Old/New Testament
کۆکراوەی بەشی یەکەم
زەبوورەکانی 1–41
1 خۆزگە دەخوازرێت بەو کەسەی
بەپێی ڕاوێژی بەدکاران ناڕوات و
لە ڕێگای گوناهباران ڕاناوەستێت و
لە کۆڕی گاڵتەجاڕان دانانیشێت.
2 بەڵکو ئارەزووی ئەو لە فێرکردنی[a] یەزدانە،
شەو و ڕۆژ لە فێرکردنەکەی ورد دەبێتەوە.
3 وەک دارێک وایە کە لەدەم جۆگەی ئاو ڕوابێت و
لە وەرزی خۆیدا بەرهەم بدات و
گەڵاکانی هەرگیز وشک نەبن،
لە هەموو کارێک سەرکەوتوو دەبێت.
4 بێگومان بەدکاران وانین،
بەڵکو وەک کا وان کاتێک با پەرشوبڵاوی دەکاتەوە.
5 بۆیە نە بەدکاران لەبەردەم دادوەری بێتاوانن،
نە گوناهبارانیش لە کۆڕی ڕاستودروستان دادەنیشن.
6 چونکە یەزدان چاودێری ڕێگای ڕاستودروستان دەکات،
بەڵام ڕێگای بەدکاران لەناودەچێت.
2 بۆچی نەتەوەکان دەوروژێن و
گەلان پیلان لە شتی پووچ دەگێڕن؟
2 پاشایانی زەوی خۆیان ڕێک دەخەن،
سەرۆکەکانیان پێکەوە کۆدەبنەوە
لە دژی یەزدان و مەسیحەکەی[b] و دەڵێن:
3 «با کۆتەکانیان بشکێنین و
زنجیرەکانیان لە خۆمان بکەینەوە.»
4 ئەوەی لە ئاسمان دانیشتووە پێدەکەنێت،
پەروەردگار گاڵتەیان پێ دەکات.
5 ئینجا بە تووڕەیی خۆی قسەیان بۆ دەکات،
بە هەڵچوونی خۆی دەیانتۆقێنێت:
6 «من پاشای خۆمم لەسەر سییۆن[c] داناوە،
لەسەر کێوی پیرۆزی خۆم.»
7 من فەرمانی یەزدانتان پێ ڕادەگەیەنم:
پێی فەرمووم: «تۆ کوڕی منی،
من ئەمڕۆ بوومە باوکت.
8 داوام لێ بکە، نەتەوەکان دەکەم بە میراتت،
ئەوپەڕی زەوی دەکەم بە موڵکی تۆ.
9 بە گۆچانێکی ئاسنین دەیانشکێنیت و
وەک گۆزەیەکی گڵین وردوخاشیان دەکەیت.»
10 بۆیە، ئەی پاشایان، وریابن،
سەرۆکەکانی زەوی، ئاگاداربن.
11 بە ترسەوە یەزدان بپەرستن،
بە لەرزەوە دڵخۆش بن.
12 کوڕەکە ماچ[d] بکەن، نەوەک تووڕە ببێت و
لە ڕێگای خۆتان بفەوتێن،
چونکە تووڕەیی ئەو زوو دێتە جۆش.
خۆزگە دەخوازرێ بە هەموو ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر ئەو.
زەبوورێکی داودە کاتێک لە دەستی ئەبشالۆمی[e] کوڕی هەڵات.
3 ئەی یەزدان، دوژمنانم چەند زۆرن!
چەند زۆرن لە دژم سەریان هەڵداوە!
2 زۆر کەس لەبارەی منەوە دەڵێن:
«خودا ڕزگاری ناکات.»[f]
3 بەڵام تۆ ئەی یەزدان، قەڵغانی منیت،
شکۆمەندی منیت و سەرم بەرز دەکەیتەوە.
4 پڕ بە دەنگم هاوار بۆ یەزدان دەکەم،
ئەویش لە کێوی پیرۆزی خۆیەوە وەڵامم دەداتەوە.
5 ڕادەکشێم و دەخەوم،
بەئاگادێمەوە چونکە یەزدان پشتگیریم دەکات.
6 لە دەیان هەزار کەس ناترسم،
ئەوانەی دەوریان گرتووم.
7 ئەی یەزدان، ڕاپەڕە!
ئەی خودای من، ڕزگارم بکە!
لە بناگوێی دوژمنەکانم بدە و
کەڵبەی بەدکاران وردوخاش بکە.
8 ڕزگاری لە یەزدانەوەیە،
با بەرەکەتەکەت لەسەر گەلەکەت بێت.
پۆڵس و سیلا لە سالۆنیکی
17 پاش ئەوەی پۆڵس و هاوڕێکانی بە شاری ئەمفیپۆلیس و ئەپۆلۆنیادا تێپەڕین، گەیشتنە سالۆنیکی کە کەنیشتی جولەکەی لێبوو. 2 پۆڵس وەک کردبوویە پیشە چووە لایان، سێ ڕۆژی شەممە لەسەر یەک بە نووسراوە پیرۆزەکان گفتوگۆی لەگەڵ دەکردن، 3 ڕوونی دەکردەوە و دەریدەخست کە دەبووایە مەسیح ئازار بچێژێت و لەنێو مردووان هەستێتەوە. پێی گوتن: «ئەم عیسایەی من پێتانی ڕادەگەیەنم، مەسیحەکەیە.» 4 هەندێکیان قایل بوون و چوونە پاڵ پۆڵس و سیلا، هەروەها زۆر لە یۆنانی خواپەرست و لە ژنە خانەدانەکانیش کە ژمارەیان کەم نەبوو.
5 بەڵام هەندێک لە جولەکەکانی دیکە ئیرەییان پێ هات، چەند پیاوخراپێکی بازاڕیان هێنا و خەڵکیان کۆکردەوە و ئاژاوەیان لە شاردا نایەوە. چوونە سەر ماڵی یاسون و داوایان کرد پۆڵس و سیلا بهێنرێنە لای خەڵک. 6 کاتێک نەیاندۆزینەوە، یاسون و هەندێک برایانیان بۆ لای فەرمانڕەوایانی شار ڕاکێشا، هاواریان دەکرد: «ئەمانە کە جیهانیان هەڵگێڕاوەتەوە، بۆ ئێرەش هاتوون، 7 یاسون میوانداری کردوون. هەموویان لە دژی فەرمانەکانی قەیسەر کار دەکەن، دەڵێن پاشایەکی دیکە هەیە، ناوی عیسایە.» 8 بەم قسانە خەڵکەکە و فەرمانڕەوایانی شاریان وروژاند. 9 ئەوانیش دەستەبەرنامەیان[a] بۆ یاسون و ئەوانەی دیکە کرد و ئازادیان کردن.
لە شاری بیریە
10 کە شەو داهات برایان پۆڵس و سیلایان ناردە بیریە، کە گەیشتن چوونە کەنیشتی جولەکە. 11 بەڵام خەڵکی بیریە لە سالۆنیکییەکان تێگەیشتووتر بوون، بەوپەڕی پەرۆشییەوە پەیامەکەیان وەرگرت، ڕۆژانە لە نووسراوە پیرۆزەکان ورد دەبوونەوە ئاخۆ شتەکان ئاوان. 12 جا زۆریان باوەڕیان هێنا، هەروەها زۆر لە ژنە خانەدانە یۆنانییەکان و پیاوانیش کە ژمارەیان کەم نەبوو.
13 بەڵام کاتێک جولەکەی سالۆنیکی زانییان پۆڵس لە بیریەش پەیامی خودای ڕاگەیاندووە، هاتن لەوێش خەڵک جۆش بدەن و بیانوروژێنن. 14 دەستبەجێ برایان پۆڵسیان بەرەو کەناری دەریا نارد، بەڵام سیلا و تیمۆساوس لەوێ مانەوە. 15 ئەوانەی یاوەری پۆڵس بوون ئەویان هێنایە ئەسینا، ئینجا گەڕانەوە پاش ئەوەی پۆڵس ڕایسپاردن بە زووترین کات سیلا و تیمۆساوس بێن بۆ لای.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.