Old/New Testament
1 گۆرانی گۆرانییەکانی سلێمان.
ئەویندار [a]
2 با بە ماچەکانی دەمی ماچم بکات،
چونکە ئەوینی تۆ لە شەراب خۆشترە.
3 بۆنی عەترەکەت خۆشە؛
ناوت عەتری پرژاوە،
مایەی سەرسوڕمانی نییە کە پاکیزەکان تۆیان خۆشدەوێ.
4 پەلم بگرە و با پێکەوە بڕۆین!
با پاشا بمهێنێتە ناو ژوورەکەی خۆی.
دەستەخوشکەکان
شاد و دڵخۆش دەبین پێت،
لە شەراب زیاتر یادی ئەوینی تۆ دەکەینەوە.
ئەویندار
بەڕاستی تۆیان خۆشدەوێ.
5 ئەی کچانی ئۆرشەلیم،
من ئەسمەرێکی جوانم،
وەک ڕەشماڵەکانی قێدار،
وەک نێوبەندی ڕەشماڵەکانی سلێمان.
6 تەماشام مەکەن کە من ئەسمەرم،
ئەوە خۆر لێیداوم.
کوڕانی دایکم لە من تووڕە بوون،
منیان کردە چاودێری ڕەزەمێو،
لەبەر ئەوەی ناچار کرام، چاودێری ڕەزەمێوەکەم نەکرد.
7 ئەی خۆشەویستی گیانم، پێم بڵێ،
لەکوێ مێگەلی خۆت دەڵەوەڕێنیت،
کاتی نیوەڕۆش پشتیری مەڕەکانت لەکوێیە؟
بۆچی وەک پەچەکراوێک بم،
لەلای مێگەلی هاوڕێیەکانت؟
دەستەخوشکەکان
8 ئەی جوانترینی نێو ئافرەتان، ئەگەر نازانیت
بە شوێن پێی مەڕاندا بڕۆ و
کارەبزنەکانت بلەوەڕێنە
لەلای نشینگەی شوانەکان.
دڵدار[b]
9 یارەکەم، بە ئەسپێک لە گالیسکەکانی فیرعەون
لێکم چوواندی،
10 گۆنات بە خشڵەوە جوانە،
گەردنت بە گەردانەوە.
11 خشڵی زێڕت بۆ دەکەین،
لەگەڵ نقێمی زیو.
ئەویندار
12 هەتا پاشا لە کۆڕی خۆیەتی،
ناردینی من بۆنی خۆی بڵاو دەکاتەوە.
13 دڵدارەکەم چەپکێک موڕە
کە لەنێو مەمکەکانم شەو بەسەردەبات.
14 دڵدارەکەم هێشووی خەنەیە
لەناو ڕەزەمێوەکانی کانی گەدی.
دڵدار
15 ئەی یارەکەم، تۆ چەند جوانیت،
چەند جوانیت!
چاوەکانت کۆترن.
ئەویندار
16 ئەی دڵدارەکەم، تۆش چەند قۆزیت،
چەند شیرینیت!
جێگاکەمان سەوزە.
دڵدار
17 کاریتەی خانووەکەمان لە داری ئورزە،
تەختەدارەکانی سەروون.
ئەویندار
2 من گوڵاڵە سوورەی شارۆن و
سەوسەنی دۆڵانم.
دڵدار
2 وەک گوڵی سەوسەن لەناو دڕکوداڵ
یارەکەم ئاوایە لەناو کچان.
ئەویندار
3 وەک دار سێو لەنێو دارەکانی دارستان
دڵدارەکەم ئاوایە لەناو کوڕان.
حەزم لە دانیشتنە لە سێبەرەکەی
مێوەکەشی بۆ دەمم شیرینە.
4 با بمباتە هۆڵی خوانەکە،
خۆشەویستییەکەی وەک ئاڵا لەسەر سەرم بشەکێتەوە.
5 بە کشمیش گڕوتینم پێ ببەخشن،
بە سێو بمگەشێننەوە،
چونکە من بە شەیدای خۆشەویستی ئەوم.
6 دەستی چەپی لەژێر سەرمە و
دەستی ڕاستی لە ئامێزم دەگرێت.
7 ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم،
بە مامز یان مێینەی ئاسکی دەشتودەر،
کە خۆشەویستی هەڵنەستێنن و بە ئاگای نەهێنن
هەتا خۆی حەز دەکات.
8 گوێ بگرە! ئەوە دەنگی دڵدارەکەمە!
تەماشا بکە! وا دێت،
لەسەر چیاکان هەڵدەبەزێتەوە،
بەسەر گردەکاندا باز دەدات.
9 دڵدارەکەم وەک ئاسک یان وەک کارمامزە،
وا لە پشت دیوارەکەمان ڕاوەستاوە،
لە دەلاقەوە سەیر دەکات،
لە کڵاوڕۆژنەوە[c] تەماشا دەکات.
10 دڵدارەکەم قسەی کرد، پێی گوتم:
«یارەکەم، هەستە،
شیرینەکەم، وەرە.
11 تەماشا بکە، زستان تێپەڕی،
باران بەسەرچوو و نەما.
12 گوڵ لەسەر زەوی دەرکەوت،
ئێستا کاتی گۆرانییە؛
خوێندنی کوکوختی
لە خاکی ئێمە دەبیسترێت.
13 هەنجیر بەری گرتووە،
بۆنی پەسیرەی[d] مێو بڵاو بووەتەوە.
یارەکەم، هەستە،
شیرینەکەم، وەرە.»
دڵدار
14 ئەی کۆترەکەم لەناو کەلەبەری هەڵدێرەکان،
لە پەناگای بنارەکان،
با ڕوخسارت ببینم،
با دەنگت ببیستم،
چونکە دەنگت ناسکە و
ڕوخسارت شیرینە!
15 ڕێوییەکانمان بۆ ڕاو بکەن،
ئەو توولە ڕێوییانەی
ڕەزەکانمان تێکدەدەن،
چونکە ڕەزەکانمان پەسیرەیان گرتووە.
ئەویندار
16 دڵدارەکەم بۆ منە و منیش بۆ ئەوم،
لەناو گوڵە سەوسەنەکان دەلەوەڕێت.
17 بەر لەوەی ڕۆژ هەڵبێت و
تاریکی بڕەوێتەوە،
ئەی دڵدارەکەم، بگەڕێوە،
وەک ئاسک بە،
یان کارمامز
لەسەر چیا فرە لووتکەکان.
3 بە درێژایی شەو لەسەر نوێنەکەم
بەدوای ئەو کەسەدا گەڕام کە گیانم خۆشی دەوێت؛
بەدوایدا گەڕام، بەڵام نەمدۆزییەوە.
2 ئێستا هەڵدەستم و بەناو شاردا دەسووڕێمەوە،
بەناو شەقام و گۆڕەپانەکاندا
بەدوای ئەو کەسەدا دەگەڕێم کە گیانم خۆشی دەوێت.
ئیتر بەدوایدا گەڕام، بەڵام نەمدۆزییەوە.
3 تووشی ئێشکگرەکان بووم،
کاتێک بەناو شاردا دەگەڕان.
«ئایا ئەوەی گیانم خۆشی دەوێت ئێوە نەتانبینیوە؟»
4 ئەوەندەی نەمابوو لێیان تێپەڕم
کاتێک ئەوەم بینییەوە کە گیانم خۆشی دەوێت.
گرتم و بەرمنەدا،
هەتا بردمە ماڵی دایکم،
بۆ ژووری ئەو کەسەی کە بە من سکپڕ ببوو.
5 ئەی کچانی ئۆرشەلیم، سوێندتان دەدەم
بە مامز یان مێینەی ئاسکی دەشتودەر،
کە خۆشەویستی هەڵنەستێنن و بە ئاگای نەهێنن
هەتا خۆی حەز دەکات.
6 ئەوە کێیە لە چۆڵەوانییەوە بەدەرکەوت،
وەک ستوونی دووکەڵ،
بە موڕ و بخوور بۆنخۆش کراوە،
بە هەموو بۆنوبەرامێکی بازرگانان؟
7 ببینن! گالیسکەکەی سلێمانە،
شەست پاڵەوان دەوریان داوە
لە پاڵەوانەکانی ئیسرائیل،
8 هەموو شمشێر بەدەستن،
شارەزای جەنگن،
هەریەکە و شمشێرەکەی بە لاڕانیەوەیە،
لەبەر مەترسییەکانی شەو.
9 سلێمانی پاشا گالیسکەیەکی بۆ خۆی دروستکرد
لە داری لوبنان.
10 ستوونەکانی لە زیو دروستکرد،
کاریتەکانی لە زێڕ.
بەرگی دۆشەکەکان ئەرخەوانییە،
ناوەوەی بە ئەوین ڕازێنراوەتەوە.
ئەی کچانی ئۆرشەلیم، 11 وەرنە دەرەوە،
ئەی کچانی سییۆن، ببینن.
سلێمانی پاشا بەو تاجەوە ببینن کە لەسەریەتی،
کە دایکی لەسەری نا
لە ڕۆژی زەماوەندی ژنهێنانی،
لە ڕۆژی شادی دڵی.
ڕازیبوون بە خزمەتی پۆڵس
2 دوای چواردە ساڵ لەگەڵ بەرناباس گەڕامەوە ئۆرشەلیم، تیتۆسم لەگەڵ خۆم برد. 2 گەڕانەوەکەم بەگوێرەی ئاشکراکردنێک بوو، ئەو پەیامەی ئینجیل کە لەنێو نەتەوەکان جاڕی دەدەم، خستمە بەردەمیان، بەڵام بۆ گەورە پیاوانی کڵێسا بە تەنها، تاکو ئەوەی بۆی ڕادەکەم و ڕامکردووە بەفیڕۆ نەڕوات. 3 بەڵام هەرچەندە تیتۆس کە لەگەڵم بوو یۆنانی بوو، زۆریان لێ نەکرد خەتەنە بکرێت. 4 ئەم بابەتە لەوەوە سەری هەڵدا هەندێک برایانی درۆزن دزەیان کردبووە ناومان. هاتبوون بمانکەن بە کۆیلە لە ڕێگەی سیخوڕیکردن لەسەر ئەم ئازادییەی کە بەهۆی یەکبوونمان لەگەڵ عیسای مەسیح هەمانە. 5 بۆ کاتژمێرێکیش ملکەچیان نەبووین، تاکو ڕاستی ئینجیل لەگەڵتان بمێنێتەوە.
6 بەڵام ئەوانەی بە گەورە پیاو دادەنران، هەرچییەک بن، بەلای منەوە گرنگ نییە، چونکە خودا تەماشای ڕواڵەتی مرۆڤ ناکات، ئەوان هیچیان بۆ پەیامەکەم زیاد نەکرد. 7 بەڵکو بە پێچەوانەوە، بینییان کە پەیامی ئینجیل بۆ نەتەوەکان[a] بە من سپێردراوە، هەروەک پەیامی ئینجیل بۆ جولەکەکان بە پەترۆس سپێردراوە، 8 چونکە خودا بەهۆی پەترۆس وەک نێردراو بۆ جولەکەکان کاری دەکرد، لە منیشدا بۆ نەتەوەکان کاری دەکرد. 9 کاتێک یاقوب و پەترۆس و یۆحەنا کە بە کۆڵەکە دانرابوون، بەم نیعمەتەیان زانی کە بە من دراوە، ئەوسا ئەوان دەستی ڕاستی هاوبەشیان بۆ من و بەرناباس درێژکرد، تاکو ئێمە بۆ لای نەتەوەکان بچین و ئەوانیش بۆ لای جولەکەکان بچن. 10 تەنها داوایان کرد هەژاران لەیاد نەکەین، ئەمەش شتێکە هەمیشە کۆششم بۆی کردووە.
سەرزەنشتکردنی پەترۆس
11 بەڵام کاتێک پەترۆس هاتە ئەنتاکیا، ڕووبەڕوو بەربەرەکانێم کرد، لەبەر ئەوەی گلەیی لەسەر بوو، 12 چونکە پێشتر کەسانێک لەلای یاقوبەوە هاتبوون، لەگەڵ ناجولەکەکان نانی دەخوارد، بەڵام کاتێک ئەوان هاتن، لە ترسی ئەو تاقمەی کە دەڵێن دەبێ باوەڕدار خەتەنە بکرێت[b]، خۆی کێشایەوە. 13 جولەکەکانی دیکەش لەگەڵیدا دەستیان بە دووڕوویی کرد، تەنانەت بەرناباسیش بە دووڕووییان چەواشە بوو.
14 کاتێک بینیم بەگوێرەی ڕێگای ڕاستی پەیامی ئینجیل ناڕۆن، لەبەرچاوی هەمووان بە پەترۆسم گوت: «ئەگەر تۆ جولەکەی، وەک ناجولەکە دەژیت نەک وەکو جولەکە، ئیتر چۆن ئەو ناجولەکانە ناچار دەکەیت نەریتی جولەکەکان پەیڕەو بکەن؟
15 «ئێمە بە جولەکەیی لەدایک بووین و لە نەتەوە گوناهبارەکان نین، 16 دەزانین مرۆڤ بە کارکردن بە شەریعەت بێتاوان ناکرێ، بەڵکو بە باوەڕ بە عیسای مەسیح. جا ئێمە باوەڕمان بە عیسای مەسیح هێنا تاکو بە باوەڕ بە مەسیح بێتاوان بکرێین، ئەمەش نەک بە کارکردن بە شەریعەت، چونکە لە ڕێی کارکردن بە شەریعەت کەس بێتاوان ناکرێت.
17 «بەڵام ئەگەر ئێمە لە هەوڵدانمان بۆ بێتاوانبوون بە مەسیح، خۆمان دۆزییەوە کە گوناهبارین، ئیتر ئایا مەسیح خزمەتکاری گوناهە؟ بێگومان نەخێر! 18 ئەگەر من شتێک بنیاد بنێمەوە کە لەپێشدا تێکمدابێت، ئەوا دەیسەلمێنم سەرپێچیکارم، 19 چونکە لە ڕێگەی شەریعەت بۆ شەریعەت مردم، تاکو بۆ خودا بژیم. 20 من لەگەڵ مەسیح لە خاچ درام، ئیتر من نیم ئەوەی دەژیێت، بەڵکو مەسیحە لە مندا دەژیێت. ئێستاش کەوا بە جەستە دەژیم، ئەوا بە باوەڕ بە کوڕی خودا دەژیم، ئەوەی منی خۆشویست و خۆی کردە قوربانی بۆ من. 21 من نیعمەتی خودا پووچەڵ ناکەمەوە، چونکە ئەگەر بێتاوانی بە شەریعەت بووایە، ئەوا مردنی مەسیح بێ سوود بوو.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.