Old/New Testament
بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، بۆ داود، بۆ یادکردنەوە.
70 ئەی خودایە، خێرابە بۆ دەربازکردنم،
ئەی یەزدان، پەلە بکە لە یارمەتیدانم.
2 با شەرمەزار و سووک بن
ئەوانەی گیانی منیان دەوێت،
با ببەزن و ڕیسوا بن
ئەوانەی حەز بە خراپەی من دەکەن.
3 با هەڵبێن لە شەرمان
ئەوانەی پێم دەڵێن: «هۆی ها! هۆی ها!»
4 با هەموو ئەوانەی تۆیان دەوێت،
شاد و دڵخۆش بن.
با هەمیشە بڵێن: «مەزن بێت خودا!»
ئەوانەی حەز لە ڕزگاریی تۆ دەکەن.
5 بەڵام سەبارەت بە من، هەژار و نەدارم،
خودایە، خێرا وەرە بۆ لام.
یارمەتیدەر و دەربازکەرم تۆی،
ئەی یەزدان، دوامەکەوە.
71 ئەی یەزدان، من پەنا دەبەمە بەر تۆ،
با هەرگیز شەرمەزار نەبم،
2 بە ڕاستودروستی خۆت فریام بکەوە و دەربازم بکە.
گوێم بۆ ڕاگرە و ڕزگارم بکە.
3 بۆم ببە بە تاشەبەردی پەنا،
هەمیشە پەنای بۆ ببەم.
فەرمانی ڕزگاریی من بدە،
چونکە تۆ تاشەبەردی منیت، تۆ قەڵای منیت.
4 ئەی خودای من، لە دەستی بەدکاران،
لە چەپۆکی خراپەکاران و زۆرداران دەربازم بکە.
5 ئەی یەزدانی باڵادەستم، چونکە تۆ هیوای منیت،
لە گەنجییەوە پشتوپەنای منیت.
6 لە سکی دایکمەوە پشتم بە تۆ بەستووە،
تۆ بووی لە هەناوی دایکمەوە دەرتهێنام،
ستایشم هەمیشە بۆ تۆیە.
7 بووم بە پەند لەلای زۆر کەس،
بەڵام تۆ پەناگای بەهێزی منیت.
8 دەمم پڕە لە ستایشی تۆ،
لە شکۆدارکردنت بە درێژایی ڕۆژ.
9 لە کاتی پیری فڕێممەدە،
کە هێزم لەبەر نەما وازم لێمەهێنە.
10 چونکە دوژمنەکانم قسەم لەسەر دەکەن،
ئەوانەی چاوەڕێی کوشتنم دەکەن، پێکەوە تەگبیر دەکەن.
11 دەڵێن: «خودا وازی لێ هێناوە،
ڕاوی بنێن و بیگرن،
چونکە دەربازکەری نییە.»
12 خودایە، لێم دوور مەکەوە،
ئەی خودای من، زوو بگە فریام.
13 با شەرمەزار بن و لەناوبچن، ئەوانەی سکاڵام لێ دەکەن،
با بە ڕیسوایی و سووکایەتی بپۆشرێن،
ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت.
14 بەڵام من هەمیشە هیوادارم،
هەتا دێت زیاتر ستایشت دەکەم.
15 دەمم باسی ڕاستودروستیت دەکات،
بە درێژایی ڕۆژ باسی ڕزگاریت دەکات،
هەرچەندە پێوانەکەی نازانم.
16 دان بە پاڵەوانیێتی یەزدانی باڵادەستم دەنێم،
تەنها ڕاستودروستی تۆ دەهێنمەوە یاد.
17 خودایە، لە سەردەمی گەنجییەوە فێرت کردووم،
هەتا ئێستا کارە سەرسوڕهێنەرەکانت ڕادەگەیەنم.
18 خودایە، تەنانەت لە پیری و ڕیش سپیێتیشم،
وازم لێ مەهێنە،
هەتا توانات بۆ نەوەی داهاتوو ڕابگەیەنم،
هێزت بۆ هەموو ئەوانەی دێن.
19 خودایە، ڕاستودروستیت هەتا بەرزاییە،
ئەوەی تۆ کردت زۆر مەزنە.
ئەی خودایە، کێ وەک تۆیە؟
20 تۆ بووی تەنگانەی زۆر و تاڵت پیشاندام،
دەگەڕێیتەوە و زیندووم دەکەیتەوە،
لە ناخی زەوییەوە دووبارە بەرزم دەکەیتەوە.
21 مەزنێتیم زیاتر دەکەیت،
دەگەڕێیتەوە و دڵنەواییم دەکەیت.
22 ئەی خودای من،
منیش بە ساز ستایشی دڵسۆزیت دەکەم،
ئەی پیرۆزەکەی ئیسرائیل،
بە قیسارەوە مۆسیقات بۆ دەژەنم.
23 لێوەکانم هەلهەلە لێدەدەن،
کە گۆرانیت بۆ دەڵێم،
هەروەها گیانم، ئەوەی کە کڕیتەوە.
24 زمانیشم بە درێژایی ڕۆژ باسی ڕاستودروستیت دەکات،
چونکە شەرمەزار و سووک بوون،
ئەوانەی خراپەی منیان دەوێت.
22 دەزانین هەموو بەدیهێنراوان هەتا ئێستا بەیەکەوە دەناڵێنن و ژانیان گرتووە. 23 تەنها ئەمە نا، بەڵکو ئێمە کە یەکەمین بەرهەمی ڕۆحی پیرۆزمان وەرگرت، لە ناخماندا دەناڵێنین و بە پەرۆشەوە چاوەڕێی لەخۆگرتنەوەین، واتە ڕزگاریی جەستەمان، 24 چونکە بە هیواوە ڕزگارمان بوو. بەڵام هیوای بینراو هیوا نییە. ئەوەی دەیبینی هیوای چی پێ دەخوازیت؟ 25 بەڵام ئەگەر هیوای شتێک بخوازین کە بینراو نییە، ئەوا بە دانبەخۆداگرتنەوە چاوەڕێی دەکەین.
26 بە هەمان شێوە ڕۆحی پیرۆز لە لاوازییەکانماندا یارمەتیمان دەدات. نازانین لە پێناوی چی نوێژ بکەین، بەڵام ڕۆحی پیرۆز خۆی بە ناڵەوە داکۆکیمان لێدەکات بە شێوەیەک کە باس ناکرێت. 27 ئەوەی دڵی مرۆڤ دەپشکنێت، دەزانێت ڕۆحی پیرۆز بایەخ بە چی دەدات، چونکە بەگوێرەی خواستی خودا داکۆکی لە گەلی پیرۆزی خودا دەکات.
28 ئێمە دەزانین خودا لە هەموو شتەکاندا کار دەکات بۆ چاکەی ئەوانەی ئەویان خۆشدەوێت، ئەوانەی بەگوێرەی مەبەستی ئەو بانگکراون، 29 چونکە ئەوانەی پێشتر ناسیبوونی، پێشتر دیاری کردن بۆ ئەوەی وەک وێنەی کوڕەکەی ئەویان لێ بێت، تاکو لەنێو زۆرێک لە خوشک و برایاندا ئەو ببێتە نۆبەرە. 30 ئەوانەی پێشتر دیاری کردن بانگیشی کردن، ئەوانەی بانگی کردن بێتاوانیشی کردن، ئەوانەی بێتاوانی کردن شکۆداریشی کردن.
سەرکەوتنی لە ڕادەبەدەر
31 ئیتر چی بەمانە بڵێین؟ ئەگەر خودا لەگەڵمان بێت، کێ دژمانە؟ 32 ئەوەی دەستی بە کوڕەکەی خۆیەوە نەگرت، بەڵکو لە پێناوی هەموومان پێشکەشی کرد، ئیتر چۆن لەگەڵ ئەو هەموو شتێکمان بەخۆڕایی ناداتێ؟ 33 کێ سکاڵا لە هەڵبژێردراوانی خودا دەکات؟ خودایە ئەوەی بێتاوان دەکات. 34 کێیە تاوانبار دەکات؟ کەس نییە. عیسای مەسیحە کە مرد، بەڵکو لەمەش زیاتر هەستێنرایەوە، هەر ئەویش لە دەستە ڕاستی خودایە و داکۆکیمان لێدەکات. 35 کێ لە خۆشەویستی مەسیح جیامان دەکاتەوە؟ ناخۆشی یان تەنگانە یان چەوسانەوە یان قاتوقڕی یان ڕووتی یان مەترسی یاخود شمشێر؟ 36 وەک نووسراوە:
[لە پێناوی تۆ بە درێژایی ڕۆژ ڕووبەڕووی مردن دەبینەوە،
وەک مەڕ بۆ سەربڕین دادەنرێین.][a]
37 بەڵام لە هەموو ئەمانەدا لە ڕادەبەدەر سەرکەوتووین لە ڕێگەی ئەوەی کە خۆشی ویستووین، 38 چونکە دڵنیام نە مردن و نە ژیان، نە فریشتەکان و نە سەرۆکەکان، نە شتەکانی ئێستا و نە شتەکانی داهاتوو، نە هێزەکان، 39 نە بەرزی و نە قووڵی، نە بەدیهێنراوی دیکە، ناتوانێت لە خۆشەویستی خودا جیامان بکاتەوە کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحی گەورەمانەوە بۆمان دێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.