Old/New Testament
33 ئەی سەرڕاستان گۆرانی شادی بۆ یەزدان بڵێن،
ستایشکردن لە دڵڕاستان دەوەشێتەوە.
2 بە ساز ستایشی یەزدان بکەن،
بە قیسارەی دە ژێیی مۆسیقای بۆ بژەنن.
3 سروودێکی نوێی بۆ بڵێن،
بە کارامەیی مۆسیقا بژەنن، بە هەلهەلەوە.
4 چونکە فەرمایشتی یەزدان ڕاستە،
لە هەموو کردارەکانی دڵسۆزە.
5 یەزدان ڕاستودروستی و دادپەروەری خۆشدەوێت،
زەوی پڕ بووە لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی.
6 بە فەرمانی یەزدان ئاسمان دروستکرا،
بە هەناسەی دەمی هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان.
7 ئاوی دەریا وەک بەنداو کۆدەکاتەوە و
زەریاکان دەخاتە ناو ئەمبارەوە.
8 با هەموو زەوی لە یەزدان بترسێت،
با هەموو خەڵکی دنیا سام دایانگرێت!
9 چونکە کە فەرمووی، پەیدا بوو،
فەرمانی دا، بوو.
10 یەزدان پیلانی نەتەوەکانی پووچ کردەوە،
تەگبیری گەلانی هەڵوەشاندەوە.
11 بەڵام پلانی یەزدان هەتاهەتایە دەمێنێت،
تەگبیری دڵی بۆ هەموو نەوەکانە.
12 خۆزگە دەخوازرێ بەو نەتەوەیەی کە یەزدانی خودایانە،
بەو گەلەی هەڵیبژاردووە بۆ میراتی خۆی.
13 یەزدان لە ئاسمانەوە دەڕوانێتە خوارێ،
هەموو ئادەمیزاد دەبینێت.
14 لە نشینگەکەی خۆیەوە
چاودێری هەموو دانیشتووانی زەوی دەکات.
15 ئەو کە شێوەی دڵی هەمووانی دروستکردووە،
ئاگاداری هەموو کردەوەکانیانە.
16 هیچ پاشایەک بە گەورەیی سوپاکەی ڕزگاری نابێت،
هیچ پاڵەوانێک بە هێزی بازووی دەرباز نابێت.
17 ئەسپ ئومێدێکی دۆڕاوە بۆ ڕزگار بوون،
بە توندی هێزی ناتوانێت کەس دەرباز بکات.
18 بەڵام یەزدان چاوی لەوانەیە کە ترسی ئەویان لە دڵدایە،
ئەوانەی هیوایان بە خۆشەویستی نەگۆڕی ئەوە.
19 بۆ ئەوەی لە مردندا فریایان بکەوێت و
لە قاتوقڕیدا ژیانیان دابین بکات.
20 ئێمە بە ئومێدی چاوەڕوانی یەزدانین،
یەزدان یارمەتیدەر و قەڵغانمانە.
21 دڵمان بەو خۆشە،
چونکە ئێمە پشت بە ناوی پیرۆزی ئەو دەبەستین.
22 ئەی یەزدان، با خۆشەویستی نەگۆڕت بەسەرمانەوە بێت،
بەگوێرەی هیوامان بە تۆ.
زەبوورێکی داود، کاتێک لەبەردەم ئەبیمەلەخ خۆی کردە شێت، ئەویش دەریکرد و داود ڕۆیشت.[a]
34 هەموو کاتێک ستایشی یەزدان دەکەم،
هەمیشە ستایشی ئەو لەسەر لێوەکانمە.
2 گیانم شانازی بە یەزدانەوە دەکات،
با ستەملێکراوان گوێیان لێ بێت و شاد بن.
3 با پێکەوە یەزدان بە گەورە بزانین،
با بەیەکەوە ناوی بەرز بکەینەوە.
4 ڕووم لە یەزدان کرد، یەزدان بە دەنگمەوە هات،
لە هەموو ترسەکانم فریام کەوت.
5 ئەوانەی پشت بە یەزدان دەبەستن، دەدرەوشێنەوە،
ڕوویان هەرگیز شەرمەزاری پێوە نابێت.
6 ئەم پیاوە ستەملێکراوە هاواری بۆ کرد، یەزدان گوێی لێ بوو،
لە هەموو گرفتەکانی ڕزگاری کرد.
7 فریشتەی یەزدان دەوری ئەو کەسانە دەگرێت کە لێی دەترسن،
دەربازیان دەکات.
8 تامی بکەن و ببینن کە یەزدان چاکە!
خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی پەنای بۆ دەبات.
9 لە یەزدان بترسن ئەی گەلە پیرۆزەکەی،
چونکە ئەوانەی لێی دەترسن پێویستیان بە هیچ نابێت.
10 ڕەنگە شێرەکان تووشی برسیێتی و لاوازی بن،
بەڵام ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن پێویستیان بە شتی چاک نابێت.
11 کوڕینە، وەرن گوێ لە من بگرن،
فێری لەخواترسیتان دەکەم.
12 چ کەسێکە ژیانی خۆشدەوێت و
ئارەزوو دەکات زۆر ڕۆژگاری خۆش ببینێت؟
13 زمانت لە خراپە بپارێزە و
لێوەکانت لە فێڵبازی.
14 لە خراپە دوور بە و چاکە بکە،
بەدوای ئاشتیدا بگەڕێ و کۆششی بۆ بکە.
15 چاوی یەزدان لەسەر ڕاستودروستانە و
گوێی لە پاڕانەوەکانیان ڕاگرتووە.
16 ڕووی یەزدان لە دژی خراپەکارانە،
تاکو یادەوەرییان لەسەر زەوی ببڕێتەوە.
17 سەرڕاستان هاوار دەکەن و یەزدان گوێی لێیان دەبێت،
لە هەموو تەنگانەکانیان دەربازیان دەکات.
18 یەزدان لە دڵشکاوان نزیکە و
ئەوانە ڕزگار دەکات کە ڕۆحیان وردوخاش بووە.
19 پیاوچاک گرفتی زۆر دەبێت،
بەڵام یەزدان لە هەمووی دەربازی دەکات،
20 هەموو ئێسکەکانی دەپارێزێت،
هیچیان ناشکێنرێت.
21 بەدکاری بەدکاران لەناو دەبات،
ئەوانەی ڕقیان لە ڕاستودروستانە، تاوانبار دەکرێن.
22 یەزدان گیانی خزمەتکارەکانی خۆی دەکڕێتەوە و
ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر یەزدان تاوانبار ناکرێن.
سکاڵای جولەکەکان لە دژی پۆڵس
24 پاش پێنج ڕۆژ حەنانیای سەرۆک کاهین و هەندێک پیر و پارێزەرێک بە ناوی تەرتولۆس هاتن، لەلای فەرمانڕەوا سکاڵایان لە پۆڵس کرد. 2 کاتێک پۆڵس بانگکرا، تەرتولۆس دەستی بە سکاڵاکە کرد و گوتی: «فیلیکسی پایەبەرز، بەهۆی دووربینیت وا لە ئاشتییەکی زۆرداین و ئەم گەلە چاکسازی بۆ دەکرێت، 3 بە هەموو شێوەیەک و لە هەموو شوێنێک بە سوپاسەوە بەمە دەزانین. 4 بەڵام تاکو زیاتر ماندووت نەکەم، داواکارم بە نەرمونیانی خۆت، بە کورتی گوێمان لێ بگریت.
5 «بینیمان ئەم پیاوە گێرەشێوێنە و لەناو هەموو جولەکەی سەراپای جیهاندا ئاژاوە دەنێتەوە، پێشەوای ڕێبازی ناسیرەییەکانە. 6 هەوڵی دا پەرستگا گڵاو بکات و ئێمەش گرتمان. ⌟ویستمان بەگوێرەی تەوراتی خۆمان حوکمی بدەین. 7 بەڵام لیسیاسی فەرماندە هات و بە زەبری هێز لە دەستی سەندین و 8 فەرمانی بە سکاڵاکارانی کرد بێنە لات.⌞ جا ئەگەر لێی بکۆڵیتەوە، هەر لە خۆی هەموو ئەو شتانە دەزانیت کە سکاڵای لەو پێدەکەین.»
9 جولەکەش لایەنگریان کرد و گوتیان، شتەکان وایە.
10 کە فەرمانڕەوا ئاماژەی بۆ کرد قسە بکات، پۆڵس وەڵامی دایەوە: «دەزانم ساڵانێکی زۆرە تۆ دادوەری ئەم گەلەیت، بۆیە بە خۆشییەوە بەرگری لە خۆم دەکەم. 11 دەتوانیت دڵنیابیت، دوازدە ڕۆژ تێپەڕی نەکردووە کە بۆ پەرستن هاتوومەتە ئۆرشەلیم. 12 نە لە پەرستگا منیان بینیوە مشتومڕ لەگەڵ یەکێک بکەم و نە خەڵکم وروژاندووە، نە لە کەنیشتەکان و نە لە هیچ شوێنێکی ئەم شارە. 13 ناتوانن ئەو شتانە بسەلمێنن کە ئێستا پێی تاوانبارم دەکەن. 14 بەڵام ئەمە بۆ تۆ دەدرکێنم، بەگوێرەی ئەو ڕێگایەی[a] پێی دەڵێن ڕێباز ئاوا خودای باوباپیرانم دەپەرستم، باوەڕم هەیە بە هەموو ئەوەی بەگوێرەی تەوراتە و لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە. 15 هیوام بە خودایە لەوەی خۆیان چاوەڕێی دەکەن، کە هەستانەوە دەبێت، بۆ ڕاستودروستان و خراپەکارانیش. 16 لەبەر ئەوە تێدەکۆشم تاکو هەمیشە ویژدانێکی پاکم بەرامبەر خودا و خەڵک هەبێت.
17 «لەدوای ساڵانێکی زۆر گەڕامەوە تاکو پیتاک بۆ گەلەکەم بهێنم و قوربانی بکەم. 18 منیان لە حەوشەکانی پەرستگادا لە کاتی خۆپاککردنەوەدا بینی، بەڵام نە لەناو خەڵک و نە لەناو ئاژاوە. 19 بەڵام هەندێک لەو جولەکانەی ئاسیا، ئەگەر شتێکیان لە دژی من هەبووایە، دەهاتنە لات و سکاڵایان لەسەرم دەکرد. 20 یان با خۆیان بڵێن چ تاوانێکیان دۆزییەوە، کاتێک لەبەردەم سەنهەدریندا ڕاوەستام، 21 جگە لەم ڕاگەیاندنە کاتێک لەنێویان ڕاوەستابووم هاوارم کرد: ”سەبارەت بە هەستانەوەی مردووانە ئەمڕۆ ئێوە حوکمم دەدەن!“»
پۆڵس لە بەندیخانەی قەیسەرییە
22 فیلیکسیش دوایخستن، کە زانیارییەکی باشی دەربارەی ڕێگاکە[b] هەبوو، گوتی: «کە لیسیاسی فەرماندە هات، ئەوا بڕیار لە بابەتەکانی ئێوە دەدەم.» 23 ئینجا فەرمانی بە سەرپەلەکە دا کە چاودێری پۆڵس بکرێت، بەڵام هەندێک سەربەستی هەبێت، کەسیش ڕێگا لە هاوڕێیەکانی نەگرێت بۆ خزمەتکردنی.
24 پاش چەند ڕۆژێک فیلیکس و دروسیلای ژنی هاتن، کە جولەکە بوو، پۆڵسی بانگکرد و لەبارەی باوەڕ بە عیسای مەسیح گوێی لێ گرت. 25 کاتێک پۆڵس لەبارەی ڕاستودروستی و بەسەرخۆدا زاڵبوون و حوکمدانی داهاتوو دەدوا، فیلیکس ترسا و گوتی: «ئێستا بڕۆ. کەی کاتم هەبوو بانگت دەکەمەوە.» 26 بە هیوا بوو پۆڵس بەرتیلی بداتێ، بۆیە بەردەوام بانگی دەکرد و قسەی لەگەڵ دەکرد.
27 دوو ساڵ تێپەڕی و پورکیۆس فێستۆس شوێنی فیلیکسی گرتەوە. بەڵام دەیویست ڕەزامەندی جولەکە بەدەستبهێنێت، فیلیکس پۆڵسی لە بەندیخانە هێشتەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.