Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 113-115

113 هەلیلویا!

ئەی بەندەکانی یەزدان، ستایشی بکەن،
    ستایشی ناوی یەزدان بکەن.
با ستایشی ناوی یەزدان بکرێت،
    لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.
لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا،
    با ستایشی ناوی یەزدان بکرێت.

یەزدان لەسەر هەموو نەتەوەکان بەرزە،
    شکۆمەندی بەسەر ئاسمانەوەیە.
کێ وەک یەزدانی پەروەردگارمانە،
    ئەوەی لە ئاسمان دانیشتووە،
ئەوەی دەچەمێتەوە
    هەتا بڕوانێتە ئاسمان و زەوی؟

ئەو هەژار لەناو خۆڵ ڕاست دەکاتەوە،
    کڵۆڵ لەناو زبڵخانە بەرز دەکاتەوە،
بۆ ئەوەی لەگەڵ میران داینیشێنێت،
    لەگەڵ میرانی گەلی خۆی.
ئافرەتی نەزۆک دەکاتە خاوەن ماڵ،
    دەیکاتە دایکێکی شادمان لەنێو منداڵانی.

هەلیلویا!
114 کاتێک ئیسرائیل لە میسر هاتنە دەرەوە،
    بنەماڵەی یاقوب لەنێو گەلێکی نامۆ زمان دەرچوون،
یەهودا بووە پیرۆزگای خودا،
    ئیسرائیل بووە جێی فەرمانڕەوایەتی.

دەریا بینی و هەڵات،
    ڕووباری ئوردون بەرەو پاش کشایەوە.
چیاکان وەک بەران بازیان دا،
    گردەکان وەک بەرخۆلە.

چیتە ئەی دەریا، بۆ وا هەڵدێیت؟
    ئەی ئوردون، بۆ بەرەو پاش دەکشێیتەوە؟
ئەی چیاکان، بۆ وەک بەران باز دەدەن؟
    ئەی گردەکان، بۆ وەک بەرخۆلە باز دەدەن؟

ئەی زەوی لەبەردەم پەروەردگار بلەرزە،
    لەبەردەم خودای یاقوب،
ئەوەی بەردی کرد بە گۆمی ئاو،
    بەردەئەستێی کردە کانیاو.
115 بۆ ئێمە نا، ئەی یەزدان، بۆ ئێمە نا،
    بەڵکو بۆ ناوی خۆت شکۆ ببەخشە،
    لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت و دڵسۆزییەکەت.

بۆچی نەتەوەکان بڵێن:
    «کوا، خودایان لەکوێیە؟»
خودامان لە ئاسمانە،
    هەرچی حەز بکات، دەیکات.
بتەکانیان زێڕ و زیون،
    دەستکردی مرۆڤن.
دەمیان هەیە، بەڵام قسە ناکەن،
    چاویان هەیە، بەڵام نابینن،
گوێیان هەیە، بەڵام نابیستن،
    لووتیان هەیە، بەڵام بۆن ناکەن،
دەستیان هەیە، بەڵام دەست لە هیچ نادەن،
    پێیان هەیە، بەڵام ناڕۆن،
    دەنگ لە گەروویان نایەتە دەرەوە.
دروستکەرەکانیان وەک ئەوان دەبن،
    هەروەها هەموو ئەوانەش کە پشتیان پێ دەبەستن.

ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، پشت بە یەزدان ببەستن.
    ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.
10 ئەی بنەماڵەی هارون، پشت بە یەزدان ببەستن.
    ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.
11 ئەی ئەوانەی لەخواترسیتان لە دڵدایە، پشت بە یەزدان ببەستن.
    ئەو یارمەتیدەر و قەڵغانیانە.

12 یەزدان ئێمەی لەبیرە و بەرەکەتدارمان دەکات،
    بەرەکەت بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەبەخشێت،
    بەرەکەت بە بنەماڵەی هارون دەبەخشێت.
13 بەرەکەت بەوانە دەبەخشێت کە لەخواترسییان لە دڵدایە،
    گەورە و بچووکیش.

14 با یەزدان هەر زیادتان بکات،
    ئێوە و منداڵەکانتان.
15 با ئێوە بە یەزدان بەرەکەتدار بن،
    دروستکەری ئاسمان و زەوی.

16 ئاسمان ئاسمانی یەزدانە،
    زەویشی بە ئادەمیزاد بەخشیوە.
17 نە مردووان ستایشی یەزدان دەکەن،
    نە هەموو ئەوانەی شۆڕ دەبنەوە ناو بێدەنگی،
18 بەڵام ئێمە ستایشی یەزدان دەکەین،
    لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.

    هەلیلویا!

یەکەم کۆرنسۆس 6

سکاڵای نێوان باوەڕداران

کە یەکێکتان سکاڵایەکی لە یەکێکی دیکە هەبوو، چۆن دەوێرێ کێشەکەی بباتە لای بێباوەڕان بۆ ئەوەی ئەوان حوکمی بۆ بدەن و لای گەلی پیرۆزی خودا نەبێت؟ ئایا نازانن گەلی خودا جیهان حوکم دەدەن؟ ئەگەر ئێوە حوکم بەسەر جیهاندا بدەن، ئایا شایستە نین حوکم بەسەر بچووکترین شتدا بدەن؟ ئایا نازانن ئێمە حوکم بەسەر فریشتەکاندا دەدەین؟ چەندە زیاتر حوکم بەسەر شتەکانی ئەم ژیانە دەدەین؟ جا ئەگەر لە ژیانی ڕۆژانەدا کێشەتان هەبێت، ئایا دەیبەنە لای دادوەری بێباوەڕ کە کڵێسا پەسەندیان ناکەن؟ تاکو شەرم بکەن ئاوا دەڵێم. ئایا یەکێکی داناتان تێدا نییە بتوانێت دادوەری لەنێو برایانی بکات؟ بەڵام برا برای خۆی بۆ دادگا دەبات، لەبەردەم بێباوەڕان ئەمە دەکات!

لە ڕاستیدا شورەییە بۆتان لەنێوتاندا سکاڵا لە یەکتر بکەن. باشتر نەبوو زۆرلێکراو بن؟ باشتر نەبوو فێڵلێکراو بن؟ بەڵام ئێوە زۆرداری و فێڵ دەکەن، تەنانەت لە خوشک و برایانیشتان!

ئایا نازانن کە زۆردار نابنە میراتگری شانشینی خودا؟ هەڵمەخەڵەتێن. نە بەڕەڵا و نە بتپەرست، نە داوێنپیس و نە هاوڕەگەزباز، 10 نە دز و نە چاوچنۆک، نە سەرخۆش و نە جنێوفرۆش و نە تاڵانکەر، نابنە میراتگری شانشینی خودا. 11 جا هەندێکتان بەم شێوەیە بوون. بەڵام شۆرانەوە و پیرۆزکران و بێتاوان کراون بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ و ڕۆحی خودامان.

بە جەستە ستایشی خودا بکەن

12 «هەموو شتێک بۆ من دروستە،[a]» بەڵام هەموو شتێک سوودبەخش نییە. «هەموو شتێک بۆ من دروستە،» بەڵام هیچ شتێک بەسەرمدا زاڵ نابێت. 13 «خواردن بۆ ورگە و ورگیش بۆ خواردن،» کەچی خودا هەردووکیان لەناودەبات. بەڵام جەستە بۆ داوێنپیسی نییە، بەڵکو بۆ مەسیحی خاوەن شکۆیە، مەسیحیش بۆ جەستەیە. 14 خوداش مەسیحی خاوەن شکۆی هەستاندەوە و بە هێزی خۆی ئێمەش هەڵدەستێنێتەوە. 15 ئایا نازانن لەشتان ئەندامی جەستەی مەسیحە؟ ئایا ئەندامی جەستەی مەسیح بکەمە ئەندامی لەشفرۆشێک؟ نەخێر! 16 یاخود نازانن ئەوەی خۆی بە لەشفرۆشێکەوە نووساندووە، لەگەڵی بووەتە یەک جەستە؟ چونکە دەفەرموێ: [هەردووکیان دەبنە یەک جەستە.][b] 17 بەڵام ئەوەی لەگەڵ عیسای خاوەن شکۆ یەکبگرێت، لەگەڵی دەبێ بە یەک ڕۆح.

18 لە داوێنپیسی ڕابکەن. هەر گوناهێک مرۆڤ بیکات، لە دەرەوەی جەستەیە، بەڵام ئەوەی داوێنپیسی دەکات ئەوا لە دژی جەستەی خۆی گوناه دەکات. 19 یاخود نازانن کە لەشتان پەرستگای ڕۆحی پیرۆزە کە لە ئێوەدایە و لەلایەن خوداوەیە هەتانە؟ ئێوەش هی خۆتان نین، 20 چونکە ئێوە بە نرخێک کڕاون. جا بە لەشتان ستایشی خودا بکەن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.