Old/New Testament
43 ئەی خودایە، ئەستۆپاکیم بسەلمێنە،
پارێزگاریم لێ بکە لە نەتەوەیەکی خوانەناس،
لە پیاوی فێڵباز و لە زۆردار دەربازم بکە.
2 تۆ خودا و قەڵای منی.
بۆ وازت لێ هێنام؟
بۆچی دەبێت بناڵێنم،
بچەوسێمەوە بە دەست دوژمنانم؟
3 ڕووناکی و ڕاستی خۆت بنێرە،
ئەوان ڕابەرایەتیم دەکەن،
ئەوان دەمهێننە کێوی پیرۆزت،
بۆ نشینگەکەت.
4 ئەوسا دێم بۆ قوربانگای خودا،
خودای خۆشی و دڵشادیم،
خودایە، خودای من، بە قیسارەوە ستایشت دەکەم.
5 ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟
بۆ لە ناخمەوە پەرێشانیت؟
ئومێدت بە خودا هەبێت،
چونکە هەر ستایشی ئەو دەکەم،
ئەو ڕزگارکەر و خودامە.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح.
44 خودایە، بە گوێی خۆمان بیستمان،
باوباپیرانمان پێیان ڕاگەیاندین
تۆ لە ڕۆژگاری ئەوان،
لە ڕۆژگاری کۆن چیت کردووە.
2 بە دەستی خۆت نەتەوەکانت ڕیشەکێش کرد و
باوباپیرانی ئێمەت چاند،
گەلانت وردوخاش کرد و
گەشەت بە باوباپیرانمان دا.
3 ئەوان بە شمشێری خۆیان دەستیان بەسەر خاکدا نەگرت،
بە بازووی خۆیان سەرکەوتنیان بەدەست نەهێنا.
بەڵکو دەستە ڕاستی تۆ بوو، بازووی تۆ بوو،
هەروەها ڕووناکی ڕوخساری تۆ بوو، چونکە ئەوانت خۆشویست.
4 تۆ پاشا و خودای منی،
تۆی فەرمانی ڕزگاری دەدەیت بۆ یاقوب.
5 لە ڕێگەی تۆوە دوژمنەکانمان دەبەزێنین،
بە ناوی تۆوە ناحەزەکانمان پێشێل دەکەین.
6 من پشت بە کەوانەکەم نابەستم،
شمشێرەکەم ڕزگارم ناکات.
7 بەڵام تۆ لە دوژمنەکانمان ڕزگارت کردین،
تۆ ناحەزەکانی ئێمەت ڕیسوا کرد.
8 بە درێژایی ڕۆژ شانازی بە خوداوە دەکەین،
هەتاهەتایە ستایشی ناوت دەکەین. [a]
9 بەڵام ئێستا وازت لێ هێناوین و ڕیسوات کردین،
لەگەڵ سوپاکانمان دەرناچیت.
10 وات لێکردین لەبەر دوژمنەکانمان ڕابکەین،
ناحەزەکانمان تاڵانیان کردین.
11 وەک مەڕ بۆ سەربڕین بەدەستەوەت داین،
لەنێو نەتەوەکان پەرشوبڵاوت کردینەوە.
12 گەلی خۆتت هەرزان فرۆش کردووە،
قازانجت لە فرۆشتنەکەیان نەکردووە.
13 لەلای نەتەوەکانی دراوسێمان ئێمەت کردووە بە مایەی ڕیسوایی،
بە مایەی گاڵتەجاڕی و سووکایەتی پێکردن لەلای ئەوانەی دەوروبەرمان.
14 ئێمەت کردووە بە پەندی نەتەوەکان،
خەڵکی سەریان بادەدەن لە ئاستمان.
15 ڕیسواییم بە درێژایی ڕۆژ لەپێشمە،
شەرمەزاریم ڕووی داپۆشیوم،
16 لەبەر دەنگی توانج لێدەر و جنێو پێدەرم،
لە ڕووی دوژمن و تۆڵەسێنەر.
17 ئەمانەمان هەمووی بەسەرهاتووە،
لەگەڵ ئەوەشدا تۆمان لەبیر نەکردووە،
پەیمانی تۆمان نەشکاندووە.
18 دڵمان پاشگەز نەبووەتەوە،
پێیەکانمان ڕێگای تۆیان بەرنەداوە.
19 بەڵام تۆ وردوخاشت کردین و ئێمەت کردە جێگای چەقەڵ،
بە سێبەری مەرگ داتپۆشین.
20 ئەگەر ناوی خودای خۆمان لەبیر بکردایە،
یان دەستمان لەبەر خوداوەندێکی بیانی پان بکردایەوە،
21 ئایا لەلای خودا ئاشکرا نەدەبوو،
چونکە هەموو نهێنییەکانی دڵ دەزانێت؟
22 لەگەڵ ئەمەشدا لە پێناوی تۆ بە درێژایی ڕۆژ ڕووبەڕووی مردن دەبینەوە،
وەک مەڕ بۆ سەربڕین دادەنرێین.
23 ئەی پەروەردگار، بەئاگا بە! بۆ خەواڵوو بوویت؟
هەستە! هەتاهەتایە وازمان لێمەهێنە.
24 بۆچی ڕووی خۆتمان لێ دەشاریتەوە؟
بۆچی تەنگانە و چەوسانەوەمان لەبیردەکەیت؟
25 گیانمان بەرەو خاک شۆڕ بووەتەوە،
سکمان بە زەوییەوە نووساوە.
26 ڕاپەڕە! بگە فریامان!
لەبەر خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بمانکڕەوە.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەن. هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح. گۆرانی زەماوەند.
45 دڵم بە قسەی باش دەجۆشێت،
کاتێک هۆنراوەکانم بۆ پاشا دەخوێنمەوە،
زمانم پێنووسی نووسەرێکی کارامەیە.
2 تۆ جوانترینی لەناو ئادەمیزاد و
نیعمەت بەسەر لێوتدا باریوە،
چونکە خودا بۆ هەتاهەتایە بەرەکەتداری کردوویت.
3 ئەی توانادار، شمشێرەکەت بەلای ڕانتەوە بکە،
شکۆمەندی و پایەبەرزی لەبەر بکە.
4 بە شکۆمەندی خۆت سەرکەوتووانە سواربە،
لە پێناوی ڕاستی و نەرمونیانی و دادپەروەری،
با دەستی ڕاستت شتی سامناک بخاتە پێش چاو.
5 با تیرە تیژەکانت دڵی دوژمنانی پاشا کون بکەن،
با گەلان لەبەر پێت بکەون.
6 ئەی خودایە، تەختی تۆ بۆ هەتاهەتاییە،
گۆچانی شانشینیت گۆچانی دادپەروەرییە.
7 تۆ حەزت لە ڕاستودروستییە و ڕقت لە خراپەیە،
بۆیە خودا، خودای خۆت، لە سەرووی هاوەڵەکانتەوە داینای،
بە ڕۆنی شادی دەستنیشانی کردیت[b].
8 جلوبەرگت هەمووی بە بۆنی موڕ و ئەلوا[c] و کاسیا[d] بۆندار بووە،
لە کۆشکی بە عاج[e] ڕازاوەوە دەنگی مۆسیقا دڵخۆشت دەکات.
9 لەناو ژنە خانەدانەکانت شازادە هەن
شاژنیش بە بەرگی زێڕی ئۆفیرەوە[f] لەلای دەستە ڕاستتە.
10 ئەی کچ، گوێ بگرە، لەبەرچاوتی بگرە و گوێ شل بکە،
گەلەکەت و بنەماڵەکەت لەبیر بکە.
11 پاشا تامەزرۆی جوانی تۆیە،
کڕنۆشی بۆ ببە، چونکە گەورەی تۆیە.
12 دانیشتووانی شاری سور[g] بە دیارییەوە دێن،
خاوەن سامانەکان ڕەزامەندی تۆیان دەوێت.
13 کچی پاشا لە ماڵی خۆی بە تەواوی شکۆدارە،
جلوبەرگەکەی بە زێڕ چنراوە.
14 بە کراسێکی نەخشێنراوەوە بۆ لای پاشا دەیبەن،
یاوەرە پاکیزەکانی بەدوایەوە بۆ لای تۆ[h] دێنن.
15 بە شادی و خۆشییەوە دەیانهێنن،
دێنە ناو کۆشکی پاشا.
16 کوڕەکانت جێی باوکانیان دەگرنەوە،
دەیانکەیتە میری سەرانسەری زەوی.
17 یادی ناوت دەکەمەوە نەوە دوای نەوە،
بۆیە نەتەوەکان هەتاهەتایە ستایشت دەکەن.
27 لە شەوی چواردەیەمیندا کە هێشتا تۆفانەکە لە دەریای ئەدریا کەشتییەکەی لەگەڵ خۆی دەبرد، لە نیوەشەودا کەشتیوانان وایانزانی لە وشکانی نزیک دەبنەوە. 28 کە پێوایان بینییان بیست باڵایە[a]. کەمێک ڕۆیشتن و پێوایانەوە بینییان پازدە باڵایە. 29 دەترسان نەوەک بکەونە سەر بەرد، لە پشتەوە چوار لەنگەریان شۆڕکردەوە و دەپاڕانەوە تاکو ڕۆژ هەڵبێت. 30 کەشتیوانان هەوڵیان دا لە کەشتییەکە هەڵبێن، بەلەمی ڕزگاربوونیان بۆ دەریا شۆڕکردەوە بە بیانووی ئەوەی دەیانەوێ چەند لەنگەرێک لە پێشەوە شۆڕبکەنەوە. 31 پۆڵس بە سەرپەل و سەربازەکانی گوت: «ئەگەر ئەمانە لە کەشتییەکەدا نەمێننەوە، ناتوانن ڕزگارتان بێت.» 32 ئەوسا سەربازەکان گوریسی بەلەمی ڕزگاربوونیان بڕی و وازیان لێی هێنا بکەوێت.
33 کاتێک خەریک بوو ڕۆژ هەڵدەهات، پۆڵس تکای لە هەمووان کرد نان بخۆن، گوتی: «ئەمە ڕۆژی چواردەیەمینە و ئێوە چاوەڕوان و بەردەوامن بێ ئەوەی هیچ بخۆن و هیچ وەربگرن. 34 بۆیە تکاتان لێ دەکەم نان بخۆن، چونکە ئەمە بۆ ڕزگاربوونتانە. کەستان تاڵێک لە قژی سەری نافەوتێت.» 35 کە ئەمەی گوت، نانێکی هەڵگرت و لەبەردەم هەمووان سوپاسی خودای کرد، ئینجا لەتی کرد و دەستی بە خواردن کرد. 36 ئیتر هەموویان ورەیان بەرزبووەوە و نانیان خوارد. 37 ئەوانەی ناو کەشتییەکە هەموومان دوو سەد و حەفتا و شەش کەس بووین. 38 کە تێر نانیان خوارد، بە فڕێدانی دانەوێڵەکە بۆ ناو دەریا کەشتییەکەیان سووککرد.
تێکشکانی کەشتییەکە
39 کاتێک ڕۆژبووەوە، کەشتیوانەکان نەیانزانی لە چ شوێنێکدان، بەڵام کەنداوێکیان بینی کەناری هەبوو، دەیانویست ئەگەر بتوانن کەشتییەکە بەرەو ئەوێ ببەن. 40 ئینجا لەنگەرەکانیان پساند و لە دەریادا بەجێیان هێشتن، لە هەمان کاتدا گوریسی سەوڵەکانی ئاراستەکردنیان شلکرد و بایەوانەکەی پێشەوەیان کردەوە بۆ بایە هەڵکردووەکە، بەرەو کەنارەکە ڕۆیشتن. 41 بەڵام کەوتە تەنکاو و کەشتییەکەیان بەرەو وشکانی برد، کە پێشەکەی گیربوو و نەجوڵا، لەبەر توندی شەپۆلەکان پشتەوەی تێکدەشکا.
42 پلانی سەربازەکان ئەوە بوو کە بەندکراوان بکوژن نەوەک کەسیان مەلە بکات و هەڵبێت. 43 بەڵام سەرپەلەکە دەیویست پۆڵس ڕزگار بکات، پلانەکەی ڕاگرتن، فەرمانی دا ئەوانەی دەتوانن مەلە بکەن با یەکەم جار ئەوان خۆیان فڕێبدەن و بگەنە وشکانی. 44 ئەوانی دیکەش هەندێکیان بە تەختە و هەندێکیان بە پارچەکانی کەشتییەکە. ئیتر هەموو بە سەلامەتی گەیشتنە وشکانی.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.