Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەرمیا 37-39

یەرمیا لە بەندیخانە

37 ئینجا نەبوخودنەسری پاشای بابل سدقیا کوڕی یۆشیای لە خاکی یەهودا کردە پاشا، لە جێی یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیم. بەڵام نە خۆی و نە خزمەتکارەکانی و نە گەلی خاکەکە گوێیان لە پەیامەکەی یەزدان نەگرت کە لە ڕێگەی یەرمیای پێغەمبەرەوە فەرمووی.

جا سدقیای پاشا یەهوخەلی کوڕی شەلەمیاهو و سەفەنیای کوڕی مەعسێیاهوی کاهینی بۆ لای یەرمیای پێغەمبەر نارد و گوتی: «تکایە لە پێناوی ئێمە لە یەزدانی پەروەردگارمان بپاڕێوە.»

لەو کاتەدا یەرمیا بە ئازادی هاتوچۆی ناو خەڵکی دەکرد، چونکە هێشتا نەیانخسبووە بەندیخانەوە. سوپاکەی فیرعەونیش لە میسرەوە بەڕێکەوتبوون، کاتێک ئەو بابلییانەی کە گەمارۆی ئۆرشەلیمیان دابوو هەواڵی ئەوانیان بیست، لە ئۆرشەلیم کشانەوە.

ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیای پێغەمبەر هات، پێی فەرموو: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: پاشای یەهودا کە ئێوەی ناردووە بۆ لام تاکو لێم بپرسێت، پێی بڵێن: ”ئەوەتا سوپاکەی فیرعەون کە بۆ یارمەتیتان بەڕێکەوتوون، دەگەڕێتەوە خاکەکەی خۆی، میسر. بابلییەکانیش دەگەڕێنەوە و شەڕ لەگەڵ ئەم شارە دەکەن، دەیگرن و بە ئاگر دەیسووتێنن.“

«یەزدان ئەمە دەفەرموێت: خۆتان مەخەڵەتێنن و بڵێن: ”بابلییەکان بە تەواوی لە کۆڵمان دەبنەوە.“ لە کۆڵتان نابنەوە! 10 تەنانەت ئەگەر هەموو سوپای بابلییەکانیش ببەزێنن کە لە دژتان دەجەنگن، تەنها چەند پیاوێکی برینداریان لێ بمێنێتەوە، ئەوا هەریەکە لە چادرەکەی خۆیانەوە هەڵدەستنەوە و ئەم شارە بە ئاگر دەسووتێنن.»

11 دوای ئەوەی سوپای بابلییەکان لە ئۆرشەلیم بەرامبەر بە سوپاکەی فیرعەون کشانەوە، 12 یەرمیاش دەستبەجێ ئۆرشەلیمی بەجێهێشت بۆ ئەوەی بچێتە خاکی بنیامین، تاکو لەوێ لەنێو گەل بەشی خۆی لە زەوی وەربگرێت. 13 بەڵام کە گەیشتە ناو دەروازەی بنیامین، سەرکارێکی پاسەوانان لەوێ هەبوو، ناوی یرئیا ی کوڕی شەلەمیاهوی کوڕی حەنەنیا بوو، یەرمیای پێغەمبەری گرت و پێی گوت: «تۆ دەچیتە پاڵ بابلییەکان!»

14 یەرمیاش گوتی: «درۆیە! من ناچمە پاڵ بابلییەکان.» بەڵام یرئیا گوێی لێ نەگرت، ئینجا یەرمیای گرت و هێنایە لای پیاوە گەورەکان. 15 پیاوە گەورەکانیش لە یەرمیا تووڕە بوون، لێیاندا و لە ماڵی یۆناتانی خامەی نهێنی بەندیان کرد، چونکە ئەوێیان کردبووە بەندیخانە.

16 یەرمیایان خستە کونجی زیندانەوە لە بەندیخانەکە، ماوەیەکی زۆر لەوێ مایەوە. 17 ئینجا سدقیا پاشا ناردی و لەوێ دەریانهێنا، پاشا لە ماڵەکەی خۆی بەدزییەوە پرسیاری لێکرد و گوتی: «ئایا هیچ پەیامێک لەلایەن یەزدانەوە هەیە؟»

یەرمیاش وەڵامی دایەوە: «بەڵێ، هەیە. تۆ دەکەویتە دەست پاشای بابلەوە.»

18 ئینجا یەرمیا بە سدقیا پاشای گوت: «تاوانی من دەرهەق بە تۆ و خزمەتکارەکانت و ئەم گەلە چییە، هەتا بمخەنە بەندیخانەوە؟ 19 ئەی کوا پێغەمبەرەکانتان، ئەوانەی پێشبینییان بۆ کردیت و گوتیان: ”پاشای بابل نایەتە سەر ئێوە و ئەم خاکە“؟ 20 ئێستاش، ئەی پاشای گەورەم، تکایە گوێ بگرە. تکایە با لەبەردەمت بپاڕێمەوە: مەمگەڕێنەوە بۆ ماڵەکەی یۆناتانی خامەی نهێنی، با لەوێ نەمرم.»

21 سدقیای پاشاش فەرمانی دا کە یەرمیا بخرێتە حەوشەی پاسەوانەکان، ڕۆژانە یەک نانی لە بازاڕی نانەوایانەوە پێبدرێت، هەتا بە تەواوی نان لە شارەکە دەبڕدرێتەوە. یەرمیا لە حەوشەی پاسەوانەکان مایەوە.

یەرمیا فڕێدرایە ناو ئەمباراوێک

38 ئینجا شەفەتیای کوڕی مەتان، گەدەلیاهوی کوڕی پەشحور، یەهوخەلی کوڕی شەلەمیاهو و پەشحوری کوڕی مەلکیا گوێیان لەو قسانە بوو کە یەرمیا لەگەڵ گەل دەیکرد و دەیگوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەی لەم شارەدا بمێنێتەوە بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناودەچێت، بەڵام ئەوەی بچێتە دەرەوە بۆ ناو بابلییەکان دەژیێت. ژیانی خۆی دەرباز دەکات و دەژیێت.“ یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”بە دڵنیاییەوە ئەم شارە دەدرێتە دەست سوپاکەی پاشای بابل، دەستی بەسەردا دەگرێت.“»

جا پیاوە گەورەکان بە پاشایان گوت: «دەبێت ئەم پیاوە بکوژرێت. لەبەر ئەوەی بەو قسانەی ورەی ئەو سەربازانە دەڕووخێنێ کە لە شارەکەدا ماونەتەوە، هەروەها ورەی هەموو خەڵکیش دەرووخێنێ. ئەم پیاوە داوای چاکە بۆ ئەم گەلە ناکات، بەڵکو خراپە.»

سدقیای پاشا گوتی: «ئەوەتا لەبەردەستتانە، پاشا توانای هیچی نییە بەرامبەر بە ئێوە.»

ئەوانیش یەرمیایان برد و فڕێیان دایە ناو ئەمباراوەکەی مەلکیای کوڕی پاشا، ئەوەی لە حەوشەی پاسەوانەکانە. یەرمیایان بە گوریس شۆڕکردە خوارەوە، ئەمباراوەکەش ئاوی تێدا نەبوو، بەڵکو قوڕ. جا یەرمیا لەناو قوڕەکە چەقی.

بەڵام عەبەدمەلەخ، کە کاربەدەستێکی کوشی[a] بوو لە کۆشکی پاشا، بیستی کە یەرمیایان فڕێداوەتە ناو ئەمباراوەکە. پاشاش لە دەروازەی بنیامین دانیشتبوو، عەبەدمەلەخ لە کۆشکی پاشاوە چوو و بە پاشای گوت: «پاشای گەورەم، ئەم پیاوانە خراپیان کرد لە هەموو ئەوەی بە یەرمیای پێغەمبەریان کرد. ئەوان فڕێیان داوەتە ناو ئەمباراوەکەوە، ئەو لە شوێنەکەی خۆی لە برسان دەمرێت، چونکە نان لە شار نەماوە.»

10 پاشاش فەرمانی بە عەبەدمەلەخی کوشی کرد و گوتی: «لێرەوە سی پیاو لەگەڵ خۆت ببە، یەرمیای پێغەمبەر لە ئەمباراوەکەوە دەربێنە، هەتا نەمردووە.»

11 عەبەدمەلەخیش پیاوەکانی لەگەڵ خۆی برد، چووە ژوورێک لەژێر گەنجینەی کۆشکی پاشا. لەوێ هەندێک پەڕۆوپاتاڵ و جلی کۆنی هەڵگرت و بە گوریس بۆ یەرمیای شۆڕی کردەوە ناو ئەمباراوەکە. 12 عەبەدمەلەخی کوشی بە یەرمیای گوت: «پەڕۆوپاتاڵ و جلە کۆنەکان لەبن هەنگڵت لەژێر گوریسەکەوە دابنێ.» یەرمیاش ئاوای کرد. 13 ئینجا بە گوریس یەرمیایان هەڵکێشا، لە ئەمباراوەکە دەریانهێنا. جا یەرمیا لە حەوشەی پاسەوانەکان مایەوە.

پرسیاری سدقیا لە یەرمیا

14 پاشان سدقیا پاشا بەدوای یەرمیای پێغەمبەردا ناردی، لە دەروازەی سێیەمی پەرستگای یەزدان هێنایە لای خۆی. ئینجا پاشا بە یەرمیای گوت: «دەمەوێت شتێکت لێ بپرسم، هیچم لێ مەشارەوە.»

15 یەرمیاش بە سدقیای گوت: «ئەگەر پێت بڵێم، ئایا نامکوژیت؟ تەنانەت ئەگەر ئامۆژگاریشت بکەم، گوێم لێ ناگریت.»

16 سدقیای پاشاش بەدزییەوە سوێندی بۆ یەرمیا خوارد و گوتی: «بە یەزدانی زیندوو کە ژیانی بە ئێمە بەخشیوە، نە دەتکوژم و نە دەتدەمە دەست ئەوانەی دەیانەوێ بتکوژن.»

17 ئینجا یەرمیا بە سدقیای گوت: «یەزدان، خودای سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”ئەگەر خۆت ڕادەستی سەرکردەکانی پاشای بابل بکەیت، ئەوا گیانت بە زیندووێتی دەمێنێتەوە و ئەم شارەش بە ئاگر ناسووتێت، خۆت و خێزانەکەشت بە زیندووێتی دەمێننەوە. 18 بەڵام ئەگەر خۆت ڕادەستی سەرکردەکانی پاشای بابل نەکەیت، ئەوا ئەم شارە دەکەوێتە دەست بابلییەکان و بە ئاگر دەیسووتێنن، تۆش لە دەستیان دەرباز نابیت.“»

19 سدقیای پاشا بە یەرمیای گوت: «من لەو جولەکانە دەترسم کە چوونەتە پاڵ بابلییەکانەوە، نەوەک بابلییەکان بمدەنە دەست ئەوان، ئەوانیش سووکایەتیم پێ بکەن.»

20 یەرمیاش گوتی: «ناتدەنە دەست ئەوان. گوێڕایەڵی فەرموودەی یەزدان بە کە من پێت ڕادەگەیەنم. ئینجا چاکەت بۆ دەبێت و ژیانت دەرباز دەبێت. 21 ئەگەر ڕازیش نیت خۆت ڕادەست بکەیت، ئەوا ئەمە ئەو پەیامەیە کە یەزدان پیشانی دام. 22 ئەوەتا هەموو ئەو ژنانەی لە کۆشکی پاشای یەهودا ماونەتەوە، بۆ سەرکردەکانی پاشای بابل دەبردرێن. ئەو ژنانە پێت دەڵێن:

«”ئەوانەی دۆستی تۆ بوون
    فریویان دایت و زاڵ بوون بەسەرت.
کاتێک پێیەکانت لەناو زەلکاو چەقین
    بەجێیان هێشتیت.“

23 «هەموو ژنەکانت و منداڵەکانیشت بۆ بابلییەکان دەبردرێن. تۆش لە دەستیان دەرباز نابیت، بەڵکو بە دەستی پاشای بابل دەگیرێیت، ئەم شارەش بە ئاگر دەسووتێت.»

24 سدقیاش بە یەرمیای گوت: «با کەس ئەم قسانە نەزانێت، نەوەک بمریت. 25 ئەگەر پیاوە گەورەکان بیستیان من قسەم لەگەڵ تۆ کردووە، هاتنە لات و گوتیان: ”پێمان بڵێ چیت بە پاشا گوت و پاشا چی بە تۆ گوت، لێمان مەشارەوە، ئەگەر نا دەتکوژین،“ 26 تۆش پێیان بڵێ: ”لە پاشا پاڕامەوە تاوەکو نەمگەڕێنێتەوە بۆ ماڵی یۆناتان و لەوێ نەمرم.“»

27 جا هەموو پیاوە گەورەکان بۆ لای یەرمیا هاتن و لێیان پرسی، ئەویش بەگوێرەی هەموو ئەو قسانەی پاشا فەرمانی پێی کرد، وەڵامی دانەوە. ئیتر ئەوانیش لێی بێدەنگ بوون، چونکە کەس قسەکردنی ئەوی لەگەڵ پاشا نەبیست.

28 ئیتر یەرمیا هەتا ئەو ڕۆژەی ئۆرشەلیم گیرا لە حەوشەی پاسەوانەکان مایەوە.

داگیرکردنی ئۆرشەلیم

39 لە مانگی دەی ساڵی نۆیەمی سدقیای پاشای یەهودا، نەبوخودنەسری پاشای بابل هەموو سوپاکەی بەرەو ئۆرشەلیم جوڵاند و گەمارۆی دا. لە نۆی مانگی چواری ساڵی یازدەیەمی سدقیا شوورای شارەکە شکێنرا. جا هەموو سەرکردەکانی پاشای بابل هاتن و لە دەروازەکەی ناوەڕاست دانیشتن: نێرگەل‌سەرئەچەری سمەگەری، نەبۆسەرسەخیم کە سەرۆکی دیوان بوو، نێرگەل‌سەرئەچەر کە سەرۆکی مۆغەکان بوو، لەگەڵ پاشماوەی سەرکردەکانی پاشای بابل. کاتێک کە سدقیای پاشای یەهودا و هەموو جەنگاوەرەکان ئەوانیان بینی، هەڵاتن و بە شەو بە ڕێگای باخچەی پاشادا بە دەروازەکەی نێوان دوو شووراکەدا شارەکەیان بەجێهێشت، بەرەو دەشتایی عەراڤا[b] ڕۆیشتن.

بەڵام سوپای بابلییەکان بەدوایان کەوتن، لە دەشتی ئەریحا گەیشتنە سدقیا. گرتیان و هێنایان بۆ لای نەبوخودنەسری پاشای بابل لە ڕیڤلە، لە خاکی حەمات، ئەویش دادگایی کرد. هەر لە ڕیڤلە پاشای بابل کوڕەکانی سدقیای لەبەرچاوی باوکیان کوشت، ئینجا هەموو پیاوماقوڵانی یەهوداشی لەناوبرد. پاشان هەردوو چاوی سدقیای دەرهێنا، بە زنجیری بڕۆنز کۆتی کرد بۆ ئەوەی بیباتە بابل.

هەروەها بابلییەکان کۆشکی پاشا و ماڵەکانی خەڵکیان سووتاند، شووراکانی ئۆرشەلیمیان ڕووخاند. ئەو پاشماوەیەی خەڵکی کە لە شارەکە مابوونەوە و ئەوانەی چووبوونە پاڵی و پەنایان بردبووە بەر پاشای بابل، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ڕاپێچی کردن بۆ بابل. 10 بەڵام هەندێک لەو خەڵکە هەژارەی هیچیان نەبوو، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا لە خاکی یەهودا بەجێی هێشتن، هەر لەو کاتەدا ڕەز و کێڵگەی پێدان.

11 نەبوخودنەسری پاشای بابل لەبارەی یەرمیاوە فەرمانی بە نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا کرد: 12 «بیبە و با چاوت لەسەری بێت، زیانی پێ مەگەیەنە، بەڵکو ئەوەی داوای دەکات بۆی بکە.» 13 نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا، نەبوشەزبانی سەرۆکی دیوان، نێرگەل‌سەرئەچەری سەرۆکی مۆغەکان، لەگەڵ هەموو سەرکردەکانی پاشای بابل 14 ناردیان و یەرمیایان لە حەوشەی پاسەوانەکان دەرهێنا، دایانە دەست گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافان، بۆ ئەوەی بیباتە ماڵەوە، ئیتر لەنێو خەڵکەکەی مایەوە.

15 کاتێک یەرمیا لە حەوشەی پاسەوانەکان گیرابوو، فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، پێی فەرموو: 16 «بڕۆ و بە عەبەدمەلەخی کوشی بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، ئەمە دەفەرموێت: هەموو ئەوەی سەبارەت بەو شارە فەرمووم خەریکم پەیڕەوی دەکەم، بۆ خراپە نەک چاکەی، لەو کاتەدا لەبەرچاوت جێبەجێ دەکرێت. 17 بەڵام لەو ڕۆژەدا تۆ ڕزگار دەکەم و نادرێیتە دەست ئەوانەی لێیان دەترسیت. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 18 بێگومان دەربازت دەکەم، بە شمشێر ناکوژرێیت و ژیانت ڕزگار دەبێت، چونکە پشتت بە من بەست. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“»

عیبرانییەکان 3

عیسا پایەبەرزترە لە موسا

کەواتە ئەی خوشک و برایانی پیرۆز، ئێوە کە لە بانگەوازی ئاسمانی بەشدارن، سەیری عیسا بکەن کە نێردراو و سەرۆک کاهینی دانپێدانانمانە. ئەو دڵسۆز بوو بەرامبەر ئەو خودایەی کە دەستنیشانی کرد، هەروەک موسا لە هەموو ماڵی خودا دڵسۆز بوو. عیسا بۆی دانرا شایانی شکۆیەکی زیاتر بێت لە موسا، وەک چۆن دروستکەری خانووێک ڕێزی لە خودی خانووەکە زیاترە. لەبەر ئەوەی هەموو خانووێک یەکێک دروستی کردووە، بەڵام ئەوەی هەموو شتێکی دروستکردووە خودایە. موسا وەک خزمەتکارێکی دڵسۆز لە هەموو ماڵی خودا بوو و شایەتی بۆ ئەو فەرمایشتانە دەدا کە لە داهاتوودا خودا دەیفەرموو. بەڵام مەسیح وەک کوڕەکە لەسەر ماڵی خودا[a] دڵسۆزە، ئەو ماڵەش ئێمەین، ئەگەر دەستبگرین بەو متمانە و هیوایەی کە شانازی پێوە دەکەین.

ئاگادارکردنەوە لە دژی بێباوەڕی

لەبەر ئەوە، وەک ڕۆحی پیرۆز دەفەرموێ:

[ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،
    دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە یاخیبوونەکە ڕوویدا،
    لە ڕۆژانی تاقیکردنەوە لە بیابان.
لەوێ باوباپیرانتان ئەزموونیان کردم و تاقییان کردمەوە[b]،
    هەرچەندە بۆ ماوەی چل ساڵ کردارەکانی منیان بینی.
10 لەبەر ئەوە لەو نەوەیە تووڕە بووم،
    فەرمووم: «دڵیان هەر بەرەو گومڕایی دەڕوات و
    ڕێگای منیان نەناسی.»
11 بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد:
    «نایەنە ناو حەسانەوەی من.»][c]

12 خوشکان، برایان، ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک یەکێکتان دڵێکی خراپ و بێباوەڕی هەبێت کە لە خودای زیندوو هەڵبگەڕێتەوە. 13 بەڵکو هەموو ڕۆژێک یەکتری هانبدەن، ئەوەندەی پێی دەگوترێ [ئەمڕۆ،][d] تاکو کەستان بە فێڵی گوناه دڵی ڕەق نەبێت. 14 بووینەتە هاوبەشی مەسیح، ئەگەر تاکو کۆتایی دەستبگرین بەو متمانەیەی لە سەرەتاوە هەمانە. 15 وەک چۆن گوتراوە:

[ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،
    دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە یاخیبوونەکە ڕوویدا.][e]

16 جا کێن ئەوانەی بیستیان و یاخیبوون؟ ئایا هەموو ئەوانە نەبوون کە لە میسر بە ڕابەرایەتی موسا هاتنە دەرەوە؟ 17 خودا بۆ ماوەی چل ساڵ لە کێ تووڕە بوو؟ ئایا لەوانە نەبوو کە گوناهیان کرد و لە بیاباندا تەرمەکانیان کەوت؟ 18 خودا سوێندی لە کێ خوارد کە ناچێتە حەسانەوەکەی؟ ئایا لەوانە نەبوو کە یاخیبوون؟ 19 هەر بۆیە دەبینین لەبەر بێباوەڕی نەیانتوانی بچنە ژوورەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.