Old/New Testament
بەڕەڵاکردنی یەرمیا
40 ئەو پەیامەی لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، پاش ئەوەی نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا لە ڕامە یەرمیای بەڕەڵا کرد، کە بینیبووی یەرمیا بە زنجیر بەند کراوە و لەنێو هەموو ڕاپێچکراوەکانی ئۆرشەلیم و یەهودایە کە بۆ بابل ڕاپێچ کراون. 2 فەرماندەی پاسەوانانی پاشا یەرمیای برد و پێی گوت: «یەزدانی پەروەردگارت سەبارەت بەم شوێنە ئەم بەڵایەی فەرموو. 3 ئێستاش یەزدان ئەنجامی دا، هەروەک فەرمووی کردی. هەموو ئەو شتانەتان لەبەر ئەوە بەسەرهات گوناهتان کرد لە دژی یەزدان و گوێڕایەڵی نەبوون. 4 ئەمڕۆ من ئازادت دەکەم لەو سندمانەی بەدەستتەوەیە. جا ئەگەر پێت باشە لەگەڵم بێیتە بابل، وەرە و منیش چاوم لێت دەبێت. بەڵام ئەگەر حەز ناکەیت، مەیێ. تەماشا بکە، هەموو خاکەکە لەبەردەمتە، جا کوێت پێ باشە و بۆت دەگونجێ، بڕۆ ئەوێ.» 5 بەڵام بەر لە گەڕانەوەی یەرمیا، نەبوزەرەدان گوتی: «بگەڕێوە لای گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافان، ئەوەی پاشای بابل بەسەر شارۆچکەکانی یەهوداوە دایناوە، لەنێو خەڵکەکە لەلای ئەو بمێنەوە، یانیش هەرکوێیەک پێت باشە و بۆت دەگونجێ بڕۆ ئەوێ.»
پاشان فەرماندەی پاسەوانانی پاشا توێشو و دیارییەکی پێیدا و بەڕەڵای کرد. 6 یەرمیاش هاتە لای گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام لە میچپا و لەلای ئەو مایەوە، لەناو ئەو خەڵکەی لە خاکەکەدا مابوونەوە.
کوشتنی گەدەلیاهو
7 کاتێک هەموو سەرلەشکرەکان، ئەوانەی لەناو کێڵگەکان بوون، خۆیان و پیاوەکانیان بیستیان کە پاشای بابل گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کردووە بە فەرمانڕەوای خاکەکە و سەرپەرشتیاری ژن و پیاو و منداڵان، ئەو هەژارانەی خاکەکە کە بۆ بابل ڕاپێچ نەکراون، 8 هاتنە میچپا بۆ لای گەدەلیاهو. ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ، یۆحانان و یۆناتانی کوڕانی قارێیەح، سەرایای کوڕی تەنحومەت، کوڕەکانی عێفەیی نەتۆفاتی و یازەنیاهوی کوڕی مەعکاتی، خۆیان و پیاوەکانیان. 9 گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافانیش سوێندی بۆ ئەوان و پیاوەکانیان خوارد، پێی گوتن: «مەترسن لەوەی خزمەتی بابلییەکان بکەن. لە خاکەکە نیشتەجێ بن و خزمەتی پاشای بابل بکەن، ئەوەی باشە بۆتان دەبێت. 10 منیش لە میچپا دادەنیشم، بۆ ئەوەی لەبەردەم ئەو بابلییانە نوێنەرایەتی ئێوە بکەم کە دێنە لامان. بەڵام ئێوە شەراب و هەنجیر و زەیت کۆبکەنەوە، بیخەنە ناو کۆڵەبارەکانتانەوە، لەو شارۆچکانەی گرتووتانە نیشتەجێ بن.»
11 کاتێک هەموو ئەو جولەکانەی لە مۆئاب و لەنێو عەمۆنییەکان و لە ئەدۆم و ئەوانەی لە هەموو خاکەکانی دیکە بوون، بیستیان کە پاشای بابل پاشماوەی بۆ یەهودا هێشتووەتەوە، گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافانی کردووە بە فەرمانڕەوایان، 12 هەموو جولەکەکان لە هەموو ئەو شوێنانەی پەرتەوازە بوون بۆی گەڕانەوە، هاتنەوە خاکی یەهودا، بۆ لای گەدەلیاهو لە میچپا. شەراب و هەنجیرێکی گەلێک زۆریان کۆکردەوە.
13 ئینجا یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو سەرلەشکرەکان کە لە کێڵگەکان بوون هاتنە میچپا بۆ لای گەدەلیاهو، 14 پێیان گوت: «ئایا تۆ نازانیت کە بەعلیسی پاشای عەمۆنییەکان، ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆی ناردووە تۆ بکوژێت؟» بەڵام گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام باوەڕی پێ نەکردن.
15 ئینجا یۆحانانی کوڕی قارێیەح بەدزییەوە لە میچپا قسەی لەگەڵ گەدەلیاهو کرد و گوتی: «ڕێم بدە بچم ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ بکوژم، بێ ئەوەی هیچ کەس پێی بزانێت. بۆچی ئەو تۆ بکوژێت، هەموو ئەو جولەکانەی لە دەوری تۆ کۆبوونەتەوە پەرتەوازە بن و پاشماوەی یەهودا لەناوبچێت؟»
16 بەڵام گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام بە یۆحانانی کوڕی قارێیەحی گوت: «ئەم شتە مەکە، چونکە ئەوەی تۆ سەبارەت بە ئیسماعیل دەیڵێیت ڕاست نییە.»
41 لە مانگی حەوت ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆی کوڕی ئەلیشاماع کە لە ڕەچەڵەکی شاهانە بوو، یەکێک بوو لە گەورە پیاوانی پاشا، لەگەڵ دە پیاو هاتنە میچپا بۆ لای گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام. کاتێک پێکەوە نانیان دەخوارد، 2 ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ لەگەڵ ئەو دە پیاوەی لەگەڵی بوون هەستان و بە شمشێر لە گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافانیان دا و کوشتیان، ئەوەی پاشای بابل کردبوو بە فەرمانڕەوای خاکەکە. 3 هەروەها ئیسماعیل هەموو ئەو جولەکانەشی کوشت کە لە میچپا لەگەڵ گەدەلیاهو بوون، هەروەها ئەو سەربازە بابلییانەشی کوشت کە لەو ناوە بوون.
4 لە ڕۆژی پاش کوشتنی گەدەلیاهو، بەر لەوەی کەس پێی بزانێت، 5 هەندێک پیاو لە شەخەم و شیلۆ و سامیرەوە هاتن، هەشتا پیاوی ڕیش تاشراو و جل دادڕاو، لەشی خۆیان بریندار کردبوو، هاتن و پێشکەشراوی دانەوێڵە و بخووری سادەیان بەدەستەوە بوو بۆ ئەوەی بیبەنە ناو ماڵی یەزدان. 6 ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆش لە میچپا هاتە دەرەوە تاکو پێشوازییان لێ بکات، دەڕۆیشت و دەگریا. کە پێیان گەیشت پێی گوتن: «وەرن بۆ لای گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقام.» 7 کاتێک گەیشتنە ناوەڕاستی شارەکە، ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ لەگەڵ ئەو پیاوانەی کە لەگەڵی بوون، ئەوانیان کوشت و فڕێیان دانە ناو ئەمباراوێک. 8 بەڵام دە پیاویان تێدابوو گوتیان: «مەمانکوژە، گەنم و جۆ و زەیت و هەنگوینمان هەیە و لە کێڵگەدا شاردراوەتەوە.» جا ئیسماعیل دەستی گێڕایەوە و لەگەڵ براکانیان نەیکوشتن. 9 ئەو ئەمباراوەی ئیسماعیل لاشەی هەموو ئەو پیاوانەی فڕێدا ناوی کە بەهۆی گەدەلیاهوەوە کوشتبوونی، ئەو ئەمباراوە بوو کە ئاسا پاشا بۆ بەرگری لە دژی بەعشای پاشای ئیسرائیل دروستی کردبوو، جا ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ بە کوژراوان پڕی کردەوە.
10 پاشان ئیسماعیل، هەموو پاشماوەی گەل کە لە میچپا بوون ڕاپێچی کردن، کچەکانی پاشا و هەموو ئەو خەڵکەی لەوێ مانەوە، ئەوانەی نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا، گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی بە سەرپەرشتیار بەسەریانەوە دانا. ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ ڕاپێچی کردن و ڕۆیشت، هەتا بۆ لای عەمۆنییەکان بپەڕێتەوە.
11 کاتێک یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو ئەو سەرلەشکرانەی لەگەڵی بوون، ئەو خراپانەیان بیستەوە کە ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ کردبووی، 12 هەموو پیاوەکانیان برد و چوون بۆ شەڕکردن لەگەڵ ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ، لەلای گۆمەکەی گبعۆن تووشی بوون. 13 ئەو ڕاپێچکراوانەی لەگەڵ ئیسماعیل بوون دڵشاد بوون کاتێک یۆحانانی کوڕی قارێیەحیان لەگەڵ هەموو سەرلەشکرەکان بینی کە لەگەڵی بوون، 14 جا هەموو ئەو گەلەی ئیسماعیل لە میچپاوە ڕاپێچی کردبوون گەڕانەوە و چوون بۆ لای یۆحانانی کوڕی قارێیەح. 15 بەڵام ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ، بە هەشت پیاوەوە لە یۆحانان دەرباز بوون و چوونە لای عەمۆنییەکان.
هەڵاتن بۆ میسر
16 ئینجا یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو سەرلەشکرەکان کە لەگەڵی بوون، هەموو پاشماوەی گەلیان لە میچپا بردەوە، ئەوانەی لە ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ وەریانگرتنەوە، دوای ئەوەی ئیسماعیل گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوشتبوو، جەنگاوەرە بەتواناکان و ژن و منداڵ و کاربەدەستان بوون کە لەلای گبعۆن وەریانگرتبوونەوە. 17 جا چوون و لە گێروت کیمهام، ئەوەی لەتەنیشت بێتلەحمە، نیشتەجێ بوون، بۆ ئەوەی بڕۆن و بچنە ناو میسرەوە، 18 دوور لە بابلییەکان. لێیان دەترسان لەبەر ئەوەی ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ، گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوشتبوو، ئەوەی پاشای بابل کردبوو بە فەرمانڕەوای خاکەکە.
42 ئینجا هەموو سەرلەشکرەکان و یۆحانانی کوڕی قارێیەح و یەزەنیای کوڕی هۆشەعیا و هەموو گەل لە بچووکەوە هەتا گەورە هاتنە پێش و 2 بە یەرمیای پێغەمبەریان گوت: «تکایە! گوێ لە پاڕانەوەمان بگرە و نوێژمان بۆ بکە بۆ یەزدانی پەروەردگارت لە پێناو هەموو ئەمانەی ماونەتەوە. هەروەک دەبینی، چونکە پێشتر زۆر بووین و ئێستا کەم ماوینەتەوە. 3 بەڵکو یەزدانی پەروەردگارت پێمان بڵێت، بە کام ڕێگادا بڕۆین و چی بکەین.»
4 یەرمیای پێغەمبەریش وەڵامی دانەوە: «گوێم لێتان بوو، من وەک قسەکەی خۆتان داوا لە یەزدانی پەروەردگارتان دەکەم، جا یەزدان هەرچی فەرموو پێتانی ڕادەگەیەنم، هیچتان لێ ناشارمەوە.»
5 ئەوانیش بە یەرمیایان گوت: «با یەزدان لەنێوانمان شایەتێکی ڕاست و دڵسۆز بێت، ئەگەر ئێمە هەموو فەرمایشتەکەی یەزدانی پەروەردگارت کە بە تۆدا بۆمان دەنێرێت، ئاوا نەکەین. 6 چاک بێت یان خراپ، ئێمە گوێ لە یەزدانی پەروەردگارمان دەگرین، ئەوەی ئێمە دەتنێرین بۆ لای، چونکە ئەگەر گوێ لە یەزدانی پەروەردگارمان بگرین، چاکەمان لەگەڵ دەکات.»
7 ئەوە بوو دوای دە ڕۆژ، فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات. 8 ئەویش یۆحانانی کوڕی قارێیەح و هەموو ئەو سەرلەشکرانەی کە لەگەڵی بوون و هەموو گەل لە بچووکەوە هەتا گەورەی بانگکرد، 9 پێی گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەوەی ئێوە منتان بۆ لای نارد بۆ ئەوەی پاڕانەوەکەتان بخەمە بەردەمی، ئەمە دەفەرموێت: 10 ”ئەگەر لەم خاکە نیشتەجێ بن، من بنیادتان دەنێم و ناتانڕووخێنم، دەتانچێنم و ڕیشەکێشتان ناکەم، چونکە پاشگەز بوومەوە لەو بەڵایەی بەسەرم هێنان. 11 هەروەها یەزدان دەفەرموێت: لە پاشای بابل مەترسن، ئەوەی ئێستا لێی دەترسن. لێی مەترسن، چونکە من لەگەڵتانم بۆ ئەوەی ڕزگارتان بکەم و لە دەستی ئەو فریاتان بکەوم. 12 جا بەزەییم پێتاندا دێتەوە، بۆ ئەوەی پاشای بابل بەزەیی پێتاندا بێتەوە و بۆ خاکەکەی خۆتان بتانگەڕێنێتەوە.“
13 «بەڵام ئەگەر ئێوە بڵێن: ”لەم خاکە نیشتەجێ نابین“ و گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبن، 14 بەڵکو بڵێن: ”نا! ئێمە دەچینە خاکی میسر و لەوێ نیشتەجێ دەبین، لەوێ شەڕ نابینین و دەنگی کەڕەنا نابیستین و برسی نان نابین،“ 15 ئەی پاشماوەی یەهودا، ئێستا گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن. یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”ئەگەر مکوڕ بن لەسەر ئەوەی بچنە میسر و چوون و لەوێ نیشتەجێ بوون، 16 ئەوا ئەو شمشێرەی ئێوە لێی دەترسن لەوێ پێتان دەگات، ئەو قاتوقڕییەی ئێوە لێی دەترسن بۆ میسر دواتان دەکەوێت، لەوێ دەمرن. 17 جا هەموو ئەو پیاوانەی سوور بوون لە چوونە میسر بۆ ئەوەی لەوێ نیشتەجێ بن، لەوێ بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناودەچن، کەسیان نامێنێتەوە و دەرباز نابن لەو بەڵایەی من بەسەریان دەهێنم.“ 18 چونکە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”وەک چۆن تووڕەیی و هەڵچوونم بەسەر دانیشتووانی ئۆرشەلیمدا ڕژا، ئاواش هەڵچوونم بەسەرتاندا دەڕژێت کاتێک بچن بۆ میسر، جا دەبنە مایەی نەفرەت لێکردن و تۆقین، سووکایەتی و ڕیسوایی، هەرگیز ئەم شوێنە نابیننەوە.“
19 «ئەی پاشماوەی یەهودا، یەزدان سەبارەت بە ئێوە فەرمووی: ”مەچنە ناو میسرەوە.“ باش بزانن کە من ئەمڕۆ ئاگادارم کردنەوە، 20 چونکە ئێوە هەڵەیەکی ترسناکتان کرد کاتێک منتان بۆ لای یەزدانی پەروەردگارتان نارد و گوتتان: ”نوێژمان بۆ بکە بۆ یەزدانی پەروەردگارمان، یەزدانی خودامان هەرچی بفەرموێت، ئەوەمان پێ ڕابگەیەنەوە و دەیکەین.“ 21 ئەوا من ئەمڕۆ بە ئێوەم ڕاگەیاند، بەڵام ئێوە گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبوون لە هەموو ئەوەی منی پێ ڕاسپارد پێتان بڵێم. 22 جا ئێستا باش بزانن کە لەو شوێنەی دەتانەوێ بۆی بچن و لێی نیشتەجێ بن لەوێ بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناودەچن.»
بەڵێنی حەسانەوەی خودایی
4 بۆیە کە بەڵێنی چوونە ناو شوێنی حەسانەوەی خودا هەر ماوە، دەبێ بترسین نەوەک یەکێکتان ئەو بەڵێنەی بەرنەکەوێت. 2 هەرچەندە ئێمەش وەک ئەوان مزگێنیمان درایێ، بەڵام ئەو پەیامەی ئەوان بیستوویانە سوودی بۆیان نەبوو، چونکە ئەوانەی ئەو پەیامەیان بیست لە دڵیانەوە بە باوەڕ وەریان نەگرت. 3 ئێمەی باوەڕدار دەچینە ناو حەسانەوەی خودا، هەروەک خۆی فەرموویەتی:
[بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد:
«نایەنە ناو حەسانەوەی من.»][a]
هەرچەندە کارەکان لە دامەزراندنی جیهانەوە تەواو بوون. 4 لە شوێنێکدا دەربارەی ڕۆژی حەوتەمی هەفتە فەرموویەتی: [ئیتر خودا لە ڕۆژی حەوتەمدا لە هەموو کارەکانی پشووی دا.][b] 5 دیسان لەمەشدا: [نایەنە ناو حەسانەوەی من.]
6 ئەوانەی پێشتر مزگێنییان درایێ نەیانتوانی بچنە شوێنی حەسانەوەی خودا، چونکە یاخیبوون. ئیتر شتێکی ڕوونە کە شوێنی حەسانەوەی خودا چاوەڕێی کەسانی دیکە دەکات. 7 دیسان خودا ڕۆژێکی دیاری کرد، ناوی ئەو ڕۆژەشی نا «ئەمڕۆ»، کاتێک لەدوای ماوەیەکی زۆر لە ڕێگەی داودی پێغەمبەرەوە قسەی کرد، هەروەک پێشتر باسمان کرد:
[ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،
دڵی خۆتان ڕەق مەکەن.][c]
8 لەبەر ئەوەی ئەگەر یەشوع ئەوانی بحەساندبایەوە، ئەوا پاش ئەوە خودا باسی ڕۆژێکی دیکەی نەدەکرد. 9 کەواتە حەسانەوەی ڕۆژی حەوتەم بۆ گەلی خودا ماوە، 10 چونکە ئەوەی بچێتە ناو حەسانەوەی خودا لە کارەکانیشی پشوو دەدات، وەک خوداش لە کارەکانی پشووی دا. 11 بۆیە با تێبکۆشین تاکو بچینە ناو ئەو حەسانەوەیە، بۆ ئەوەی هیچ کەسێک دیسان دوای هەمان پەندی یاخیبوون نەکەوێت و لەناونەچێت، 12 چونکە پەیامی خودا زیندووە، کاریگەرە، لە هەموو شمشێرێکی دوودەم تیژترە، نێوانی دەروون و ڕۆح و جومگە و مۆخی ئێسک دەبڕێت، نیاز و بیری دڵ جیا دەکاتەوە. 13 بەدیهێنراو نییە لەبەرچاوی خودا شاردراوە بێت، بەڵکو هەموو شتێک ڕووت و ئاشکرایە لەبەرچاوی خودا کە هەر یەکێک لە ئێمە دەبێت حیسابی خۆی بخاتە بەردەستی.
عیسا سەرۆک کاهینی پایەبەرزە
14 لەبەر ئەوەی ئەو سەرۆک کاهینە پایەبەرزەمان هەیە کە بە ئاسماندا تێپەڕی، عیسای کوڕی خودا، با دەستبگرین بەو باوەڕەوە کە دانمان پێدا ناوە، 15 چونکە سەرۆک کاهینێکمان نییە کە نەتوانێت هاوخەمی لاوازییەکانمان بێت، بەڵکو سەرۆک کاهینێکمان هەیە کە وەکو ئێمە لە هەموو شتێک تاقی کراوەتەوە، بەڵام بێ گوناه دەرچوو. 16 بۆیە با بە متمانەوە لە تەختی نیعمەت[d] بچینە پێش، بۆ ئەوەی بەزەیی وەربگرین و نیعمەت بدۆزینەوە تاکو لە کاتی پێویستدا یارمەتیمان بدات.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.