Old/New Testament
گەڕاندنەوەی ئیسرائیل
30 ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات: 2 «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”هەموو ئەو وشانەی کە پێم فەرموویت، لە پەڕتووکێکدا بیاننووسە.“ 3 یەزدان دەفەرموێت: ”سەردەمێک دێت، ئیسرائیل و یەهودای گەلەکەم لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنمەوە، دەیانهێنمەوە ئەو خاکەی بە باوباپیرانی ئەوانم دابوو، بۆ ئەوەی خاوەنداریێتی بکەن.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
4 ئەمانەش ئەو وشانەن کە یەزدان سەبارەت بە ئیسرائیل و یەهودا فەرمووی: 5 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”هاواری ترسمان بیست،
تۆقین نەک ئاشتی.
6 بپرسن و ببینن:
ئایا نێر سکی دەبێت؟
ئەی بۆچی هەر پیاوێک دەبینم
وەک ژنی ژانگرتوو دەستی بە کەمەرییەوەیە و
هەموو ڕووشی زەرد هەڵگەڕاوە؟
7 ئای! لەو ڕۆژە سامناکە!
ڕۆژی ئاوا نابێت.
ئەمە کاتی تەنگانەیە بۆ یاقوب،
بەڵام لێی ڕزگار دەبێت.“
8 «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت،
”لەو ڕۆژەدا، ئەو نیرە دەشکێنم کە لە ملیانە،
پێبەندیان دەپسێنم و
چیتر بێگانە نایانکەن بە کۆیلە.
9 بەڵکو یەزدانی پەروەردگاریان دەپەرستن و
خزمەتی داودی پاشایان دەکەن، [a]
ئەوەی کە بۆیان دایدەنێم.“»
10 یەزدان دەفەرموێت: «”ئەی یاقوبی بەندەم، مەترسە،
ئەی ئیسرائیل، مەتۆقە.
بە دڵنیاییەوە من لەم شوێنە دوورە ڕزگارت دەکەم،
نەوەکەشت لەو خاکەوەی بۆی ڕاپێچ کراوە.
یاقوب دەگەڕێتەوە و ئاسوودە دەبێت،
دڵنیا دەبێت و کەس نایتۆقێنێت.
11 من لەگەڵتدام و ڕزگارت دەکەم.“
یەزدان دەفەرموێت:
”ئەگەر کۆتایی بە هەموو ئەو نەتەوانە بهێنم
کە لەنێویاندا پەرتەوازەم کردیت،
کۆتایی بە تۆ ناهێنم.
تەمبێت دەکەم، بەڵام بە دادپەروەری،
بێ سزا بەڕەڵات ناکەم.“
12 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”شکاوییەکەت بێ چارەیە،
برینەکەت سەختە.
13 کەس نییە داکۆکی لە کێشەی تۆ بکات،
دەرمان نییە بۆ برینەکەی تۆ،
تۆ چاک نابیتەوە.
14 هەموو هاوپەیمانەکانت لەبیریان کردوویت،
هیچ گرنگی بە تۆ نادەن.
وەک لێدان لە دوژمن لە تۆم دا،
بە سەختی تەمبێم کردی
لەسەر زۆری تاوانەکانت،
لەسەر گەورەیی گوناهەکانت.
15 بۆچی لەبەر شکانەکەت هاوار دەکەیت،
لەبەر ئازارەکەت کە ناشکێت؟
لەسەر زۆری تاوانەکانت و گەورەیی گوناهەکانت،
منیش ئەمەم پێکردیت.
16 «”بەڵام هەموو ئەوانەی تۆیان خوارد دەخورێن،
هەموو دوژمنەکانت ڕاپێچ دەکرێن.
ڕاووڕووتکەرانت ڕاووڕووت دەکرێن و
هەموو تاڵانکەرانت دەکەم بە تاڵانی.
17 بەڵام تەندروستیت دەگەڕێنمەوە،
برینەکانت چاک دەکەمەوە،
چونکە ناویان لێنایت دوورخراوەکە،
سییۆن، ئەوەی کەس گرنگی پێ نادات.“
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
18 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”من ڕاپێچکراوانی چادرەکانی یاقوب دەگەڕێنمەوە،
بەزەییم بە نشینگەکانی دێتەوە.
شار لەسەر گردەکەی خۆی بنیاد دەنرێتەوە،
کۆشک لە شوێنی خۆی بنیاد دەنرێتەوە.
19 دەنگی گۆرانی سوپاسگوزاری و
بەزمیان لێ بەرز دەبێتەوە.
ژمارەیان زۆر دەکەم و
کەم نابن،
ڕێزیان لێ دەنێم و
بچووک نابن.
20 کوڕەکانی وەک جاری جاران دەبن،
کۆمەڵەکەی لەبەردەمم دەچەسپێت،
سزای هەموو ئەوانە دەدەم کە ستەمی لێ دەکەن.
21 میرەکەیان یەکێک دەبێت لەنێو خۆیان،
فەرمانڕەواکەیان لە خۆیان هەڵدەکەوێت.
لە خۆمی نزیک دەکەمەوە و لێم نزیک دەبێتەوە،
چونکە کەس ناوێرێت بەبێ ویستی من لێم نزیک بێتەوە.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
22 «”ئێوە دەبن بە گەلی من و
منیش دەبم بە خودای ئێوە.“»
23 ئەوەتا گەردەلوولی یەزدان
تووڕەییە هەڵدەچێت،
گەردەلوولێکی ڕاماڵە،
لەسەر سەری بەدکاران هەڵدەکات.
24 گڕی تووڕەیی یەزدان دانامرکێتەوە
هەتا نیازەکانی دڵی خۆی
بە تەواوی بەجێنەگەیەنێت.
لە ڕۆژانی داهاتوودا
لەمە تێ دەگەن.
31 یەزدان دەفەرموێت: «لەو کاتەدا، دەبم بە خودای هەموو خێڵەکانی ئیسرائیل، ئەوانیش دەبن بە گەلی من.»
2 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەو گەلەی لە دەمی شمشێر دەربازبوون
لە چۆڵەوانی میهرەبانییان دەستکەوت،
کاتێک هاتم ئیسرائیل بحەوێنمەوە.»
3 لە دێرزەمانەوە یەزدانمان بۆ دەرکەوتووە و دەفەرموێت:
«بە خۆشویستنێکی هەتاهەتایی ئێوەم خۆشدەوێت،
لەبەر ئەوە بەردەوامیم دا بە خۆشەویستی نەگۆڕم بۆ ئێوە.
4 ئەی ئیسرائیلی پاکیزە، بنیادت دەنێمەوە،
بنیاد دەنرێیتەوە.
دووبارە دەفەکانت هەڵدەگریتەوە
بۆ ناو سەمای بەزمگێڕان دەچیت.
5 دووبارە ڕەزەمێو دەچێنیت
لە چیاکانی سامیرە،
ڕەزەوانەکان دەچێنن و
بەرەکەی دەخۆن[b].
6 ڕۆژێک دێت
چاودێران لە شاخەکانی ئەفرایم بانگەواز دەکەن:
”وەرن، با بۆ سییۆن سەربکەوین،
بۆ لای یەزدانی پەروەردگارمان.“»
7 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«بە شادییەوە گۆرانی بۆ یاقوب بڵێن،
هاواری خۆشی بکەن بۆ سەر باشترین نەتەوە.
با ستایشتان ببیسترێت و بڵێن:
”ئەی یەزدان، گەلی خۆت ڕزگار بکە،
پاشماوەکەی ئیسرائیل!“
8 ئەوەتا من لە خاکی باکوورەوە دەیانهێنمەوە،
لە هەموو لایەکی زەوی کۆیان دەکەمەوە،
لەنێویان شەل و نابینا دەبێت
ژنی سکپڕ و ژانگرتوو پێکەوە،
کۆمەڵێکی گەورە دەگەڕێنەوە بۆ ئێرە.
9 بە گریانەوە دێن،
لەو کاتەی دەیانگەڕێنمەوە دەپاڕێنەوە،
بەلای ڕووبارە ئاوەکاندا دەیانبەم،
بە ڕێگایەکی ڕاست، تێیدا ساتمە ناکەن و ناکەون،
چونکە من باوکی ئیسرائیلم،
ئەفرایم نۆبەرەمە.
10 «ئەی نەتەوەکان، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن،
لە کەنارە دوورەکان ڕابگەیەنن:
”ئەوەی ئیسرائیلی پەرتەوازە کرد، کۆیان دەکاتەوە،
وەک شوان مێگەلی خۆی دەپارێزێت.“
11 چونکە یەزدان نرخی ئازادبوونی یاقوبی دا،
لە دەست ئەوەی لەو[c] بەهێزتر بوو کڕییەوە.
12 جا دێن و لە بەرزاییەکانی سییۆن هاواری خۆشی دەکەن.
لەبەر خێروبێری یەزدان دەگەشێنەوە،
بەسەر دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتەوە،
بەسەر بەرخ و گوێرەکەوە.
وەک باخچەیەکی تێر ئاو دەبن،
جارێکی دیکە سیس نابن.
13 ئەوسا پاکیزەکان سەما دەکەن و دڵشاد دەبن،
گەنجان و پیران پێکەوە.
شینیان دەگۆڕم بە شادی،
دڵنەواییان دەکەم و لەدوای پەژارەییان دڵخۆشیان دەکەم.
14 کاهینەکان تێر دەکەم لە چەوری،
گەلەکەم لە خێروبێرم تێر دەبن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
15 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«دەنگێک لە ڕامەوە بیسترا،
گریان و شیوەنێکی گەورە،
ڕاحێل بۆ منداڵەکانی دەگریێت،
ڕازی نییە دڵنەوایی بکرێت،
لەبەر منداڵەکانی، چونکە نەماون.»
16 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«واز لە گریان بهێنە و
چاوت فرمێسک هەڵنەڕێژێ،
چونکە کردەوەکەت پاداشتی هەیە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«لە خاکی دوژمن دەگەڕێنەوە.
17 کەواتە هیوا بە دواڕۆژت هەیە.
منداڵەکانت دەگەڕێنەوە خاکی خۆیان.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
18 «بە دڵنیاییەوە گوێم لێ بوو ئەفرایم ئاخی هەڵدەکێشا:
”وەک گوێرەکەیەکی دەستەمۆنەکراو تەمبێت کردم،
من تەمبێ بووم.
بمگەڕێنەوە لای خۆت، دەگەڕێمەوە،
چونکە تۆ یەزدانی خودای منی.
19 لەدوای گومڕابوونم،
پەشیمان بوومەوە،
لەدوای تێگەیشتنم،
لە سنگی خۆمم دا.
شەرمەزار بووم و گاڵتەم پێ کرا،
چونکە ڕیسوایی کاتی مێردمنداڵیم بە کۆڵمەوە بوو.“
20 ئایا ئەفرایم کوڕی ئازیزم نییە،
ئەو منداڵەی دڵم پێی خۆشە؟
چونکە هەر کاتێک لە دژی ئەو دەدوێم،
دووبارە دێتەوە یادم.
لەبەر ئەوە هەناوم بۆی دەسووتێت،
بە تەواوی بەزەییم پێیدا دێتەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
21 «نیشانە بۆ خۆت بچەقێنە و
ڕێوشوێن دابنێ.
بە وردی بڕوانە ڕێگاکە،
ئەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن.
ئەی ئیسرائیلی پاکیزە، بگەڕێوە،
بگەڕێوە بۆ شارۆچکەکانت.
22 هەتا کەی بەم لاو بەو لادا دەڕۆیت،
ئەی کچی هەڵگەڕاوە؟
چونکە یەزدان شتێکی نوێی لەسەر زەوی بەدیهێناوە:
ژن پیاو دەپارێزێت.»
23 یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: «کاتێک ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنمەوە، جارێکی دیکە ئەم وشانە لە خاکی یەهودا و لە شارۆچکەکانی دەڵێنەوە: ”ئەی نشینگەی ڕاستودروستی، ئەی کێوی پیرۆز! یەزدان بەرەکەتدارت بکات.“ 24 جا خەڵکەکە لە یەهودا و هەموو شارۆچکەکانی نیشتەجێ دەبن، جوتیار و ڕەوەندەکان لەگەڵیان دەبن. 25 ماندوو دەبووژێنمەوە، هەموو سیسێک تێر دەکەم.»
26 لێرەدا بەئاگاهاتم و تەماشای دەوروبەرم کرد. خەوەکەم خۆش بوو.
27 یەزدان دەفەرموێت: «ئەوەتا سەردەمێک دێت، ژمارەی خەڵک و ژمارەی ئاژەڵ لە ئیسرائیل و یەهودا زۆر زیاد دەکەم. 28 جا چۆن چاودێر بووم بۆ ڕیشەکێشکردن و ڕووخاندن، بۆ کاولکاری، بۆ لەناوبردن و بەڵا بەسەرهێنان، ئاواش چاودێر دەبم بۆ بنیادنانەوە و چاندن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 29 «لەو ڕۆژانەدا ئیتر ناڵێن:
«”باوکان بەرسیلەیان خوارد،
ددانی منداڵەکان ئاڵ دەبێت.“
30 بەڵکو هەرکەسە و بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، هەرکەسێک بەرسیلە بخوات ددانی خۆی ئاڵ دەبێت.»
31 یەزدان دەفەرموێت: «ئەوەتا سەردەمێک دێت،
پەیمانێکی نوێ[d] لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل و
بنەماڵەی یەهودا دەبەستم.
32 نەک وەکو ئەو پەیمانەی
لەگەڵ باوباپیرانیاندا بەستم،
ئەو ڕۆژەی دەستی ئەوانم گرت
بۆ ئەوەی لە خاکی میسر دەریانبهێنم،
چونکە ئەوان پەیمانەکەی منیان شکاند،
هەرچەندە من مێردی[e] ئەوان بووم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
33 یەزدان دەفەرموێت: «ئەمە ئەو پەیمانەیە کە لەدوای ئەو ڕۆژانە
لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیلدا دەیبەستم،
فێرکردنەکەم دەخەمە ناو بیرکردنەوەیان و
لەسەر دڵیان دەینووسم.
من دەبم بە خودای ئەوان و
ئەوانیش دەبن بە گەلی من.
34 لەمەودوا کەس هاوڕێکەی خۆی
یان براکەی خۆی فێرناکات و بڵێت: ”یەزدان بناسە،“
چونکە هەموویان دەمناسن،
لە بچووکیانەوە هەتا گەورەیان،
چونکە لە تاوانەکانیان خۆشدەبم،
چیتر گوناهەکانیان بەبیری خۆم ناهێنمەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
35 یەزدان ئەمە دەفەرموێت،
ئەوەی خۆری داناوە
بۆ درەوشانەوە لە ڕۆژ،
فەرزی مانگ و ئەستێرەکانیش
بۆ درەوشانەوە لە شەو،
ئەوەی دەریا دەوروژێنێت،
شەپۆلەکانی هاژەیان دێت،
ناوی یەزدانی سوپاسالارە،
36 یەزدان دەفەرموێت:
«ئەگەر ئەم فەرزانە لەبەردەمم لە کار بخرێن،
ئەوسا ڕەچەڵەکی ئیسرائیلیش کپ دەبن
لەوەی بە درێژایی ڕۆژگار لەبەردەمم ببن بە نەتەوە.»
37 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەگەر ئاسمان لە سەرەوە بپێورێت،
ئەگەر بناغەکانی زەوی لە ژێرەوە بپشکنرێن،
ئەوسا منیش هەموو ڕەچەڵەکی ئیسرائیل ڕەت دەکەمەوە،
لەبەر هەموو ئەوەی کردیان.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
38 یەزدان دەفەرموێت: «سەردەمێک دێت، شارەکە بۆ یەزدان بنیاد دەنرێت، لە قوللەی حەنەنێلەوە هەتا دەروازەی گۆشەکە. 39 لەوێوە گوریسی پێوانە بەسەر گردی گارێڤ درێژ دەکرێت و دەسووڕێتەوە بۆ گۆعە. 40 تەواوی ئەو دۆڵەی لاشە و خۆڵەمێشی تێدا فڕێدەدرێت، هەروەها هەموو کێڵگەکان بۆ دۆڵی قدرۆن لە ڕۆژهەڵات تاوەکو دەروازەی ئەسپ پیرۆز دەبێت بۆ یەزدان، هەتاهەتایە ڕیشەکێش ناکرێت و جارێکی دیکە کاول ناکرێتەوە.»
1 لە پۆڵسەوە کە لە پێناوی عیسای مەسیح بەند کراوە، هەروەها لە تیمۆساوسی برامانەوە،
بۆ هاوکار و خۆشەویست فلیمۆن و 2 خوشکە ئەپفییە و ئەرخیپۆس کە سەربازە لەگەڵمان، هەروەها بۆ ئەو کڵێسایەی لە ماڵەکەتدا کۆدەبنەوە:
3 با نیعمەت[a] و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.
خۆشەویستی و باوەڕی فلیمۆن
4 هەمیشە سوپاسی خودام دەکەم کاتێک لە نوێژەکانمدا ناوی تۆ دەهێنم، 5 چونکە باوەڕی تۆ بە عیسای خاوەن شکۆ و خۆشەویستی تۆم بۆ هەموو گەلی پیرۆزی خۆی بیستووە. 6 نوێژ دەکەم کە باوەڕی هاوبەشمان کاریگەر بێت لە زانینی هەموو چاکەیەک کە لە پێناوی مەسیحدا بەشداری دەکەین. 7 ئەی برا، بەهۆی خۆشەویستیتەوە زۆر شادبووم و هاندرام، لەبەر ئەوەی بەهۆی تۆوە دڵی گەلی پیرۆزی خودا گەشایەوە.
داواکاری پۆڵس
8 بۆیە هەرچەندە بەهۆی مەسیحەوە مافم هەیە بۆ ئەرکی بەجێ فەرمانت پێ بکەم، 9 بەڵام لەبەر خۆشەویستی نێوانمان، منی پۆڵسی پیرەمێرد، ئێستا کە لە پێناوی عیسای مەسیح گیراوم، 10 داواکارییەکم لێت هەیە سەبارەت بە ئۆنسیمۆسی[b] کوڕم، ئەوەی لە بەندیخانە لە ڕێگەی منەوە باوەڕی هێنا. 11 پێشتر بۆ تۆ بێ کەڵک بوو، بەڵام ئێستا کەڵکی بۆ من و بۆ تۆ هەیە.
12 ئەو دەنێرمەوە لات، کە جگەرمە. 13 حەزم دەکرد لەلای خۆم بیهێڵمەوە، تاکو لە جیاتی تۆ خزمەتی منی کۆت و بەندکراو لە پێناوی مزگێنی مەسیح بکات. 14 بەڵام نەمویست بێ ڕەزامەندی تۆ شتێک بکەم، تاکو چاکەکەت بە خواستەوە بێت نەک بە ناچاری. 15 لەوانەیە لەبەر ئەمە بووبێت بۆ ماوەیەک لێت دوور کەوتەوە، تاکو بۆ هەتاهەتایە بگەڕێتەوە لات، 16 جا لە ئەمڕۆ بەدواوە کۆیلە نییە، بەڵکو لە کۆیلە باشترە، برایەکی باوەڕداری خۆشەویستە. ئەگەر برایەکی خۆشەویست بێت بۆ من، ئاخۆ چەند زیاتر دەبێت بۆ تۆ، کە بە لەش وەک مرۆڤ و لەگەڵ عیسای مەسیح وەک برا هاوبەشن.
17 لەبەر ئەوە، ئەگەر تۆ من بە هاوبەش دادەنێیت، وەک من وەریبگرەوە. 18 ئەگەر خراپەیەکی لەگەڵ کردوویت یان قەرزێکت بەسەرییەوە هەیە، لەسەر منی بنووسە. 19 من پۆڵسم، بە دەستی خۆم نووسیومە، من دەیدەمەوە. نامەوێ پێت بڵێم تۆ خۆشت قەرزاری منی. 20 برا گیان، لە پێناوی گەورەمان ئەم چاکەیەم لەگەڵ بکە، بە مەسیح دڵخۆشم بکە. 21 ئەمەت بۆ دەنووسم، چونکە دڵنیام گوێڕایەڵ دەبیت و دەزانم کە زیاتر لەوە دەکەیت کە داوات لێدەکەم.
سڵاوی کۆتایی
22 لەگەڵ ئەمەشدا، ژووری میوانداریم بۆ ئامادە بکە، چونکە هیوادارم بەهۆی نوێژەکانتانەوه بە ئێوە ببەخشرێم.
23 ئەپەفراس کە لە پێناوی عیسای مەسیحدا لەگەڵ مندا بەند کراوە، سڵاوت لێدەکات، 24 هەروەها مەرقۆس و ئەریستارخۆس و دیماس و لۆقا، کە هاوکارمن.
25 با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵ ڕۆحتان بێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.