Old/New Testament
30 «بەڵام ئێستا ئەوانەی لە من منداڵترن
گاڵتەم پێ دەکەن،
ئەوانەی بێزم نەدەهات باوکیان
لەگەڵ سەگەکانی ناو ڕانەکەم دابنێم.
2 دەبێت هێزی دەستیان چ سوودێکی بۆ من هەبێت؟
چونکە سست بوون و لە کەڵک کەوتوون.
3 لە دەستکورتی و لە برسیێتیدا لەڕ بوون؛
بە شەو بەناو زەوی وشکدا دەگەڕان،
کە وێران و کاول بوون.
4 ئەوانەی وشترالووک و گەڵایان لە دەوەنەکانەوە دەهێنا،
ڕەگی دار گەز[a] خۆراکیان بوو.
5 لەنێو کۆمەڵەی خەڵک دەردەکران،
هاواریان بەسەردا دەکردن وەک بەسەر دزدا هاوار بکەن.
6 لەناو دۆڵە وشکەکان نیشتەجێ بوون،
لە ئەشکەوت و لەناو تاشەبەردەکان.
7 لەنێو دەوەنەکان زەڕین و
لەژێر گەزگەزەکان خۆیان مات کرد.
8 نەوەی گێلی، هەروەها نەوەی ئەوانەی بێ ناو بوون،
لە خاکەکە تێهەڵدراون.
9 «بەڵام ئێستا ئەوان بە بەندی گۆرانی هەجووم دەکەن؛
پەندم بەسەردا دەڵێن.
10 قێزم لێ دەکەنەوە، دوورەپەرێزیم لێ دەگرن؛
لە تفەکانیان ڕووی من ناپارێزن.
11 چونکە خودا پەتی کەوانەکەی منی بەرداوە و منی چەماندووەتەوە،
جڵەوی لغاوەکەم بەدەستیانەوەیە،
12 لەلای ڕاستم گەنجە لاسارەکان هێرش دەکەنە سەرم،
پاشقولم لێ دەگرن و سەنگەر لە دژی من لێ دەدەن.
13 ڕێگاکانم لێ تێکدەدەن،
بۆ ژێرکەوتنم هاوکاری یەکتر دەکەن،
کەس نییە پشتگیری من بکات.
14 ئەوان دێن هەروەک لە کەلێنێکی فراوانەوە بێن،
لەژێر وێرانیەوە خلۆر دەبنەوە.
15 نەهامەتی بەسەرمدا وەرگەڕا،
هەروەکو با ڕێزی منی برد،
ئاسوودەییم وەک هەور تێپەڕی.
16 «بە هێواشی ژیانم بەرە و کۆتایی دەچێت،
کەوتمە ڕۆژانی زەلیلییەوە.
17 شەوگار ئێسکەکانم لەناومدا کلۆر دەکات،
ئازارەکانم پشوو نادەن.
18 خودا بە زۆری هێزەکەی منی بە جلەکانم گرت و شێوەی گۆڕیم،
وەک لە یەخەی کراسەکەمەوە منی پێچایەوە.
19 فڕێیدامە ناو قوڕەوە،
ڕەنگی خۆڵ و خۆڵەمێشم لێ نیشت.
20 «ئەی خودا هاوارت بۆ دەهێنم و وەڵامم نادەیتەوە؛
ڕادەوەستم و ئاوڕم لێ نادەیتەوە.
21 لەگەڵ مندا توند دەجوڵێیتەوە،
بە توانای دەستەکانت دژایەتیم دەکەیت.
22 دەمڕفێنیت و دەمدەیتە دەست ڕەشەبا؛
فڕێمدەدەیتە ناو زریانەوە.
23 چونکە دەزانم بۆ مردن دەمگەڕێنیتەوە،
بۆ ماڵی چاوەڕوانکراوی هەموو زیندووێک.
24 «بێگومان کەس دەستدرێژی ناکاتە سەر مرۆڤێکی تێکشکاو،
کاتێک لە تەنگانەیدا هاوار دەکات.
25 ئایا بۆ لێقەوماوان نەگریام؟
ئایا بۆ نەدار گیانم خەمبار نەبوو؟
26 لەگەڵ ئەوەشدا، کە ئاواتەخوازی چاکە بووم، خراپە هات؛
چاوەڕوانی ڕووناکی بووم، تاریکی هات.
27 هەناوم گڕی گرتووە و ناوەستێت،
ڕۆژانی زەلیلی بەرەوپیرم دێن.
28 ڕەش هەڵگەڕام بەڵام بەبێ خۆر؛
لەناو کۆمەڵ هەستام هاوارم کرد.
29 بووم بە برای چەقەڵەکان و
هاوڕێی کوندەپەپووەکان.
30 پێستم ڕەش و هەڵوەری لەبەرم،
لەشم لەبەر تایەکی توند دەسووتێت.
31 قیسارەکەم بۆ لاوانەوەیە و
شمشاڵەکەم بۆ دەنگی گریاوەکانە.
31 «پەیمانم لەگەڵ چاوەکانم بەست،
ئیتر چۆن تەماشای پاکیزەیەک بکەم؟
2 چونکە بەشی ئێمە لە خودا لە سەرەوە چییە،
چ میراتێکمان هەیە لە توانادارەکەی ئاسمان؟
3 ئایا کارەسات بۆ بەدکار و
بەڵا بۆ خراپەکار نییە؟
4 ئایا ئەو تەماشای ڕێگای من ناکات و
هەموو هەنگاوەکانم ناژمێرێت؟
5 «ئەگەر لەگەڵ درۆ ملی ڕێم گرتبێتەبەر
یان پێیەکانم پەلەیان کردبێت بەرەو فێڵ،
6 با خودا لە تەرازووی ڕاستودروستیدا بمکێشێت و
با بێ کەموکوڕییەکەم بزانێت.
7 ئەگەر هەنگاوەکانم لە ڕێچکە لایانداوە،
ئەگەر دڵم بەدوای چاوم کەوتووە،
یان ئەگەر کردەوەکانم دەستەکانی منیان گڵاو کردووە،
8 ئەوا ئەوەی من چاندم با کەسانی دیکە بیخۆن،
با لقەکانم ڕیشەکێش بکرێن.
9 «ئەگەر دڵم بەلای ژنێکدا فریوی خواردووە،
یان لە بەردەرگای دراوسێکەم بۆسەم داناوە،
10 با ژنەکەم دانەوێڵەی پیاوێکی دیکە بهاڕێت و
با خەڵکانی دیکە بەسەریدا بچەمێنەوە.
11 چونکە ئەمە بێ ناموسییە،
تاوانە و پێویستە دادگایی بکرێت.
12 چونکە ئاگرێکە هەتا لەناوچوون[b] دەخوات و
هەموو دروێنەکەم ڕیشەکێش دەکات.
13 «ئەگەر مافی خزمەتکار و کارەکەرەکەم ڕەت کردووەتەوە
کاتێک لە دژی من سکاڵایان کردووە،
14 ئەو کاتە چی بکەم لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەم لەگەڵ خودا؟
ئەگەر لێکۆڵینەوەم لەگەڵ بکرێت بە چی وەڵامی بدەمەوە؟
15 ئایا دروستکەری من لە سکدا دروستکەری ئەوانیش نییە؟
ئایا شێوەکێشمان لە سکی دایک یەک نییە؟
16 «ئەگەر هەژارانم لە مرازی خۆیان قەدەغە کردبێت
یان چاوی بێوەژنم فەوتاندبێت،
17 یان پارووەکەی خۆم بە تەنها خواردبێت،
کە هەتیو لێی نەخواردبێت،
18 بەڵکو لە گەنجیمەوە وەک باوک بە هەتیوی بەخێوم کردووە و
لە سکی دایکمەوە ڕێنمایی بێوەژنم کردووە.
19 ئەگەر فەوتاوێکم بینیبێت لەبەر نەبوونی جل
یان نەدارێکی بێ بەرگ،
20 کە بە کەوڵی مەڕەکەم خۆیان گەرم نەکردووەتەوە
ئیتر لە دڵیانەوە داوای بەرەکەتیان بۆ نەکردووم،
21 ئەگەر پەیوەندیم لەگەڵ کاربەدەستانم بەکارهێناوە
بۆ ئەوەی دەستدرێژی بکەمە سەر هەتیو،
22 با شانم لە ئەستۆم بەربێتەوە و
با قۆڵم لە جومگەکەیەوە بشکێت.
23 چونکە کارەسات لە خوداوە بەلامەوە تۆقێنەرە و
لە ترسی شکۆیەکەی نەمتوانی شتی وا بکەم.
24 «ئەگەر پشتم بە زێڕی خۆم بەستووە و
ئەگەر بە زێڕی بێگەردم گوت: ”تۆ پاڵپشتی منی،“
25 ئەگەر دڵخۆش بووم کە سامانەکەم زۆر بوو و
لەبەر ئەوەی زۆریان بەدەستهێناوە،
26 ئەگەر تەماشای ڕووناکی خۆرم کردووە کاتێک درەوشاوەتەوە،
یان مانگ کاتێک بە جوانییەوە دەڕوات
27 تاوەکو دڵم بە نهێنی فریودراو و
دەستم دەمی داپۆشی،[c]
28 ئەوا ئەمانەش تاوان دەبن و دەدرێن بە دادگا،
چونکە ئەگەر شتی وام بکردایە ناپاک دەبووم بەرامبەر بە خودا لە سەرەوە.
29 «ئەگەر بە بەڵای ناحەزەکەم دڵخۆش بووم
یان بزەم گرت کە تووشی خراپە بوو،
30 بەڵکو نەمهێشت مەڵاشووم گوناه بکات
بەوەی کە بە نەفرەتەوە داوای ژیانی ئەو بکات؛
31 ئەگەر کەسانی ناو چادرەکەم هەرگیز نەیانگوتایە،
”کێ یەکێک دەهێنێت لە خواردنەکەی ئەیوب تێری نەخواردبێت؟“
32 ئاوارەیەک لە دەرەوە شەوی بەسەرنەبرد،
دەرگای ماڵەکەم بۆ ڕێبوار کردەوە.
33 ئەگەر وەک خەڵکی دیکە یاخیبوونی خۆم داپۆشیوە،
بە شاردنەوەی تاوانەکانم لە باوەشی خۆم،
34 بەهۆی ئەوەی لە قسەی خەڵک ترساوم،
لە سووکایەتی پێکردنی خێڵەکان تۆقیوم،
لەبەر ئەوەیە کە بێدەنگم و لە ماڵەوە دانیشتووم.
35 «خۆزگە یەکێک دەبوو گوێی لێم دەگرت!
ئەوەتا مۆری من، با خودای هەرە بە توانا وەڵامم پێ بداتەوە؛
ئەوەی سکاڵا لە من دەکات با سکاڵانامەکەی پێشکەش بکات.
36 بێگومان لەسەر شانم هەڵمدەگرت،
دەمبەست وەک تاج بەسەرمەوە.
37 ژمارەی هەنگاوەکانی خۆم پێی دەگوت،
پێشکەشیشم دەکرد وەک بۆ فەرمانڕەوایەک.
38 «ئەگەر زەوییەکەم هاواری کردووە لە دژی من و
هەموو هێڵی جووتەکانی بە فرمێسک تەڕ دەبێت،
39 ئەگەر بەروبوومەکەی ئەوم بەبێ پارە خواردووە
یان گیانی کرێچییەکانیم کوژاندووەتەوە،
40 با لە جێی گەنم دڕک بڕووێت و
لە جێی جۆ زیوان.»
وشەکانی ئەیوب تەواو بوون.
26 «خەڵکینە، برایان، کوڕانی پشتی ئیبراهیم و ئەو ناجولەکانەی لەنێوتاندا لە خودا دەترسن، پەیامی ئەم ڕزگارییە بۆ ئێمە نێردراوە. 27 دانیشتووانی ئۆرشەلیم و ڕابەرەکانیان مەسیحیان نەناسی، کەچی کاتێک تاوانباریان کرد وتەی پێغەمبەرانیان هێنایە دی کە هەموو شەممەیەک دەخوێنرێتەوە. 28 جا لەگەڵ ئەوەی هیچ هۆیەکیان بۆ مردن نەدۆزییەوە، داوایان لە پیلاتۆس کرد بیکوژێت. 29 دوای ئەوەی هەموو ئەو شتانەیان تەواو کرد کە لەسەری نووسراوە، لە دار هێنایانە خوارەوە و خستیانە گۆڕ. 30 بەڵام خودا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە، 31 ماوەیەکی درێژیش بۆ ئەوانە دەرکەوت کە لە جەلیلەوە تاکو ئۆرشەلیم لەگەڵیدا هاتبوون. ئێستا ئەوان لەبەردەم گەل شایەتی ئەمە دەدەن.
32 «ئێمەش مزگێنیی ئەو بەڵێنەتان پێدەدەین کە بۆ باوباپیرانمان هات، 33 ئەوەی خودا بۆ ئێمەی وەچەی ئەوان هێنایە دی، بە هەستانەوەی عیسا، وەک لە زەبووری دووەمدا نووسراوە:
«[تۆ کوڕی منی،
من ئەمڕۆ بوومە باوکت.][a]
34 خودا ئاوا دەفەرموێت سەبارەت بەوەی لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە بۆ ئەوەی هەرگیز نەڕزێت:
[ئەو بەڵێنە پیرۆز و مسۆگەرەتان دەدەمێ کە بە داودم دابوو.][b]
35 بۆیە لە زەبوورێکی دیکە دەفەرموێ:
36 «چونکە داود دوای ئەوەی بەگوێرەی مەبەستی خودا خزمەتی نەوەی خۆی کرد، نوست و چووە پاڵ باوباپیرانی و تەرمەکەی بۆگەن بوو. 37 بەڵام ئەوەی خودا هەڵیستاندەوە بۆگەنی نەبینی.
38 «بۆیە برایان، با لەلاتان زانراو بێت، لە ڕێگەی عیساوە بەخشینی گوناه بە ئێوە ڕاگەیەنرا و 39 بە باوەڕهێنان بەم بێتاوان دەکرێن لە هەموو ئەو شتانەی نەتانتوانی بە تەوراتی موسا لێی بێتاوان بکرێن. 40 جا ئاگاداربن، ئەوەی پێغەمبەران گوتوویانە بەسەرتاندا نەیەت:
41 «[ئەی گاڵتەجاڕەکان سەیر بکەن،
سەرسام بن و بمرن،
چونکە لە سەردەمی ئێوەدا کارێک دەکەم،
کارێک کە هەرگیز باوەڕ ناکەن ئەگەر بۆتان باس بکرێت.][e]»
42 کاتێک پۆڵس و بەرناباس لە کەنیشت دەهاتنە دەرەوە، داوایان لێ کرا شەممەی داهاتووش ئەم قسانەیان بۆ بکەن. 43 دوای کۆبوونەوەکە، زۆر لە جولەکە و خواپەرستەکان کە ببوونە جولەکە، بەدوای پۆڵس و بەرناباس کەوتن، ئەمانیش قسەیان بۆ دەکردن و هانیان دەدان لە نیعمەتی خودا بمێنن.
44 لە ڕۆژی شەممەی داهاتوودا نزیکەی هەموو دانیشتووانی شارەکە کۆبوونەوە، تاکو گوێ لە پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ بگرن. 45 کاتێک جولەکە خەڵکەکەیان بینی، ئیرەیی دایگرتن و بەربەرەکانێی قسەکانی پۆڵسیان دەکرد و جنێویان پێدەدا.
46 پۆڵس و بەرناباسیش بە چاونەترسییەوە وەڵامیان دانەوە: «پێویست بوو یەکەم جار پەیامی خودا بۆ ئێوە باس بکەین. بەڵام لەبەر ئەوەی ڕەتتان کردەوە و خۆتان بە شیاوی ژیانی هەتاهەتایی نەزانی، ئەوەتا دەچینە لای ناجولەکەکان، 47 چونکە مەسیحی باڵادەست بەم جۆرە ڕایسپاردین:
«[من تۆم کردووەتە ڕووناکی بۆ نەتەوەکان،
تاکو ڕزگاری بەوپەڕی زەوی بگەیەنیت.][f]»
48 کاتێک ناجولەکەکان گوێیان لەمە بوو، زۆر دڵشاد بوون و پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆیان شکۆدار کرد، هەموو ئەوانەش کە بۆ ژیانی هەتاهەتایی دەستنیشان کرابوون، باوەڕیان هێنا.
49 پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ لە هەموو ناوچەکەدا بڵاو بووەوە. 50 بەڵام ڕابەرانی جولەکە خانمە ڕێزدارە لەخواترسەکان و پیاوماقوڵانی شاریان جۆشدا، چەوساندنەوەیان لە دژی پۆڵس و بەرناباس بەرپا کرد و لە سنوورەکانی خۆیان دەریانکردن. 51 ئەوانیش تۆزی پێیان تەکاند و بەرەو شاری کۆنیا ڕۆیشتن. 52 قوتابییەکانیش پڕدەبوون لە خۆشی و لە ڕۆحی پیرۆز.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.