Old/New Testament
وەڵامی یەکەمی بیلدەد
8 ئینجا بیلدەدی شوحی وەڵامی دایەوە:
2 «هەتا کەی بەم شێوەیە قسە دەکەیت؟
ئەوەی لە دەمت دێتە دەرەوە ڕەشەبایە.
3 ئایا خودا دادپەروەری بە لاڕێدا دەبات؟
ئایا توانادارەکە ڕاستودروستی بەدرۆدەخاتەوە؟
4 ئەو کاتەی ڕۆڵەکانت گوناهیان دەرهەق بە خودا کرد،
ئەوا خودا سزای گوناهەکانی خۆیانی بەسەر هێنانەوە.
5 بەڵام ئەگەر تۆ بەیانییان زوو ڕوو لە خودا بکەیت،
لە خودای هەرە بە توانا بپاڕێیتەوە،
6 ئەگەر تۆ بێگەرد و ڕاست بیت،
ئەوا هەر ئێستا ئاوڕت لێ دەداتەوە و
ماڵەکەی خۆتت وەک پاداشت بۆ دەگەڕێنێتەوە.
7 پاشەڕۆژەکەت هێندە تێروتەسەل دەبێت،
کە سەرەتاکەت زۆر هەژار بووە.
8 «پرسیار لە نەوەی ڕابردوو بکە و
بزانە لە باوباپیرانیانەوە چی فێربوون،
9 چونکە ئێمە منداڵی دوێنێین و هیچ نازانین،
ڕۆژگاریشمان لەسەر زەوی وەک سێبەر تێدەپەڕێت.
10 ئایا ئەو نەوەیە فێرت ناکەن و پێت ناڵێن؟
یان بە بیری خۆیان قسەت لێ دەرناهێنن؟
11 ئایا زەل بەبێ زۆنگاو گەشە دەکات،
یان قامیش بەبێ ئاو شین دەبێت؟
12 بەڵکو ئەوان کە هێشتا گەشە دەکەن و نەبڕدراون،
کەچی پێش هەموو گیایەک وشک دەبن،
13 بەو جۆرەیە سەرگوزەشتەی ژیانی هەموو ئەوانەی خودایان لەبیر کردووە و
هیوای خوانەناسان لەناودەچێت.
14 ئەوەی پاڵپشتەکەیەتی دەبڕدرێتەوە،
پشتی بە تەونی جاڵجاڵۆکە بەستووە.
15 خۆی بە تەوەنەکەوە ڕادەگرێت بەڵام دەپچڕێت،
دەستی پێوە دەگرێت و خۆی ڕاناگرێت.
16 ئەوانە وەک ڕووەکێکی تەڕ لەژێر تیشکی خۆردان،
کە لەناو باخچەکەیدا چڵی تازە دەردەکات.
17 بەسەر کۆمەڵە بەرددا ڕەگ دادەکوتێت و
بە تاشەبەردەکانەوە خۆیان توند دەگرن.
18 بەڵام کە لە شوێنی خۆی هەڵکەنرا،
شوێنەکەی نکۆڵی لێ دەکات و دەڵێ: ”من جێگای تۆ نیم.“
19 ببینە، خۆشی ژیانەکەی تەنها ئەوەیە،
کە لە جێگاکەیەوە یەکێکی دیکە چەکەرە دەکات.
20 «بێگومان خودا ئەو کەسە ڕەت ناکاتەوە کە بێ کەموکوڕی بێت،
کە هانی خراپەکاران نادات.
21 کاتێک دەمت پڕ لە پێکەنین دەکات و
لێوەکانت پڕ لە هوتاف،
22 ناحەزانت شەرمەزاری لەبەر دەکەن و ڕەشماڵی
خراپەکارانیش تەفروتوونا دەبن.»
قسەی سێیەمی ئەیوب
9 ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
2 «ڕاستە، دەزانم کە وایە.
جا چۆن مرۆڤ لەبەرچاوی خودا ڕاستودروست دەبێت؟
3 ئەگەر بیەوێت مشتومڕی لەگەڵ بکات،
ناتوانێت وەڵامی یەک لە هەزار بداتەوە.
4 خودا گەورەیە بە دانایی و لە توانادا زۆر بەهێزە.
کێ هەیە دژایەتی کردبێت و بە سەلامەتی دەرچووبێت؟
5 هەژێنەری چیاکانە بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن،
ئەوەی لە کاتی تووڕەییدا سەرەوژێریان دەکات.
6 زەوی لە جێی خۆی لەق دەکات،
جا کۆڵەکەکانی دەخاتە بوومەلەرزە.
7 فەرمان بە خۆر دەدات، کە هەڵنەیەت،
بە ئەستێرەکانیش کە نەدرەوشێنەوە.
8 خۆی بە تەنها ئاسمانی لێک کردووەتەوە،
بەسەر شەپۆلەکانی دەریادا ڕۆیشتووە.
9 دروستکەری کەلووەکانی[a] ورچ و ڕاوچی و
حەوتەوانە[b] و ئەو کەلووانەی کە لە باشووری زەوی دەبینرێن.
10 کاری مەزنی بەم جۆرەی کردووە کە لە سەرووی بیرکردنەوەن،
هێندە پەرجوو[c] کە لە ژماردن نایەن.
11 کاتێک بەسەرمدا دەڕوات نایبینم،
کاتێک تێدەپەڕێت هەستی پێ ناکەم!
12 ئەگەر شتێکمان لێ بستێنێت کێ دەتوانێت بەرەنگاری بێتەوە؟
کێ پێی دەڵێت: ”ئەوە چی دەکەیت؟“
13 خودا تووڕەیی خۆی ناگێڕێتەوە،
یارمەتیدەرانی ڕەهەڤ[d] لە ژێریدا دەچەمێنەوە.
14 «ئیتر من چۆن وەڵامی بدەمەوە و
چۆن وشە هەڵبژێرم بۆ وەڵامدانەوەی؟
15 چونکە ئەگەر ڕاستودروستیش بم، ناتوانم وەڵامی بدەمەوە،
بەڵکو داوای بەزەیی لە دادوەرم دەکەم.
16 ئەگەر بانگی بکەم، ئەویش وەڵامم بداتەوە،
باوەڕ ناکەم کە گوێی بۆ دەنگم شل بکات،
17 بەڵکو ئەو بە زریان تێکمدەشکێنێت و
بەبێ هۆ برینەکانم زۆر دەکات.
18 ناهێڵێت هەناسە بدەم،
بەڵام لە تاڵی تێرم دەکات.
19 ئەگەر تاقیکردنەوەی هێز بێت، ئەو بەهێزترینە!
ئەگەر کێشەی دادگا بێت، کێ دەتوانێت بانگی بکات؟
20 ئەگەر بێتاوان بم دەمم تاوانبارم دەکات،
ئەگەر بێ کەموکوڕیش بم، دەیسەلمێنێت تاوانبارم.
21 «هەرچەندە من بێ کەموکوڕیم،
بەڵام بایەخ بە ژیانی خۆم نادەم؛
ڕقم لە ژیانم دەبێتەوە.
22 ”خودا کۆتایی بە چاک و بە خراپ دەهێنێت.“
لەبەر ئەوە گوتم: بەلامەوە هەردووکیان وەک یەکن،
23 ئەگەر کارەساتی لەناکاو مردن بهێنێت،
بە نائومێدی بێتاوان پێدەکەنێت.
24 کە خاکێک درابێت بە دەست بەدکارەوە،
ئەوا پەردە بەسەر ڕووی دادوەرەکانی دادەت،
ئەگەر ئەو نەبێت، ئەی کێیە؟
25 «ڕۆژگارم خێراترە لە کەسێک کە ڕادەکات،
گوزەر دەکات و چێژی لێ نابینم.
26 وەک چۆن کەشتی زەل ڕووبار دەبڕێت
هەروەک هەڵۆیەک کە دەنیشێتە سەر نێچیرەکەی.
27 ئەگەر بڵێم: ”سکاڵاکەی خۆم فەرامۆش دەکەم و
واز لە ڕووگرژی دەهێنم و زەردەخەنە دەخەمە سەر لێوەکانم،“
28 لەگەڵ ئەوەشدا لە هەموو ئازارەکانم دەترسم،
چونکە دەزانم بێتاوانم ناکەیت.
29 من تاوانبار دەکرێم،
ئیتر بۆچی بەخۆڕایی خۆم ماندوو بکەم؟
30 ئەگەر بە بەفراو خۆم بشۆم و
دەستەکانم بە ئەسپۆن پاک بکەمەوە،
31 لەناو چاڵێک ڕیخ نوقومم دەکەیت،
تەنانەت جلوبەرگەکەم قێزم لێ دەکەنەوە.
32 «چونکە ئەو وەک من مرۆڤ نییە هەتا وەڵامی بدەمەوە و
لە دادگا ڕووبەڕووی یەک ببینەوە.
33 خۆزگە ناوبژیوانێک لەنێوانمان دەبوو،
دەستی لەسەر هەردووکمان دادەنا،
34 تاوەکو کوتەکەکەی خودام لەسەر هەڵبگرێت و
ترسەکەی نەمتۆقێنێت.
35 ئەو کاتە قسەم دەکرد و لێی نەدەترسام،
چونکە من بەو شێوەیە نیم کە ئەو لێم تێگەیشتووە.»
10 لە ناخەوە قێزم لە ژیان دەبێتەوە،
بە ئازادی سکاڵای خۆم دەردەبڕم،
بە دڵێکی بریندارەوە قسە دەکەم.
2 بە خودا دەڵێم: بڕیاری تاوانباریم بەسەردا مەسەپێنە!
تێمبگەیەنە بۆچی دادگایم دەکەیت.
3 ئایا بەلاتەوە باشە ستەم بکەیت،
ئەوەی بە دەستی خۆت دروستت کرد، زەلیلی بکەیت؟
بە پیلانی بەدکاران پێبکەنیت؟
4 ئایا چاوی گۆشتیت هەیە؟
ئایا وەک چاوی مرۆڤ دەبینیت؟
5 ئایا ڕۆژگارت وەک ڕۆژگاری مرۆڤە،
یان تەمەنت وەک تەمەنی ئێمە دیاریکراوە؟
6 بۆچی بەدوای تاوانمدا دەگەڕێیت و
چاو بۆ گوناهم دەگێڕیت؟
7 هەرچەندە تۆ دەزانیت کە من تاوانبار نیم و
کەسیش نییە لە دەستی تۆ فریام بکەوێت.
8 «دەستەکانی تۆ منیان پێکهێنا و دروستیان کردم،
ئایا دەستت دەگێڕیتەوە سەرم و لەناوم دەبەیت؟
9 لەبیرت نەچێت کە تۆ وەک قوڕ شێوەی منت کێشا،
ئایا ئێستا دەمگەڕێنیتەوە بۆ خۆڵ؟
10 ئایا وەک شیر منت نەچۆڕاند و
وەک پەنیر منت نەمەیاند؟
11 بە پێست و گۆشت منت پۆشی و
بە ئێسک و ماسوولکە منت چنی.
12 ژیان و خۆشەویستی نەگۆڕت پێ بەخشیم،
چاودێریی تۆ ڕۆحی منی پاراست.
13 «بەڵام ئەمەت لە دڵی خۆتدا شاردەوە،
من زانیم کە چیت لە دڵدایە.
14 ئەگەر گوناه بکەم، چاودێریم دەکەیت و
لە تاوانەکەم بێبەریم ناکەیت.
15 ئەگەر تاوانبار بم، قوڕبەسەرم!
ئەگەر بێتاوانیش بم، ناتوانم شانازی پێوە بکەم،
چونکە من تێرم لە شەرمەزاری و
زەلیلی خۆم بینی.
16 ئەگەر سەرم بەرز بکەمەوە وەک شێر ڕاوم دەکەیت،
دەگەڕێیتەوە و سامی خۆتم نیشان دەدەیت.
17 شایەتەکانت لە دژم نوێ دەکەیتەوە و
تووڕەیی خۆتم لەسەر زیاد دەکەیت و
یەک لەدوای یەک هێزەکانت دەنێریتە سەرم.
18 «ئیتر بۆچی لە سکی دایکمەوە دەرتهێنام؟
خۆزگە بفەوتامایە و ئەو کاتە هیچ چاوێکیش نەیدەبینیم.
19 وەک ئەوەی نەبووبم، وا دەبوو،
لە سکی دایکمەوە بۆ گۆڕ دەبردرام.
20 ئایا ڕۆژگارم کەم نییە؟
بەرمدە! وازم لێ بهێنە! با تاوێک زەردەخەنە بێتە سەر لێوم،
21 پێش ئەوەی بڕۆم و ئیتر نەگەڕێمەوە،
بۆ خاکی تەمومژ و سێبەری مەرگ،
22 خاکی تاریکی، وەک شەوەزەنگ،
سێبەری مەرگ و ناڕێکی،
خۆرهەڵاتنیشی وەک شەوەزەنگە.»
فیلیپۆس و وەزیری حەبەشە
26 فریشتەیەکی یەزدان بە فیلیپۆس گوت: «هەستە و بەرەو خواروو بڕۆ، لەسەر ئەو ڕێگایەی لە ئۆرشەلیمەوە بۆ غەزە شۆڕ دەبێتەوە، کە چۆڵەوانییە.» 27 ئەویش هەستا و ڕۆیشت، پیاوێکی خەساوی حەبەشی، وەزیری کاروباری دارایی کنداکەی[a] شاژنی حەبەشە بوو، بۆ پەرستن هاتبووە ئۆرشەلیم. 28 لە گەڕانەوەدا بوو، لەناو گالیسکەکەی دانیشتبوو، پەڕتووکی ئیشایا پێغەمبەری دەخوێندەوە. 29 ڕۆحی پیرۆز بە فیلیپۆسی فەرموو: «بڕۆ پێش و دەگەڵ ئەو گالیسکەیە بکەوە.»
30 ئیتر فیلیپۆس پەلەی کرد و گوێی لێبوو پەڕتووکی ئیشایا پێغەمبەر دەخوێنێتەوە. گوتی: «ئایا ئەوەی دەیخوێنیتەوە تێیدەگەیت؟»
31 گوتی: «چۆن بتوانم ئەگەر یەکێک ڕێنماییم نەکات؟» جا فیلیپۆسی بانگکرد سەربکەوێت و لەگەڵی دابنیشێت.
32 ئەو بڕگەیەی نووسراوە پیرۆزەکان کە دەیخوێندەوە ئەمە بوو:
[ئەو وەک مەڕ بۆ سەربڕین بردرا،
وەک چۆن بەرخ لەبەردەستی ئەوەی خورییەکەی دەبڕێتەوە بێدەنگە،
ئەو دەمی نەکردەوە.
33 لە کاتی سووکایەتی پێکردنیدا لە دادپەروەری بێ بەشکرا.
ئیتر کێ باسی نەوەکانی دەکات؟
چونکە ژیانی لەسەر زەوی هەڵگیرا.][b]
34 خەساوەکە پرسیاری لە فیلیپۆس کرد: «پرسیارێکم هەیە: ئەم پێغەمبەرە باسی کێ دەکات؟ باسی خۆی یان یەکێکی دیکە؟» 35 ئینجا فیلیپۆس لەم نووسراوە پیرۆزەوە دەستی کرد بە ڕوونکردنەوەی دەقەکە و مزگێنیی عیسای دایێ.
36 کاتێک بە ڕێگاوە بوون، گەیشتنە سەر ئاوێک، خەساوەکە گوتی: «ئەوە ئاوە، چی ڕێم لێ دەگرێت لە ئاو هەڵبکێشرێم؟» ⌟ 37 فیلیپۆس گوتی: «دەبێت، ئەگەر بە هەموو دڵتەوە باوەڕ بهێنیت.» وەڵامی دایەوە: «باوەڕ دەکەم عیسای مەسیح کوڕی خودایە.»⌞ 38 ئینجا فەرمانی دا گالیسکەکە ڕاوەستێ، ئەوسا پێکەوە چوونە ناو ئاوەکە و فیلیپۆس خەساوەکەی لە ئاو هەڵکێشا. 39 کاتێک لە ئاوەکە هاتنە دەرەوە، ڕۆحی یەزدان فیلیپۆسی ڕفاند و ئیتر خەساوەکە نەیبینییەوە، بەڵام بە خۆشییەوە بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت. 40 فیلیپۆسیش لە ئەشدۆد بینرایەوە، دواتر بە هەموو شارەکاندا دەگەڕا و مزگێنی دەدا هەتا گەیشتە قەیسەرییە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.