Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئیشایا 20-22

نیشانە و پەند لەسەر میسر و کوش

20 لە ساڵی هاتنی فەرماندە گشتییەکە بۆ ئەشدۆد، کاتێک سەرگۆنی پاشای ئاشور ناردی و لەگەڵ ئەشدۆد جەنگا و گرتی، لەو کاتەدا یەزدان لە ڕێگەی ئیشایای کوڕی ئامۆچەوە قسەی کرد و فەرمووی: «بڕۆ جلوبەرگە گوشەکە لە کەمەرت بکەرەوە و پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە.» ئەویش بەم جۆرەی کرد و بە ڕووتی و پێ خاوسی ڕۆیشت.

ئینجا یەزدان فەرمووی: «وەک ئەوەی ئیشایای بەندەم بۆ ماوەی سێ ساڵ بە ڕووتی و پێ خاوسی ڕۆیشت، ئەمە نیشانە و پەندە لەسەر میسر و لەسەر کوش، پاشای ئاشوریش بۆ ڕیسوایی میسر بەم جۆرە ڕاپێچکراوانی میسر و دیلەکانی کوش، گەنج و پیر بە ڕووتی و پێ خاوسی و سمت ڕووتی دەداتە پێش خۆی. دەتۆقن و شەرمەزار دەبن لەبەر کوش کە مایەی هیوایان بوو و لەبەر میسر کە مایەی شانازییان بوو. جا دانیشتووی ئەم کەنارە لەو ڕۆژەدا دەڵێت: ”ئەوەتا ئاوایە پەناگاکەمان کە بۆ ئەوێ هەڵاتین بۆ یارمەتی بۆ ئەوەی لە ڕووی پاشای ئاشور فریامان بکەوێت! ئیتر ئێمە چۆن دەرباز دەبین؟“»

سروشێک سەبارەت بە بابل

21 سروشێک سەبارەت بە چۆڵەوانی نزیکی دەریا[a]:

وەک گەردەلوول لە باشوور هەڵدەکات،
    لە چۆڵەوانییەوە دێت،
    لە خاکێکی ترسناک.

ئەم بینینە ترسناکەم بۆ ئاشکرا کراوە:
    ناپاک ناپاکی دەکات و تاڵانکەر تاڵان دەکات.
سەربکەوە ئەی ئیلام! گەمارۆ بدە ئەی میدیا!
    کۆتاییم هێنا بە هەموو ئاخ هەڵکێشانەکەی.

لەبەر ئەوە کەلەکەم پڕ بووە لە ئازار،
    ژانێک منی گرت، وەک ژانی منداڵبوون،
سەرسام بووم لە گوێگرتن،
    واقم وڕما لە بینین.
سەرم لێ شێوا،
    ترس منی لەرزاند،
زەردەپەڕی خۆشی منی
    کردە تۆقین.

خوان ئامادە دەکەن،
    ڕایەخ ڕادەخەن،
    دەخۆن و دەخۆنەوە!
هەستن ئەی میران!
    قەڵغان چەور بکەن!

پاشان پەروەردگار ئەمەم پێ دەفەرموێت:

«بڕۆ ئێشکگر بە پێوە ڕابگرە،
    ئەوەی دەیبینێت با ڕایبگەیەنێت.
کاتێک چەند گالیسکەیەک دەبینێت،
    لەگەڵ ئەسپ سوار جووت جووت،
    سواری گوێدرێژ یان سواری وشتر،
با بە تەواوی گوێی شل بکات،
    زۆر شلی بکات.»

ئینجا ئێشکگرەکە هاواری کرد:

«گەورەم، من بەردەوام بە ڕۆژ بە پێوە لەسەر قوللەی چاودێرییەکە ڕاوەستاوم،
    هەموو شەوان لە بنکەی پاساوانیێتیم، من دامەزراوم.
ئەوەتا پیاوێک بە سواری گالیسکە هاتووە،
    لەگەڵ ئەسپ سوار جووت جووت.
وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت:
    ”کەوتووە، بابل کەوتووە!
هەموو وێنەی خوداوەندەکانی
    بەرەو زەوی شکان!“»

10 ئەی خەڵکینە، کە لەسەر جۆخین جەنجەرکراون،
    ئەوەی لە یەزدانی سوپاسالارەوە بیستوومە
    لە خودای ئیسرائیلەوە پێتان ڕادەگەیەنم.

سروشێک سەبارەت بە ئەدۆم

11 سروشێک سەبارەت بە دوما:

لە سێعیرەوە هاوارم بۆ دەکرێت،
    «ئێشکگر، شەو چەندی ماوە؟
    ئێشکگر، شەو چەندی ماوە؟»
12 ئێشکگرەکەش[b] وەڵام دەداتەوە:
    «بەیانی دێت، هەروەها شەویش.
ئەگەر داواکارن، داوا بکەن،
    بگەڕێنەوە، وەرن.»

سروشێک سەبارەت بە عەرەبستان

13 سروشێک سەبارەت بە عەرەبستان:

ئەی کاروانی دیدانییەکان،
    ئەوانەی لەنێو دەوەنەکانی عەرەبستان شەو بەسەردەبەن،
14     بەرەوپیری تینوو، ئاو بهێنن.
ئەی دانیشتووانی خاکی تێما،
    بە نانەوە بەرەو ڕووی هەڵاتوو بچن،
15 چونکە لە ڕووی شمشێر هەڵاتوون،
    لە ڕووی شمشێری هەڵکێشراو،
لە ڕووی کەوانی توندکراو،
    لە ڕووی سەختی جەنگ.

16 پەروەردگار ئەمەم پێ دەفەرموێت: «دوای یەک ساڵی ڕەبەق، هەموو شکۆمەندی قێدار بەسەردەچێت و 17 پاشماوەی پاڵەوانە کەوان بەدەستەکانی نەوەی قێدار ژمارەیان کەم دەبن، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل فەرمووی.»

سروشێک سەبارەت بە ئۆرشەلیم

22 سروشێک سەبارەت بە دۆڵی بینین[c]:

چیتانە وا سەرکەوتوون،
    هەموو بۆ سەربان،
ئەی شارە بە هاتوهاوارەکە،
    پڕ لە دەنگەدەنگ، شارۆچکە بە شانازییەکە؟
کوژراوەکانت کوژراوی شمشێر نین و
    مردووی جەنگ نین.
فەرمانڕەواکانت پێکەوە هەڵاتن،
    بێ بەرگری بە دیل گیران.
هەموو ئەوانەی تێتدا بینرانەوە، پێکەوە گیران،
    ئەوانەش کە دوور بوون و هەڵاتبوون.
لەبەر ئەوە گوتم: «وازم لێ بهێنن،
    بە تاڵییەوە دەگریێم،
زۆرم لێ مەکەن بۆ دڵدانەوەم
    لەسەر وێرانبوونی گەلەکەم.»

چونکە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار
    ڕۆژێکی هەیە لە دۆڵی بینین
    بۆ هاتوهەرا و سەرکوتکردن و سەرلێشێوان
بۆ دیوار بڕین و
    هاوارکردن بۆ چیا.
ئیلام تیردانی هەڵگرتووە
    بە گالیسکە و پیادە و سوارەوە،
    قییریش قەڵغانی دەرخست.
جا هەڵبژاردەی دۆڵەکانت پڕ دەبێت لە گالیسکە و لە سوارەکان،
    ڕیزیان بەستووە ڕووەو دەروازەکە.

    داپۆشینی یەهودا نامێنێت.
جا لەو ڕۆژەدا دەڕوانیتە
    چەکەکانی کۆشکی دارستان،
کەلێنەکانی شاری داود دەبینن کە زۆر بوون و
    ئاوی گۆمی خوارێ کۆدەکەنەوە.
10 ماڵەکانی ئۆرشەلیم دەژمێرن و
    ماڵەکان دەڕووخێنن بۆ پتەوکردنی شووراکە.
11 ئەستێلێک دروستدەکەن لەنێوان دوو شووراکە،
    بۆ ئاوی گۆمە کۆنەکە.
بەڵام نەتانڕوانییە یەزدانی دروستکەری،
    ئەوەی لەمێژەوە شێوەی کێشابوو نەتانبینی.

12 یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار،
    لەو ڕۆژەدا بانگەوازی کرد
بۆ گریان و شیوەن و
    سەرتاشین و پۆشینی جلوبەرگی گوش.
13 بەڵام ئەوەتا خۆشی و شادی،
    مانگا کوشتنەوە و مەڕ سەربڕین،
    گۆشت خواردن و شەراب خواردنەوە!
«با بخۆین و بخۆینەوە،
    چونکە سبەی دەمرین.»

14 گوێم لێگرت یەزدانی سوپاسالار بۆی ئاشکرا کردم: «کەفارەت بۆ ئەم تاوانەتان ناکرێت تاکو دەمرن،» یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت.

15 یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:

«بڕۆ بۆ لای ئەو کارگێڕە،
    شەڤنا ئەوەی سەرپەرشتیاری کۆشکەکەیە:
16 چیت هەیە لێرە و کێ ڕوخسەتی پێداویت،
    هەتا گۆڕێک بۆ خۆت هەڵبکەنیت،
ئەی ئەوەی لە بەرزایی گۆڕی خۆتت هەڵکەندووە و
    بۆ خۆت لەناو تاشەبەرد ماڵت تاشیوە؟

17 «ئەی پاڵەوان، ئەوەتا یەزدان خەریکە بە توندی تووڕت دەدات و
    بە هێزەوە لوولت دەکات،
18 وەک تۆپ پێچانەوەی پێچ دەتپێچێتەوە و
    بەرەو خاکێکی بەرفراوان تووڕت دەدات.
لەوێ دەمریت و
    گالیسکەکانی شکۆمەندیت لەوێ دەبێت،
    ئەی مایەی سووکایەتی ماڵی گەورەکەت!
19 لە پلەکەت دەرتدەکەم و
    لە پایەکەت فڕێدەدرێیتە خوارەوە.

20 «لەو ڕۆژەدا بانگی بەندەکەی خۆم، بانگی ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیا دەکەم و 21 جلەکەی تۆی لەبەر دەکەم و بە کەمەربەندەکەی تۆ کەمەری توند دەکەم و دەسەڵاتی تۆ دەدەمە دەست ئەو و دەبێت بە باوک بۆ ئۆرشەلیم و بۆ بنەماڵەی یەهودا. 22 کلیلی ماڵی داود دەخەمە سەر شانی و ئەوەی دەیکاتەوە کەس دایناخات و ئەوەی دایدەخات کەس نایکاتەوە. 23 وەک سنگ دەیچەقێنم لە شوێنێکی چەسپاو و دەبێت بە تەختی شکۆمەندی بۆ بنەماڵەکەی. 24 هەموو شکۆمەندی بنەماڵەکەی بەوەوە هەڵدەواسن، چڵەکان و لقەکان، هەموو دەفرە بچووکەکان، لە دەفرە پەلەکانەوە هەتا دەفرە قووڵەکان.»

25 یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «بەڵام سەردەمێک دێت سنگە چەقاوەکە لە شوێنە چەسپاوەکە نامێنێت و دەشکێت و دەکەوێت، ئەو بارگرانییەی لەسەری بوو دەبڕدرێتەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

ئەفەسۆس 6

دایک و باوک و منداڵ

ئەی منداڵان، لەبەر مەسیحی باڵادەست، گوێڕایەڵی دایک و باوکتان بن، چونکە دروستەکەی ئەوەیە. [ڕێزی دایک و باوکتان بگرن.] ئەمە یەکەم ڕاسپاردەیە لەگەڵ بەڵێنەوە دێت [بۆ ئەوەی چاکە بێتە ڕێتان و تەمەن درێژ بن لەسەر زەوی.][a] ئێوەش ئەی باوکان، منداڵەکانتان تووڕە مەکەن، بەڵکو بەگوێرەی ڕێنمایی و فێرکردنی مەسیحی باڵادەست پەروەردەیان بکەن.

کۆیلە و گەورەکانیان

ئەی کۆیلەکان، گوێڕایەڵی گەورەکانتان بن لەسەر زەوی، بە ترس و لەرزەوە بە دڵپاکی، وەک بۆ مەسیح بێت، نەک بە خزمەتی بەرچاوان وەک ئەوەی خەڵک ڕازی بکات، بەڵکو وەک کۆیلەی مەسیح بەدڵ خواستی خودا بەجێبهێنن. با خزمەتتان لە دڵەوە بێت، وەک بۆ عیسای خاوەن شکۆی بکەن نەک بۆ خەڵکی، چونکە دەزانن هەر یەکێک چ چاکەکارییەک بکات ئەوە لە عیسای خاوەن شکۆ وەردەگرێتەوە، کۆیلە بێت یاخود ئازاد.

ئێوەش ئەی گەورەکان، هەمان شتیان بۆ بکەن، واز لە هەڕەشەلێکردنیان بهێنن، بزانن گەورەی ئەوان و ئێوە لە ئاسمانە، ئەویش لایەنگری ناکات.

چەکی تەواوی خودا

10 لە کۆتاییدا پێتان دەڵێم کە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحی باڵادەست و هێزە گەورەکەی بەهێز بن. 11 بە چەکی تەواوی خودا خۆتان چەکدار بکەن، تاکو بتوانن بەرامبەر پیلانی شەیتان خۆتان ڕابگرن، 12 چونکە زۆرانبازی ئێمە لەگەڵ گۆشت و خوێن نییە، بەڵکو لە دژی سەرۆکەکان، لە دژی دەسەڵاتداران، لە دژی فەرمانڕەوایانی ئەم تاریکییەی جیهانە، هەروەها لە دژی سەربازە بەدکارە ڕۆحییەکانە لە شوێنەکانی ئاسمان. 13 بۆیە چەکی تەواوی خودا هەڵبگرن، تاکو بتوانن لە ڕۆژی بەدکاردا خۆڕاگر بن و دوای تەواوبوونی هەموو شتێک، بچەسپێن. 14 بە بەستنی پشتێنی ڕاستی بە ناوقەدتان و سپەری[b] ڕاستودروستی بە سنگتانەوە، 15 ئامادەیی لە پێ بکەن بۆ ڕاگەیاندنی مزگێنی ئاشتی[c]، 16 لە سەرووی هەموو ئەوانە قەڵغانی باوەڕ هەڵبگرن، بەمە دەتوانن هەموو تیرە گڕدارەکانی شەیتان بکوژێننەوە. 17 هەروەها کڵاوی ئاسنینی ڕزگاری لەسەر بکەن و شمشێری ڕۆحی پیرۆز هەڵبگرن کە پەیامی خودایە. 18 بە هەموو جۆرە نوێژێک و پاڕانەوەیەک، هەموو کاتێک لە ڕۆحی پیرۆزدا نوێژ بکەن، بۆ ئەمەش شەوارە بگرن بەوپەڕی بەردەوامی و پاڕانەوە بۆ تەواوی گەلی پیرۆزی خودا.

19 نوێژ بۆ منیش بکەن تاکو هەر کاتێک دەمم دەکەمەوە قسەی گونجاوم بدرێتێ، ئازایانە نهێنی پەیامی ئینجیل ڕابگەیەنم. 20 من لێرە باڵوێزی ئینجیلم، هەرچەندە لە پێناویدا کۆت و بەند کراوم، نوێژ بکەن بۆ ئەوەی بەگوێرەی پێویست ئازابم بۆ قسەکردن.

سڵاوی کۆتایی

21 برای خۆشەویستمان تیخیکۆس، کە خزمەتکاری دڵسۆزە لە خزمەتی مەسیحی باڵادەستدا، هەموو شتێکتان پێ دەڵێت بۆ ئەوەی ئێوەش هەواڵی من بزانن و ئاگاداری ئەوە بن کە خەریکی چیم. 22 بە تایبەتی بۆ ئەمە ناردمە لاتان، تاکو هەواڵی ئێمە بزانن و ورەتان بەرز بکاتەوە.

23 لە خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە، ئاشتی و خۆشەویستییەکی لەگەڵ باوەڕ بۆ باوەڕداران. 24 نیعمەت لەگەڵ هەموو ئەوانە بێت کە بە خۆشەویستییەکی نەمر عیسای مەسیحی گەورەی ئێمەیان خۆشدەوێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.