Old/New Testament
ئاگاداری بۆ سدقیا
34 کاتێک نەبوخودنەسری پاشای بابل و هەموو سوپاکەی و هەموو شانشینەکانی ئەو خاکانەی لەژێر دەستی فەرمانڕەوایەتی ئەودا بوون و هەموو گەلان لە دژی ئۆرشەلیم و هەموو شارۆچکەکانی دەجەنگین، یەزدان پەیامی بۆ یەرمیا نارد، فەرمووی: 2 «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بڕۆ قسە لەگەڵ سدقیای پاشای یەهودا بکە و پێی بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من خەریکم ئەم شارە دەدەمە دەست پاشای بابلەوە و بە ئاگر دەیسووتێنێت. 3 تۆش لە دەستی دەرباز نابیت، بەڵکو بەگرتن دەگیرێیت و دەدرێیتە دەستی ئەوەوە، چاوەکانت چاوەکانی پاشای بابل دەبینێت، ڕووبەڕوو قسەت لەگەڵ دەکات. پاشان دەچیتە بابل.
4 «”ئەی سدقیای پاشای یەهودا، گوێ لە بەڵێنی یەزدان بگرە، یەزدان ئەمە دەفەرموێت سەبارەت بە تۆ: بە شمشێر نامریت، 5 بە ئاشتی دەمریت. وەک چۆن خەڵکی بۆ ڕێزگرتن لە باوباپیرانی پاشاکانی پێش تۆ بخووریان دەسووتاند، ئاوا بۆ ڕێزگرتن لە تۆ بخوور دەسووتێنن، بە ’گەورە ڕۆ!‘ بۆت دەلاوێنەوە. یەزدان دەفەرموێت: من ئەو بەڵێنە دەدەم.“»
6 جا یەرمیای پێغەمبەر لە ئۆرشەلیم هەموو ئەم قسانەی بە سدقیای پاشای یەهودا گوت، 7 لەو کاتەی سوپاکەی پاشای بابل کەوتە جەنگەوە لە دژی ئۆرشەلیم و ئەو شارانەی دیکەی یەهودا کە مابوونەوە، لە دژی لاخیش و عەزێقا، لە شارە قەڵابەندەکانی یەهودا تەنها ئەمانە مابوونەوە.
ئازادکردنی کۆیلەکان
8 ئەو پەیامەی لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، دوای ئەوەی سدقیای پاشا پەیمانی لەگەڵ هەموو گەل بەست کە لە ئۆرشەلیم بوون بۆ ڕاگەیاندنی ئازادکردنی کۆیلە. 9 هەرکەسە کۆیلە عیبرانییەکەی و کەنیزە عیبرانییەکەی خۆی ئازاد بکات، بۆ ئەوەی کەس ئەو برا و خوشکە جولەکەیەی نەکات بە کۆیلە. 10 پیاوە گەورەکان و هەموو گەل هاتنە ناو پەیمانەکەوە و ڕازی بوون بەوەی هەرکەسە و دەبێت کۆیلە و کەنیزەکەی خۆی ئازاد بکات و ئیتر کەس نەیانکات بە کۆیلە، گوێڕایەڵ بوون و بەڕەڵایان کردن. 11 بەڵام پاشان گەڕانەوە، ئەو کۆیلە و کەنیزانەی ئازادیان کردبوون جارێکی دیکە کردیاننەوە بە کۆیلە و کەنیزە.
12 ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات: 13 «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: من لەگەڵ باوباپیرانتان پەیمانم بەست، ئەو ڕۆژەی لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان لە خاکی کۆیلایەتییەوە، فەرمووم: 14 ”لە کۆتایی حەوت ساڵدا هەرکەسە و دەبێت ئەو عیبرانییە ئازاد بکات و بەڕەڵا بکات کە خۆی بە ئێوە فرۆشتووە و شەش ساڵ خزمەتی کردوون.“[a] بەڵام باوکانتان گوێیان لێ نەگرتم و گوێیان شل نەکرد. 15 ئەمڕۆ ئێوە تۆبەتان کرد و ئەوەی لەبەرچاوی من ڕاست بوو کردتان، هەرکەسە و ئازادکردنی بۆ هاونیشتیمانییەکەی ڕاگەیاند، لەو ماڵەی ناوی منی هەڵگرتووە پەیمانتان بەست. 16 بەڵام پاشان هەڵگەڕانەوە و ناوی منتان زڕاند، هەریەکەتان کۆیلە و کەنیزەکەی گەڕاندەوە، ئەوانەی ئازادتان کردبوون چییان بوێ بۆ خۆیان بیکەن، ناچارتان کردن ببنەوە کۆیلە و کەنیزەتان.
17 «لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئێوە گوێڕایەڵی من نەبوون بۆ ئەوەی هەرکەسە و ئازادکردنی هاونیشتیمانییەکەی ڕابگەیەنێت، من ”ئازادی“ بۆ ئێوە ڕادەگەیەنم، ”ئازادی“ بۆ ئەوەی بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناوبچن. وا دەکەم هەموو شانشینەکانی زەوی لێتان بتۆقن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 18 ئەو کەسانەی کە پەیمانەکەی منیان شکاند، ئەوانەی بەندەکانی ئەو پەیمانەیان جێبەجێ نەکرد کە لەبەردەمی من بەستیان، وەک ئەو گوێرەکەیەیان لێدەکەم کە دوو لەتیان کرد و بەناو دوو لەتەکەیدا تێپەڕین.[b] 19 پیاوە گەورەکانی یەهودا و پیاوە گەورەکانی ئۆرشەلیم و کاربەدەستان و کاهینان و هەموو گەلی خاکەکە، ئەوانەی بەناو دوو لەتی جوانەگادا تێپەڕین، 20 دەیاندەمە دەست دوژمنەکانیان کە دەیانەوێ بیانکوژن. تەرمەکانیان دەبێت بە خۆراکی باڵندە و ئاژەڵی کێوی.
21 «سدقیای پاشای یەهودا و پیاوە گەورەکانیشی دەدەمە دەست دوژمنەکانیان کە دەیانەوێ بیانکوژن، دەیاندەمە دەست سوپاکەی پاشای بابل، ئەوانەی لە کۆڵتان بوونەتەوە. 22 من فەرمان دەدەم بابلییەکان بگەڕێنەوە ئەم شارە و لە دژی بجەنگن. ئەم شارە دەگرن و بە ئاگر دەیسووتێنن، شارۆچکەکانی یەهوداش وێران دەکەم و ئاوەدانی تێدا نامێنێت.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
ڕێکابییەکان
35 ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، لە سەردەمی پاشایەتی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا: 2 «بڕۆ بۆ ماڵی ڕێکابییەکان و قسەیان لەگەڵ بکە، بیانهێنە بۆ ماڵی یەزدان، بیانبە ژوورەوە بۆ یەکێک لە ژوورە لاتەنیشتەکان و شەرابیان دەرخوارد بدە.»
3 منیش یازەنیاهوی کوڕی یەرمیای کوڕی حەڤەچینیا و براکانی و هەموو کوڕەکانی و هەموو بنەماڵەی ڕێکابییەکانم برد. 4 ئەوانم بردە ماڵی یەزدان، بۆ ژوورەکەی نەوەکانی حانانی کوڕی یەگدەلیاهوی پیاوی خودا، ئەوەی لەتەنیشت ژووری پیاوە گەورەکانە، لەسەر ژوورەکەی مەعسێیاهوی کوڕی شەلوم کە پاسەوانی دەرگاکەیە. 5 جامی پڕ شەراب و پەرداخم لەپێش کوڕانی بنەماڵەی ڕێکابییەکان دانا و پێم گوتن: «شەراب بخۆنەوە!»
6 بەڵام ئەوان گوتیان: «ئێمە شەراب ناخۆینەوە، چونکە یۆنادابی کوڕی ڕێکابی باپیرە گەورەمان، فەرمانی پێ کردووین و گوتوویەتی: ”نە خۆتان و نە کوڕەکانتان بۆ هەتاهەتایە شەراب مەخۆنەوە. 7 هەروەها خانوو بنیاد مەنێن، کشتوکاڵ مەکەن، ڕەزیش مەچێنن و نەتانبێت، بەڵکو بە درێژایی ژیانتان چادرنشین بن، بۆ ئەوەی تەمەنێکی درێژ لەسەر ڕووی ئەم خاکە بژین کە ئێوە تێیدا نامۆن.“ 8 ئێمەش گوێڕایەڵی قسەکەی یۆنادابی کوڕی ڕێکابی باپیرە گەورەمان دەبین. لە هەموو ئەوەی فەرمانی پێ کردووین، بە درێژایی ژیانمان نە خۆمان و نە ژنەکانمان و نە کوڕ و کچەکانمان شەراب ناخۆینەوە، 9 خانوو بنیاد نانێن بۆ نیشتەجێبوونمان، ڕەز و کێڵگە و کشتوکاڵیشمان نابێت. 10 چادرنشین بووین، بە تەواوی گوێڕایەڵی هەموو ئەوە بووین کە یۆنادابی باپیرە گەورەمان فەرمانی پێ کردووین. 11 بەڵام کاتێک نەبوخودنەسری پاشای بابل هەڵیکوتایە سەر ئەو خاکە، ئێمەش گوتمان: ”دەبێ بچینە ئۆرشەلیم بۆ هەڵاتن لە دەستی سوپای بابلی و سوپای ئارامییەکان.“ جا لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بووین.»
12 ئینجا فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات، یەزدان بە یەرمیای فەرموو: 13 «یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بڕۆ بە پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم بڵێ یەزدان پێتان دەفەرموێت: ”ئایا ئێوە تەمبێ نابن، بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمایشتەکانم بن؟ 14 یۆنادابی کوڕی ڕێکاب فەرمانی بە کوڕەکانی کرد شەراب نەخۆنەوە، فەرمانەکەی جێبەجێ کرا. هەتا ئەمڕۆش شەرابیان نەخواردووەتەوە، چونکە گوێڕایەڵی فەرمانی باپیرە گەورەیان بوون. بەڵام من بەردەوام قسەم لەگەڵ ئێوە کردووە، ئێوە گوێڕایەڵی من نەبوون. 15 من بە بەردەوامی هەموو بەندە پێغەمبەرەکانی خۆمم بۆ ئێوە ناردووە، بۆ ئەوەی پێتان بڵێن: ’هەریەکە و لە ڕەفتارە خراپەکانتان بگەڕێنەوە و کردەوەکانتان چاک بکەنەوە، دوای خودای دیکە مەکەون بۆ پەرستنیان، بگەڕێنەوە بۆ ئەو خاکەی داومەتە خۆتان و باوباپیرانتان.‘ بەڵام ئێوە گوێتان پێنەدام و گوێتان لێ نەگرتم. 16 کوڕەکانی یۆنادابی کوڕی ڕێکاب فەرمانەکەی باپیرە گەورەیان بەجێگەیاند کە فەرمانی پێ کردن، بەڵام ئەم گەلە گوێڕایەڵی من نەبوون.“
17 «لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من هەموو ئەو خراپەیە بەسەر یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیمدا دەهێنم کە سەبارەت بەوان فەرمووبووم. لەبەر ئەوەی قسەم لەگەڵ کردن، بەڵام گوێیان لێ نەگرتم، بانگم کردن بەڵام وەڵامیان نەدامەوە.“»
18 یەرمیا بە بنەماڵەی ڕێکابییەکانی گوت: «یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”ئێوە گوێڕایەڵی فەرمانەکەی یۆنادابی باپیرە گەورەتان بوون، هەروەها هەموو فەرمانەکانی ئەوتان پاراست و هەموو ئەوەتان کرد کە فەرمانی پێ کردبوون.“ 19 لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”بە درێژایی ڕۆژگار پیاو نابڕێت لە یۆنادابی کوڕی ڕێکاب بۆ خزمەتکردنم.“»
سووتاندنی تۆمارەکەی یەرمیا
36 لە ساڵی چوارەمی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، ئەم پەیامە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات: 2 «تۆمارێک بۆ خۆت بهێنە و هەموو ئەو وشانەی کە پێم فەرموویت سەبارەت بە ئیسرائیل و یەهودا و هەموو گەلان، لە ماوەی پاشایەتی یۆشیاوە هەتا ئەمڕۆ، هەمووی تێدا تۆمار بکە. 3 بەڵکو بنەماڵەی یەهودا گوێیان لە هەموو ئەو بەڵایە دەبێت کە بە نیازم بەسەریان بهێنم، بۆ ئەوەی هەریەکە و لە ڕێگا خراپەکانی خۆیەوە بگەڕێتەوە، منیش لە تاوان و گوناهەکانیان خۆشدەبم.»
4 یەرمیاش باروخی کوڕی نێرییای بانگکرد، کاتێک یەرمیا هەموو وشەکانی یەزدان کە قسەی لەگەڵیدا پێکردبوو دەیگوت، باروخ لە تۆمارێکدا نووسییەوە. 5 یەرمیا فەرمانی بە باروخ کرد و گوتی: «من بەندم و ناتوانم بچمە ناو پەرستگای یەزدانەوە. 6 جا تۆ لە ڕۆژی ڕۆژووگرتن بڕۆ ناو پەرستگای یەزدان و وشەکانی یەزدان ئەوەی لەبەردەمم لە تۆمارەکەدا نووسیتەوە بیخوێنەوە. بۆ گەلی یەهودای بخوێنەوە، ئەوانەی لە شارۆچکەکانی خۆیانەوە دێن. 7 بەڵکو لەبەردەم یەزدان دەپاڕێنەوە، هەریەکە لە ڕێگا خراپەکانی خۆیان بگەڕێنەوە، لەبەر ئەوەی ئەو تووڕەیی و هەڵچوونەی کە یەزدان سەبارەت بەم گەلە فەرموویەتی، گەورەیە.»
8 باروخی کوڕی نێرییاش هەموو ئەوەی کرد کە یەرمیای پێغەمبەر ڕایسپارد. بەوەی لە پەرستگای یەزداندا وشەکانی یەزدانی لەنێو تۆمارەکە خوێندەوە. 9 لە مانگی نۆی ساڵی پێنجەمی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، بانگەوازی ڕۆژووگرتنیان ڕاگەیاند بۆ هەموو گەل لە ئۆرشەلیم، لەگەڵ هەموو ئەوانەی لە شارۆچکەکانی یەهوداوە هاتبوونە ئۆرشەلیم. 10 لە ژوورەکەی گەمەریای کوڕی شافانی خامەی نهێنی[c]، لە حەوشەکەی سەرەوە، لەلای داڵانی دەروازە نوێیەکەی پەرستگای یەزدان، باروخ وشەکانی نێو تۆمارەکەی یەرمیای بۆ هەموو گەل خوێندەوە.
11 کاتێک میخایوی کوڕی گەمەریای کوڕی شافان هەموو وشەکانی یەزدانی لەنێو تۆمارەکە بیست، 12 دابەزی بۆ ژوورەکەی خامەی نهێنی لە کۆشکی پاشا، کە هەموو پیاوە گەورەکان لەوێ دانیشتبوون، ئەلیشاماعی خامەی نهێنی، دەلایای کوڕی شەمەعیا، ئەلناتانی کوڕی عەکبۆر، گەمەریای کوڕی شافان، سدقیای کوڕی حەنەنیا، هەروەها هەموو پیاوە گەورەکانی دیکە. 13 میخایوش هەموو ئەو قسانەی پێ ڕاگەیاندن کە بیستبووی، لە کاتێک کە باروخ تۆمارەکەی بۆ گەل دەخوێندەوە. 14 جا هەموو پیاوە گەورەکان یەهودی کوڕی نەتەنیاهۆی کوڕی شەلەمیاهوی کوڕی کووشیان نارد بۆ ئەوەی بە باروخ بڵێت: «ئەو تۆمارەی لێیەوە بۆ ئەم گەلە خوێندتەوە، لەگەڵ دەستت هەڵیبگرە و وەرە.» ئینجا باروخی کوڕی نێرییاش تۆمارەکەی لەگەڵ دەستی هەڵگرت و چوو بۆ لایان. 15 پێیان گوت: «فەرموو دابنیشە، گوێمان لێبێت بیخوێنەوە.» باروخیش بۆی خوێندنەوە.
16 کاتێک گوێیان لە هەموو ئەو وشانە بوو، بە ترسەوە تەماشای یەکتریان کرد و بە باروخیان گوت: «دەبێ تەواوی ئەم وشانە بە پاشا ڕابگەیەنین.» 17 ئینجا لە باروخیان پرسی: «تکایە پێمان بڵێ چۆن هەموو ئەم وشانەت نووسی؟ ئایا لە دەمی یەرمیا بیستت؟»
18 باروخیش وەڵامی دانەوە: «بەڵێ، بە دەمی خۆی هەموو ئەم وشانەی بۆ دەگوتم، منیش بە مەرەکەب لە تۆمارەکەدا دەمنووسییەوە.»
19 ئینجا پیاوە گەورەکان بە باروخیان گوت: «بڕۆ خۆت و یەرمیا خۆتان بشارنەوە، با کەس نەزانێت ئێوە لەکوێن.»
20 دوای ئەوەی تۆمارەکەیان لە ژوورەکەی ئەلیشاماعی خامەی نهێنی دانا، چوونە هەیوانەکە بۆ لای پاشا، هەموو ئەو شتانەیان بە پاشا ڕاگەیاند. 21 پاشا یەهودی نارد بۆ ئەوەی تۆمارەکە بهێنێت، ئەویش لە ژوورەکەی ئەلیشاماعی خامەی نهێنییەوە تۆمارەکەی هێنا. یەهودی بۆ پاشا و بۆ هەموو ئەو پیاوە گەورانەی لای پاشا وەستابوون خوێندییەوە. 22 ئەوە لە مانگی نۆ بوو، پاشا لە ماڵی زستانە دانیشتبوو، ئاگردانێکیش لەبەردەمی داگیرسابوو. 23 کاتێک یەهودی سێ چوار ستوونی لە تۆمارەکە خوێندەوە، پاشا بە قەڵەمبڕی نووسەرەکە پارچەپارچەی کرد و فڕێیدایە ناو ئاگردانەکەوە هەتا هەموو تۆمارەکە لەناو ئاگرەکە بە تەواوی فەوتا. 24 جا نە پاشا و نە هیچ یەکێک لە خزمەتکارەکانی کە گوێیان لە هەموو ئەو وشانە بوو نەترسان، جلەکانی بەریان دانە دڕی. 25 هەرچەندە ئەلناتان و دەلایا و گەمەریا تکایان لە پاشا کرد تۆمارەکە نەسووتێنێت، بەڵام ئەو گوێی لێ نەگرتن. 26 بەڵکو پاشا فەرمانی دا بە میر یەرەحمێل و سەرایای کوڕی عەزریێل و شەلەمیاهوی کوڕی عەبدئێل بۆ گرتنی باروخی سەرقەڵەم و یەرمیای پێغەمبەر، بەڵام یەزدان ئەوانی شاردەوە.
27 دوای ئەوەی پاشا تۆمارەکەی سووتاند کە ئەو وشانەی تێدابوو باروخ لە دەمی یەرمیاوە نووسیبووی، فەرمایشتی یەزدان بۆ یەرمیا هات: 28 «بگەڕێوە و تۆمارێکی دیکە ببە و هەموو ئەو وشانەی تێدا بنووسەوە کە لەناو تۆمارەکەی یەکەم جار بوو، ئەوەی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا سووتاندی. 29 بە یەهۆیاقیمی پاشای یەهوداش بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: تۆ ئەو تۆمارەیەت سووتاند و گوتت: ’بۆچی تێیدا نووسیت و گوتت، بێگومان پاشای بابل دێت و ئەم خاکە دەفەوتێنێت و مرۆڤ و ئاژەڵی تێدا قڕ دەکات؟‘ 30 لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی یەهۆیاقیمی پاشای یەهوداوە ئەمە دەفەرموێت: کەس لە ڕەچەڵەکی ئەو لەسەر تەختی داود دانانیشێت، تەرمەکەی فڕێدەدرێتە بەر گەرمای ڕۆژ و سەرمای شەو. 31 سزای خۆی و منداڵ و خزمەتکارەکانی دەدەم لەسەر تاوانەکانیان، هەموو ئەو بەڵایەی پێیانم گوت، بەسەر خۆیان و دانیشتووانی ئۆرشەلیم و پیاوانی یەهودای دەهێنم، چونکە گوێیان لێ نەگرت.“»
32 ئینجا یەرمیا تۆمارێکی دیکەی برد و دایە باروخی کوڕی نێرییای سەرقەڵەم، ئەویش لە دەمی یەرمیاوە هەموو وشەکانی ئەو تۆمارەی نووسییەوە کە یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا لەناو ئاگردانەکە سووتاندی، هەروەها زۆر وشەی لەو جۆرەشی بۆ زیاد کرد.
پشتگوێ نەخستنی ڕزگاری
2 لەبەر ئەمە دەبێ وریاتر بین لەوەی بیستمان، نەوەک لێی لابدەین، 2 چونکە ئەگەر پابەند بوون بەو پەیامەی کە لە ڕێگەی فریشتەکانەوە گوترا، کە هەموو دەستدرێژی و سەرپێچییەک سزای دادپەروەرانەی وەرگرتووە، 3 ئەوا ئێمە چۆن دەتوانین لەو سزایە هەڵبێین، کە ڕزگارییەکی ئەوەندە گەورەی وەک ئەمە پشتگوێ بخەین؟ ئەوەی یەکەم جار بەهۆی مەسیحی خاوەن شکۆوە گوترا و لەلایەن ئەوانەی بیستیان بۆمان پشتڕاست کرایەوە، 4 خوداش بە نیشانە و کاری مەزن و پەرجووی جۆراوجۆر شایەتی بۆ ئەم ڕزگارییە دا، هەروەها بەو بەهرانەی ڕۆحی پیرۆز کە بەگوێرەی خواستی خۆی دابەشی کردوون.
عیسا وەک براکانیەتی
5 ئەو جیهانەی کە دێت و باسی دەکەین، ملکەچی فریشتەکانی نەکردووە. 6 بەڵام لە شوێنێکدا کەسێک شایەتی داوە:
[مرۆڤ چییە تاکو بیری لێ بکەیتەوە؟
کوڕی مرۆڤ چییە تاکو بایەخی پێبدەیت؟
7 بۆ ماوەیەکی کەم ئەوت لە فریشتەکانت بە کەمتر دانا و
تاجی شکۆ و ڕێزت خستە سەری،
8 هەروەها هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو.][a]
کاتێک خودا هەموو شتێکی ملکەچ کردووە، هیچ شتێکی نەهێشتەوە ملکەچی نەکات. هەرچەندە ئێستا نابینین هەموو شتێک ملکەچی کرابێت. 9 بەڵکو عیسا دەبینین، ئەوەی بۆ ماوەیەکی کورت لە فریشتەکان کەمتر دانرا، لەبەر ئازاری مردن تاجی شکۆ و ڕێزی خراوەتە سەر، تاکو بە نیعمەتی خودا لە جیاتی هەر یەکێک مردن بچێژێ.
10 لە خودا دەوەشایەوە، ئەوەی هەموو شتێک بۆ ئەو و بەهۆی ئەوەوەیە، کاتێک دەیویست ڕۆڵەی زۆر بهێنێتە نێو شکۆمەندییەکەی، دەبووایە عیسا کە پێشەنگی ڕزگارکردنیانە، لە ڕێگەی ئازارەوە بکاتە ڕزگارکەرێکی تەواو. 11 عیسا کە خەڵک پیرۆز دەکات و ئەو خەڵکەی پیرۆز کراون هەردووکیان سەر بە یەک خێزانن، لەبەر ئەم هۆیەش عیسا شەرم ناکات بە خوشک یان برا ناویان ببات. 12 دەفەرموێ:
13 هەروەها:
[من بەوە پشتبەستوو دەبم.][d]
دیسان:
[ئەوەتا خۆم و ئەو منداڵانەی خودا پێیداوم.][e]
14 بۆیە کە منداڵەکان لە گۆشت و خوێن بەشدارن، ئەویش بە هەمان شێوە بەشداری لە سروشتی مرۆڤایەتییان کرد، تاکو بەهۆی مردنی خۆیەوە لەناوببات کە هێزی مردنی هەیە، واتە شەیتان، 15 ئەوانەش ئازاد بکات کە بە درێژایی ژیانیان لە ترسی مردن ملکەچی کۆیلایەتی بوون. 16 بە ڕاستیش بۆ یارمەتیدانی فریشتە نییە، بەڵکو بۆ یارمەتیدانی نەوەی ئیبراهیمە. 17 لەبەر ئەوە پێویست بوو لە هەموو ڕووێکەوە لە خوشکان و برایانی بچێت تاکو ببێتە سەرۆک کاهینێکی بە بەزەیی و دڵسۆز لە خزمەتکردنی خودا، هەروەها ببێتە کەفارەت[f] لە پێناوی گوناهەکانی خەڵک. 18 لەبەر ئەوەی خۆی ئازاری چێژتووە و تاقی کراوەتەوە، دەتوانێت یارمەتیی ئەوانەش بدات کە تاقی دەکرێنەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.