Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 148-150

148 هەلیلویا!

ستایشی یەزدان بکەن، لە ئاسمان،
    لە بەرزاییەکان ستایشی بکەن.
ئەی هەموو فریشتەکانی، ستایشی بکەن،
    ئەی هەموو سوپاکەی، ستایشی بکەن.
ئەی خۆر و مانگ، ستایشی بکەن،
    ئەی هەموو ئەستێرەکانی ڕووناکی، ستایشی بکەن.
ئەی بەرزترینی ئاسمان، ستایشی بکەن،
    ئەی ئەو ئاوانەی لە سەرووی ئاسمانن.

با ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
    چونکە فەرمانی دا و بەدیهێنران.
هەتاهەتایە و هەتا ماون دەچەسپێن،
    فەرزی داناوە بەسەرناچێت.

لە زەوییەوە ستایشی یەزدان بکەن،
    ئەی ئەژدیهاکان و قووڵایی دەریاکان،
ئاگر و تەرزە، بەفر و تەم،
    ڕەشەبا، کە فەرمانی ئەو بەجێدەهێنن،
چیاکان و هەموو گردەکان،
    داری بەردار و هەموو ئورزەکان،
10 گیانلەبەر و هەموو ئاژەڵ،
    خشۆک و باڵدار،
11 پاشاکانی زەوی و هەموو نەتەوەکان،
    میرەکان و هەموو ڕابەرانی زەوی،
12 گەنجان و کچان،
    پیران و منداڵان.

13 با هەموو ستایشی ناوی یەزدان بکەن،
    چونکە تەنها ناوی ئەو بەرزە،
    شکۆمەندی ئەو لە سەرووی زەوی و ئاسمانە.
14 پیاوی بەهێزی بە گەلی خۆی بەخشیوە،
    تاکو هەموو خۆشەویستانی ستایشی بکەن،
    نەوەی ئیسرائیل، ئەو گەلەی کە لێیەوە نزیکن.

هەلیلویا.
149 هەلیلویا!

گۆرانییەکی نوێ بۆ یەزدان بڵێن،
    ستایشی لەناو کۆڕی خۆشەویستانیەتی.

با ئیسرائیل بە دروستکەری دڵخۆش بێت،
    با کوڕانی سییۆن بە پاشایان شاد بن.
با بە هەڵپەڕکێ ستایشی ناوی بکەن،
    بە دەف و قیسارە مۆسیقای بۆ بژەنن،
چونکە یەزدان دڵشادە بە گەلەکەی،
    بێفیزەکان بە ڕزگاری دەڕازێنێتەوە.
با خۆشەویستانی بەم شکۆمەندییەوە شاد بن،
    با لەناو نوێنەکانیان گۆرانی بڵێن.

با ستایشکردن بۆ خودا لەسەر زاریان بێت،
    شمشێری دوودەمیان بەدەستەوە بێت،
هەتا تۆڵە لە نەتەوەکان بکەنەوە،
    گەلان سزا بدەن،
هەتا پاشاکانیان بە زنجیر ببەستنەوە،
    کۆت بکەنە دەستی پیاوماقوڵانیان،
هەتا حوکمی نووسراویان بەسەردا جێبەجێ بکەن.
    ئەمەش شکۆمەندییە بۆ هەموو خۆشەویستانی.

هەلیلویا.
150 هەلیلویا!

ستایشی خودا بکەن، لە پیرۆزگاکەی،
    ستایشی بکەن، لە گەردوونی هێزی،
ستایشی بکەن، بۆ پاڵەوانیێتی،
    ستایشی بکەن، بەپێی زۆری مەزنایەتی،
بە دەم دەنگی کەڕەناوە ستایشی بکەن،
    بە دەم ساز و قیسارەوە ستایشی بکەن،
بە دەف و هەڵپەڕکێ ستایشی بکەن،
    بە ئامێری ژێدار و شمشاڵ ستایشی بکەن،
بە سەنجی بیستراو ستایشی بکەن،
    بە سەنجی دەنگ بەرز ستایشی بکەن!

با هەموو ئەوەی هەناسە دەدات ستایشی یەزدان بکات!

هەلیلویا.

یەکەم کۆرنسۆس 15:29-58

29 ئەگینا ئەوانەی لە جیاتی مردووان لە ئاو هەڵدەکێشرێن چی دەکەن؟ ئەگەر مردووان هەرگیز هەڵناستێنرێنەوە، جا بۆچی لە پێناو مردووان لە ئاو هەڵدەکێشرێن؟ 30 بۆچی ئێمە هەموو کاتێک خۆمان دەخەینە مەترسییەوە؟ 31 ئەی خوشک و برایانم، ڕۆژانە دەمرم، وەک بە دڵنیاییەوە شانازیتان پێوە دەکەم، بەهۆی عیسای مەسیحی گەورەمان. 32 ئەگەر بە بیرکردنەوەی مرۆڤ بێت کاتێک لە ئەفەسۆس بەرەنگاری دڕندەکان بوومەوە، چ سوودێکم دەبوو؟ ئەگەر مردووان هەڵنەستنەوە:

[با بخۆین و بخۆینەوە،
    چونکە سبەی دەمرین.][a]

33 هەڵمەخەڵەتێن: «پەیوەندی خراپ ڕەوشتی جوان تێکدەدات.» 34 هۆش بهێننەوە بەر خۆتان هەروەک پێویستە، گوناه مەکەن، چونکە هەندێکتان زانیاریتان سەبارەت بە خودا نییە. ئەمە بۆ شەرمەزاربوونتان دەڵێم.

هەستانەوەمان چۆن دەبێت؟

35 لەوانەیە یەکێک بڵێت: «مردووان چۆن هەڵدەستێنرێنەوە؟ بە چ جۆرە لەشێک دێن؟» 36 ئەی گێل! ئەوەی دەیچێنیت زیندوو نابێتەوە ئەگەر نەمرێت. 37 ئەوەی دەیچێنیت ئەو لەشە نییە کە دەردەکەوێت، بەڵکو تەنها دەنکێکە، لەوانەیە گەنمە یاخود هەر تۆوێکی دیکە. 38 بەڵام خودا ئەو لەشەی دەداتێ کە خۆی دەیەوێ، هەر جۆرە تۆوێک لەشێکی تایبەتی داوەتێ. 39 هەموو جەستەیەک یەک شێوەی نییە، بەڵکو مرۆڤ جەستەیەکی هەیە، ئاژەڵ جەستەیەکی دیکە، باڵندە جەستەیەک و ماسی جەستەیەکی دیکە. 40 تەنی ئاسمانی هەیە و تەنی زەویش هەیە، بەڵام شکۆیە ئاسمانییەکان شتێکە و شکۆی زەویش شتێکی دیکە. 41 شکۆی خۆر شتێکە و شکۆی مانگ شتێکە، شکۆی ئەستێرەش شتێکی دیکە، ئەستێرەش لەگەڵ ئەستێرە شکۆی جیاوازی خۆیان هەیە.

42 بەم جۆرەش هەستانەوەی مردووانیش: لە فەوتاوی دەچێنرێت، لە نەفەوتاوی هەڵدەستێنرێتەوە. 43 لە سووکایەتی دەچێنرێت، لە شکۆمەندی هەڵدەستێنرێتەوە. لە لاوازی دەچێنرێت، لە هێز هەڵدەستێنرێتەوە. 44 بە لەشی سروشتی دەچێنرێت، بە لەشی ڕۆحی هەڵدەستێنرێتەوە.

ئەگەر لەشی سروشتی هەیە، لەشی ڕۆحیش هەیە. 45 ئاواش نووسراوە: [ئادەمی یەکەم بووە گیانێکی زیندوو.][b] بەڵام دوا ئادەم، ڕۆحێکە ژیان دەبەخشێت. 46 بەڵام ڕۆحییەکە ئەوەی یەکەم نییە، بەڵکو لەشی سروشتییە و ئەوەی دواتر ڕۆحییە. 47 مرۆڤی یەکەم لە خۆڵی زەوی بوو، مرۆڤی دووەم لە ئاسمانەوەیە. 48 وەک ئەوەی لە خۆڵ بوو، ئەوانەش لە خۆڵن. ئەوەش لە ئاسمانەوەیە، ئاسمانییەکان بەم جۆرە دەبن. 49 وەک چۆن ئەو وێنەیەمان وەرگرتووە کە لە خۆڵ بوو، بە هەمان شێوە وێنەی ئاسمانی وەردەگرین.

50 ئەی خوشک و برایانم، ئەوەتان پێ دەڵێم: گۆشت و خوێن ناتوانێت ببێتە میراتگری شانشینی خودا، هەروەها فەوتاو نابێتە میراتگری نەفەوتاو. 51 ئەوەتا نهێنییەکتان پێ دەڵێم: هەموومان ناخەوین، بەڵکو هەموومان دەگۆڕدرێین، 52 لە ساتێکدا، لە چاوتروکانێک، کاتێک دوا کەڕەنا لێدەدرێت. لەبەر ئەوەی کەڕەنا دەنگ دەداتەوە، مردووانیش بێ فەوتان هەڵدەستێنرێنەوە، ئێمەش دەگۆڕدرێین، 53 چونکە هەر دەبێ ئەو سروشتە فەوتاوە نەفەوتاوی بپۆشێت و سروشتی مردوو نەمری بپۆشێت. 54 کاتێک فەوتاو نەفەوتاوی دەپۆشێت و مردن نەمری دەپۆشێت، ئەوسا وشەی نووسراو دێتە دی:

[مردن بە سەرکەوتن لووش دراوە.][c]
55 [ئەی مردن، کوا سەرکەوتنت؟
    ئەی مردن، کوا پێوەدانت؟][d]

56 جا پێوەدانی مردن گوناهە، هێزی گوناهیش شەریعەتە. 57 بەڵام سوپاس بۆ خودا! لە ڕێگەی عیسای مەسیحی گەورەمان سەرکەوتن بە ئێمە دەبەخشێت.

58 کەواتە، ئەی خوشک و برایانی خۆشەویستم، چەسپاو بن. جێگیر بن. خۆتان بە تەواوی بۆ کاری عیسای خاوەن شکۆ تەرخان بکەن، چونکە دەزانن ئەو ڕەنجە بەفیڕۆ ناڕوات کە ئێوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای خاوەن شکۆدا دەیکێشن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.