Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئیشایا 47-49

کەوتنی بابل

47 «دابەزە و لەسەر خۆڵ دابنیشە،
    ئەی بابلی کچە پاکیزە[a].
بەبێ تەخت لەسەر زەوی دابنیشە،
    کچی بابلییەکان،
چونکە چیتر پێت ناگوترێت
    ناسک و نازدار.
دەستاڕ ببە و باراش بهاڕە،
    عەبات فڕێبدە،
دامێن هەڵبکە و قاچ بەدەرخە،
    لە ڕووبارەکان بپەڕەوە.
ڕووتیت دەردەکەوێت،
    هەروەها ڕیسواییت دەبینرێت.
تۆڵەی خۆم دەکەمەوە و
    لە کەس نابوورم.»

ئەوەی دەمانکڕێتەوە ناوی یەزدانی سوپاسالارە،
    پیرۆزەکەی ئیسرائیلە.

«بێدەنگ دابنیشە و وەرە ناو تاریکییەوە،
    شاری شاهانەی بابلییەکان،
چونکە چیتر پێت ناگوترێت
    شاژنی شانشینەکان.
تووڕە بووم لە گەلی خۆم و
    میراتی خۆمم گڵاوکرد.
ئەوانم دا بە دەست تۆوە،
    تۆش لەگەڵیاندا بە بەزەیی نەبوویت.
تەنانەت لەسەر پیرەکانیش
    نیری[b] خۆتت زۆر قورس کرد.
گوتت: ”بۆ هەتاهەتایە
    دەبمە شاژن!“
بەڵام لەم ڕووداوانە وردنەبوویتەوە،
    بیرت لە کۆتاییەکەی نەکردەوە.

«ئێستا گوێ لەمە بگرە، ئەی سۆزانی،
    ئەی دانیشتوو بە ئاسوودەیی،
ئەی ئەوەی لە دڵی خۆیدا دەڵێت:
    ”هەر خۆم و بەس!
نە بێوەژن دەبم و
    نە سک سووتاوی دەزانم.“
لەپڕ لە یەک ڕۆژدا
    ئەم دووانەت بەسەردێت،
    سک سووتان و بێوەژنیێتی.
بە تەواوی بەسەرت دێت،
    سەرەڕای زۆری جادووگەری و
    سەرەڕای لە ڕادەبەدەری نوشتە کردنت.
10 پشتت بە خراپەکارییەکانت بەست و
    گوتت: ”کەس نامبینێت.“
داناییەکەت و زانینەکەت تۆیان لەڕێ لادا،
    لە دڵی خۆتدا گوتت:
    ”هەر خۆم و بەس.“
11 خراپەیەکت بەسەرهاتووە،
    سەرهەڵدانەکەی نازانیت،
بەڵایەکت بەسەردێت.
    ناتوانیت ڕەتی بکەیتەوە،
لەپڕ کاولبوونێکت بەسەردێت
    پێی نازانیت.

12 «جا بەردەوام بە، بە نوشتەکانت و
    بە زۆری جادووگەریت،
    ئەوەی لە مێردمنداڵیتەوە تێیدا ماندوو بوویت،
بەڵکو سوودی هەبێ بۆت،
    بۆ ئەوەی بیانترسێنیت!
13 هێزت لەبەر بڕا لە زۆری ڕاوێژەکانت!
    با ئەستێرەناسەکانت بێنە پێشەوە،
ئەوانەی ئاسمان دابەش دەکەن و
    چاو لە ئەستێرەکان دەبڕن و
مانگ لەدوای مانگ پێشبینی دەکەن،
با ئەوانە ڕزگارت بکەن
    لەوەی بەسەرت دێت.
14 ئەوەتا وەک پووشیان لێدێت،
    ئاگر دەیانسووتێنێت.
لە دەست بڵێسە
    فریای گیانی خۆیان ناکەون.
ئەو پشکۆ خەڵووزە بۆ خۆگەرمکردنەوە نییە،
    ئەو ئاگرەش بۆ دانیشتن لەبەردەمی نییە.
15 ئەو جادووگەرانەی لە مێردمنداڵیتەوە هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکردن و
    پێیانەوە ماندوو بوویت،
    بەو دەردە دەچن.
هەرکەسە و ملی ڕێی خۆی دەگرێت،
    کەس نییە ڕزگارت بکات.

کەللەڕەقی ئیسرائیل

48 «گوێ لەمە بگرن، ئەی بنەماڵەی یاقوب،
    ئێوە پێتان دەگوترێت ئیسرائیل،
    ئێوە لە پشتی یەهوداوە دەرچوون،
ئێوە بە ناوی یەزدانەوە سوێند دەخۆن،
    ناوی خودای ئیسرائیل دەهێنن،
    بەڵام نەک بە دڵسۆزی و نەک بە ڕاستودروستی،
بە خۆتان دەڵێن، خەڵکی شاری پیرۆز و
    خۆتان دەدەنە پاڵ خودای ئیسرائیل
    کە ناوی یەزدانی سوپاسالارە:
سەرەتاکانم لە کۆنەوە ڕاگەیاندووە،
    لە دەمی منەوە هاتوونەتە دەرەوە و وام کرد ببیسترێن،
    لەپڕ کردم و ڕوویان دا.
چونکە دەمزانی ئێوە کەللەڕەقن و
    ملتان دەماری ئاسنینە و
    ناوچەوانتان بڕۆنزە.
لەبەر ئەوە لە کۆنەوە ئەمانەم پێ ڕاگەیاندن،
    وام کرد پێش ئەوەی ڕووبدەن ئێوە گوێتان لێی بێت،
نەوەک بڵێن: ”بتەکەم کردی،
    خوداوەندە دەستکردەکەم فەرمانی دا.“
ئێوە گوێتان لێ بوو، جا بڕواننە هەمووی.
    ئەی ئێوە دانی پێدا نانێن؟

«وا دەکەم لە ئێستاوە گوێتان لە شتە نوێیەکان بێت،
    ئەو نهێنییانەی کە نایانزانن.
ئێستا بەدیهێنران، لە کۆنەوە نەبوون،
    بەر لە ئەمڕۆ نەتانبیستبوون
نەوەک بڵێن،
    ”ئەوەتا دەمانزانی.“
هەروەها نە گوێتان لێ بوو نە زانیشتان،
    لە کۆنەوەش گوێت نەکردەوە.
باش دەزانم چۆن بە تەواوی ناپاکی دەکەن،
    لەناو سکی دایکتانەوە پێتان گوترا: ”یاخی.“
لە پێناوی ناوی خۆم تووڕەییەکەم دواخست،
    لە پێناوی ستایشم دانبەخۆمدا دەگرم،
    نەوەک بتانبڕمەوە.
10 ئەوەتا ئێوەم پاڵاوت، بەڵام نەک وەکو زیو،
    لەناو کوورەی ئازار چێژتن تاقیم کردنەوە.
11 لە پێناوی خۆم، لە پێناوی خۆم دەیکەم،
    چونکە چۆن ناوی من گڵاو بکرێت؟
    شکۆمەندیم بە یەکێکی دیکە نادەم.

دەربازکردنی ئیسرائیل

12 «ئەی یاقوب، گوێم لێ بگرن،
    ئەی ئیسرائیل، بانگم کردن.
ئەوە منم،
    من سەرەتا و من کۆتاییم.
13 دەستی من زەوی دامەزراند،
    دەستە ڕاستم ئاسمانی لێککردەوە.
کاتێک من بانگیان دەکەم،
    پێکەوە دەوەستن.

14 «هەمووتان کۆبنەوە و گوێ بگرن!
    کام لە بتەکان ئەمەی ڕاگەیاندووە؟
هاوپەیمانی خۆشەویستی یەزدان،[c]
    هەرچی پێ خۆش بێت بە بابلی دەکات،
    بازووشی لە دژی کلدانییەکان دەبێت.
15 من، من قسەم کرد و بانگم کرد،
    هێنام و ڕێگاکەشی سەرکەوتوو دەبێت.

16 «وەرنە پێش بۆ لام، گوێ لەمە بگرن:

«لە سەرەتاوە بە نهێنی قسەم نەکرد،
    لە کاتی ڕوودانی من لەوێم.»

ئێستاش یەزدانی باڵادەست منی نارد
    لەگەڵ ڕۆحی خۆی.

17 یەزدان، ئەوەی دەتانکڕێتەوە، پیرۆزەکەی ئیسرائیل،
    ئەمە دەفەرموێت:
«من یەزدانی پەروەردگارتانم،
    فێرتان دەکەم بۆ ئەوەی سوود وەربگرن،
    بە ڕێگایەکدا دەتانبەم هەتا بیگرنەبەر.
18 خۆزگە گوێتان لە فەرمانەکانم دەگرت،
    جا ئاشتیتان وەک ڕووبار دەبوو،
    ڕاستودروستیشتان وەک شەپۆلی دەریا.
19 توخمتان وەک لم دەبوو،
    وەچەتان وەک دەنکی لم،
ناویان لەبەردەمم نە دەبڕایەوە و
    نە لەناودەچوو.»

20 لە بابل بچنە دەرەوە،
    لە بابلییەکان هەڵبێن!
بە هاواری خۆشییەوە ڕایبگەیەنن،
    جاڕی ئەمە بدەن.
بەڕێی بخەن هەتا ئەوپەڕی زەوی،
    بڵێن: «یەزدان یاقوبی بەندەی کڕییەوە.»
21 تینوو نەبوون کە بە چۆڵەوانیدا بردنی،
    لە تاشەبەردەوە ئاوی بۆ هەڵقوڵاندن،
تاشەبەردی شەق کرد و
    ئاو تەقییەوە.

22 یەزدان دەفەرموێت: «ئاشتی بۆ بەدکاران نییە.»

بەندەی یەزدان

49 ئەی دوورگەکان، گوێم لێ بگرن،
    ئەی نەتەوە دوورەکان، گوێ شل بکەن:
یەزدان پێش لەدایکبوونم بانگی کردم،
    لەناو سکی دایکمەوە دیاری کردم.
دەمی منی کرد بە شمشێرێکی تیژ،
    لە سێبەری دەستی خۆیدا منی شاردەوە،
منی کردە تیرێکی تیژکراو،
    لەناو تیردانەکەی منی شاردەوە.
بە منی فەرموو: «تۆ بەندەی منیت،
    ئیسرائیل، ئەوەی لەنێویاندا شکۆدار دەبم.»
منیش گوتم: «بەخۆڕایی ماندوو بووم،
    لە شتی هیچوپووچدا توانای خۆمم نەهێشت،
بەڵام دادم لەلای یەزدانە و
    پاداشتم لای خودامە.»

ئێستاش یەزدان ئەمە دەفەرموێت،
    یەزدان کە لە سکی دایکمەوە شێوەی منی کێشا،
بۆ ئەوەی ببم بە بەندەی خۆی،
    تاوەکو یاقوب بگەڕێنەوە بۆ لای ئەو،
    ئیسرائیلیش بچنە پاڵ ئەو،
جا لەبەرچاوی یەزدان شکۆمەند دەبم و
    خوداشم دەبێتە هێزم،
ئەو دەفەرموێت:
«کەمە کە بەندەی من بیت
    بۆ هەستانەوەی هۆزەکانی یاقوب و
    بۆ گەڕانەوەی ئەوانەی کە لە ئیسرائیل ئەوانم پاراست،
بەڵکو دەتکەمە ڕووناکی بۆ نەتەوەکان
    تاکو ڕزگاریم بەوپەڕی زەوی بگەیەنیت[d]

یەزدان، پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ئەوەی دەیکڕێتەوە، دەفەرموێت:
    بە گیان ڕیسواکراو، بەوەی مایەی ڕقی نەتەوەیە،
بە خزمەتکاری فەرمانڕەواکان:
    «پاشایان دەبینن و هەڵدەستن،
میرانیش کڕنۆش دەبەن،
    لەبەر یەزدان کە دڵسۆزە و
    لەبەر پیرۆزەکەی ئیسرائیل کە تۆی هەڵبژارد.»

گەڕانەوەی ئیسرائیل

یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«لە کاتی پەسەندیم وەڵامت دەدەمەوە،
    لە ڕۆژی ڕزگاریدا یارمەتیت دەدەم،
جا دەتپارێزم و دەتکەمە پەیمان بۆ گەل،
    بۆ بوژاندنەوەی زەوی،
    بۆ بەمیراتکردنی میراتی چیاوچۆڵەکان،
بە دیلەکان دەڵێت: ”وەرنە دەرەوە،“
    بەوانەی لە تاریکیدان: ”ئازاد بن!“

«لەسەر ڕێگاکان دەلەوەڕێن،
    لەوەڕگاکانیان لەسەر هەموو گردۆڵکەیەکی ڕووتەنن.
10 نە برسی دەبن و نە تینوو،
    نە گەرما لێیان دەدات و نە خۆر،
چونکە ئەوەی بەزەیی پێیاندا دێتەوە ڕێنماییان دەکات و
    بۆ سەر کانیاوەکانیان دەبات.
11 هەموو چیاکانم دەکەم بە ڕێگا و
    ڕێڕەوەکانم بەرز دەبنەوە.
12 ئەوەتا ئەمانە لە دوورەوە دێن و
    ئەوەتا ئەمانە لە باکوور و ڕۆژئاواوە و
    ئەمانەش لە ناوچەی ئەسوانەوە.»

13 ئەی ئاسمان، هاواری خۆشی بکە،
    ئەی زەوی، شادمان بە!
    چیاکان دەکەونە ناو هاواری خۆشییەوە،
چونکە یەزدان دڵنەوایی گەلی خۆی دەکات و
    بەزەیی بە زەلیلەکانیدا دێتەوە.

14 بەڵام سییۆن گوتی: «یەزدان بەجێی هێشتم!
    پەروەردگار لەبیری کردم.»

15 «چۆن دایک کۆرپەی شیرەخۆرەی خۆی لەبیر دەکات،
    یان بەزەیی بە بەری سکی خۆی نایەتەوە؟
تەنانەت ئەویش لەبیر دەکات،
    بەڵام من تۆ لەبیر ناکەم.
16 ئەوەتا لەناو لەپم تۆم هەڵکۆڵیوە،
    هەمیشە شووراکانت لەبەرچاومن.
17 کوڕەکانت خێرا دەگەڕێنەوە،
    ڕووخێنەران و تێکدەرانت لێت دەچنە دەرەوە.
18 چاوهەڵبڕە بۆ دەوروبەرت و ببینە!
    هەموو کۆبوونەوە، هاتن بۆ لات.»
یەزدان دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم،
    تۆ هەموویان وەک خشڵ لەبەر دەکەیت،
    وەک بووک خۆت بەوان دەڕازێنیتەوە.

19 «هەرچەندە بوویت بە شوێنێکی کەلاوە و وێران و
    خاکەکەشت ڕووخێنرا،
بەڵام ئێستا تەنگ دەبیت بۆ دانیشتووان،
    لووشدەرانت دوور دەکەونەوە.
20 ڕۆژێک لە ڕۆژان گوێت لێ دەبێت
    کە کوڕانی سەردەمی سک سووتاویت دەڵێن:
”ئەم جێیە تەنگە بۆمان،
    جێمان بکەرەوە با نیشتەجێ بین.“
21 لە دڵی خۆتدا دەڵێیت:
    ”کێ ئەمانەی بۆم بوون
کە من سک سووتاو و نەزۆکم،
    دوورخراوە و دەربەدەرم؟
    ئەی کێ بەخێوی کردن؟
ئەوەتا من بە تەنها مابووم،
    ئەمانە لەکوێ بوون؟“»

22 یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«ئەوەتا من دەست بۆ نەتەوەکان بەرز دەکەمەوە،
    بۆ گەلانیش ئاڵای خۆم بەرز دەکەم،
جا کوڕەکانت بە باوەش دەهێنن و
    کچەکانیشت لەسەر شانیان هەڵدەگرن.
23 پاشاکان تۆ پەروەردە دەکەن،
    شاژنەکانیان دەبنە دایەنی تۆ،
ڕوویان لە زەوی دەبێت،
    کڕنۆشت بۆ دەبەن و تۆزی پێیەکانت دەلێسنەوە،
ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم.
    ئەوانەی شەرمەزار نابن ئەوانەن چاوەڕوانی منن.»

24 ئایا دەستکەوت لە پاڵەوان دەبردرێت؟
    ئایا ڕاپێچکراو لە دەستی ستەمکار دەربازی دەبێت؟

25 بەڵام یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«تەنانەت ڕاپێچ لە چنگی پاڵەوانیش دەبردرێت،
    دەستکەوت لە چنگی زۆرداریش دەرباز دەبێت.
من دژایەتی دژەکانت دەکەم و
    من منداڵەکانت ڕزگار دەکەم.
26 بە ستەمکارانت گۆشتی خۆیان دەرخوارد دەدەم و
    وەک شەرابی شیرین، بە خوێنی خۆیان سەرخۆش دەبن.
جا هەموو مرۆڤ دەزانێت
    من کە یەزدانم ڕزگارکەری تۆم،
    ئەوەش کە دەتکڕێتەوە توانادارەکەی یاقوبە.»

یەکەم سالۆنیکی 4

ژیانێک بۆ ڕازیکردنی خودا

لە کۆتاییدا خوشکان، برایان، ئێمە فێرمان کردوون کە دەبێت چۆن بژین تاکو خودا ڕازی بکەن، وەک ئاواش دەژین، ئیتر داواتان لێ دەکەین و لێتان دەپاڕێینەوە بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە تاکو زیاتر خۆتان تەرخان بکەن، چونکە دەزانن ئەو ڕاسپاردانە چی بوون کە بە دەسەڵاتی عیسای باڵادەست پێماندان.

خواستی خودا ئەوەیە کە پیرۆزکراو بن، واز لە داوێنپیسی بهێنن. هەروەها خودا دەیەوێ کە هەریەکەتان فێری ئەوە بێت کە چۆن جەستەی خۆی پاک و پیرۆز بپارێزێت، نەک بە ئارەزووی هەوەسبازی وەک ئەو نەتەوانەی خودا ناناسن. لەم بارەوە کەس بۆ مەرامی خۆی سوود لە برا و خوشکەکەی وەرنەگرێت، هەروەها خراپەیان بەرامبەر مەکەن، چونکە یەزدان تۆڵەی هەموو ئەمانە دەکاتەوە، وەک پێشتر پێمان گوتوون و ئاگادارمان کردوونەتەوە. خودا بانگی نەکردووین بۆ گڵاوی، بەڵکو بانگی کردین تاکو بە پاک و پیرۆزی بژین. کەواتە ئەوەی ئەم فێرکردنە ڕەت بکاتەوە، مرۆڤ ڕەت ناکاتەوە بەڵکو خودا، ئەوەی ڕۆحی پیرۆزی خۆی پێدان.

دەربارەی خۆشەویستی برایانە، پێویست ناکات بۆتان بنووسم، چونکە خۆتان لە خوداوە فێربوون یەکتریتان خۆشبوێ. 10 لەڕاستیدا، هەموو خوشک و برایان لە تەواوی مەکدۆنیاتان خۆشدەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەی خوشک و برایان، تکاتان لێ دەکەین کە زیاتر و زیاتر بەم شێوەیە بن.

11 با ئامانجی ئێوە بەڕێکردنی ژیانێکی ئارام و هێمن بێت. سەرتان لە کاری خۆتاندا بێت و بە دەستی خۆتان کار بکەن، وەک ڕامانسپاردوون، 12 تاکو بە لێوەشاوەیی بژین لەگەڵ ئەوانەی دەرەوە و پێویستیتان بە کەس نەبێت.

هاتنەوەی عیسای خاوەن شکۆ

13 خوشکان، برایان، نامانەوێت سەبارەت بە نوستووان[a] نەزان بن، تاکو وەک ئەوانەی دیکە خەمبار نەبن کە هیوایان نییە. 14 لەبەر ئەوەی باوەڕمان بەوە هەیە کە عیسا مرد و هەستایەوە، بە هەمان شێوە باوەڕیشمان بەوە هەیە کە خودا ئەو باوەڕدارانە بۆ لای خۆی دەبات کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسادا نوستوون. 15 ئێمەش بەگوێرەی فێرکردنی مەسیح ئەمەتان پێ ڕادەگەیەنین، ئێمەی زیندوو کە ماوین هەتا هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ، پێش نوستووان ناکەوین، 16 چونکە مەسیحی خاوەن شکۆ خۆی بە دەنگی بەرز فەرمان دەدات، بە دەنگی سەرۆکی فریشتەکان و بە کەڕەنای خودا، لە ئاسمانەوە دێتە خوارەوە و یەکەم جار ئەو مردووانە هەڵدەستنەوە کە لەگەڵ مەسیحدا بوونەتە یەک. 17 ئینجا ئێمەی زیندوو کە ماوین، هەموومان لەگەڵیان لە هەوردا دەڕفێنرێین بۆ پێشوازی مەسیحی خاوەن شکۆ لە ئاسماندا، ئیتر هەمیشە لەگەڵ ئەو دەبین. 18 بۆیە بەم قسانە یەکتری هانبدەن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.