Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 89-90

هۆنراوەیەکی ئێیتانی ئەزراحی[a].

89 هەتاهەتایە گۆرانی بەسەر خۆشەویستی نەگۆڕی یەزداندا دەڵێم،
    نەوە دوای نەوە بە دەمم دڵسۆزیت ڕادەگەیەنم.
هەروەک گوتم، هەتاهەتایە خۆشەویستی نەگۆڕ بنیاد دەنرێت،
    لەناو ئاسمان دڵسۆزیت دەچەسپێت.
فەرمووت: «پەیمانم لەگەڵ هەڵبژاردەی خۆم بەستووە،
    سوێندم بۆ داودی بەندەم خواردووە،
”هەتاهەتایە وەچەت دەچەسپێنم،
    نەوە دوای نەوە تەختت بنیاد دەنێم.“»[b]

ئەی یەزدان، ئاسمان ستایشی کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەکات،
    هەروەها لەناو کۆڕی پیرۆزانیش[c] دڵسۆزیت.
چونکە لەناو هەورەکان کێ هاوتای یەزدانە؟
    لەنێو فریشتەکانی ئاسمان کامەیان لە یەزدان دەچێت؟
خودا لەنێو ئەنجومەنی پیرۆزان زۆر سامناکە،
    لە هەموو ئەوانەی دەوروبەری ترسناکترە.
ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، کێ وەک تۆ وایە؟
    تۆ بەهێزیت، ئەی یەزدان، دڵسۆزیشت دەوری داویت.

دەسەڵاتت بەسەر هەڵچوونی دەریادا هەیە،
    کە شەپۆلەکانی بەرز دەبنەوە، هێمنیان دەکەیتەوە.
10 وەک بریندارێکی سەخت ڕاهەبت[d] پان کردەوە،
    بە هێزی بازووت دوژمنەکانت پەرتەوازە کرد.
11 ئاسمان هی تۆیە، هەروەها زەویش،
    گەردوون و هەرچی تێیدایە تۆ داتمەزراندووە.
12 باکوور و باشوور تۆ بەدیت هێناون،
    تابۆر[e] و حەرمۆن بۆ ناوی تۆ هەلهەلە لێدەدەن.
13 بازووت هەیە لەگەڵ توانا،
    دەستت بەهێزە، دەستە ڕاستەت بەرزە.

14 ڕاستودروستی و دادپەروەری بناغەی تەختی تۆن،
    خۆشەویستی نەگۆڕ و ڕاستی[f] لەبەردەمی تۆ دەڕۆن.
15 خۆزگە بەو گەلە دەخوازرێ کە دەزانن پڕ بە دەنگیان هاواری شادی دەکەن،
    ئەی یەزدان، بە ڕووناکی ڕوخساری تۆ ڕێ دەکەن.
16 بەهۆی ناوی تۆوە بە درێژایی ڕۆژ شادمان دەبن،
    بە ڕاستودروستی تۆ بەرز دەبنەوە،
17 چونکە تۆ شکۆمەندی و هێزی ئەوانیت،
    ئێمە بە ڕەزامەندی تۆ بەهێز دەبین.
18 چونکە قەڵغانمان هی یەزدانە،
    پاشامان هی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلە.

19 جارێکیان لە بینینێکدا[g] قسەت کرد،
    بە خۆشەویستانی خۆتت فەرموو:
«هێزم بە پاڵەوان بەخشی،
    لەنێو گەل هەڵبژاردەم بەرزکردەوە.
20 داودی بەندەی خۆمم دۆزییەوە،
    بە ڕۆنی پیرۆزم دەستنیشانم کرد[h].
21 ئەوەی دەستم پێوەی دەچەسپێت،
    هەروەها بازووم بەهێزی دەکات.
22 دوژمن بەسەریدا زاڵ نابێت،
    نابێتە ژێر دەستەی کوڕی زۆردار.
23 لەبەردەمی خۆی دوژمنانی تێکدەشکێنم،
    ناحەزانی تووشی بەڵا دەکەم.
24 دڵسۆزی و خۆشەویستی نەگۆڕی منی لەگەڵدایە،
    بە ناوی منەوە بەهێز دەبێت.
25 وا دەکەم دەستی بەسەر دەریاوە بێت،
    دەستە ڕاستی بەسەر ڕووبارەکان.
26 هاوارم بۆ دەکات: ”تۆ باوکمی،
    خودای منی، تاشەبەردی ڕزگاریی منیت.“
27 منیش دەیکەمە نۆبەرەی خۆم،
    بەرزترین لە پاشایانی زەوی.
28 هەتاهەتایە خۆشەویستی نەگۆڕی خۆمی بۆ دەپارێزم،
    پەیمانی من بۆ ئەو دەچەسپێت.
29 وا دەکەم هەتاهەتایە نەوەی هەبێت،
    تەختیشی بەقەد ڕۆژگاری ئاسمان بێت.

30 «ئەگەر کوڕانی واز لە فێرکردنم بهێنن،
    ڕێگای یاساکانی من نەگرنەبەر،
31 ئەگەر سەرپێچی فەرزەکانم بکەن،
    ڕاسپاردەکانم بەجێنەگەیەنن،
32 لەسەر یاخیبوونەکانیان بە دار سزایان دەدەم،
    بە لێدان گوناهەکانیان،
33 بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕی خۆمی لێ ناکەمەوە،
    درۆ ناکەم دەربارەی دڵسۆزییەکەم.
34 پەیمانی خۆم ناشکێنم و
    قسەی خۆم ناگۆڕم.
35 جارێک سوێندم بە پیرۆزی خۆم خوارد،
    درۆ لەگەڵ داود ناکەم.
36 هەتاهەتایە نەوەی داود دەمێنێت و
    تەختی وەک خۆر لەبەردەممە،
37 هەمیشە وەک مانگ دەچەسپێت،
    ئەو شایەتەی لە ئاسمانیشە دڵسۆزە.»

38 بەڵام تۆ ڕەتت کردەوە و وازت لێی هێنا،
    لە دەستنیشانکراوەکەت[i] تووڕەبوویت.
39 پەیمانەکەت لەگەڵ خزمەتکارەکەت شکاند و
    تاجەکەی ئەوت لە خۆڵ وەردا و گڵاوت کرد.
40 هەموو شووراکانیت ڕووخاند،
    قەڵاکانیت کردە کاولگە.
41 هەموو ئەوانەی تێدەپەڕن تاڵانیان کردی،
    بوو بە ڕیسوایی لەنێو دراوسێکان[j].
42 دەستی ڕاستی دوژمنەکانیت بەرزکردەوە،
    هەموو ناحەزەکانیت دڵشاد کرد.
43 دەمی شمشێرەکەیت هەڵگێڕایەوە و
    لە جەنگدا سەرتنەخست.
44 شکۆمەندییەکەیت پووچەڵ کردەوە،
    تەختی ئەوت فڕێدایە سەر زەوی.
45 ڕۆژگاری گەنجیت کورت کردەوە و
    بەرگی شەرمەزاریت کردە بەری.

46 ئەی یەزدان، هەتا کەی؟ ئایا بە تەواوی خۆت دەشاریتەوە؟
    هەتا کەی تووڕەییت وەک ئاگر دادەگیرسێت؟
47 لەبیرت بێت تەمەنم چەند کورتە.
    بۆ چ مەبەستێک ئادەمیزادت بەدیهێناوە؟
48 ئایا پیاو هەیە بژیێت و مردن نەبینێت؟
    یان گیانی خۆی لە دەست جیهانی مردووان دەرباز بکات؟
49 ئەی پەروەردگار، کوا خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی جارانت،
    کە بە دڵسۆزی خۆت سوێندت بۆ داود خوارد؟
50 پەروەردگار، شورەیی خزمەتکاری خۆت لەبیر بێت،
    چۆن هی هەموو گەلانم لە باوەشی خۆم گرتووە،
51 ئەو سووکایەتییەی دوژمنەکانت، ئەی یەزدان،
    ئەوەی بە ڕاستی بە نەوەکانی دەستنیشانکراوەکەت[k] کرا.

52 هەر ستایش بۆ یەزدان، هەتاهەتایە.
            ئامین و ئامین.

کۆکراوەی بەشی چوارەم

زەبوورەکانی 90‏–106

نوێژێکی موسای پیاوی خودا.

90 ئەی پەروەردگار، نەوە دوای نەوە
    تۆ پەناگامان بوویت.
بەر لەوەی چیاکان پەیدا ببن،
    یان زەوی و جیهان دروستببن،
    لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە، تۆ خودایت.

تۆ مرۆڤ دەکەیتەوە بە تۆز،
    دەفەرموویت: «ئادەمیزادینە، بگەڕێنەوە بۆ تۆز.»
چونکە لەلای تۆ، هەزار ساڵ
    وەک دوێنێ وایە کە تێپەڕیوە،
    وەک بەشێکی شەو وایە.
مرۆڤ وەک خەون ڕادەماڵیت،
    وەک ئەو گیایەی سەر لە بەیانی نوێ دەبێتەوە،
سەر لە بەیانی دەبووژێتەوە و نوێ دەبێتەوە،
    بۆ ئێوارە سیس دەبێت و دەفەوتێت.

چونکە بە هەڵچوونی تۆ لەناوچووین،
    بە تووڕەیی تۆ تۆقین.
گوناهەکانی ئێمەت لەبەردەمی خۆت داناوە،
    شتە شاراوەکانمان لەبەر ڕووناکی ڕوخسارت.
چونکە هەموو ڕۆژگارمان بە تووڕەیی تۆ بەسەرچوو،
    ساڵانی تەمەنمان وەک هەناسەیەک بەسەربرد.
10 ساڵانی تەمەنمان حەفتا ساڵە،
    یان هەشتا ساڵ ئەگەر بە هێزەوە بێت،
ئەوەی مایەی شانازیش بێت ڕەنج و ناخۆشییە،
    چونکە بە پەلە دەڕەوێتەوە و ئێمە باڵدەگرین.
11 کێ هێزی تووڕەیی تۆ دەزانێت؟
    چونکە تووڕەیی تۆ ترسێکی زۆر دەهێنێ.
12 ئیتر فێرمان بکە ڕۆژانمان بژمێرین،
    بۆ ئەوەی دڵێکی پڕ داناییمان هەبێت.

13 ئەی یەزدان، تووڕەییەکەی دابمرکێنەوە! هەتا کەی؟
    لەگەڵ خزمەتکارەکانت میهرەبان بە.
14 سەر لە بەیانی لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت تێرمان بکە،
    هەتا هەموو ڕۆژانی ژیانمان هەلهەلە لێبدەین و دڵشاد ببین.
15 دڵشادمان بکە ئەوەندەی بۆ ئەو ڕۆژانەی تووشی ناخۆشیت کردین،
    ئەو ساڵانەی کە خراپەمان بینی.
16 کردەوە مەزنەکانت بۆ خزمەتکارەکانت دەربخە،
    شکۆمەندیت بەسەر منداڵەکانیان.

17 با نیعمەتی خودای پەروەردگارمان بەسەرمانەوە بێت،
    کردەوەکانی دەستمان بۆ بچەسپێنە،
    بەڵێ، کردەوەکانی دەستمان بچەسپێنە.

ڕۆما 14

پێشوازی لە یەکتری بکەن

14 ئەوەی لە باوەڕدا لاوازە پێشوازیی لێ بکەن، بەبێ حوکمدانی بیروڕاکان. هەیە باوەڕی بەوەیە هەموو شتێک بخوات، بەڵام ئەوەی باوەڕی لاوازە تەنها سەوزە دەخوات. با بخۆر سووکایەتی بە نەخۆر نەکات، نەخۆریش بخۆر تاوانبار نەکات، چونکە خودا پێشوازی لێکردووە. تۆ کێی تاکو خزمەتکاری کەسێکی دیکە حوکم بدەیت؟ سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی خزمەتکار لە خزمەتەکەیدا پەیوەندی بە گەورەکەیەوە هەیە، بەڵام سەردەکەوێت چونکە مەسیحی خاوەن شکۆ دەتوانێت سەریبخات.

کەسێک ڕۆژێک لە ڕۆژێکی دیکە بە پیرۆزتر دادەنێت، کەسێکی دیکە هەموو ڕۆژێک لەبەرچاو دەگرێت. با هەریەکە لە بیروڕای خۆی دڵنیابێت. ئەوەی بایەخ بە ڕۆژ دەدات بۆ یەزدان بایەخ دەدات. ئەوەی گوشت دەخوات بۆ یەزدان دەیخوات، چونکە سوپاسی خودا دەکات. ئەوەش کە ناخوات بۆ یەزدان ناخوات و سوپاسی خودا دەکات، لەبەر ئەوەی کەسمان بۆ خۆی ناژیێت، کەسیش بۆ خۆی نامرێت. لەبەر ئەوەی ئەگەر بژین بۆ مەسیحی خاوەن شکۆ دەژین، ئەگەر بشمرین لە پێناوی ئەو دەمرین. کەواتە بژین یان بمرین، ئێمە هی مەسیحین. هەر لەبەر ئەم هۆیە مەسیح مرد و زیندووبووەوە تاکو ببێتە گەورەی زیندووان و مردووان.

10 ئیتر تۆ بۆچی خوشکت یان براکەت تاوانبار دەکەیت؟ یان بۆچی سووکایەتییان پێ دەکەیت؟ چونکە هەموومان لەبەردەم تەختی دادگایی خودا ڕادەوەستین، 11 چونکە نووسراوە:

[یەزدان دەفەرموێ: بە گیانی خۆم،
    هەموو ئەژنۆیەک بۆ من چۆک دادەدات،
    هەموو زمانێک دان بە خودا دەنێت.][a]

12 کەواتە، هەریەک لە ئێمە دەبێت حیسابی خۆی بداتە خودا.

لێپرسراوین بەرامبەر بە یەکتری

13 لەبەر ئەوە ئیتر با یەکتری تاوانبار نەکەین، بەڵکو باشترە ئەم بڕیارە بدەن: کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم برا دانەنرێت. 14 بەهۆی عیسای خاوەن شکۆوە دەزانم و دڵنیام کە هیچ شتێک لە خۆیدا گڵاو نییە، مەگەر یەکێک بە گڵاوی بزانێت، ئەوە لە لای ئەو گڵاوە. 15 ئەگەر بەهۆی خۆراکت خوشکت یان براکەت دڵتەنگ بێت، ئیتر بەگوێرەی خۆشەویستی ناژیت. جا بە خۆراکت ئەو کەسە لەناو مەبە کە مەسیح لە پێناوی مردووە. 16 مەهێڵن خەڵکی بە خراپە باسی شتێک بکات کە بۆ ئێوە چاکە، 17 چونکە پاشایەتی خودا خواردن و خواردنەوە نییە، بەڵکو ڕاستودروستی و ئاشتی و خۆشییە لە ڕۆحی پیرۆزدا. 18 هەرکەسێک بەم شێوەیە خزمەتی مەسیح بکات، جێگای ڕەزامەندی خودا دەبێت و خەڵکیش متمانەی پێ دەکەن.

19 کەواتە با تێبکۆشین لە پێناوی ئەوەی بەرەو ئاشتی و بنیادنانی یەکترمان دەبات. 20 لە پێناوی خۆراک کاری خودا وێران مەکە. هەموو شتەکان پاکن، بەڵام بۆ مرۆڤ ئەگەر ببێتە کۆسپ خراپە بیخوات. 21 باشە گۆشت نەخۆیت و شەراب نەخۆیتەوە و شتێک نەکەیت ببێتە هۆکاری کەوتنی خوشکەکەت یان براکەت.

22 ئەو باوەڕەی هەتە، با لەبەردەم خودا بۆ خۆت بێت. خۆزگە دەخوازرێت بەوەی خۆی تاوانبار ناکات لەو شتەی کە پەسەندی دەکات. 23 بەڵام ئەوەی گومان بکات، ئەگەر بخوات تاوانبار دەکرێت، چونکە لە باوەڕەوە نییە. هەرشتێک لە باوەڕەوە نەبێت گوناهە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.