    دڵم توندە،
من لە ناخەوە پەستم،
    چونکە زۆر یاخی بووم.
لە دەرەوە شمشێر دەستبەکارە،
    لە ماڵەوەش تەنها مردن هەیە.

21 «خەڵک ناڵەی منیان بیست،
    بەڵام کەس نییە دڵنەواییم بکات.
هەموو دوژمنەکانم بەڵای منیان بیست،
    دڵخۆش بوون بەوەی تۆ بە منت کردووە.
خۆزگە ئەو ڕۆژەت بەسەردەهێنان کە باست کرد،
    ئینجا وەک منیان لێدێت.

22 «با هەموو خراپەکانیان بێنە بەردەمت،
    وایان بەسەربهێنە
وەک ئەوی بەسەر منت هێنا
    لەسەر هەموو گوناهەکانم.
زۆر دەناڵێنم و
    دڵم لاواز بووە.»

چۆن پەروەردگار سییۆنی کچی داپۆشی
    بە هەوری تووڕەییەکەی!
لە ئاسمانەوە شکۆی ئیسرائیلی فڕێدا
    بۆ سەر زەوی،
لە ڕۆژی تووڕەییدا
    تەختەپێی خۆی بەبیر نەهێنایەوە.

پەروەردگار بەزەیی نەهاتەوە،
    هەموو نشینگەکانی یاقوبی هەڵلووشی،
بە تووڕەیی خۆی
    قەڵاکانی یەهودای کچی ڕووخاند.
پاشایەتی و میرەکانی زەلیل کرد
    دایگرتنە سەر زەوی.

بە گڕی تووڕەیی خۆی بڕییەوە
    هەموو هێزی ئیسرائیل.
دەستە ڕاستی بەرەو دواوە کێشایەوە
    لەبەردەم دوژمن.
ئاگرێکی بەتینی لەناو یاقوبدا داگیرساند،
    هەموو دەوروبەرەکەی دەخوات.

وەک دوژمنێک کەوانەکەی خۆی ڕاکێشا،
    دەستە ڕاستی ئامادە کرد.
وەک ناحەز لەناوی برد
    هەموو ئەوەی چاو ئارەزووی دەکرد.
لەناو چادرەکەی سییۆنی کچ
    تووڕەیی خۆی وەک ئاگر ڕشت.

پەروەردگار وەک دوژمنی لێهات،
    ئیسرائیلی هەڵلووشی.
هەموو کۆشکەکانی ئەوی هەڵلووشی،
    قەڵاکانی ڕووخاند.
شیوەن و ماتەمی زۆر کرد
    بۆ یەهودای کچ.

کەپرەکەی تێکدا، وەک باخچەیەک نەما،
    شوێنی کۆبوونەوەکەی ڕووخاند.
یەزدان وای کرد سییۆن لەبیری بچێتەوە
    ڕۆژی شەممە و جەژنەکان.
بە تووڕەیی خۆی
    پاشا و کاهینی ڕەتکردەوە.

پەروەردگار قوربانگاکەی خۆی ڕەتکردەوە،
    وازی لە پیرۆزگاکەی خۆشی هێنا.
دیواری کۆشکەکانی
    ڕادەستی دوژمنەکانی کرد.
لەناو ماڵی یەزدان دەنگیان هەڵبڕی
    وەک لە ڕۆژی جەژندا.

شووراکانی سییۆنی کچ
    یەزدان مەبەستی بوو بیڕووخێنێت.
بە گوریس پێوای و
    دەستی لە وێرانکردنی نەگێڕایەوە.
سەنگەر و دیواری هێنایە گریان و
    پێکەوە ڕووخان.

دەروازەکانی نوقومی زەوی بوون،
    شمشیرەکانی[c] لەناوبرد و شکاندی.
پاشا و میرەکانی بۆ نێو گەلان ڕاپێچ کراون،
    فێرکردنی موسا نەماوە،
هەروەها پێغەمبەرەکانیشی
    هیچ بینینێکیان لەلایەن یەزدانەوە بۆ ئاشکرا نەکراوە.

10 پیرەکانی شاری سییۆن
    بە کپی لەسەر زەوی دادەنیشن،
خۆڵ بەسەر سەریاندا دەکەن،
    جلوبەرگی گوش[d] لەبەر دەکەن.
پاکیزەکانی ئۆرشەلیم
    سەریان دادەنەوێنن.

11 چاوەکانم ماندووبوون لە فرمێسک ڕشتن،
    دڵم توندە،
جەرگ بڕاوم
    لەبەر ئەوەی گەلەکەم وێران بوو،
لەبەر بوورانەوەی منداڵان و شیرەخۆران
    لەناو گۆڕەپانەکانی شاردا.

12 بە دایکیان دەڵێن:
    «کوا نان و ئاو[e]؟»
کاتێک وەک بریندار
    لەناو گۆڕەپانەکانی شاردا دەبوورێنەوە،
کاتێک ڕۆحیان دەردەچێت
    لەناو باوەشی دایکیان.

13 چیت پێ بڵێم؟
    ئەی ئۆرشەلیمی کچ،
    بە چیت بچووێنم؟
بە چی بەراوردت بکەم،
    بۆ ئەوەی دڵت بدەمەوە،
    ئەی سییۆنی کچە پاکیزە؟
وێران بوونت وەک دەریا قووڵە.
    کێ دەتوانێت چاکت بکاتەوە؟

14 بینینی خودایی بۆ پێغەمبەرەکانت
    درۆ و فریودەر بوو،
تاوانی تۆیان دەرنەخست
    بۆ ئەوەی لە ڕاپێچکردن بتپارێزن.
بەڵکو سروشی[f]
    درۆ و هەڵخەڵەتێنەریان بە تۆ گەیاند.

15 هەموو ئەوەی بەوێدا تێدەپەڕێت
    بە گاڵتەپێکردنەوە چەپڵەت بۆ لێدەدات،
فیکە لێ دەدەن و سەر بادەدەن
    لەبەر ئۆرشەلیمی کچ،
دەڵێن: «ئەمە شارەکەیە
    کە پێی دەگوترا تەواوی جوانی و
    مایەی دڵخۆشی هەموو زەوییە؟»

16 هەموو دوژمنەکانت
    دەمیان لێت دەکرێتەوە،
فیشکەیان دێت و ددانیان لێت جیڕدەکەنەوە،
    دەڵێن: «هەڵمانلووشی.
بێگومان ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە چاوەڕوانی بووین،
    پێی گەیشتین و بینیمان.»

17 یەزدان ئەوەی مەبەستی بوو کردی،
    قسەی خۆی بەجێگەیاند،
    ئەوەی لە ڕۆژانی کۆنەوە بەڵێنی پێیدا.
بەبێ بەزەیی تۆی ڕووخاند،
    دوژمنی پێت خۆشکرد،
    هێزی ناحەزانی تۆی پتەو کرد.

18 دڵی خەڵکەکە
    بۆ پەروەردگار هاوار دەکات.
ئەی شووراکانی سییۆنی کچ،
با فرمێسکەکانت وەک ڕووبار بڕژێت
    بە شەو و بە ڕۆژ.
خۆت مەبووژێنەوە،
    چاوەکانت پشوو نەدات.

19 هەستە، بە شەو هاوار بکە،
    لەگەڵ دەستپێکردنی ئێشکگرتن.
وەک ئاو دڵت هەڵبڕێژە
    لەبەردەم پەروەردگار.
دەستت بۆی بەرز بکەوە
    لە پێناوی ژیانی منداڵەکانت،
ئەوانەی لە برسان بووراونەتەوە
    لەسەر سووچی هەموو شەقامەکان.

20 «ئەی یەزدان، ببینە و تێڕابمێنە،
    ئەمەت بە کێ کردووە؟
ئایا ژن بەری سکی خۆی دەخوات،
    منداڵی باوەشی؟
ئایا کاهین و پێغەمبەر
    لە پیرۆزگای پەروەردگار دەکوژرێت؟

21 «گەنج و پیر پێکەوە پاڵکەوتن
    لەسەر زەوی شەقامەکان،
پاکیزە و لاوەکانم
    بە شمشێر کوژراون.
لە ڕۆژی تووڕەییتدا ئەوانت کوشت،
    ئەوانت بەبێ بەزەیی سەربڕی.

22 «هەروەک بۆ ڕۆژی جەژن بانگهێشتت کردبن،
    ئاوا لە دژی من لە هەموو لایەکەوە بانگی تۆقینت کرد.
لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان
    کەس ڕاینەکرد و کەس دەرباز نەبوو،
ئەوانەی لە باوەشم کردن و بەخێوم کردن،
    دوژمن لەناوی بردن.»

عیبرانییەکان 10:1-18

قوربانی مەسیح جارێک و بۆ هەمووان

10 تەورات تەنها سێبەری شتە باشەکانی داهاتووە، نەک وێنەی تەواوی ڕاستییەکان. لەبەر ئەوە بەردەوام بە هەمان قوربانییەکانی ساڵ لەدوای ساڵ پێشکەش دەکرێتەوە، هەرگیز ناتوانێ ئەوانە تەواو بکات کە بۆ پەرستن نزیک دەبنەوە. ئەگینا، ئایا لە پێشکەشکردن نەدەوەستان؟ لەبەر ئەوەی ئەگەر خواپەرستان تەنها جارێک پاک بوونەتەوە، بۆیە چیتر لە ویژدانیاندا هەست بە گوناه ناکەن. بەڵام لەو قوربانییانەدا ساڵانە یادەوەری گوناه دەکرێتەوە. چونکە مەحاڵە خوێنی گا و بزن گوناه لاببات.

لەبەر ئەوە کاتێک مەسیح هاتە ناو جیهان فەرمووی:

[بە قوربانی و پێشکەشکراو ڕازی نەبوویت،
    بەڵکو جەستەیەکت بۆ دابین کردم.
بە قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناه دڵخۆش نەبووی.
ئینجا گوتم: «ئەوەتا هاتم، هەروەک لە تۆمارەکەدا لەسەرم نووسراوە،
    تاکو بە‏خواستی تۆ کار بکەم، ئەی خودا.»][a]

لە سەرەوە فەرمووی: [تۆ قوربانی و پێشکەشکراو و قوربانی سووتاندن و قوربانی گوناهت نەویست و پێی دڵخۆش نەبووی،] ئەوەی بەگوێرەی تەورات دەکرێت، ئینجا مەسیح فەرمووی: [ئەوەتا هاتم تاکو بە خواستی تۆ کار بکەم.] یەکەم لادەبات، تاکو دووەم دابنێ[b]. 10 بەم خواستەی خودا بە یەک جار بەهۆی پێشکەشکردنی جەستەی عیسای مەسیحەوە پیرۆز بووین.

11 هەر کاهینێک هەموو ڕۆژێک ڕادەوەستێت و خزمەت دەکات بەردەوام هەمان قوربانی دەکاتەوە، کە هەرگیز ناتوانێت گوناه لاببات. 12 بەڵام کاتێک مەسیحی کاهین لە جیاتی گوناه یەک قوربانی بۆ هەموو کاتێک پێشکەش کرد، لە دەستەڕاستی خوداوە دانیشت، 13 لەو کاتەوە چاوەڕوانە، تاکو خودا هەموو دوژمنانی بکاتە تەختەپێی، 14 چونکە ئەو بە یەک قوربانی بۆ هەمیشە ئەوانەی تەواو کرد کە ئەو پیرۆزیان دەکات.

15 ڕۆحی پیرۆزیش شایەتیمان بۆ دەدات، چونکە دوای ئەوەی فەرمووی:

16 [یەزدان دەفەرموێ، ئەمە ئەو پەیمانەیە کە
    لەدوای ئەو ڕۆژانە لەگەڵیان دەیبەستم،
«فێرکردنەکانم[c] دەخەمە ناو دڵیان و
    لەناو مێشکیان دەینووسم.»][d]

17 پاشان دەفەرموێت:

[لەمەودوا گوناه و تاوانەکانیان بەبیری خۆم ناهێنمەوە.][e]

18 لەکوێ لێخۆشبوونی ئەم گوناهانە هەبێت، ئیتر پێویست ناکات قوربانی بۆ گوناه بکرێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.