Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ژیرمەندی 4-6

ستەمکاری، ماندووبوون، تەنهایی

پاشان ئاوڕم دایەوە و بینیم هەموو ئەو ستەمەی کە لەسەر زەویدا دەکرێت و ئەوەتا:

فرمێسکی ستەملێکراوانم بینی،
    کەس نەبوو دڵنەواییان بکات،
ستەمکارانیشیان زەبریان بەدەست بوو،
    کەس نەبوو دڵنەواییان بکات.
خۆزگە بە مردووان دەخوازرێت
    کە دەمێکە مردوون،
ئەوان خۆشحاڵترن لەوانەی
    کە لە ژیاندا ماون.
بەڵام لە هەردووکیان باشتر ئەوەیە
    کە هێشتا لەدایک نەبووە،
ئەوەی ئەو خراپەکارییەی نەدیوە
    کە لەسەر زەوی ئەنجام دەدرێت.

من بینیم کە هەموو ماندووبوون و هەموو ئەوەی مرۆڤ بەرهەمی دەهێنێت لە ئەنجامی ئەو کێشمەکێشەی کە مرۆڤ بەرامبەر بە نزیکەکەی دەیکات، ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.

کەسی گێل دەست دەخاتە سەر دەست و
    گۆشتی خۆی دەخوات.
مشتێک حەسانەوە باشترە
    لە دوو مشتی پڕ ماندووبوون و گڤەی با.

دیسان شتێکی بێ واتام لەسەر زەوی بینی:

یەکێکی تاک و تەنها،
    نە کوڕی هەبوو، نە برا،
هەموو ماندووبوونەکەی بێ کۆتایی بوو،
    هەروەها چاوی لە دەوڵەمەندی تێر نەدەبوو.
گوتی: «ئیتر بۆ کێ خۆم ماندوو بکەم و
    گیانی خۆم بۆچی لە خۆشی بێبەش بکەم؟»
ئەمەش بێ واتایە و بارێکی قورسە.

دوو کەس لە یەک کەس باشترە،
    چونکە لە ماندووبوونەکەیان قازانجێکی باشتریان دەبێت.
10 ئەگەر یەکێکیان بکەوێت،
    هاوڕێکەی هەڵیدەستێنێتەوە.
بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کە تەنهایە،
    دەکەوێت و کەس نییە هەڵیبستێنێتەوە.
11 هەروەها ئەگەر دوو کەس پێکەوە ڕابکشێن، گەرم دەبنەوە،
    بەڵام یەکێک تەنها بێت، چۆن گەرم دەبێتەوە؟
12 ئەگەر یەکێک یەک کەس ببەزێنێت،
    دووان دەتوانن بەرامبەری بوەستن،
داوی سێ تەلیش زوو ناپسێت.

پلە بەرزبوونەوە بێ واتایە

13 گەنجێکی هەژار و دانا باشترە لە پاشایەکی پیر و گێل، کە ئیتر ناتوانێت گوێ لە هۆشداری بگرێت. 14 دەشێت گەنجەکە لە بەندیخانەوە هاتبێتە دەرەوە هەتا ببێت بە پاشا، یاخود بە هەژاری لەو شانشینەدا لەدایک بووبێت. 15 ڕوانیمە هەموو ئەو مرۆڤانەی کە بەسەر زەویدا هاتوچۆیان دەکرد پشتگیری گەنجەکەیان دەکرد کە جێگەی پاشاکەی گرتەوە. 16 ئەو مرۆڤانەی کە هاتنە بەردەمی پاشا بێشومار بوون، بەڵام گەل دڵیان بەو پاشایە خۆش نەبوو. ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.

ئەنجامدانی نەزر

کاتێک دەچیت بۆ ماڵی خودا، ئاگاداری پێی خۆت بە. وەرە پێشەوە هەتا گوێ بگریت، نەوەک قوربانی گێلەکان بکەی کە خراپەکاری خۆیان نازانن.

با دەمت لە قسەکردندا پەلە نەکات،
    با دڵیشت خێرا نەکات،
    لە دەربڕینی قسە لەبەردەم خودا،
چونکە خودا لە ئاسمانە و
    تۆ لەسەر زەویت،
    لەبەر ئەمە با وشەکانت کەم بن.
خەون لە ئەنجامی ماندووبوونی زۆرەوە دێت و
    قسەی گێلیش لە زۆر گوتن.

ئەگەر نەزرێکت[a] بۆ خودا کرد، دوا مەکەوە لە ئەنجامدانی، چونکە بە گێلەکان دڵخۆش نابێت. جا ئەوەی نەزرت کردووە ئەنجامی بدە. باشترە نەزر نەکەیت لەوەی بیکەیت و ئەنجامی نەدەیت. ڕێگا مەدە دەمت وا بکات لەشت گوناه بکات و لەبەردەم نێردراوی پەرستگا[b] مەڵێ: «ئەم نەزرە هەڵە بوو.» بۆچی خودا لە قسەکەت تووڕە بێت و ئەوەی کردووتە لەناوی ببات؟ زیادبوونی خەون و چەنەبازی بێ واتان، لەبەر ئەوە لەخواترس بە.

سامان بێ واتایە

ئەگەر زۆرلێکراوی هەژار و داماڵینی ڕاستودروستی و دادپەروەریت لە هەرێمێکدا بینی، سەرسام مەبە لەم کێشەیە، چونکە لێپرسراوی بەرز لێپرسراوی بەرز دەپارێزێت و بەرزتر لەوانیش هەردووکیان دەپارێزێت. بەڵام گەل لە وڵات سوود وەردەگرن، چونکە پاشا هەموو کێڵگەکانی دەپارێزێت.

10 ئەوەی حەزی لە پارە بێت لە پارە تێر نابێت،
    ئەوەی حەزی لە سامان بێت لە داهات تێر نابێت،
    هەروەها ئەمەش بێ واتایە.

11 بە زیادبوونی خێروبێر
    زیاد دەبن ئەوانەی دەیخۆن.
ئایا چ سوودێکی بۆ خاوەنەکەی هەیە،
    جگە لەوەی تەنها چاوەکانی تێری لێ دەخۆن؟

12 خۆشە خەوی کارگەر،
    کەم بخوات یان زۆر،
بەڵام تێری دەوڵەمەندە
    ڕێ بۆ خەو نادات.

13 خراپەیەکی ناخۆش هەیە لەسەر زەویدا بینیم:

سامانێک پارێزراوە بۆ خراپەی خاوەنەکانی،
14     ئەم سامانەش لە مامەڵەیەکی خراپدا لەناوچوو،
    ئینجا کوڕێکیان بوو و هیچی بۆ نەمایەوە هەتا بۆ کوڕەکەی بەجێبهێڵێت.
15 وەک چۆن لە سکی دایکی هاتە دەرەوە،
    بە ڕووتی دەگەڕێتەوە، دەڕوات وەک هات.
هیچ شتێک لە ماندووبوونەکەی نابات
    لەگەڵ دەستی کە دەڕوات.

16 ئەمەش خراپەیەکی ناخۆشە:

هەروەک چۆن مرۆڤ دێتە جیهان، بە هەمان شێوە بەجێدەهێڵێت،
    ئەوەی ماندووبوونەکەی بۆ با دەبێت
    چ قازانجێک دەکات؟
17 هەروەها هەموو ڕۆژانی ژیانی لە تاریکیدا بەسەردەبات،
    لەگەڵ وەڕسبوونێکی زۆر و نەخۆشی و تووڕەیی.

18 ئەوەی من بینیومە باشە، ئەوەی گونجاوە، کە مرۆڤ بخوات و بخواتەوە و خۆشی ببینێت کە لەسەر زەویدا پێوەی ماندوو دەبێت، بە درێژایی ئەو ڕۆژگارە کەمەی کە خودا پێیداوە، چونکە بەشی ئەوە. 19 هەروەها کە خودا بە یەکێک دەوڵەمەندی و سامان دەدات و ئەویش دەتوانێت سوودی لێی وەربگرێت و بە بەشی خۆی ڕازی بێت و بە ماندووبوونەکەی دڵخۆش بێت، ئەمە دیارییەکە لە خوداوە. 20 جا ڕۆژگاری ژیانی بەبیر نایەتەوە، چونکە خودا بە خۆشی دڵییەوە خەریکی کردووە.

بارگرانییەکم لەسەر زەوی بینیوە کە ئادەمیزاد خراپ گیرۆدە بوون بە دەستیەوە، کەسێک خودا دەوڵەمەندی و سامان و ڕێزی پێدابێت و هیچ کەمی نەبێت لەوەی گیانی ئارەزووی دەکات، بەڵام خودا دەسەڵاتی پێنەداوە بۆ ئەوەی بیخوات، بەڵکو بێگانە دەیخوات، ئەمە بێ واتایە و دەردێکی خراپە.

ئەگەر کەسێک سەد منداڵی هەبێت و ساڵانێکی زۆر بژیێت و تەمەنی زۆر بێت، بەڵام گیانی تێر خۆشی نەبێت و هەروەها ناشتنی بۆ نەبێت، دەڵێم: لەبارچووێک لەو باشترە، چونکە بێ واتایانە دێت و بە تاریکیدا دەڕوات، ناویشی بە تاریکی دادەپۆشرێت. هەروەها نە خۆری بینی و نە دەشزانێت، ئەم ئاسوودەترە لەو کەسە. ئەگەر هەزار ساڵ دووبارەش بژیێت بەڵام خۆشی نەبینێت، ئایا هەمووان بۆ یەک شوێن ناڕۆن؟

هەموو ماندووبوونی مرۆڤ بۆ دەمییەتی،
    بەڵام هەرگیز تێر ناخوات.
دانا چی لە گێل زیاترە؟
    چی یارمەتی هەژار دەدات
کە ئەو بزانێت چۆن هەڵسوکەوت
    لەگەڵ ئەوانەی کە لە ژیاندان؟
ئەوەی هەتە و لەبەرچاوتە
    باشترە لەوەی کە نیتە و ئارەزووت لێیەتی.
    ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.

10 ئەوەی هەبووە لە کۆنەوە ناوی لێنراوە و
    زانراوە.
مرۆڤ ناتوانێت ململانێ لەگەڵ یەکێک بکات
    کە لە خۆی بەهێزترە.

11 ئەوەندە قسە زیاد دەبێت،

    ئەوەندە سوودی کەم دەبێتەوە،
    جا مرۆڤ چی بۆ دەمێنێتەوە؟

12 کێ دەزانێت چی باشە بۆ مرۆڤ لە ژیاندا کە درێژی تەمەنی بێ واتا وەک سێبەر بەسەردەچێت؟ کێ بە مرۆڤ ڕادەگەیەنێت پاش ئەو لەسەر زەوی چی ڕوودەدات؟

دووەم کۆرنسۆس 12

بینینی پۆڵس و دڕکی لەش

12 پێویستە شانازی بکەم، هەرچەندە سوودبەخش نییە، جا بۆ بینینی یەزدان و ئاشکراکراوی[a] ئەو دێم. مرۆڤێک دەناسم کە لەگەڵ مەسیحدا ببووە یەک[b]، پێش چواردە ساڵ خودا بردی بۆ ئاسمانی سێیەم، ئایا بە لەشەوە یاخود بێ لەش، نازانم، خودا دەزانێت. دەزانم ئەو مرۆڤە، بە لەشەوە یاخود بێ لەش، نازانم، خودا دەزانێت، بۆ بەهەشت بردرا، قسەیەکی بیست کە دەرنابڕدرێت و مرۆڤ نابێت باسی بکات. شانازی بەو کەسەوە دەکەم، بەڵام شانازی بە خۆمەوە ناکەم، مەگەر بە لاوازییەکانم نەبێت، چونکە ئەگەر بمەوێت شانازی بکەم، گێل نابم، چونکە ڕاستی دەڵێم، بەڵام خۆم دەپارێزم نەوەک یەکێک وا لە من بگات زیاتر لەوەی دەمبینن و لێم دەبیستن.

بۆ ئەوەی بە گەورەیی ئەو بینینەی بۆم ئاشکرا کرا لووتبەرز نەبم، لە جەستەدا دڕکێکم درایێ، وەک ئەوەی لەلایەن شەیتانەوە نێردرابێت تاکو ئازارم بدات، تاکو لووتبەرز نەبم. بۆ ئەمە سێ جار لە عیسای خاوەن شکۆ پاڕامەوە لە کۆڵم بکاتەوە، بەڵام پێی فەرمووم: «نیعمەتی منت بەسە، چونکە هێزی من لە لاوازیدا تەواو دەبێت.» بۆیە بەوپەڕی شادییەوە شانازی بە لاوازیمەوە دەکەم، تاکو هێزی مەسیح بێتە سەرم. 10 بۆیە لە پێناوی مەسیحدا، بە لاوازی و سووکایەتی و ناخۆشی و چەوسانەوە و تەنگانە دڵخۆش دەبم، چونکە هەر کاتێک لاوازبم ئەوا بەهێزم.

11 بوومە گێل، بەڵام ئێوە ناچارتان کردم. دەبووایە ئێوە پێمدا هەڵبدەن، چونکە هیچم لە «نێردراوە بەرزەکان» کەمتر نییە، هەرچەندە هیچ نیم. 12 بەوپەڕی دانبەخۆداگرتنەوە نیشانەکانی نێردراو لەنێوانتاندا ئەنجام درا، بە نیشانە و کاری مەزن و پەرجوو. 13 چیتان لە کڵێساکانی دیکە کەمترە، جگە لەوەش خۆم نەبوومەتە بارێکی گران بەسەرتانەوە؟ لەم هەڵەیە گەردنم ئازاد بکەن!

14 ئەوا سێیەم جارە ئامادەم بێمە لاتان، نابمە بارگرانی بۆتان. داوای شتەکانتان ناکەم، بەڵکو داوای ئێوە دەکەم، چونکە پێویست ناکات منداڵ بۆ دایک و باوک کۆبکەنەوە، بەڵکو پێویستە دایک و باوک بۆ منداڵ کۆبکەنەوە. 15 منیش بەوپەڕی شادییەوە بۆ ئێوە خەرج دەکەم، خۆم خەرجی دەکەم. ئەگەر ئێوەم زۆرتر خۆشدەوێت، ئایا منتان کەمتر خۆشدەوێت؟ 16 ئیتر با وابێت، بارم گران نەکردوون. بەڵام کە فێڵبازم[c]، بە فێڵ لێم سەندوون. 17 ئایا ئەو کەسانەی کە من بۆ لای ئێوەم ناردوون، هیچ قازانجێکیان بۆ خودی خۆم هەبووە؟ 18 لە کاتێکدا لە تیتۆس پاڕامەوە تاوەکو بێت بۆ لاتان، ئەو برایەی کە خۆتان دەیناسن لەگەڵیدا ناردم. ئایا تیتۆس بەهۆی ئێوەوە هیچ قازانجێکی کردووە؟ ئایا بە هەمان ڕۆح ناژین، بە هەمان هەنگاو ناڕۆین؟

19 ئایا پێتان وابووە ئەم ماوە درێژە ئەوەی کە دەیڵێین بۆ بەرگریکردن بووە لە خۆمان؟ نەخێر، بە ناوی مەسیحەوە ئەم هەموو شتە لەبەردەم خودا دەڵێین. ئەی خۆشەویستان، مەبەستی ئێمە ئەوەیە کە ئێوە بنیاد بنێین، 20 چونکە من دەترسم کاتێک دێم بۆ لاتان، بەو جۆرە نەتانبینم کە دەمەوێت، ئێوەش بەو جۆرەی کە دەتانەوێت نەمبینن، نەوەک لەنێوانتاندا ناکۆکی، چاوپیسی، تووڕەیی، خۆپەرستی، بوختان، قسە هێنان‏و بردن، لەخۆباییبوون، بێسەروبەری هەبێت. 21 هەروەها جارێکی تر کە دێمەوە لاتان، دەترسم خودا من لەنێوتان نزم بکاتەوە و خەفەت بخۆم بۆ زۆر کەس کە پێشتر گوناهیان کردووە و تۆبەیان نەکردووە لەو گڵاوی و بەڕەڵایی و بەدڕەوشتییەی کە کردوویانە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.