Old/New Testament
پەیامێک سەبارەت بە مۆئاب
48 بۆ مۆئاب:
یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت:
«قوڕبەسەر نەبۆ، چونکە وێران دەبێت،
قیریاتەیم شەرمەزار دەبێت و دەگیرێت،
قەڵاکە شەرمەزار دەبێت و دەڕووخێت.
2 شانازی مۆئاب نامێنێت،
لە حەشبۆن پیلانی خراپەیان لە دژی گێڕا،
”وەرن، با کۆتایی بەو نەتەوەیە بهێنین.“
هەروەها تۆش ئەی مەدمێن[a] کپ دەبیت،
شمشێر دوات دەکەوێت.
3 گوێ لە دەنگی هاوار بگرن لە حۆرۆنایمەوە دێت،
هاواری لەناوچوون و وێرانبوونێکی گەورە.
4 مۆئاب تێکدەشکێت،
بچووکەکانی هاواریان لێ بەرز دەبێتەوە.
5 سەردەکەون بۆ هەورازەکەی ڕێگای لوحیت،
بەدەم ڕێگاوە بەکوڵ دەگریێن،
لە ڕێگا نشێوەکەی بەرەو حۆرۆنایم
هاواری شکست دەبیسترێت.
6 هەڵێن و خۆتان دەرباز بکەن!
ببن بە سەرو لە چۆڵەوانی.
7 لەبەر پشتبەستنت بە کردار و گەنجینەکانت،
تۆش دەگیرێیت،
کەمۆش[b] ڕاپێچ دەکرێت،
کاهین و پیاوە گەورەکانی پێکەوە.
8 وێرانکەر بۆ هەموو شارۆچکەکان دێت،
هیچ شارۆچکەیەک دەرباز نابێت.
دۆڵ لەناودەچێت،
دەشت وێران دەبێت،
وەک ئەوەی یەزدان فەرمووی.
9 خوێ بەسەر خاکی مۆئابدا بکەن،
چونکە دەبێتە چۆڵەوانی.[c]
شارۆچکەکانی وێران دەبن،
بەبێ ئاوەدانی دەبن.
10 «نەفرەت لێکراوە ئەوەی بە تەوەزەلی کاری یەزدان دەکات!
نەفرەت لێکراوە ئەوەی شمشێرەکەی لە خوێنڕشتن ڕادەگرێت!
11 «مۆئاب لە هەڕەتی گەنجییەوە دڵنیایە،
ڕاپێچیش نەکراوە،
وەک مەی بەسەر خڵتەکەیەوە مەنگە،
لە دەفرێکەوە بۆ دەفرێکی دیکە نەشڵەقاوە،
لەبەر ئەوە تامەکەی هەر ماوە و
بۆنیشی نەگۆڕاوە.
12 یەزدان دەفەرموێت:
لەبەر ئەوە ڕۆژێک دێت،
بۆ تێکدانی ئەو کەسانەی بۆ دەنێرم کە لە ئەمباری مەی ئیش دەکەن،
ئەوان دەیڕێژن و
دەفرەکانی بەتاڵ دەکەن و
گۆزەکانی وردوخاش دەکەن.
13 جا مۆئاب شەرمەزاری کەمۆش دەبێت،
هەروەک بنەماڵەی ئیسرائیل شەرمەزاری بێتئێل بوون
کە پشتیان پێی بەستبوو.
14 «چۆن دەڵێن: ”ئێمە پاڵەوانین و
پیاوی بەهێزین بۆ جەنگ“؟
15 مۆئاب تەفروتونا دەبێت، شارۆچکەکانی داگیر دەکرێت،
باشترین لاوەکانی بۆ سەربڕین دادەبەزن.»
ئەمە فەرمایشتی پاشایە، ئەوەی ناوی یەزدانی سوپاسالارە.
16 «لەناوچوونی مۆئاب نزیک بووەتەوە،
بەڵاکەی زۆر بە خێرایی دێت.
17 ئەی هەموو ئەوانەی لە دەوروبەری ئەون، بۆی بلاوێننەوە،
ئەی هەموو ئەوانەی ناوبانگی دەزانن،
بڵێن: ”چۆن داردەستی بەهێز شکا،
شکۆ و دەسەڵاتی نەما!“
18 «لە شکۆمەندی خۆت وەرە خوارەوە و
لەسەر زەوی وشک دابنیشە،
ئەی دانیشتووانی شاری دیڤۆن،
چونکە تەفروتوناکەرەکەی مۆئاب
دێتە سەر ئێوە،
شارە قەڵابەندەکانی ئێوەی کاول دەکات.
19 ئەی دانیشتووانی شاری عەرۆعێر،
لەسەر ڕێگا بوەستن و بڕوانن.
لە پیاوی هەڵاتوو و ژنی دەربازبوو بپرسن،
بڵێن: ”چی ڕوویدا؟“
20 مۆئاب ئابڕووی چوو، چونکە شکێنرا.
واوەیلا بکە و هاوار بکە!
لەلای ڕووباری ئەرنۆنەوە ڕایبگەیەنن
کە مۆئاب تەفروتونا بووە.
21 حوکمدان بەسەر زەوی دەشتەکەدا هات،
بەسەر حۆلۆن و یەهچا و مێفەعەت،
22 بەسەر دیڤۆن و نەبۆ و بێتدیڤلاتایم،
23 بەسەر قیریاتەیم و بێتگاموول و بێتمەعۆن،
24 بەسەر قەریۆت و بۆزرا،
بەسەر هەموو شارۆچکەکانی خاکی مۆئاب، دوور و نزیکەکان.
25 هێزی مۆئاب بڕایەوە،
بازووی شکا.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
26 «سەرخۆشی بکەن،
چونکە بەرامبەر بە یەزدان خۆی بە زل زانی.
با مۆئاب لەناو ڕشانەوەکەی خۆی بگەوزێت،
ببێتە مایەی گاڵتەجاڕی.
27 ئەی تۆ بە ئیسرائیل پێنەکەنیت؟
ئایا ئەو لەنێو دزان گیرا،
هەر کاتێک باست دەکرد،
سەرت دەلەقاند؟
28 ئەی دانیشتووانی مۆئاب،
شارۆچکەکان بەجێبهێڵن و لەناو بەردەکاندا نیشتەجێ بن.
وەک کۆتر بن کە هێلانەی
لەدەم ئەشکەوتدا دەکات.
29 «لووتبەرزی مۆئابمان بیستووە،
زۆر لووتبەرزە،
خۆبەزلزانی و لووتبەرزی و
فیز و شانازییەکەی لە دڵەوە.
30 یەزدان دەفەرموێت: من بێ شەرمی ئەوم زانیوە، بەڵام قسەی پووچە.
کردارە پووچەکانی بێ سوودن.
31 لەبەر ئەوە واوەیلا بۆ مۆئاب دەکەم،
بۆ سەراپای مۆئاب هاوار دەکەم،
بۆ پیاوانی قییر حەراسەت دەنووزێمەوە.
32 ئەی مێوی سیڤما،
وەک گریانی یەعزێر بۆت دەگریێم.
لقەکانت لە دەریا پەڕینەوە،
گەیشتنە دەریای یەعزێر.
تەفروتوناکەر کەوتە سەر
میوە پێگەیشتوو و هێشووە ترێیەکانت.
33 خۆشی و دڵشادی داماڵران
لە ڕەزەکان و لە خاکی مۆئاب.
شەرابم لە گوشەر ڕاگرت،
بە هاواری خۆشییەوە پێپەست ناکرێت،
ئەگەر هاوارکردن هەبێت،
لە خۆشیدا هاوار ناکەن.
34 «دەنگی هاواریان بەرزبووەوە،
لە حەشبۆنەوە هەتا ئەلعالێ و هەتا یەهەچ،
لە زۆعەرەوە هەتا حۆرۆنایم و عەگلەت شەلیشیا،
چونکە هەروەها ئاوی نیمریمیش وشک دەبێت.
35 لە مۆئاب کۆتایی دەهێنم
بەوانەی لە نزرگەکانی سەر بەرزایی قوربانی پێشکەش دەکەن و
بخوور بۆ خوداوەندەکانی دادەگیرسێنن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
36 «لەبەر ئەوە دڵم بۆ مۆئاب وەک شمشاڵ ناڵەی دێت،
دڵم بۆ پیاوانی قییر حەراسەت وەک شمشاڵ دەناڵێنێت،
چونکە ئەو سامانەی بەدەستیان هێنا لەناوچوو.
37 چونکە هەموو سەرێک تاشراوە و
هەموو ڕیشێک کورت کراوەتەوە،
هەموو دەستێک بریندار کراوە و
هەموو ناوقەدێک بە جلوبەرگی گوش داپۆشراوە.
38 لەسەر هەموو سەربانەکانی مۆئاب و
لە هەموو شەقامەکانی
جگە لە گریان هیچی دیکە نییە،
چونکە مۆئابم شکاند،
وەک گۆزەیەک کەس نەیەوێت.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
39 «چۆن شکا! چۆن واوەیلا دەکەن!
چۆن مۆئاب لە شەرمان ڕووی وەرگێڕا!
مۆئاب بووە مایەی گاڵتەجاڕی و
ترسناکی بۆ هەموو ئەوانەی دەوروبەری.»
40 یەزدان ئەوە دەفەرموێت:
«تەماشا بکەن! دوژمن وەک هەڵۆ بەرز دەفڕێت،
بەسەر مۆئابدا باڵەکانی لێک دەکاتەوە.
41 قەریۆت دەگیرێت و
قەڵاکان دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
لەو ڕۆژەدا دڵی پاڵەوانەکانی مۆئاب
وەک دڵی ژنی ژانگرتووی لێدێت.
42 مۆئاب لەوە دەکەوێت کە ببێتە گەل،
چونکە بەرامبەر بە یەزدان خۆی بە زل زانی.
43 ئەی دانیشتووی مۆئاب،
ترس و چاڵ و تەڵە چاوەڕێت دەکات.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
44 «ئەوەی لە ترس هەڵدێت
دەکەوێتە ناو چاڵەکەوە،
ئەوەی لە چاڵەکە دێتە دەرەوە
بە تەڵەکەوە دەبێت،
چونکە ساڵی سزادان
بەسەر مۆئابدا دەهێنم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
45 «لە سێبەری حەشبۆن
هەڵاتووەکان بە بێهێزی وەستاون،
چونکە لە حەشبۆنەوە ئاگرێک دەرچوو،
گڕێکیش لەنێو سیحۆنەوە،
ناوچەوانی مۆئاب و
کەللەسەری گەلی بە هاتوهاوار دەخوات.
46 قوڕبەسەرت مۆئاب!
خەڵکی کەمۆش لەناوچوو،
کوڕەکانی تۆیان ڕاپێچ کرد و
کچەکانت بە دیل بردران.
47 «بەڵام لە ئایندەدا،
ڕاپێچکراوەکانی مۆئاب دەگەڕێنمەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
ئێرە کۆتایی حوکم بەسەردادانی مۆئابە.
پەیامێک سەبارەت بە عەمۆن
49 بۆ عەمۆنییەکان:
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئایا ئیسرائیل کوڕی نییە،
یان میراتگری نییە؟
بۆچی مۆلەخ گاد داگیر بکات و
گەلەکەشی لەناو شارۆچکەکانی ئەودا نیشتەجێ بن؟»
2 یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئەوەتا ڕۆژێک دێت،
وا دەکەم لە شاری ڕەبەی عەمۆنییەکان،
نەعرەتەی جەنگ ببیسترێت،
جا دەبێتە گردێکی وێران و
شارۆچکەکانیشی بە ئاگر دەسووتێن،
ئیسرائیلیش داگیرکەرانی خۆی داگیر دەکات.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
3 «ئەی حەشبۆن واوەیلا بکە، چونکە عای تەفروتونا بوو!
ئەی دانیشتووانی ڕەبە هاوار بکەن!
بەرگی لە گوش دروستکراو لەبەر بکەن و شین بگێڕن،
بەناو شووراکانیدا بسووڕێنەوە،
چونکە مۆلەخ ڕاپێچ دەکرێت،
خۆی و کاهین و پیاوە گەورەکانی.
4 بۆ شانازی بە دۆڵەکانتەوە دەکەیت؟
بۆ شانازی بە دۆڵە پڕ بەروبوومەکانتەوە دەکەیت؟
ئەی کچی هەڵگەڕاوە،
ئەوەی پشت بە گەنجینەکانت دەبەستیت و دەڵێیت،
”کێ پەلامارم دەدات؟“»
5 یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار، دەفەرموێت:
«ئەوەتا من ترست دەهێنمە سەر
لە هەموو ئەوانەی دەوروبەرت.
جا هەریەکە لە ئێوە دەردەکرێت و
کەس نابێت ونبووان کۆبکاتەوە.
6 «پاش ئەمە ڕاپێچکراوانی عەمۆنییەکان دەگەڕێنمەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
پەیامێک سەبارەت بە ئەدۆم
7 بۆ ئەدۆم:
یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«ئایا ئیتر دانایی لە تێمان نییە؟
ئایا ڕاوێژ لەلای تێگەیشتووان نەماوە؟
ئایا داناییەکەیان پووچەڵ بووەتەوە؟
8 ئەی دانیشتووانی دیدان، بکشێنەوە و هەڵێن،
بڕۆن لە ئەشکەوتە قووڵەکان خۆتان بشارنەوە،
چونکە بەڵاکەی عیسۆی بەسەردەهێنم
لەو کاتەی سزای دەدەم.
9 ئەگەر ڕەزبڕت[d] بۆ بێت،
ئایا هەندێک ترێ بەجێناهێڵن؟
ئەگەر بە شەو دزت بۆ بێت،
ئایا تەنها ئەوەی پێویستیان بێت نایدزن؟
10 بەڵام من عیسۆ ڕووت دەکەمەوە،
شوێنە نهێنییەکانی دەردەخەم،
ناتوانێت خۆی بشارێتەوە،
منداڵ و برا و دراوسێکانی تەفروتونا دەکرێت،
ئیتر کەس بە زیندوویی نامێنێتەوە بۆ ئەوی بڵێت:
11 ”هەتیوەکانت جێبهێڵە، من دەیانپارێزم،
با بێوەژنەکانت پشت بە من ببەستن.“»
12 سەبارەت بەمە یەزدان دەفەرموێت: «ئەگەر ئەوانەی شایانی ئەوە نین لە جامەکە بخۆنەوە، بەڵام بە تەواوی خواردیانەوە، ئایا تۆ بە تەواوی بێ سزا دەبیت؟ بێ سزا نابیت، بەڵکو دەبێت بیخۆیتەوە. 13 یەزدان دەفەرموێت: چونکە سوێندم بە خۆم خواردووە، کە بۆزرا وێران بێت، ڕیسوا بێت، بڕووخێت و نەفرەتبار بێت و هەموو شارۆچکەکانیشی هەتاهەتایە بە ڕووخاوی بمێنێتەوە.»
14 هەواڵێکم لەلایەن یەزدانەوە بیست،
نێردراوێک بۆ نەتەوەکان نێردراوە تاکو پێیان بڵێت:
«کۆببنەوە و پەلاماری بدەن،
هەستن بۆ جەنگ.»
15 «ئێستا لەنێو گەلاندا بچووکت دەکەمەوە،
لەنێو مرۆڤدا ڕیسوا دەبیت.
16 تۆ سامت لەسەر خەڵک هەبوو،
فیزی دڵت هەڵیخەڵەتاندی،
ئەی نیشتەجێی نێو کەلێنی تاشەبەرد،
ئەوەی لەسەر بەرزایی گردیت،
تەنانەت ئەگەر وەک هەڵۆ هێلانەکەت لە بەرزایی دانێیت،
لەوێوە دەتهێنمە خوارەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
17 «ئەدۆم دەبێتە وێرانە،
هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەرسام دەبێت،
گاڵتەی پێ دەکات لەسەر هەموو ئەوەی بەسەری هاتووە.
18 وەک سەرەوژێربوونی سەدۆم و عەمۆرا
و شارۆچکەکانی دەوروبەری،
هیچ مرۆڤێک لەوێدا نیشتەجێ نابێت،
هیچ ئادەمیزادێک بۆ ئەوێ ئاوارە نابێت.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
19 «ئەوەتا وەک شێرێک لە دەوەنەکانی ڕووباری ئوردونەوە سەردەکەوێت،
بەرەو لەوەڕگا دەوڵەمەندەکان،
ئاوا لە چاوتروکانێکدا لەوێ ئەدۆمییەکان ڕاودەنێم.
کێ هەڵبژێردراوە کە بیکەم بە سەرپەرشتیاری؟
چونکە کێ وەک منە و کێ کێشەوبەرەم لەگەڵ دەکات؟
ئەو شوانە کێیە کە دەتوانێ لە ڕووی من بوەستێتەوە؟»
20 لەبەر ئەوە ببیستن خودا چ پلانێکی لە دژی ئەدۆم داڕشتووە،
مەبەستی چی بووە لە دژی دانیشتووانی تێمان بیکات:
بچووکەکانی مێگەلەکە ڕادەکێشرێن،
بەهۆی ئەوان بە تەواوی لەوەڕگاکانیان وێران دەکات.
21 لە دەنگی کەوتنیان زەوی دەلەرزێت،
قیژەیان دەگاتە دەریای سوور[e].
22 تەماشا بکەن! دوژمن وەک هەڵۆ بەرز دەبێتەوە و دەفڕێت،
بەسەر بۆزرادا باڵەکانی لێک دەکاتەوە.
لەو ڕۆژەدا دڵی پاڵەوانانی ئەدۆم
وەک دڵی ژنی ژانگرتووی لێدێت.
پەیامێک سەبارەت بە دیمەشق
23 بۆ دیمەشق:
«حەمات و ئەرپاد شەرمەزار بوون،
چونکە هەواڵێکی خراپیان بیست،
لە ترسان توانەوە،
وەک دەریا شڵەژاون و ئارام نابنەوە.
24 دیمەشق هێزی لەبەر بڕا،
ڕووی وەرگێڕا بۆ هەڵاتن،
شڵەژا و تانگەتاو بوو
وەک ژنی ژانگرتوو.
25 چۆن واز لە شارە بەناوبانگەکە نەهێنرا،
ئەو شارۆچکەیەی کە شوێنی شادی من بوو!
26 بێگومان لەو ڕۆژەدا، لاوەکانی لەناو شەقامەکان دەکوژرێن،
هەموو جەنگاوەرەکانی لەناودەچن.»
ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.
27 «ئاگرێک لە دیواری دیمەشق بەردەدەم،
قەڵاکانی بەنهەدەد دەخوات.»
پەیامێک سەبارەت بە قێدار و حاچۆر
28 بۆ قێدار و شانشینەکانی حاچۆر، ئەوەی نەبوخودنەسری پاشای بابل لێیدا:
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەی بابلییەکان، هەستن هێرش ببەن بۆ قێدار،
خەڵکی ڕۆژهەڵات تەفروتونا بکەن.
29 ڕەشماڵ و مەڕەکانیان دەبردرێن،
خێوەت و هەموو قاپوقاچاغەکانیان و
وشترەکانیان دەهێنرێن.
بانگیان بکەن:
”لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە!“»
30 یەزدان دەفەرموێت: «ڕابکەن و دوور هەڵێن!
ئەی دانیشتووانی حاچۆر، لە ئەشکەوتە قووڵەکان نیشتەجێ بن.
نەبوخودنەسری پاشای بابل لە دژی ئێوە ڕاوێژی کردووە،
لە دژی ئێوە پیلانی داناوە.
31 «هەستن هێرش ببەنە سەر نەتەوەیەکی ئاسوودە،
بە پشت ئەستوورییەوە نیشتەجێیە.
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
نە دەرگا و نە شمشیرەی[f] هەیە،
بە تەنهایی نیشتەجێیە.
32 وشترەکانیان بە تاڵان دەبردرێن و
ماڵاتی زۆریان دەبێتە دەستکەوت.
بە هەموو بایەک
قژبڕاوەکان[g] شەن دەکەم،
لە هەموو لایەکەوە کارەساتیان بەسەردەهێنم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
33 «حاچۆر بۆ هەتاهەتایە
دەبێتە داڵدەی چەقەڵ و چۆڵەوانی.
هیچ مرۆڤێک لەوێ نیشتەجێ نابێت،
هیچ ئادەمیزادێک ئاوارەی ئەوێ نابێت.»
پەیامێک سەبارەت بە ئیلام
34 ئەو فەرمایشتەی یەزدان کە لە سەرەتای پاشایەتییەکەی سدقیای پاشای یەهودا بۆ یەرمیای پێغەمبەر هات، سەبارەت بە ئیلام، پێی فەرموو:
35 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«ئەوەتا من کەوانی ئیلام دەشکێنم،
کە سەرچاوەی هێزیانە.
36 چوار با لە هەر چوار لای ئاسمانەوە،
بەسەر ئیلامدا دەهێنم،
بەم چوار بایە شەنیان دەکەم،
هەتا نەتەوە نەبێت
کە دوورخراوەکانی ئیلامی بۆ نەچوو بێت.
37 ئیلامییەکان لەبەردەم دوژمنانیان دەتۆقێنم،
لەبەردەم ئەوانەی دەیانەوێ بیانکوژن،
بەڵایان بەسەردەهێنم،
گڕی تووڕەییم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«بە شمشێر ڕاویان دەنێم
هەتا کۆتاییان دەهێنم.
38 تەختی خۆم لە ئیلام دادەنێم و
لەوێ پاشا و پیاوە گەورەکانی لەناودەبەم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
39 «بەڵام لە ئایندەدا،
ڕاپێچکراوەکانی ئیلام دەگەڕێنمەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
مەلکیسادقی کاهین
7 ئەم مەلکیسادقە پاشای شالیم بوو، هەروەها کاهینی خودای هەرەبەرز بوو، کاتێک ئیبراهیم لە بەزاندنی پاشاکان گەڕایەوە، تووشی بوو و داوای بەرەکەتی بۆ کرد،[a] 2 ئەوەی ئیبراهیم دەیەکی هەموو شتێکی بۆ جیا کردەوە. یەکەم جار ناوی بە واتای «پاشای ڕاستودروستی» دێت، دواتر «پاشای شالیم» واتە «پاشای ئاشتی». 3 بێ دایک و باوک، بێ ڕەچەڵەکە، بێ سەرەتای ڕۆژان و کۆتایی ژیان، بەڵکو وەک کوڕی خودا وایە، هەتاهەتایە وەک کاهین دەمێنێتەوە.
4 سەیر بکەن ئەمە چەند گەورە بووە، تەنانەت ئیبراهیمی بابەگەورە دەیەکی دەستکەوتی داوەتێ. 5 بەڵام ئەوانەی لە نەوەی لێڤین و کاهینیێتییان وەرگرتووە، ڕاسپاردەیان هەیە کە بەگوێرەی تەورات دەیەک لە خەڵک وەربگرن، کە برایانن، هەرچەندە لە پشتی ئیبراهیمن. 6 ئەوەی لە ڕەچەڵەکی ئەوانیش نییە، دەیەکی لە ئیبراهیم وەرگرت و ئەوەی بەڵێنەکانی هەیە بەرەکەتداری کرد. 7 بێگومان بچووکترین لەلایەن گەورەترین بەرەکەتدار دەکرێت. 8 لێرەش خەڵکی کە دەمرن دەیەک وەردەگرن، بەڵام لەوێ شایەتی بۆ دەدرێت کە زیندووە[b]. 9 ئاوا قسەیەک دەکرێت: تەنانەت لێڤی[c] کە دەیەک وەردەگرێ، خۆی لە ڕێگەی ئیبراهیمەوە دەیەکی داوە، 10 چونکە کاتێک مەلکیسادق تووشی ئیبراهیم بوو، هێشتا لێڤی لە پشتی باوکیدا بوو.
عیسا وەک مەلکیسادقە
11 ئێستا ئەگەر بە ڕێگەی کاهینیێتی لێڤی تەواوەتی[d] بەدەستبهاتبایە، کە گەلیش لەسەر ئەمە تەوراتی وەرگرت، ئایا پێویستە کاهینێکی دیکە لە پلەی مەلکیسادق و نەک لە پلەی هارون دابنرێت؟ 12 چونکە ئەگەر کاهینیێتی بگۆڕێت، ئەوا پێویستە شەریعەتیش بگۆڕێت. 13 ئەوەی ئەم باسەی لەسەر دەکرێ، سەر بە هۆزێکی جیاوازە، کەسیش لەم هۆزە خزمەتی قوربانگای[e] نەکردووە. 14 ئاشکرایە کە مەسیحی خاوەن شکۆمان سەر بە هۆزی یەهودایە، موساش لەبارەی کاهینیێتی باسی ئەم هۆزەی نەکردووە. 15 زۆر ڕوونتریشە، ئەگەر لە شێوەی مەلکیسادق کاهینێکی دیکە دەربکەوێت، 16 کە ئەو بەپێی تەورات بە کاهین دانەنراوە کە لە ڕێگەی ڕەچەڵەکەوەیە، بەڵکو بەپێی هێزی ئەو ژیانەی کە لەناوناچێت، 17 چونکە شایەتی دەدات:
[هەتاهەتایە تۆ کاهینیت،
لە پلەی مەلکیسادق.][f]
18 ئیتر ڕاسپاردەی پێشوو لابردرا، لەبەر ئەوەی لاواز و بێ سوود بوو، 19 چونکە تەورات هیچ شتێکی تەواو نەکرد، بەڵکو هیوایەکی چاکتر هاتە کایەوە کە بەهۆیەوە لە خودا نزیک دەبینەوە.
20 ئەمەش بێ سوێند نەبوو. ئەوانەی دیکە بێ سوێند بوون بە کاهین، 21 بەڵام ئەمە بە سوێندەوە بوو، لەوەی پێی فەرموو:
[یەزدان سوێندی خواردووە و
بڕیاری ناگۆڕێت:
«هەتاهەتایە تۆ کاهینیت.»][g]
22 بەگوێرەی ئەم سوێندەش عیسا بووە دەستەبەری پەیمانێکی باشتر.
23 کاهینەکان زۆربوون، چونکە مەرگ بووە کۆسپ لەوەی بەردەوام بن. 24 بەڵام چونکە عیسا هەتاهەتایە دەمینێتەوە، کاهینیێتییەکی نەگۆڕی هەیە. 25 لەمەوەش دەتوانێ ئەوانە بە تەواوی ڕزگار بکات کە لە ڕێگەی ئەوەوە دەچنە لای خودا، ئەو هەمیشە دەژیێت تاکو داکۆکییان لێ بکات.
26 لەڕاستیدا ئەو جۆرە سەرۆک کاهینە هەموو پێویستییەکانمان دابین دەکات، ئەو پیرۆز و بێ گلەیی و بێگەردە، لە گوناهباران جیا کرایەوە و لە ئاسمان بەرزتر کرا. 27 ئەو پێویستی بەوە نییە وەک سەرۆک کاهینانی دیکە ڕۆژانە قوربانی بکات، یەکەم بۆ گوناهەکانی خۆی و دوایی بۆ گوناهەکانی گەلەکەی، چونکە یەک جار خۆی کرد بە قوربانی بۆ هەمووان. 28 تەورات کەسانێک لە پێگەی سەرۆک کاهین دادەنێت کە لاوازییان هەیە، بەڵام وشەی سوێند کە دوای تەوراتە، کوڕەکە[h] دادەنێت کە هەتاهەتایە تەواوکراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.