Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 123-125

گۆرانی گەشتیاران.

123 چاوم بۆ تۆ هەڵبڕی،
    تۆ ئەی دانیشتوو لە ئاسمان.
بێگومان وەک چۆن خزمەتکار چاوی لە دەستی گەورەکەیەتی،
    وەک چۆن کەنیزە چاوی لە دەستی خاتوونەکەیەتی،
ئاواش ئێمە چاومان لە دەستی یەزدانی پەروەردگارمانە،
    بۆ ئەوەی لەگەڵمان میهرەبان بێت.

لەگەڵمان میهرەبان بە، ئەی یەزدان، لەگەڵمان میهرەبان بە!
    چونکە لە ڕادەبەدەر لە سووکایەتی تێربووین.
گیانمان زۆر تێر بووە،
    لە گاڵتەی بێ خەمەکان،
    لە سووکایەتی لووتبەرزەکان.

گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.

124 «ئەگەر یەزدان لایەنگرمان نەدەبوو،»
    با ئێستا ئیسرائیل بڵێت،
«ئەگەر یەزدان لایەنگرمان نەدەبوو،
    کاتێک خەڵک لێمان هەستان،
ئەوا بە زیندوویی قووتیان دەداین،
    کاتێک قینیان لە دژمان جۆشا،
ئەوا لافاو ڕایدەماڵین،
    لێشاو بەسەر گیانماندا تێدەپەڕی،
ئەوا ئاوی هەڵچوو
    بەسەر گیانماندا تێدەپەڕی.»

ستایش بۆ یەزدان،
    کە ئێمەی نەکردە نێچیری بەر کەڵبەیان.
گیانمان وەک چۆلەکە لە داوی ڕاوچی دەربازبوو،
    داوەکە پسا و ئێمە دەربازبووین.
هانامان بە ناوی یەزدانەوەیە،
    دروستکەری ئاسمان و زەوی.

گۆرانی گەشتیاران.

125 ئەوانەی پشتیان بە یەزدان بەستووە وەک کێوی سییۆن وان،
    کە نالەقێت، بەڵکو هەتاهەتایە هەر چەسپاوە.
وەک چۆن چیاکان دەوری ئۆرشەلیمیان داوە،
    یەزدانیش دەوری گەلی خۆی داوە،
    لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.

چونکە گۆچانی خراپەکاران
    لەسەر میراتی ڕاستودروستان جێگیر نابێت،
نەوەک ڕاستودروستان
    دەستیان درێژ بکەن بۆ خراپەکاری.

ئەی یەزدان، چاکە بکە لەگەڵ پیاوچاکان،
    لەگەڵ ئەوانەی بە دڵ ڕاستودروستن.
بەڵام ئەوانەی بادەدەنەوە و ڕێگای خوار دەگرن،
    یەزدان لەگەڵ بەدکاران دەیانبات.

ئاشتی بۆ ئیسرائیل!

یەکەم کۆرنسۆس 10:1-18

ئاگادارکردنەوەیەک

10 خوشکان، برایان، نامەوێ نەزانن کە باوباپیرانمان هەموو لەژێر هەوردا بوون و هەمووشیان دەریایان بڕی[a]. جا هەموویان لە هەور و لە دەریادا بۆ موسا لە ئاو هەڵکێشران[b]، هەمووشیان هەمان خواردنی ڕۆحییان خوارد. هەموویان هەمان خواردنەوەی ڕۆحییان خواردەوە، چونکە لەو تاشەبەردە ڕۆحییان دەخواردەوە کە دوایان کەوتبوو[c]، ئەو تاشەبەردەش مەسیح بوو. بەڵام خودا لە زۆربەیان ڕازی نەبوو، ئەوە بوو تەرمەکانیان لە بیابان پەرشوبڵاو بووەوە.

ئەم شتانەی ڕوویاندا پەندن بۆمان، تاکو ئارەزووی خراپە نەکەین، وەک ئەوان ئارەزوویان کرد. بتپەرست مەبن وەک هەندێکیان، وەکو نووسراوە: [گەل بۆ خواردن و خواردنەوە دانیشتن، پاشان بۆ ڕابواردن هەستانەوە.][d] با داوێنپیسی نەکەین وەک هەندێکیان داوێنپیسییان کرد و لە ڕۆژێکدا بیست و سێ هەزاریان کەوت. نابێت مەسیح تاقی بکەینەوە، وەک هەندێکیان تاقییان کردەوە و مار لەناوی بردن[e]. 10 بۆڵەبۆڵ مەکەن وەک هەندێکیان بۆڵەبۆڵیان کرد و فریشتەی لەناوبەر[f] کوشتیان.

11 جا ئەم شتانەیان وەک پەند بەسەرهات، بۆ ئاگاداری ئێمەش نووسراوە، کە لە کۆتایی زەمان دەژین. 12 کەواتە ئەوەی وادەزانێت ڕاوەستاوە، با وریابێت نەکەوێت. 13 هیچ تاقیکردنەوەیەکتان تووش نابێت کە هاوبەش نەبێت لەنێوان مرۆڤەکاندا، بەڵام خودا دڵسۆزە، کە نایەڵێت زیاتر لە توانای خۆتان تاقی بکرێنەوە، بەڵکو لەگەڵ تاقیکردنەوە ڕێگای دەرچوون دەکاتەوە، تاکو بتوانن بەرگە بگرن.

لە بتپەرستی ڕابکەن

14 بۆیە خۆشەویستانم، لە بتپەرستی ڕابکەن. 15 وەک بۆ هۆشیاران بێت دەدوێم، ئێوە حوکم بدەن لەوەی دەیڵێم: 16 ئایا ئەو جامەی سوپاسگوزاری لە پێناوی سوپاسی خودا دەکەین، بەشداری نییە لە خوێنی مەسیح؟ ئەو نانەی لەتی دەکەین، بەشداری نییە لە لەشی مەسیح؟ 17 لەبەر ئەوەی یەک نان هەیە، ئێمە کە زۆرین، یەک لەشین، چونکە هەموومان بەشداری لە یەک ناندا دەکەین.

18 سەیری ئیسرائیل بکەن کە بەگوێرەی جەستەیە: ئایا ئەوانەی قوربانی دەخۆن لە قوربانگادا هاوبەش نین؟

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.