Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئیشایا 3-4

دادوەری لەگەڵ ئۆرشەلیم و یەهودا

چونکە ئەوەتا پەروەردگار،
    یەزدانی سوپاسالار،
بەتەمایە لە ئۆرشەلیم و لە یەهودا دابماڵێت
    پاڵپشتی و پشتگیری،
هەموو پاڵپشتییەکی نان و ئاو،
    پاڵەوان و جەنگاوەر،
دادوەر و پێغەمبەر و
    فاڵگرەوە و پیر و
سەرۆکی پەنجاکان و پیاوماقوڵان،
    ڕاوێژکار و پیشەوەری دانا و نوشتەکەری تێگەیشتوو.

مێردمنداڵان دەکەم بە میریان،
    منداڵان فەرمانڕواییان دەکەن.

گەل لەنێو خۆیان ستەم لە یەکتری دەکەن،
    هەرکەسە و لە هاوڕێکەی.
مێردمنداڵ لە پیر ڕاست دەبێتەوە،
    چروکیش لە سەنگین.

چونکە پیاو یەخەی برای خۆی دەگرێت
    لە ماڵی باوکی و دەڵێت:
«تۆ کەوات هەیە، ببە بە سەرۆکمان و
    ئەم کاولگەیەش لەژێر دەستتە!»
لەو ڕۆژەدا دەنگ بەرز دەکاتەوە و دەڵێت:
    «نابم بە چارەساز،
نان و بەرگ لە ماڵەکەم نییە.
    مەمکەن بە سەرۆکی گەل.»

ئۆرشەلیم شکست دەخوات و
    یەهوداش دەکەوێت،
چونکە زمانیان و کردەوەکانیان لە دژی یەزدانە،
    بۆ یاخیبوون لەبەرچاوی شکۆمەندییەکەی.
دیمەنی ڕوخساریان شایەتییان لەسەر دەدات،
    وەک سەدۆم گوناهەکەیان ڕادەگەیەنن،
    نایشارنەوە.
قوڕبەسەریان،
    چونکە خراپە دەهێننە سەر خۆیان!

10 بڵێن، ڕاستودروستان خۆشحاڵن
    چونکە بەری کردەوەکانی خۆیان دەخۆن.
11 قوڕبەسەر بەدکار! خراپەی بۆ دەبێت،
    چونکە پاداشتی کردەوەکانی دەستی خۆی وەردەگرێت.

12 منداڵان ستەم لە گەلی من دەکەن و
    ژنان فەرمانڕەوایەتی دەکەن.
گەلی من، ڕاستەڕێکارانت چەواشەکارن و
    ڕێگای هاتوچۆی تۆیان تێکداوە.

13 یەزدان لە شوێنی دادوەر دانیشت،
    هەستا بۆ حوکمدان بەسەر گەلان.
14 یەزدان دەست بە دادوەری دەکات،
    لەگەڵ پیرانی گەلەکەی و میرەکانیان:
«ئێوە بوون ڕەزەمێوەکەتان لووشدا،
    ڕووتانەوەی هەژاران لە ماڵەکانتانە.
15 ئەوە چیتانە، گەلەکەم وردوخاش دەکەن و
    ڕووی هەژاران دەهاڕن؟»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار.

16 یەزدان دەفەرموێت:
    «کچانی سییۆن لەخۆبایی بوون،
گەردنیان دەرخستووە و
    بە چاوبازییەوە دەڕۆن،
بە لارولەنجەوە دەڕۆن
    بە زرنگەی لەرزانەی گۆزینگیان.
17 لەبەر ئەوە پەروەردگار تەپڵی سەری کچانی سییۆن کەچەڵ دەکات،
یەزدان ڕووتی ئەوان بەدەردەخات.»

18 لەو ڕۆژەدا پەروەردگار جوانکاری دادەماڵێت: لەرزانە و لاسەرە و ملوانکە، 19 گوارە و بازن و پەچە، 20 سەرپێچ و قۆڵبەست و پشتێن و تەلیسم و چەناخە، 21 ئەنگوستیلە و خەزێم، 22 جلوبەرگی جەژن و پاڵتۆ و چارۆکە و جزدان و 23 ئاوێنە، کراسی کەتان و سەرپۆش و کۆڵوانەکان.

24 جا لە جێی بۆنوبەرام، بۆگەنی و
    لە جێی کەمەربەند گوریس و
لە جێی پرچی بە ئەگریجە سەری ڕووتاوە و
    لە جێی بەرگی گرانبەها گوش[a] لەبەر دەکەن،
    نیشانەی داغیش لە جێی جوانی دەبێت.
25 پیاوەکانتان بە شمشێر و
    پاڵەوانەکانتان لە جەنگدا دەکەون.
26 جا دەروازەکانی سییۆن شین دەگێڕن و دەگریێن،
    بێکەس لەسەر زەوی دادەنیشن.
حەوت ژن یەک پیاو دەگرن
    لەو ڕۆژەدا،
دەڵێن: «نانی خۆمان دەخۆین و
    بەرگی خۆمان لەبەر دەکەین،
تەنها با بە ناوی تۆوە بانگ بکرێین.
    ڕیسواییەکەمان ڕاماڵە!»

لقی یەزدان

لەو ڕۆژەدا لقی یەزدان[b] دەبێتە جوانی و شکۆ، بەروبوومی زەویش دەبێتە شانازی و قەشەنگی بۆ دەربازبووانی ئیسرائیل. جا ئەوەی لە سییۆن ماوەتەوە و ئەوەی لە ئۆرشەلیم بەجێماوە، پێی دەگوترێت، پیرۆز، هەموو ئەوانەی لە ئۆرشەلیم بۆ ژیان تۆمارکراون. کە پەروەردگار پیسی کچانی سییۆن بشوات و خوێنەکانی ئۆرشەلیم لەناوەڕاستی پاک بکاتەوە، بە ڕۆحی حوکمدان و بە ڕۆحی سووتان. ئینجا یەزدان لەسەر هەموو شوێنێکی کێوی سییۆن و لەسەر ئەوانەی لەوێ کۆدەبوونەوە، بە ڕۆژ هەور و بە شەو دووکەڵ و پڕشنگی ئاگری بڵێسەدار بەدی دەهێنێت، لەسەر هەموو شکۆیەک کەپر دەبێت. بە ڕۆژ لەبەر گەرما دەبێت بە چادر بۆ سێبەر و لە لافاو و بارانیش دەبێت بە داڵدە و پەناگا.

گەلاتیا 6

باری یەکتری هەڵگرن

خوشکان، برایان، ئەگەر کەسێک تووشی گوناهێک بوو، با ئێوەی ڕۆحانی کەسی ئاوا بە ڕۆح نەرمی ڕاست بکەنەوە. سەیری خۆشت بکە نەوەک تۆش بکەویتە تاقیکردنەوە. باری یەکتری هەڵگرن و بەم شێوەیە شەریعەتی مەسیح بهێننە دی. ئەگەر یەکێک خۆی بە شتێک زانی، هیچیش نەبوو، ئەوا خۆی هەڵدەخەڵەتێنێت. بەڵام با هەریەکە کرداری خۆی تاقی بکاتەوە، ئەوسا با تەنها شانازی بە خۆیەوە بکات، نەک بە کەسێکی دیکەوە، چونکە هەرکەسێک باری خۆی هەڵدەگرێت.

ئەو کەسەی فێری وشەی خودا[a] دەکرێت، دەبێت فێرکارەکەی لە هەموو شتێکی باشدا بەشدار بکات.

هەڵمەخەڵەتێن، خودا گاڵتەی پێ ناکرێت. مرۆڤ چی بچێنێت، ئەوە دەدروێتەوە. ئەوەی بۆ سروشتی دنیایی خۆی بچێنێت، گەندەڵی لە سروشتی دنیایی دەدروێتەوە، بەڵام ئەوەی بۆ ڕۆحی پیرۆز بچێنێت لە ڕۆحەکەوە ژیانی هەتاهەتایی دەدروێتەوە. کەواتە با لە چاکەکاری نەکەوین، چونکە ئەگەر ورە بەرنەدەین لە کاتی خۆیدا دروێنەی دەکەین. 10 ئینجا هەروەک دەرفەتمان هەیە، با چاکە لەگەڵ هەمووان بکەین، بە تایبەتی لەگەڵ خێزانی باوەڕداران.

بوونەوەرێکی نوێ

11 سەیر بکەن، ئەو پیتانە کە بە دەستی خۆم نووسیومە چەندە گەورەن.[b]

12 ئەوانەی دەیانەوێت لە جەستەدا ڕواڵەتێکی چاک دروستبکەن، ئەوانە ناچارتان دەکەن خەتەنە بکرێن، تەنها تاکو لەبەر خاچی مەسیح نەچەوسێنرێنەوە. 13 ئەوانەی خەتەنەکراون، تەورات پەیڕەو ناکەن، تەنها دەیانەوێت ئێوە خەتەنە بکرێن، تاکو شانازی بە جەستەی ئێوەوە بکەن. 14 لە من بەدوور بێت شانازی بە هیچ شتێکەوە بکەم، جگە لە خاچی عیسای مەسیحی گەورەمان، کە بەهۆیەوە جیهان بۆ من لە خاچ دراوە، منیش بۆ جیهان، 15 چونکە نە خەتەنەکردن سوودی هەیە و نە خەتەنە نەکردنیش، بەڵکو بەدیهێنراوی نوێ. 16 با ئاشتی و بەزەیی بۆ هەموو ئەوانە بێت کە ئەم یاسایە پەیڕەو دەکەن، بۆ گەلی ئیسرائیلی خوداش.

17 ئیتر با کەس گرفتم بۆ دروستنەکات، چونکە نیشانەکانی عیسام لە لەشدا هەڵگرتووە.

18 خوشکان و برایان، با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لەگەڵ ڕۆحتان بێت. ئامین.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.