Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 81-83

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی گتیت[a]. بۆ ئاساف.

81 هەلهەلە لێدەن بۆ خودا ئەوەی هێزمانە،
    بە خۆشییەوە هاوار بکەن بۆ خودای یاقوب.
ئاوازێک بەرز بکەنەوە و دەف بهێنن،
    سازێکی ناسک لەگەڵ قیسارە.

لە جەژنی سەرەمانگ کەڕەنا لێدەن و
    لە مانگی تابان، بۆ ڕۆژی جەژنەکانمان.
چونکە ئەمە فەرزە لەسەر ئیسرائیل،
    حوکمی خودای یاقوبە.
لە بنەماڵەی یوسفدا کردی بە یاسا،
    کە لە خاکی میسر دەریهێنا.

گوێمان لە زمانێکە کە تێنەگەیشتین:

«بارم لەسەر شانەکانی لادا،
    دەستەکانی لە سەبەتە بەربوون.
لە تەنگانەدا هاوارت کرد، دەربازم کردیت،
    لەژێر سێبەری هەورەتریشقە وەڵامم دایتەوە،
    لە مێرگی مەریبا[b] تاقیم کردیتەوە.[c]
ئەی گەلی من، گوێ بگرە، ئاگادارت دەکەمەوە.
    ئەی ئیسرائیل، خۆزگە گوێت لە من دەگرت!
لەنێو ئێوەدا خوداوەندێکی بێگانە نابێت،
    کڕنۆش بۆ خوداوەندێکی بیانی نابەیت.
10 من یەزدانی پەروەردگاری تۆم،
    کە لە خاکی میسر دەرمهێنای.
    دەمت بکەوە و پڕی دەکەم.

11 «بەڵام گەلەکەم گوێی لە قسەم نەگرت،
    ئیسرائیل منی نەویست.
12 منیش ئەوانم دایە دەست کەللەڕەقییەکەی خۆیان،
    بە ڕاوێژی خۆیان هەڵسوکەوت بکەن.

13 «خۆزگە گەلەکەم بە قسەی منیان دەکرد،
    ئەگەر ئیسرائیل ڕێگای منیان دەگرتەبەر،
14 هەر زوو دوژمنەکانم بۆ زەلیل دەکردن،
    دەستم درێژ دەکردە سەر ناحەزانیان!
15 ئەوانەی ڕقیان لە یەزدانە، ملکەچی دەبن،
    هەتاهەتایە کاتی سزایان دەبێت.
16 باشترین گەنمم دەرخوارد دەدایت،
    لە تاشەبەردەوە تێر هەنگوینم دەکردیت.»

زەبوورێکی ئاساف.

82 خودا لە کۆڕی خوداوەندەکان ڕاوەستاوە،
    لەنێو خوداوەندەکان[d] دادوەری دەکات.

«هەتا کەی بە ناڕەوایی دادوەری دەکەن،
    لایەنگری بەدکاران دەکەن؟ [e]
بەرگری لە لاواز و هەتیوان بکەن،
    دادی هەژار و کڵۆڵان بدەن.
فریای لاواز و نەداران بکەون،
    لە دەست بەدکاران دەربازیان بکەن.

«نازانن و تێناگەن، لە تاریکیدا دەڕۆن،
    هەموو بنچینەکانی زەوی دەشڵەژێن.

«من گوتم: ”ئێوە ’خوداوەندەکان‘ن،
    هەمووتان کوڕی خودای هەرەبەرزن.“
بەڵام وەک ئادەمیزاد دەمرن،
    وەک یەکێک لە میرەکان دەکەون.»

خودایە، هەستە! دادوەری زەوی بکە،
    چونکە هەموو نەتەوەکان میراتی تۆن.

گۆرانییەک، زەبوورێکی ئاساف.

83 ئەی خودایە، بێدەنگ مەبە،
    کپ مەبە، خودایە، هێدی مەبە.
ئەوەتا دوژمنانت هەرایانە،
    ناحەزانت لە دژت ڕاپەڕیون.
ڕاوێژ دەکەن لە دژی گەلەکەت،
    پیلان دەگێڕن لە دژی ئەوانەی تۆ پەنات داون.
دەڵێن: «با لەناو نەتەوەکان بیانسڕینەوە،
    لەمەودوا ناوی ئیسرائیل باس نەکرێت.»

چونکە بە هاوبیری پێکەوە پیلان دەگێڕن،
    لە دژی تۆ پەیمانیان بەستووە.
خێوەتەکانی ئەدۆم و ئیسماعیلییەکان[f]،
    مۆئاب و هاجەرییەکان،
جوبەیل[g] و عەمۆن و عەمالێق[h]،
    فەلەستیە لەگەڵ دانیشتووی سور.
هەروەها ئاشوریش[i] چووەتە پاڵیان،
    بوونە بازووی بەهێزی نەوەی ڵوت[j].[k]

هەروەک چیت لە میدیان[l] کرد ئاوایان لێ بکە،
    هەروەک چیت لە سیسرا[m] و یاڤین[n]کرد لە ڕووباری قیشۆن[o]،
10 کە لە کانی دۆر[p] فەوتان،
    بوون بە زبڵ بۆ زەوی.
11 گەورەکانیان وەک عۆرێڤ و زئێڤ[q] لێ بکە،
    هەموو میرەکانیان وەک زەڤەح و چەلموناع[r]،
12 ئەوانەی گوتیان: «لەوەڕگاکانی خودا
    دەکەینە موڵکی خۆمان.»

13 ئەی خودای من، بیانکە بە تەپوتۆز،
    وەک کای دەم بایان لێ بکە.
14 وەک چۆن ئاگر دارستان دەسووتێنێت،
    وەک گڕ چیا دەسووتێنێت،
15 ئاوا بە ڕەشەبای خۆت ڕاویان بنێ،
    بە گەردەلوولی خۆت هوڕیان بکە.
16 ئەی یەزدان، ڕوویان بە ڕیسوایی داپۆشە،
    تاکو بەدوای ناوتدا بگەڕێن.

17 هەتاهەتایە شەرمەزار و پەرێشانم،
    ڕیسوا دەبن و دەفەوتێن.
18 با بزانن کە تۆ، ئەوەی ناوت یەزدانە،
    لەسەر هەموو زەوی تەنها تۆ هەرەبەرزیت!

ڕۆما 11:19-36

19 ئیتر دەڵێی: «لقەکان بڕانەوە تاکو من موتوربە بکرێم.» 20 باشە. ئەوان لەبەر بێباوەڕی بڕانەوە، تۆش بە باوەڕ جێگیر بوویت. لەخۆبایی مەبە، بەڵکو بترسە، 21 چونکە ئەگەر خودا بەزەیی بە لقە سروشتییەکاندا نەیەتەوە، ئەوا بەزەیی بە تۆشدا نایەتەوە.

22 لەبەر ئەوە نەرمونیانی و توندی خودا لەبەرچاو بگرە: توندی بۆ ئەوانەیە کە کەوتن، بەڵام نەرمونیانی بۆ تۆیە ئەگەر لە نەرمونیانییەکەی جێگیر بیت، ئەگینا تۆش دەبڕدرێیتەوە. 23 ئەوانیش ئەگەر لە بێباوەڕی جێگیر نەبن موتوربە دەکرێنەوە، چونکە خودا دەتوانێت موتوربەیان بکاتەوە. 24 ئەگەر تۆ بەگوێرەی سروشت لە دار زەیتوونێکی کێوی بڕابیتەوە و بە پێچەوانەی سروشت لە دار زەیتوونێکی چاک موتوربە کرایت، ئاخۆ چەند زیاتر ئەوانەی بەگوێرەی سروشت لە دار زەیتوونەکەی خۆیان موتوربە دەکرێن.

بەزەیی خودا بۆ هەمووانە

25 ئەی خوشک و برایان، نامەوێت ئەم نهێنییە نەزانن، نەوەک خۆتان بە دانا بزانن: کەللەڕەقی بەشێک لە ئیسرائیلی گرتەوە هەتا تەواوی نەتەوەکان بێنە ناوەوە. 26 بەم شێوەیە هەموو ئیسرائیل ڕزگاری دەبێت، وەک نووسراوە:

[ڕزگارکەر لە سییۆنەوە دێت،
    خوانەناسی لە یاقوب دووردەخاتەوە.
27 ئەمەش پەیمانی منە لەگەڵ ئەوان
    کاتێک گوناهەکانیان دادەماڵم.][a]

28 بەگوێرەی پەیامی ئینجیل لە پێناوی ئێوەدا دوژمنن[b]، بەڵام بەگوێرەی هەڵبژاردن لە پێناوی باوکاندا خۆشەویستن، 29 چونکە بەخشینەکانی خودا و بانگکردنەکەی بێ پەشیمانییە. 30 هەروەک چۆن ئێوە پێشتر گوێڕایەڵی خودا نەبوون، بەڵام ئێستا بەهۆی گوێڕایەڵ نەبوونی ئەوان ئێوە بەر بەزەیی کەوتن، 31 ئەوانیش ئێستا گوێڕایەڵ نین، تاکو بەو بەزەییەی بۆ ئێوە بوو ئەوانیش بەر بەزەیی بکەون. 32 خودا هەمووانی لە گوێڕایەڵنەبووندا بەندکرد، تاکو بەزەیی بە هەموواندا بێتەوە.

33 ئای لە قووڵی دەوڵەمەندی و دانایی و زانیاری خودا!
    حوکمەکانی لە سەرووی تێگەیشتنەوەیە و
    ڕێگاکانی لە سەرووی وردبوونەوەیە.
34 [کێ بیری یەزدانی زانی؟
    یان کێ بووە ڕاوێژکاری؟][c]
35 [کێ شتێکی پێ بەخشیوە تاکو پێی بدرێتەوە؟][d]
36 چونکە هەموو شتەکان لە ئەوە و بەهۆی ئەوە و بۆ ئەوە.
    هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ ئەوە! ئامین.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.