Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەرمیا 50

پەیامێک سەبارەت بە بابل

50 ئەمە ئەو فەرمایشتەیە کە یەزدان سەبارەت بە بابل و خاکی بابلییەکان لە ڕێگەی یەرمیای پێغەمبەرەوە فەرمووی:

«لەنێو نەتەوەکان جاڕبدەن و ڕایبگەیەنن،
    ئاڵا بەرز بکەنەوە و ڕابگەیەنن،
    هیچ مەشارنەوە، بڵێن،
”بابل دەگیرێت،
    بێل[a] شەرمەزار دەبێت،
    مەرۆداخ[b] وردوخاش دەبێت.
پەیکەرەکانی شەرمەزار و
    بتەکانی وردوخاش دەبن!“
نەتەوەیەک لە باکوورەوە دێتە سەری،
    خاکەکەی وێران دەکات،
ئاوەدانی تێدا نابێت،
    لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ هەڵدێن.»

یەزدان دەفەرموێت:
    «لەو ڕۆژانە و لەو سەردەمە،
نەوەی ئیسرائیل و نەوەی یەهودا پێکەوە دێن،
    بەدەم ڕێگاوە دەگریێن و ڕوو لە یەزدان دەکەن، خودای خۆیان.
پرسیاری ڕێگای سییۆن دەکەن و
    ڕووی تێ دەکەن.
دێنەوە و بە پەیمانێکی هەتاهەتایی کە لەبیر نەکرێت،
    دەچنە پاڵ یەزدانی خۆیان.

«گەلەکەم مەڕی ونبوو بوون،
    شوانەکانیان گومڕایان کردن،
    وێڵی ناو چیاکانیان کردن.
لەنێو چیا و گردەکان دەگەڕان،
    جێی حەوانەوەی خۆیان لەبیر کرد.
هەموو ئەوانەی تووشیان دەبوون لووشیان دەدان،
    دوژمنانیان گوتیان: ”ئێمە تاوانبار نین،
لەبەر ئەوەی گوناهیان لە دژی یەزدان کرد،
    کە شوێنی حەوانەوەی ڕاستەقینەیانە،
    لە دژی یەزدان کە ئومێدی باوباپیرانیانە.“

«لە بابل ڕابکەن،
    خاکی بابلییەکان بەجێبهێڵن،
    وەک نێرییەکانی پێش مێگەل بن.
چونکە ئەوەتا من کۆمەڵە نەتەوەیەکی گەورە
    لە خاکی باکوورەوە ڕادەپەڕێنم.
ئەوان لە دژی بابل ڕیز دەبەستن،
    لە باکوور دەیگرن.
تیرەکانیان وەک پاڵەوانی شارەزایە،
    بە دەستبەتاڵی ناگەڕێنەوە.
10 خاکی بابل دەبێتە دەستکەوت،
    ئەوەی دەستی بکەوێت لێی تێر دەبێت.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

11 «ئەی تاڵانکەرانی میراتەکەم،
    لەبەر ئەوەی دڵخۆش و شادمان بوون،
وەک مانگایەک گەنم بکوتێت هەڵدەبەزنەوە و
    وەک ئەسپ حیلاندتان،
12 دایکتان زۆر شەرمەزار دەبێت،
    ئەوەی ئێوەی بووە ڕیسوا دەبێت.
دەبێتە دوایین نەتەوە،
    دەبێتە چۆڵەوانی و بیابان و دەشتی ڕووت.
13 لەبەر تووڕەیی یەزدان ئاوەدان نابێتەوە و
    هەمووی دەبێتە چۆڵەوانی.
هەرکەسێک بە بابلدا تێبپەڕێت سەرسام دەبێت و فیکە لێدەدات،
    لەبەر هەموو ئەوەی بەسەری هاتووە.

14 «ئەی هەموو کەوان ڕاکێشان،
    لە چواردەوری بابل ڕیز ببەستن.
تیربارانی بکەن! دەست مەپارێزن،
    چونکە لە دژی یەزدان گوناهی کرد.
15 لە هەموو لایەکەوە نەعرەتەی بەسەردا بکێشن!
    خۆی بەدەستەوە دەدا، قوللەکانی دەکەون،
    شووراکانی دەڕووخێن.
لەبەر ئەوەی ئەمە تۆڵەی یەزدانە،
    تۆڵەی لێ بکەنەوە،
    چی کرد، ئەوەی پێ بکەنەوە.
16 وەرزێر لە بابل ببڕنەوە و
    داس بەدەست لە کاتی دروێنە.
لە ڕووی شمشێری ستەمکار،
    با هەریەکە بەرەو گەلەکەی خۆی بگەڕێتەوە،
    با هەریەکە بەرەو خاکی خۆی هەڵبێت.

17 «ئیسرائیل مێگەلێکی پەرتەوازەیە،
    شێرەکان ڕاویان ناوە.
سەرەتا پاشای ئاشور لووشی دا،
    ئینجا ئەمەی دوایی،
نەبوخودنەسری پاشای بابل،
    ئێسکەکانی هاڕی.»

18 لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت:

«من پاشای بابل و خاکەکەی سزا دەدەم،
    وەک چۆن پاشای ئاشورم سزا دا.
19 بەڵام ئیسرائیل دەگەڕێنمەوە ناو پاوانەکەی خۆی،
    جا لە کارمەل و باشان دەلەوەڕێت،
لە شاخەکانی ئەفرایم و گلعادیش
    تێر دەخوات.»
20 یەزدان دەفەرموێت:
    «لەو ڕۆژانەدا و لەو سەردەمەدا،
بەدوای تاوانی ئیسرائیلدا دەگەڕێن،
    بەڵام نییەتی،
هەروەها بەدوای گوناهی یەهودا دەگەڕێن،
    بەڵام هیچ نادۆزنەوە،
    چونکە ئەوانەی کە دەیانهێڵمەوە لێیان خۆشدەبم.»

21 یەزدان دەفەرموێت: «پەلاماری خاکی میراتەیم[c] و
    دانیشتووانی پەقۆد[d] بدە.
ڕایانماڵە و بیانکوژە و بە تەواوی بیانبڕەوە[e]،
    هەموو ئەوەی فەرمانم پێکردیت بیکە.
22 لە خاکەکە دەنگی جەنگە،
    دەنگی تێکشکانێکی مەزن!
23 چۆن تێکشکا و تەفروتونا بوو،
    چەکوشی هەموو زەوی!
بابل چۆن وێران بوو
    لەنێو نەتەوەکان!
24 ئەی بابل، تەڵەم بۆت نایەوە،
    بەبێ ئەوەی بزانی پێوەبوویت.
دۆزرایتەوە و گیرایت،
    چونکە دژایەتی یەزدانت کرد.
25 یەزدان جبەخانەکەی خۆی کردەوە و
    چەکەکانی تووڕەیی خۆی دەرهێنا،
چونکە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار،
    کارێکی هەیە لە خاکی بابلییەکان.
26 لەوپەڕەوە وەرنە سەری!
    ئەمبارەکانی بکەنەوە،
    وەک کۆمەی دەغڵودان کەڵەکەی بکەن.
بە تەواوی قڕی بکەن،
    پاشماوەی نەمێنێتەوە!
27 هەموو جوانەگاکانی[f] بکوژن،
    با بۆ سەربڕین ببردرێن!
قوڕبەسەریان! چونکە ڕۆژیان هات،
    کاتی سزادانیان.
28 لە خاکی بابلەوە گوێ لە دەنگی هەڵاتووان و دەربازبووان بگرن
    لە سییۆن ڕایبگەیەنن
چۆن یەزدانی پەروەردگارمان تۆڵەی سەندەوە،
    تۆڵەی پەرستگاکەی.

29 «تیرهاوێژەکان بانگ بکەن لە دژی بابل،
    هەموو کەوان بەدەستەکان.
لە هەموو لایەکەوە دابەزنە سەری،
    با کەس دەرباز نەبێت.
بەگوێرەی کردەوەکەی سزای بدەن،
    هەموو ئەوەی کردی پێی بکەنەوە،
چونکە لە ڕووی یەزدان وەستایەوە،
    لە ڕووی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل.
30 لەبەر ئەوە لاوەکانی لە گۆڕەپانەکاندا دەکوژرێن و
    لەو ڕۆژەدا هەموو جەنگاوەرەکانی لەناودەچن.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
31 «ئەی بێ چاوەڕوو، ئەوەتا من لە دژی تۆم،
چونکە ڕۆژت هات،
    کاتی سزادانت.»
    ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار.
32 «جا بێ چاوەڕووەکە ساتمە دەکات و دەکەوێت،
    کەس هەڵیناستێنێتەوە،
منیش ئاگر بەردەدەمە شارۆچکەکانی و
    هەموو دەوروبەرەکەی دەخوات.»

33 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:

«نەوەی ئیسرائیل چەوسێنراوەن،
    هەروەها نەوەی یەهوداش.
هەموو ئەوانەی ڕاپێچیان کردن ئەوانیان گرت،
    ڕازی نەبوون بەڕەڵایان بکەن.
34 بەڵام ئەوەی دەیانکڕێتەوە بەهێزە،
    ناوی یەزدانی سوپاسالارە.
بە چالاکی داکۆکی لە کێشەکەیان دەکات،
    هەتا خاکەکە دەحەسێنێتەوە،
    بەڵام دانیشتووانی بابل هەراسان دەکات.»

35 یەزدان دەفەرموێت: «شمشێر لە دژی بابلییەکانە!
لە دژی دانیشتووانی بابلە و
    لە دژی میر و پیاوە داناکانییەتی!
36 شمشێر لە دژی قسە پووچەکانە![g]
    جا گێل دەبن.
شمشێر لە دژی پاڵەوانەکانییەتی!
    جا دەتۆقن.
37 شمشێر لە دژی ئەسپ و گالیسکەکانییەتی،
    لە دژی هەموو سەربازە بێگانەکان لە ڕیزەکانی ئەو!
    جا دەبن بە ژن.
شمشێر لە دژی گەنجینەکانییەتی!
    جا تاڵان دەکرێن.
38 وشکەساڵی لە دژی ئاوەکانییەتی!
    جا وشک دەبن،
چونکە خاکی بتەکانە،
    ئەو بتانەی شێتی و تۆقین دەهێنن.

39 «لەبەر ئەوە دڕندە بیابانییەکان و کەمتیار تێیدا دەژین،
    کوندەپەپووی تێدا دەژیێت.
ئیتر هەرگیز کەسی تێدا نیشتەجێ نابێت،
    نەوە دوای نەوە ئاوەدان نابێتەوە.
40 وەک چۆن خودا سەدۆم و عەمۆرای سەرەوژێر کرد
    لەگەڵ شارۆچکەکانی دەوروبەری،
هیچ مرۆڤێک لەوێدا نیشتەجێ نابێت،
    هیچ ئادەمیزادێک بۆ ئەوێ ئاوارە نابێت.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

41 «ئەوەتا! سوپایەک لە باکوورەوە دێت،
    نەتەوەیەکی مەزن و چەندین پاشا،
    لەوپەڕی زەوییەوە هەڵدەستێنرێن.
42 کەوان و ڕمیان بە دەستەوەیە،
    دڵڕەقن و بەزەییان نییە.
دەنگیان وەک دەریا هاژەی دێت و
    سواری ئەسپ دەبن،
وەک یەک پیاو ڕیز دەبەستن
    بۆ هێرشکردنە سەر تۆ، ئەی شاری بابل.
43 پاشای بابل هەواڵی ئەوانی بیست،
    ورەی ڕووخا،
تووشی تەنگانە بوو،
    تووشی ئازار بوو وەک ئازاری ژنی ژانگرتوو.
44 ئەوەتا وەک شێرێک لە دەوەنەکانی ڕووباری ئوردونەوە سەردەکەوێت،
    بەرەو لەوەڕگا دەوڵەمەندەکان،
ئاوا لە چاوتروکانێکدا لەوێ بابلییەکان ڕاودەنێم.
    کێ هەڵبژێردراوە کە بیکەم بە سەرپەرشتیاری؟
چونکە کێ وەک منە و کێ کێشەوبەرەم لەگەڵ دەکات؟
    ئەو شوانە کێیە کە دەتوانێ لە ڕووی من بوەستێتەوە؟»

45 لەبەر ئەوە ببیستن خودا چ پلانێکی لە دژی بابل داڕشتووە،
    مەبەستی چی بووە لە دژی خاکی بابلییەکان بیکات:
بچووکەکانی مێگەلەکە ڕادەکێشرێن،
    بەهۆی ئەوان بە تەواوی لەوەڕگاکانیان وێران دەکات.
46 لە دەنگی گرتنی بابل زەوی دەلەرزێت،
    قیژەیان دەگاتە ناو نەتەوەکان.

عیبرانییەکان 8

سەرۆک کاهینی پەیمانی نوێ

گرنگترین خاڵ لەوەی گوترا ئەمەیە: ئێمە سەرۆک کاهینێکی ئاوامان هەیە کە لە ئاسماندا لە دەستەڕاستی تەختی پایەبەرزی دانیشت، خزمەتکاری پیرۆزگا[a] و چادری پەرستنی ڕاستەقینەیە، ئەوەی مەسیحی باڵادەست دایناوە نەک مرۆڤ.

لەبەر ئەوەی هەر سەرۆک کاهینێک بۆ پێشکەشکردنی بەخشین و قوربانی دانراوە، هەر بۆیە پێویست بوو ئەویش شتێکی هەبێت کە پێشکەشی بکات. ئەگەر لەسەر زەوی بووایە، نەدەبووە کاهین، چونکە کەسانێکی هەیە بەگوێرەی تەورات قوربانی بکات. ئەوانەی خزمەتی وێنە و سێبەری شتە ئاسمانییەکان دەکەن، کە موساش بەتەمابوو چادری پەرستن دروستبکات، ئاگادار کرایەوە: [بڕوانە کە هەموو شتێک لەسەر ئەو نموونەیە دروستبکەی کە لەسەر کێوەکە پیشانت دراوە.][b] بەڵام لەڕاستیدا ئەو خزمەتەی کە عیسا وەریگرت لە خزمەتی ئەوان زۆر نایابترە، بەو ئاستەی کە خۆی پەیوەندی ڕێکخەرە بۆ پەیمانێکی باشتر، چونکە پەیمانە نوێیەکەی لەسەر بەڵێنی باشتر بنیاد نراوە.

لەبەر ئەوەی ئەگەر پەیمانی یەکەم بێ کەموکوڕی بووایە، ئیتر شوێن بۆ دووەم داوا نەدەکرا. بەڵام خودا کەموکوڕی لە گەلەکەی دۆزییەوە، بۆیە پێیان دەفەرموێ:

[یەزدان دەفەرموێ: ئەوەتا سەردەمێک دێت،
    پەیمانێکی نوێ لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا دەبەستم.
نەک وەکو ئەو پەیمانەی لەگەڵ باوباپیرانیاندا بەستم
    ئەو ڕۆژەی دەستی ئەوانم گرت بۆ ئەوەی لە خاکی میسر دەریانبهێنم،
چونکە لەسەر پەیمانەکەم نەڕۆیشتن،
    ئیتر منیش پشتگوێم خستن،
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
10 یەزدان دەفەرموێت: ئەمە ئەو پەیمانەیە کە لەدوای ئەو ڕۆژانە لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیلدا دەیبەستم،
فێرکردنەکانم دەخەمە ناو بیرکردنەوەیان و
    لەسەر دڵیان دەینووسم،
من دەبم بە خودای ئەوان و
    ئەوانیش دەبن بە گەلی من.
11 لەمەودوا کەس هاوڕێکەی خۆی یان
    براکەی خۆی فێرناکات و بڵێت، «یەزدان بناسە،»
چونکە هەموویان دەمناسن،
    لە بچووکیانەوە هەتا گەورەیان،
12 چونکە لە تاوانەکانیان خۆشدەبم، چیتر
    گوناهەکانیان بەبیری خۆم ناهێنمەوە.][c]

13 کاتێک باسی ئەم پەیمانە دەکات و دەفەرموێ: «نوێ»، پەیمانی یەکەم کۆن دەکات. شتێکیش کە کۆن بوو و پیر بوو، ئەوا لە فەوتان نزیکە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.