Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
گۆرانی گۆرانییەکان 4-5

دڵدار

ئەی یارەکەم، تۆ چەند جوانیت،
    چەند جوانیت!
    چاوەکانت دوو کۆترن لە پشت پەچەکەتەوە.
قژت وەک مێگەلە بزنە
    کە لە کێوی گلعادەوە دێتە خوارەوە.
ددانەکانت وەک ڕانە مەڕن،
    کە تازە بڕاونەتەوە و لە شوشتن گەڕاونەتەوە،
هەموویان جووتن،
    هیچیان بە تەنها نین.
لێوەکانت وەک ڕیسی ئاڵە،
    دەمت شیرینە،
گۆنات وەک لەتە هەنارە
    لە پشت پەچەکەتەوە.
گەردنت وەک قوللەی داودە
    بە ڕیزە بەرد بنیاد نراوە،
هەزار قەڵغانی پێوە هەڵواسراوە،
    هەمووی قەڵغانی پاڵەوانانە.
جووتە مەمکەکەت وەک دوو کارمامزن،
    وەک جووتێک مامزن،
    کە لەنێو گوڵە سەوسەندا دەلەوەڕێن.
بەر لەوەی ڕۆژ هەڵبێت و
    تاریکی بڕەوێتەوە،
دەچمە چیای موڕ و
    گردی بخوور.
ئەی یارەکەم، سەرتاپات جوانییە،
    هیچ کەموکوڕیت تێدا نییە.

بووکێ، لەگەڵ من لە لوبنانەوە وەرە،
    لەگەڵ من لە لوبنانەوە وەرە.
لە لووتکەی چیای ئەماناوە وەرە خوارەوە،
    لە سەری سنیرەوە کە لووتکەی حەرمۆنە،
لە لانەی شێرانەوە،
    لە چیای پڵنگانەوە.
ئازیزەکەم، بووکێ، دڵی منت ڕفاندووە،
    بە تیلەی چاوت دڵت ڕفاندووم،
    بە موورووێکی ملوانکەکەت.
10 ئەوینت چەند جوانە، بووکی ئازیزم،
    ئەوینت چەند لە شەراب خۆشترە،
    بۆنی عەترەکەشت لە هەموو بۆنوبەرامێک.
11 لێوەکانت شانەی هەنگوینیان لێ دەتکێت، بووکێ،
    شیر و هەنگوین لەژێر زمانتە!
    بۆنی جلوبەرگت وەک بۆنی لوبنانە.
12 باخچەیەکی داخراوە! بووکی ئازیزم،
    سەرچاوەیەکی داخراوە، کانییەکی مۆرکراوە!
13 نەمامەکانت باخی هەنارن
    لەگەڵ بەروبوومی هەڵبژاردە،
    خەنە و ناردین،
14     ناردین و کارکۆم[a]،
    قامیشی بۆنخۆش و دارچین،
    لەگەڵ هەموو جۆرە دار بخوورێک،
    موڕ و ئەلوا[b]
    لەگەڵ هەموو بۆنوبەرامەکان.
15 تۆ سەرچاوەی باخچەکانیت،
    بیری ئاوی لەبەر ڕۆیشتووی،
    لێشاوە لە لوبنان دێتە خوارێ.

ئەویندار

16 هەستە، ئەی بای باکوور،
    وەرە، ئەی بای باشوور!
بەسەر باخچەکەم هەڵبکەن،
    با بۆنوبەرامی بڵاوبێتەوە،
بۆ ئەوەی دڵدارەکەم بێتە ناو باخچەکەی خۆی،
    با بەروبوومە هەڵبژاردەکەی تام بکات.

دڵدار

هاتمە ناو باخچەکەم، ئازیزم، بووکێ،
    موڕ و بۆنوبەرامی خۆمم کۆکردەوە،
شانەی هەنگوین و هەنگوینی خۆمم خوارد،
    شەراب و شیری خۆمم خواردەوە.

هاوڕێیەکان

ئەی هاوڕێیان، بخۆن و بخۆنەوە؛
    یاران، بە ئەوین مەست بن.

ئەویندار

من خەوتووم، بەڵام دڵم بێدارە!
    دەنگی دڵدارەکەمە لە دەرگا دەدات:
«دەرگام بۆ بکەرەوە، دڵداری ئازیزم،
    ئەی کۆترەکەم، ئەی بێ کەموکوڕییەکەم،
سەرم پڕ خوناو بووە،
    ئەگریجەم پڕ شەونم.»
جلەکانم داکەندووە،
    ئایا دەبێ دیسان لەبەری بکەمەوە؟
پێیەکانم شوشتووە،
    ئایا دەبێ دیسان پیسیان بکەمەوە؟
دڵدارەکەم لە کونی دەرگاوە دەستی درێژکرد،
    هەناوم بۆی ڕاچەنی.
هەستام هەتا دەرگا لە دڵدارەکەم بکەمەوە،
    دەستەکانم موڕیان لێ دەچۆڕا،
پەنجەکانم موڕی شل
    لەسەر دەسکی سورگییەکە.
دەرگام بۆ دڵدارەکەم کردەوە،
    بەڵام دڵدارەکەم بایدابووەوە و ڕۆیشتبوو.
    گیانم بەدوای ئەودا دەرچوو،
بەدوایدا گەڕام، بەڵام نەمدۆزییەوە.
    بانگم کرد، وەڵامی نەدامەوە.
تووشی ئێشکگرەکان بووم
    کاتێک بەناو شاردا دەسووڕانەوە.
لێیان دام و برینداریان کردم،
    چارۆکەکەیان لەبەر داکەندم،
    ئێشکگری شووراکان
ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم،
    ئەگەر تووشی دڵدارەکەم بوون،
ئەمەی پێ بڵێن،
    من بە شەیدای خۆشەویستی ئەوم.

دەستەخوشکەکان

دڵدارەکەی تۆ چی زیاترە لە دڵداران،
    ئەی جوانی نێو ئافرەتان؟
دڵدارەکەی تۆ چی زیاترە لە دڵداران،
    کە ئاوا سوێندت داین؟

ئەویندار

10 دڵدارەکەی سوور و گەشاوەیە،
    لەناو دە هەزار کەسدا دیارە.
11 سەری زێڕی بێگەردە،
    زولفی بەرداوەتەوە،
    ڕەشە وەک قەلەڕەش.
12 چاوەکانی وەک کۆترن
    چاوەکانی وەک کۆترن لەسەر کانییەک،
کۆترەکان هێندە سپین وەکو شیر،
    لە کەناری حەوزێک هەڵنیشتوون.
13 گۆناکانی وەک باخچەی بۆندارن،
    بۆنیان خۆشە.
لێوەکانی سەوسەنن،
    موڕی شلیان لێ دەتکێت.
14 دەستەکانی لوولەی زێڕن،
    بە زەبەرجەد ڕازاونەتەوە،
لەشی عاجی تاشراوە
    بە بەردی یاقووتی شین[c] پێچراوەتەوە.
15 قاچەکانی ستوونی مەڕمەڕن،
    لەسەر دوو بنکەی زێڕی بێگەرد دامەزراون.
ڕوخساری وەک لوبنانە،
    هەڵبژاردە وەک ئورز.
16 دەمی شیرینە،
    سەراپای خۆشەویستە.
ئەمە دڵدارەکەمە، ئەو ئازیزی منە،
    ئەی کچانی ئۆرشەلیم!

گەلاتیا 3

باوەڕ یان بەجێگەیاندنی شەریعەت؟

ئەی گەلاتیاییە گێلەکان! کێ جادووی لێکردوون؟ لەپێش چاوتان وێنەی عیسای مەسیح بە لە خاچ دراوی کێشرا! تەنها دەمەوێ ئەوەتان لێ فێربم: ئایا بەهۆی کارکردن بە شەریعەت ڕۆحی پیرۆزتان وەرگرت، یاخود بەهۆی باوەڕ بەوەی بیستتان؟ ئایا تاکو ئەم ڕادەیە گێلن! ئێوە کە بەهۆی ڕۆحی پیرۆزەوە دەستتان پێکرد، ئایا ئێستا دەتانەوێت بەهۆی جەستەوە کۆتایی پێ بهێنن؟ ئایا لەخۆڕایی ئەوەندە ئازارتان چێژت؟ ئایا بەڕاستی لەخۆڕایی بوو؟ ئەوەی ڕۆحتان پێ دەبەخشێت و لەنێوانتاندا پەرجوو دەکات، ئایا بەهۆی کارکردنە بە شەریعەت، یاخود بەهۆی باوەڕە بەوەی بیسترا؟

وەک چۆن ئیبراهیم [باوەڕی بە خودا هێنا، ئەمەشی بە ڕاستودروستی بۆ دانرا.][a] جا بزانن ئەوانەی لە باوەڕدان، نەوەی ئیبراهیمن. نووسراوە پیرۆزەکە پێشتر بینیویەتی کە خودا نەتەوەکان بەهۆی باوەڕ بێتاوان دەکات، پێشتر مژدەی بە ئیبراهیم دا، پێی فەرموو: [هەموو نەتەوەکان لە ڕێگەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن.][b] کەواتە ئەوانەی باوەڕدارن، لەگەڵ ئیبراهیمی باوەڕدار بەرەکەتدار دەبن.

10 هەموو ئەوانەی پشت بە کرداری شەریعەت دەبەستن، لەژێر نەفرەتن، چونکە نووسراوە: [هەرکەسێک لە هەموو نووسراوی پەڕتووکەکانی تەورات نەچەسپێت بۆ پەیڕەوکردن، نەفرەت لێکراوە.][c] 11 ئاشکرایە لە بەرامبەر خودا کەس بە شەریعەت بێتاوان ناکرێت، چونکە: [ئەوەی ڕاستودروستە بە باوەڕ دەژیێت.[d]‏][e] 12 بەڵام شەریعەت پشت بە باوەڕ نابەستێت، بەڵکو: [ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بە هۆیانەوە دەژیێت.][f] 13 مەسیح ئێمەی لە نەفرەتی شەریعەت کڕییەوە، بەوەی لە پێناوماندا بووە نەفرەت، چونکە نووسراوە: [هەرکەسێک لەسەر دار هەڵبواسرێت نەفرەت لێکراوە.][g] 14 ئەو ئێمەی کڕییەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە بەرەکەتی ئیبراهیم بۆ نەتەوەکان بێت، تاکو بەهۆی باوەڕەوە بەڵێنی ڕۆحی پیرۆز بەدەستبهێنین.

پەیمانی خودا و شەریعەت

15 خوشکان، برایان، با نموونەیەکی مرۆڤانەتان بۆ بهێنمەوە: ئەگەر یەکێک پەیمانێکی مۆرکراوی پێ بێت، کەس ناتوانێت بەتاڵی بکاتەوە یاخود شتێکی بخاتە سەر. 16 هەروەک بەڵێنەکان بۆ ئیبراهیم و نەوەکەی گوتراوە. نووسراوە پیرۆزەکە نافەرموێت: «بە نەوەکان» وەک ئەوەی زۆر بن، بەڵام [بە نەوەی تۆ،][h] واتە یەک، ئەوەی مەسیحە. 17 مەبەستم ئەوەیە: ئەو شەریعەتەی پاش چوار سەد و سی ساڵ هات، پەیمانی چەسپاوی پێشووی خودا هەڵناوەشێنێتەوە، تاکو بەڵێنەکە بشکێنێت، 18 چونکە ئەگەر میرات بەهۆی شەریعەتەوە هەبێت، ئیتر بەهۆی بەڵێنەوە نییە. بەڵام خودا بە نیعمەتی خۆی بەڵێنی بە ئیبراهیم دا.

مەبەستی شەریعەت

19 کەواتە شەریعەت بۆ چییە؟ بەهۆی پێشێلکردنەکانەوە زیادکراوە، هەتا ئەو کاتەی نەوەی بەڵێنپێدراو[i] دێت، لە ڕێگەی فریشتەکان بە دەستی پەیوەندی ڕێکخەرێک[j] ڕێکخرا. 20 پەیوەندی ڕێکخەر تەنها نوێنەری یەک لایەن نییە، بەڵام خودا یەکە.

21 ئایا تەورات لە دژی بەڵێنەکانی خودایە؟ نەخێر! چونکە هیچ شەریعەتێک نەدەبوو بتوانێت ژیان ببەخشێت، ئەگینا ڕاستودروستی بە تەورات دەبوو. 22 بەڵام نووسراوە پیرۆزەکە هەمووی کردووەتە بەندی گوناه،[k] تاکو ئەو بەڵێنەی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە و بەهۆی باوەڕەوە دراوە، بۆ ئەوانە بێتە دی کە باوەڕ دەهێنن.

23 پێش ئەوەی باوەڕ بێت، لەلایەن تەوراتەوە بەند کرابووین، لە ژوورەوە کرابووین هەتا ئاشکراکردنی باوەڕەکەی داهاتوو. 24 تەورات پەروەردەی دەکردین تاکو بمانهێنێت بۆ لای مەسیح، بۆ ئەوەی بە باوەڕ بێتاوان بکرێین. 25 بەڵام دوای هاتنی باوەڕ، ئێمە ئیتر لەژێر سایەی تەمبێکار نین.

ڕۆڵەکانی خودا

26 هەمووتان لە ڕێگەی باوەڕەوە ڕۆڵەی خودان، بەو یەکبوونەی کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا هەتانە، 27 چونکە کاتێک لە ئاو هەڵکێشران، هەمووتان لەگەڵ مەسیح یەکتانگرت و مەسیحتان وەک جلوبەرگێک لەبەرکرد. 28 جولەکە و ناجولەکە نییە، کۆیلە و ئازاد نییە، ژن و پیاو نییە، چونکە هەمووتان بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیح، یەکن. 29 جا ئەگەر ئێوە هی مەسیح بن، ئەوا لە نەوەی ئیبراهیمن و بەگوێرەی بەڵێنەکە میراتگرن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.