Old/New Testament
دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە؟
28 زیو کانی هەیە و
بۆ زێڕیش شوێنێک هەیە بۆ پاڵاوتنی.
2 ئاسن لە خۆڵ دەردەهێنرێت،
مسیش لە توانەوەی بەرد.
3 مرۆڤ کۆتایی بە تاریکی دەهێنێت؛
لەناو تاریکی سێبەری مەرگ
بۆ بەردی کانزایی دوورترین کون و کەلەبەرەکان دەپشکنن.
4 کانێکی لێدا دوور لە خەڵکی،
لە شوێنێکی لەبیرکراو لەلایەن ڕێبوارانەوە؛
شۆڕ کرانەوە و دوور لە خەڵکی جۆلانەیان پێکرا.
5 زەوی ئەوەی کە نانی لێوە دەردەهێنرێت،
لە ژێرەوە دەگۆڕدرێت بە چەشنی ئاگر؛
6 بەردەکانی یاقووتی شینی[a] تێدایە و
لە خۆڵەکەیدا زێڕ هەیە.
7 ڕێگایەک کە مەلە گۆشتخۆرەکان پێی نازانن و
چاوی هەڵۆ نایبینێت.
8 ئاژەڵە دڕندەکان پێیدا نەڕۆیشتوون،
شێر پێیدا تێنەپەڕیوە.
9 مرۆڤ دەستدرێژی دەکاتە سەر بەرد،
بنکەی چیاکان دەردەخات.
10 لە تاشەبەردەکان تونێل دەکات؛
چاوەکانی هەموو شتێکی گرانبەها دەبینێت.
11 ئاودزی ڕووبارەکان دەپشکنێت و
ئەوەی شاراوەیە دەیخاتە بەر ڕووناکی.
12 بەڵام دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و
تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟
13 مرۆڤ نرخەکەی نازانێت و
لە خاکی زیندوواندا نادۆزرێتەوە.
14 قووڵایی ژێر زەوی[b] دەڵێت: «لەناو مندا نییە،»
دەریا دەڵێت: «لەلای من نییە.»
15 دانایی نە زێڕی بێگەرد لە جیاتی دەدرێت و
نە بە زیویش نرخەکەی دەکێشرێت.
16 نە بە زێڕی ئۆفیر و نە بە بەردی عاشقبەندی گرانبەها و
نە بە یاقووتی شین دەکێشرێت.
17 نە زێڕ و نە بلور هاوتایەتی،
نە بە دەفرێکی زێڕی بێگەرد دەگۆڕدرێتەوە.
18 لە پاڵ ئەودا نە مەرجان و نە یەشب باسیان ناکرێت و
نرخی دانایی لە یاقووت بەهادارترە.
19 یاقووتی زەردی کوش هاوتای نابێت و
بە زێڕی بێگەرد ناکێشرێت.
20 ئیتر دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و
تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟
21 لەبەرچاوی هەموو زیندووێک شاراوەیە و
لەبەرچاوی باڵندەکانی ئاسمان داپۆشراوە.
22 لەناوچوون و مردن دەڵێن:
«بە گوێی خۆمان هەواڵی ئەومان بیست.»
23 خودا ڕێگاکەی تێدەگات و
ئەو شوێنەکەی پێ دەزانێت.
24 چونکە ئەو تەماشای ئەوپەڕی زەوی دەکات و
هەموو ژێر ئاسمان دەبینێت.
25 کاتێک کێشی بۆ با دروستکرد و
ئاوەکانی بە پێوانە پێوا،
26 کاتێک بۆ باران یاسای دانا و
بۆ دەنگی هەورەتریشقەش ڕێگا،
27 ئەو کاتە دانایی بینی و باسی کرد،
ئامادەی کرد و هەروەها تاقی کرد.
28 بە مرۆڤی فەرموو:
«بێگومان دانایی لە لەخواترسییەوەیە و
لە خراپە لادانیش لە تێگەیشتنەوەیە.»
بەرگری کۆتایی ئەیوب
29 ئەیوب سەرلەنوێ دەستی بە قسە کردەوە و گوتی:
2 «خۆزگەم بە مانگەکانی ڕابردوو،
بەو ڕۆژانەی کە خودا منی پاراست،
3 کاتێک چراکەی خۆی لە سەرم هەڵکرد و
بە ڕووناکی ئەو بەناو تاریکیدا دەڕۆیشتم!
4 خۆزگە بەو ڕۆژانەی کە لە هەڕەتی هێز و توانادا بووم،
هاوڕێیەتییە گیانی بەگیانییەکەم لەگەڵ خودا چادرەکەی منی بەرەکەتدار کردبوو،
5 خودای هەرە بە توانا هێشتا لەگەڵم بوو و
منداڵەکانیشم لە چواردەورم بوون،
6 کاتێک پێیەکانم بە شیر دەشوشت،
تاشەبەردیش جۆگەکانی زەیتی بۆ هەڵدەقوڵاندم.
7 «کاتێک بۆ لای دەروازەی شارەکە دەچووم و
لە گۆڕەپانەکەدا دیوەخانی خۆم ئامادە دەکرد،
8 گەنجەکان کە منیان بینی خۆیان دەشاردەوە،
پیرانیش لەبەرم هەڵدەستان و ڕادەوەستان؛
9 پیاوە گەورەکان نەیاندەویست قسە بکەن،
دەستیان دەخستە سەر دەمی خۆیان؛
10 پیاوماقوڵان دەنگیان لێ دەبڕا و
زمانیان بە مەڵاشوویانەوە دەنووسا.
11 ئەوەی گوێی لێم دەبوو ستایشی دەکردم،
ئەو چاوەی کە دەیبینی شایەتی بۆ دەدام،
12 چونکە ئەو هەژارانەی کە هاواریان بۆ دەهێنام و
ئەو هەتیوانەی کە بێکەس بوون ڕزگارم دەکردن.
13 ئەوانەی لە سەرەمەرگدا بوون بەرەکەتیان دەدامێ و
دڵی بێوەژنم دەهێنایە قریوە.
14 ڕاستودروستیم لەبەرکرد و پۆشیم؛
دادپەروەری وەک کەوا و مێزەرەکەم بوو.
15 بووم بە چاو بۆ نابینایان و
بە قاچ بۆ شەلان.
16 من بۆ نەداران باوکێک دەبووم و
بەرگریم لە کەسێک دەکرد کە پێی ئاشنا نەبووم.
17 کەڵبەی ستەمکارم وردوخاش دەکرد و
لەنێو ددانەکانی نێچیرم دەڕفاند.
18 «جا گوتم: ”لەناو لانەکەی خۆم ڕۆح بەدەستەوە دەدەم و
وەک لم ڕۆژگارم زۆر دەبێت.
19 ڕەگم بەرەو ئاوەکان درێژ دەبێتەوە،
بە درێژایی شەو شەونم بەسەر چڵەکانمەوە دەبێت.
20 شکۆمەندیم بە هەمیشەیی لەگەڵم دەبێت،
کەوانەکەم لە دەستم نوێ دەبێتەوە.“
21 «گوێیان لە من دەگرت و چاوەڕێیان دەکرد
لە کاتی ڕاوێژکردنم گوێیان بۆم شل دەکرد.
22 لەدوای قسەکانم هیچیان لە دەم نەدەهاتە دەرەوە؛
قسەکانم دڵۆپەی بەسەریاندا کرد.
23 چاوەڕێیان دەکردم وەک چاوەڕێی نمە باران بکەن و
دەمیان دەکردەوە وەک بۆ بارانی بەهار.
24 کاتێک لەگەڵیان ڕووخۆش دەبووم، باوەڕیان نەدەکرد؛
کاتێک ڕازامەندیم پیشان دەدا، چاوەڕێ ئەوەیان نەدەکرد.
25 ڕێگام بۆیان هەڵدەبژارد و وەک سەرۆک دادەنیشتم؛
وەک پاشایەک لەناو سوپا نیشتەجێ دەبووم،
وەک ئەوەی دڵنەوایی شیوەنگێڕان دەداتەوە.
هەڵبژاردنی بەرناباس و شاول
13 لە کڵێسای ئەنتاکیادا چەند پێغەمبەر و مامۆستایەک هەبوون: بەرناباس، شیمۆنی ناسراو بە ڕەش، لوکیوسی کورێنی، مەناینی شیربرای هێرۆدسی ئەنتیپاس پاشا، لەگەڵ شاول. 2 کاتێک عیسای خاوەن شکۆیان دەپەرست و بەڕۆژوو بوون، ڕۆحی پیرۆز فەرمووی: «بەرناباس و شاولم بۆ تەرخان بکەن، بۆ ئەو کارەی بانگم کردوون بۆی.» 3 ئینجا بەڕۆژوو بوون و نوێژیان کرد، دەستیان لەسەر دانان و بەڕێیانکردن.
شاول و بەرناباس لە قوبرس
4 ئەوانیش کە بە ڕۆحی پیرۆز نێردران، بەرەو سولوکیا دابەزین و لەوێشەوە بە دەریادا بۆ قوبرس. 5 کاتێک گەیشتنە سەلامیس، پەیامی خودایان لە کەنیشتەکانی جولەکە ڕاگەیاند، یۆحەناش وەک یاریدەدەر لەگەڵیان بوو.
6 بە هەموو دوورگەکەدا گەڕان هەتا گەیشتنە پافۆس. لەوێ تووشی جادووگەرێکی جولەکە بوون پێغەمبەرێکی درۆزن بوو، ناوی بارئیسا بوو، 7 لەگەڵ سرگیۆس پۆڵسی فەرمانڕەوا[a] بوو، کە پیاوێکی تێگەیشتوو بوو. بەرناباس و شاولی بانگکرد، داوای کرد گوێی لە پەیامی خودا بێت. 8 بەڵام ئەلیماسی جادووگەر، ئەمە واتای ناوەکەی بوو، بەربەرەکانێی کردن و هەوڵی دا فەرمانڕەوا لە باوەڕ لابدات. 9 کەچی شاول کە پۆڵسی پێ دەگوترا، پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز و تێیڕووانی، 10 گوتی: «ئەی پڕ لە هەموو جۆرە فرتوفێڵێک! کوڕی شەیتان! دوژمنی هەموو ڕاستودروستییەک! لە خوارکردنی ڕێگای ڕاستی یەزدان ناوەستی؟ 11 ئەوەتا دەستی یەزدان لە دژی تۆیە و کوێر دەبیت، بۆ ماوەیەک خۆر نابینی.»
دەستبەجێ تەم و تاریکی دایپۆشی و بەدوای یەکێکدا گەڕا تاکو دەستی بگرێت. 12 کاتێک فەرمانڕەواکە بینی چ ڕوویدا، باوەڕی هێنا، لە فێرکردنەکەی مەسیحی خاوەن شکۆ سەرسام بوو.
لە ئەنتاکیای پیسیدیا
13 پۆڵس و هاوڕێیانی بە دەریادا لە پافۆسەوە چوونە پەرگە لە پامفیلیا[b]. بەڵام یۆحەنا لێیان جیا بووەوە و گەڕایەوە ئۆرشەلیم. 14 ئەوانیش بە پەرگەدا هاتنە ئەنتاکیای پیسیدیا، شەممەش چوونە کەنیشت و دانیشتن. 15 پاش خوێندنەوەی تەورات و پەڕتووکی پێغەمبەران، پێشەوایانی کەنیشتەکە بۆیان ناردن و پێیان گوتن: «برایان، ئەگەر شتێکتان هەیە گەلی پێ هانبدەن، بیڵێن.»
16 پۆڵس هەستا و بە دەست ئاماژەی کرد، گوتی: «پیاوانی ئیسرائیل و ئەو ناجولەکانەی کە لە خودا دەترسن، گوێ بگرن: 17 خودای ئەم گەلەی ئیسرائیل باوباپیرانی ئێمەی هەڵبژارد و لە کاتی ئاوارەبوونیان لە خاکی میسردا کردنی بە گەلێکی مەزن، ئینجا بە بازووێکی بەهێز لەوێ دەریهێنان. 18 نزیکەی چل ساڵیش لە چۆڵەوانی بەرگەی ڕەفتاری ئەوانی گرت، 19 ئینجا حەوت نەتەوەی لە خاکی کەنعان لەناوبرد و خاکەکەیانی بە میرات پێدان. 20 ئەمە هەمووی نزیکەی چوار سەد و پەنجا ساڵی خایاند.
«لەدوای ئەمە خودا دادوەری بۆ دانان هەتا سەردەمی ساموئێل پێغەمبەر. 21 ئینجا داوای پاشایان کرد، خوداش شاولی کوڕی قیشی پێدان، پیاوێکە لە تیرەی بنیامین، بۆ ماوەی چل ساڵ پاشایەتی کردن. 22 پاشان لایبرد و داودی کردە پاشایان، ئەوەی شایەتی بۆ دا و فەرمووی: [داودی کوڕی یەسام دۆزییەوە، پیاوێکە بە دڵی خۆم، ئەوەی هەموو خواستی من جێبەجێ دەکات.][c]
23 «لە نەوەی ئەوەوە، خودا بەگوێرەی بەڵێنەکەی عیسای ڕزگارکەری بۆ ئیسرائیل هێنا. 24 پێش هاتنی عیسا، یەحیا لەئاوهەڵکێشانی تۆبەی بۆ هەموو گەلی ئیسرائیل ڕاگەیاند. 25 کاتێک یەحیا خەریک بوو ئەرکەکەی تەواو دەکرد، گوتی: ”وادەزانن من کێم؟ ئەو نیم. ئەوەتا ئەوەی لەدوای من دێت، ئەوەی من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە.“
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.