Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئیشایا 50-52

گوناهی ئیسرائیل و ملکەچی بەندە

50 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«کوا تەڵاقنامەی دایکتان
    ئەوەی کە من بەڕەڵام کرد پێی؟
یان کێیە لە خاوەن قەرزەکانم
    ئەوەی ئێوەم پێی فرۆشتووە؟
ئەوەتا لەبەر تاوانەکانتان فرۆشران،
    لەبەر یاخیبوونەکانتان دایکتان بەڕەڵا کرا.
بۆچی هاتم و کەس نەبوو؟
    بانگم کرد و کەس وەڵامی نەدایەوە؟
ئایا دەستکورت بووم لە کڕینەوە،
    یان توانای ئەوەم تێدا نییە فریا بکەوم؟
ئەوەتا بە ڕاخوڕینم دەریا وشک دەکەم،
    ڕووبارەکان دەکەم بە چۆڵەوانی،
لەبەر بێ ئاوی ماسییەکانی بۆگەن دەبن،
    لە تینووان دەمرن.
تاریکی دەکەمە بەر ئاسمان،
    گوش دەکەم بە پۆشاکی.»

یەزدانی باڵادەست زمانی فێربووانی پێم بەخشی
    بۆ ئەوەی بزانم کە چۆن بە قسە یارمەتی ماندوو بدەم.
هەموو بەیانییەک بەخەبەرم دەهێنێتەوە،
    گوێی من بەئاگا دەهێنێت
    بۆ سەرنجدان وەک قوتابی.
یەزدانی باڵادەست گوێیەکانی منی کردەوە،
    منیش یاخی نەبووم،
    بەرەو دوا هەڵنەگەڕامەوە.
پشتم ڕاگرت بۆ ئەوەی لێی بدەن،
    ڕوومەتیشم بۆ ئەوەی ڕیشم بڕننەوە.
ڕووی خۆمم دانەپۆشی لە
    گاڵتە پێکردن و تف لێکردن.
چونکە یەزدانی باڵادەست یارمەتیم دەدات،
    ڕیسوا نابم،
لەبەر ئەوە ڕووی خۆمم وەک بەردەئەستێ لێکرد،
    دەزانم شەرمەزار نابم.
ئەوەی بێتاوانم دەکات نزیکە،
    کێ سکاڵا لە من دەکات؟
    با پێکەوە ڕابوەستین،
کێ خاوەنی سکاڵایە لە دژی من؟
    با لێم بێتە پێش!
ئەوەتا یەزدانی باڵادەست یارمەتیم دەدات،
    ئیتر کێ تاوانبارم دەکات؟
ئەوەتا هەموویان وەک کراس دادەڕزێن،
    مۆرانە دەیانخوات.

10 کێ لە ئێوە لە یەزدان دەترسێت و
    گوێڕایەڵی بەندەکەی دەبێت؟
ئەوەی بە تاریکیدا دەڕوات و
    ڕووناکی نابینێت،
با پشت بە ناوی یەزدان ببەستێت و
    پاڵ بداتە پاڵ خودای خۆی.
11 بەڵام ئەی هەموو ئەوانەی ئاگر دەکەنەوە،
    مەشخەڵ داگیرسێنن،
بڕۆن بە ڕووناکی ئاگرەکەی خۆتان و
    بەو مەشخەڵانەی داتانگیرساند.
لە دەستی منەوە ئەمەتان بۆ دەبێت
    لەناو ئازاردا ڕادەکشێن.

ڕزگاریی هەتاهەتایی بۆ ئیسرائیل

51 «ئەی ئەوانەی دوای ڕاستودروستی کەوتوون، گوێم لێ بگرن،
    ئەی ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن:
تەماشای ئەو تاشەبەردە بکەن کە لێوەی بڕاون و
    کونی ئەو چاڵەی لێوەی هەڵکەنراون،
تەماشای ئیبراهیمی باوکتان بکەن و
    سارا ئەوەی ئێوەی بووە،
چونکە کە بانگم کرد تەنها یەک کەس بوو،
    بەرەکەتدارم کرد و زۆرم کرد.
بێگومان یەزدان دڵنەوایی سییۆن دەکات،
    دڵنەوایی هەموو کاولبووەکانی دەکات.
چۆڵەوانییەکانی وەک عەدەن لێ دەکات و
    شیوە وشکەکانی وەک باخچەی یەزدان.
شادی و خۆشی تێدا دەبینرێتەوە،
    سوپاس و دەنگی مۆسیقا.

«ئەی گەلی من، گوێم لێ بگرن،
    ئەی نەتەوەکەم، گوێم بۆ شل بکەن،
چونکە فێرکردن لەلای منەوە دەردەچێت و
    دادپەروەریم بۆ ڕووناکی گەلان دەچەسپێنم.
ڕاستودروستیم نزیکە،
    ڕزگاریم بەڕێوەیە،
    بازووی من دادوەری بۆ گەلان دەکات.
دوورگەکان چاوەڕێی منن،
    هیوایان بە بازووی منە.
چاوتان بۆ ئاسمان هەڵبڕن و
    لە ژێرەوە سەیری زەوی بکەن،
چونکە ئاسمان وەک دووکەڵ دەڕەوێتەوە و
    زەوی وەک جل دادەڕزێت و
    دانیشتووانەکەی وەک مێشوولە دەمرن.
بەڵام ڕزگاریی من بۆ هەتاهەتایە دەبێت،
    ڕاستودروستیشم هەرگیز ناڕووخێت.

«ئەی ئەوانەی ڕاستودروستی دەزانن، گوێم لێ بگرن،
    ئەی ئەو گەلەی فێرکردنەکەم لەناو دڵیانە:
مەترسن لەوەی خەڵکی گاڵتەتان پێ بکەن،
    لە جنێوەکانیان مەتۆقن.
چونکە وەک کراس مۆرانە دەیانخوات و
    وەک خوری کرم لێیان دەدات،
بەڵام ڕاستودروستی من بۆ هەتاهەتایە دەبێت و
    ڕزگاریشم بۆ نەوەی نەوەکان.»

بەئاگا بە، بەئاگا بە! هێز لەبەر بکە،
    ئەی بازووی یەزدان،
بەئاگا بە وەک لە ڕۆژگارە دێرینەکان،
    وەک لە سەردەمانی پێشوو!
ئایا تۆ نەبوویت کە ڕەهەڤت لەتکرد،
    کە ئەو ئەژدیهایەت بە سەختی پێکا؟
10 ئایا تۆ نەبوویت دەریات وشک کرد،
    ئاوی دەریا گەورەکەی ژێر زەوی[a]،
ئەوەی قووڵایی دەریای کردە ڕێگا
    بۆ پەڕینەوەی ئەوانەی کڕاونەتەوە؟
11 جا ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە دەگەڕێنەوە،
    بە هاواری خۆشییەوە بۆ سییۆن دێن،
    شادییەکی هەتاهەتایی لەسەر سەریانە.
خۆشی و شادی پێیان دەگەن و
    ناخۆشی و ئاخ هەڵکێشان هەڵدێن.

12 «منم، منم کە دڵنەواییتان دەکەم.
    تۆ کێیت لە مرۆڤ دەترسیت کە دەمرێت،
    یاخود لە ئادەمیزاد کە وەک گیای لێدێت؟
13 تۆ کێیت هەتا یەزدان لەیاد بکەیت کە دروستی کردوویت،
    کە ئاسمانی لێککردووەتەوە و
    زەوی دامەزراندووە،
کە بەردەوام هەموو ڕۆژێک زەندەقت چووە
    لە تووڕەیی تەنگاوکەر،
    کە ئامادەی کردووە بۆ لەناوبردن؟
بەڵام کوا تووڕەیی تەنگاوکەر؟
14     بەم نزیکانە گەلە دیلەکە ئازاد دەکرێن،
لەناو زیندان نامرن،
    نانیان کەم نابێت،
15 چونکە من یەزدانی پەروەردگارتانم،
    ئەوەی دەریا دەهەژێنێت و شەپۆلەکانی دەوروژێنێت،
    ناوم یەزدانی سوپاسالارە.
16 من وتەکانم خستووەتە دەمی تۆوە و
    بە سێبەری دەستم تۆم شاردووەتەوە،
من کە ئاسمانم چاند و
    کە زەویم دامەزراند،
    کە بە سییۆن بڵێم: ”تۆ گەلی منیت.“»

جامی تووڕەیی یەزدان

17 بەئاگا بە! بەئاگا بە!
    ئۆرشەلیم هەستە!
ئەوەی جامی تووڕەییت
    بە دەستی یەزدان خواردەوە،
خڵتی جامی بەلاداهاتنت
    خواردەوە و چۆڕاندتەوە.
18 کەس نییە ڕێنمایی بکات
    لە هەموو ئەو کوڕانەی بۆی لەدایک بوون،
کەس نییە دەستی بگرێت
    لە هەموو ئەو کوڕانەی بەخێوی کردن.
19 کارەساتەکان بە جووت بە پیرتەوە هاتوون،
    کاولبوون و وردوخاشبوون، قاتوقڕی و شمشێر.
کێ دەتوانێت بۆت بلاوێنێتەوە؟
    کێ دەتوانێت دڵنەواییت بکات؟
20 کوڕەکانت گڕمۆڵە بوون و ڕاکشان
    لەسەر سووچی هەموو شەقامێک
    وەک ئاسک لەناو تۆڕدا.
پڕن لە تووڕەیی یەزدان و
    لە سەرزەنشتی خودات.

21 لەبەر ئەوە ئێستا گوێ لەمە بگرە ئەی زەلیلەکە،
    ئەی سەرخۆش، بەبێ شەراب سەرخۆش بوویت.
22 یەزدانی باڵادەستت ئەمە دەفەرموێت،
    خوداکەت کە پشتگیری گەلەکەی خۆی دەکات:
«ئێستا ئەو جامە لە دەستت دەبەم کە وا دەکات بەلادابێیت،
    لەمەودوا لەو جامەی کە جامی تووڕەیی منە ناخۆیتەوە.
23 دامە دەست ئەشکەنجەدەرانت،
    ئەوانەی بە گیانی تۆیان گوت:
    ”بچەمێوە بۆ ئەوەی بپەڕینەوە.“
جا پشتت وەک زەوی دانا
    وەک شەقام بۆ ئەوانەی دەپەڕنەوە.»

52 ئەی سییۆن، بەئاگا بە! بەئاگا بە!
    بەرگی هێزت لەبەر بکە،
ئەی ئۆرشەلیم، شاری پیرۆز،
    بەرگی جوانیت بپۆشە،
چونکە ئیتر لەمەودوا نایەتە ناوت
    خەتەنە نەکراو و گڵاو.
ئەی ئۆرشەلیم، لەناو خۆڵ هەستە و
    خۆت بتەکێنە، لەسەر تەخت دابنیشە.
ئەی ڕاپێچکراوەکە، شاری سییۆن،
    کۆتەکانی ملت بکەرەوە.

ئێستا یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«بەخۆڕایی فرۆشران،
    بەبێ پارە دەکڕدرێنەوە.»

هەروەها یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«سەرەتا گەلەکەم دابەزین بۆ میسر و ئاوارەبوون لەوێ،
    لەم دواییانەشدا ئاشور ستەمی لێدەکرد.»

یەزدان دەفەرموێت: «ئێستا لێرە چیم هەیە؟

«گەلەکەم بەخۆڕایی بردرا و
    فەرمانڕەواکانی دەلوورێنن،
بەردەوام بە درێژایی ڕۆژیش
    کفر بە ناوی من دەکرێت.
لەبەر ئەوە گەلەکەم بە ناوی من ئاشنا دەبن،
    لەو ڕۆژەدا دەزانن
ئەوەتام، ئەوە منم کە ئەم بەڵێنە دەدەم.»
            یەزدان دەفەرموێت.

چەند جوانە لەسەر چیاکان
    پێیەکانی مزگێنیدەران،
ڕاگەیەنەری ئاشتی،
    مزگێنیدەری خۆشی،
    ڕاگەیەنەری ڕزگاری،
ئەوانەی بە سییۆن دەڵێن:
    «خودات پاشایەتی دەکات!»
گوێ بگرە! ئێشکگرەکانت دەنگیان هەڵدەبڕن،
    پێکەوە هاواری خۆشی دەکەن،
بە چاوی خۆیان دەبینن
    کاتێک یەزدان دەگەڕێتەوە بۆ سییۆن.
ئەی کەلاوەکانی ئۆرشەلیم،
    پێکەوە بە خۆشی گۆرانی بڵێن،
چونکە یەزدان دڵنەوایی گەلەکەی خۆی دەکات،
    بێگومان ئۆرشەلیم دەکڕێتەوە.
10 یەزدان بازووی پیرۆزی خۆی هەڵدەکات
    لەبەرچاوی هەموو نەتەوەکان،
هەر چوار لای زەویش
    ڕزگاریی خودای ئێمە دەبینن.

11 ئەی هەڵگرانی کەلوپەلی پەرستگای یەزدان،
    جیا بنەوە، جیا بنەوە، لە بابل بچنە دەرەوە!
دەست مەدەنە هیچ گڵاوێک!
    لەناوەڕاستی بێنە دەرەوە، خۆتان پاک بکەنەوە!
12 بەڵام بە پەلە دەرناچن،
    بە هەڵاتن ناڕۆن،
چونکە یەزدان لەبەردەمتانەوە دەڕوات،
    خودای ئیسرائیل پاشڕەو و پارێزەرتانە.

ئازار چێژتنی بەندەی یەزدان

13 ببینە، بەندەکەم وا بە وریاییەوە هەڵسوکەوت دەکات،
    بەرز و بڵند و زۆر پایەبەرز دەبێت.
14 وەک ئەوەی زۆر کەس واقیان لێی وڕما،
    دیمەنی وەک مرۆڤ نەبوو،
    وێنەی لە ئادەمیزاد نەدەچوو.
15 ئاوا زۆر لە نەتەوەکان دەپرژێنێت،
    لەبەر ئەو پاشایان دەمی خۆیان دەگرن،
چونکە ئەوەی بۆیان باس نەکرابوو دەیبینن،
    ئەوەی نەیانبیستبوو تێی دەگەن.

یەکەم سالۆنیکی 5

خوشکان، برایان، سەبارەت بە کات و بەروار پێویست ناکات بۆتان بنووسین، چونکە خۆتان باش دەزانن، هاتنی ڕۆژی یەزدان وەک هاتنی دز وایە لە شەودا. کاتێک خەڵکی دەڵێن: «ئاشتی و ئاسایشە،» دەستبەجێ مردن دێتە سەریان، وەک ژانی ژنی سک پڕ لە ناوەختدا دێت و ناشتوانن دەربازیان بێت.

بەڵام ئێوە خوشکان، برایان، لە تاریکیدا نین تاکو ئەو ڕۆژە وەک دز لەناکاو بێتە سەرتان، چونکە هەمووتان ڕۆڵەی ڕووناکی و ڕۆڵەی ڕۆژن. ڕۆڵەی شەو یان تاریکی نین. کەواتە ئێمە وەک خەڵکی دیکە ناخەوین، بەڵکو با ئێشک بگرین و وریابین، چونکە ئەوانەی دەخەون بە شەو دەخەون و ئەوانەی سەرخۆش دەبن بە شەو سەرخۆش دەبن. بەڵام ئێمەی ڕۆڵەی ڕۆژ با وریا بین و سپەری[a] باوەڕ و خۆشەویستی لەبەر بکەین و هیوای ڕزگاری وەک کڵاوی ئاسنین لەسەر بکەین، چونکە خودا ئێمەی بۆ تووڕەیی دەستنیشان نەکردووە، بەڵکو بۆ بەدەستهێنانی ڕزگاری لە ڕێگەی عیسای مەسیحی گەورەمانەوە، 10 ئەوەی لە پێناوی ئێمەدا مرد، تاکو ئەگەر بەخەبەر بین یاخود نوستوو[b]، لەگەڵ ئەو بژین. 11 لەبەر ئەوە یەکتری هانبدەن و یەکتری بنیاد بنێن، وەک دەیکەن.

12 ئیتر خوشکان و برایان، داواتان لێ دەکەین ڕێزی ئەوانە بگرن کە لەنێوتاندا زەحمەت دەکێشن و بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی باڵادەستدا سەرپەرشتی و ئامۆژگاریتان دەکەن، 13 لەبەر کارەکانیان ئەوپەڕی ڕێز و خۆشەویستییان بۆ دەربڕن. بە ئاشتی لەگەڵ یەکتری بژین. 14 ئەی خوشکان و برایان، لێتان دەپاڕێینەوە کە سەرزەنشتی تەمبەڵەکان بکەن و ورەی ترسنۆکەکان بەرز بکەنەوە و یارمەتی لاوازەکان بدەن و لەگەڵ هەمووان پشوودرێژ بن. 15 ئاگاداربن پاداشتی خراپە بە خراپە مەدەنەوە، بەڵکو هەمیشە هەوڵ بدەن بۆ یەکتری و بۆ خەڵکی دیکەش باش بن.

16 هەمیشە دڵشاد بن، 17 بەردەوام نوێژ بکەن، 18 لە هەموو بارودۆخێکدا سوپاسی خودا بکەن، چونکە ئەمە ویستی خودایە بۆ ئێوە بە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا.

19 ڕۆحی پیرۆز مەکوژێننەوە، 20 پەیامی ئەوانە بە سووک مەزانن کە دەڵێن پەیامی خودا ڕادەگەیەنن، 21 بەڵام هەموو شتێک تاقی بکەنەوە، چی باشە دەستی پێوە بگرن، 22 لە هەموو جۆرە خراپەیەک دوور بکەونەوە.

سڵاوی کۆتایی

23 خودای ئاشتی خۆی بە تەواوی پیرۆزتان بکات. تەواوی ڕۆح و دەروون و جەستەتان لە کاتی هاتنەوەی عیسای مەسیحی گەورەماندا بێ گلەیی بپارێزن. 24 ئەو خودایەی بانگتان دەکات دڵسۆزە و ئەنجامی دەدات.

25 خوشکان و برایانم، نوێژمان بۆ بکەن. 26 بە ماچی پیرۆز سڵاو لە هەموو گەلی خودایان بکەن. 27 بە ناوی مەسیحی خاوەن شکۆوە ڕاتاندەسپێرم کە ئەم نامەیە بۆ هەموو باوەڕداران بخوێنرێتەوە.

28 با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لەگەڵتان بێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.