Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
نەحەمیا 7-9

ئەوە بوو کە شووراکە بنیاد نراوە و دەرگاکانم دانا، دەرگاوان و گۆرانیبێژ و لێڤییەکان دانران. فەرمانم کرد حەنانی برام و حەنەنیای سەرۆکی قەڵاکە سەرپەرشتی ئۆرشەلیم بکەن، چونکە پیاوێکی دەستپاک بوو، لەوانی دیکە زیاتر لە خودا دەترسا. پێم گوتن: «هەتا خۆر گەرم نەبێت، نابێت دەروازەکانی ئۆرشەلیم بکرێنەوە. پێش ڕۆیشتنی دەرگاوانەکان دەبێ دەرگاکان دابخرێن و شمشیرەیان لێبدرێت. هەروەها هەندێک دانیشتووانی ئۆرشەلیم بکرێنە پاسەوان، هەندێکیان لە شوێنی پاسەوانی دیاریکراوی خۆیان و هەندێکیشیان بەرامبەری ماڵەکەی خۆیان.»

ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕاونەتەوە

شارەکە بەرفراوان و گەورە بوو، گەلێکی کەمیش لەناویدا بوو، هێشتا ماڵەکان بنیاد نەنرابوون. ئیتر خودا خستییە دڵمەوە کە پیاوماقوڵ و کاربەدەست و گەل کۆبکەمەوە بۆ تۆمارکردنی ڕەچەڵەکیان، جا تۆماری ڕەچەڵەکنامەی ئەوانەم دۆزییەوە کە یەکەم جار لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە، بینیم ئەمەی تێدا نووسراوە:

ئەمانەش خەڵکی هەرێمەکەن، ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕانەوە، ئەوانەی نەبوخودنەسری پاشای بابل ڕاپێچی کردبوون، گەڕانەوە ئۆرشەلیم و یەهودا، هەریەکە بۆ شارۆچکەکەی خۆی. ئەوانەی لەگەڵ زروبابل هاتنەوە، یەشوع، نەحەمیا، عەزەریا، ڕەعەمیا، نەحەمانی، مۆردەخای، بیلشان، میسپەرەت، بیگڤەی، نەحوم و بەعنا.

ژمارەی پیاوانی گەلی ئیسرائیل:

نەوەی پەرعۆش، دوو هەزار و سەد و حەفتا و دوو؛

نەوەی شەفەتیا، سێ سەد و حەفتا و دوو؛

10 نەوەی ئارەح، شەش سەد و پەنجا و دوو؛

11 نەوەی پەحەت‌مۆئاب لە نەوەی یێشوع و یۆئاب، دوو هەزار و هەشت سەد و هەژدە؛

12 نەوەی ئیلام، هەزار و دوو سەد و پەنجا و چوار؛

13 نەوەی زەتو، هەشت سەد و چل و پێنج؛

14 نەوەی زەکای، حەوت سەد و شەست؛

15 نەوەی بەنوی، شەش سەد و چل و هەشت؛

16 نەوەی بێڤەی، شەش سەد و بیست و هەشت؛

17 نەوەی عەزگاد، دوو هەزار و سێ سەد و بیست و دوو؛

18 نەوەی ئەدۆنیقام، شەش سەد و شەست و حەوت؛

19 نەوەی بیگڤەی، دوو هەزار و شەست و حەوت؛

20 نەوەی عادین، شەش سەد و پەنجا و پێنج؛

21 نەوەی ئاتێر لە حەزقیا، نەوەد و هەشت؛

22 نەوەی حاشوم، سێ سەد و بیست و هەشت؛

23 نەوەی بێسای، سێ سەد و بیست و چوار؛

24 نەوەی حاریف، سەد و دوازدە؛

25 نەوەی گبعۆن، نەوەد و پێنج.

26 پیاوانی بێت‌لەحم و نەتۆفا، سەد و هەشتا و هەشت؛

27 پیاوانی عەناتۆت، سەد و بیست و هەشت؛

28 پیاوانی بێت‌عەزماڤەت، چل و دوو؛

29 پیاوانی قیریەت یەعاریم، کەفیرا و بئێرۆت، حەوت سەد و چل و سێ؛

30 پیاوانی ڕامە و گەڤەع، شەش سەد و بیست و یەک؛

31 پیاوانی میخماس، سەد و بیست و دوو؛

32 پیاوانی بێت‌ئێل و عای، سەد و بیست و سێ؛

33 پیاوانی نەبۆکەی دیکە، پەنجا و دوو؛

34 پیاوانی ئیلامەکەی دیکە، هەزار و دوو سەد و پەنجا و چوار؛

35 پیاوانی حاریم، سێ سەد و بیست؛

36 پیاوانی ئەریحا، سێ سەد و چل و پێنج؛

37 پیاوانی لۆد، حادید و ئۆنۆ، حەوت سەد و بیست و یەک؛

38 پیاوانی سەنائا، سێ هەزار و نۆ سەد و سی.

39 کاهینەکان:

نەوەی یەدایا لە بنەماڵەی یێشوع، نۆ سەد و حەفتا و سێ؛

40 نەوەی ئیمێر، هەزار و پەنجا و دوو؛

41 نەوەی پەشحور، هەزار و دوو سەد و چل و حەوت؛

42 نەوەی حاریم، هەزار و حەڤدە.

43 لێڤییەکان:

نەوەی یێشوع لە نەوەی قەدمیێل، لە نەوەی هۆدەیڤاهو، حەفتا و چوار.

44 گۆرانیبێژەکان:

نەوەی ئاساف، سەد و چل و هەشت.

45 دەرگاوانەکان:

نەوەکانی

شەلوم، ئاتێر، تەلمۆن، عەقوڤ، حەتیتا و شۆڤای، سەد و سی و هەشت.

46 کۆیلە تەرخانکراوەکان:

نەوەکانی

چیحا، حەسوفا، تەباعۆت،

47 قێرۆس، سیعا، پادۆن،

48 لەڤانا، حەگابا، شەلمای،

49 حانان، گیدێل، گەحەر،

50 ڕەئایا، ڕەچین، نەقۆدا،

51 گەزام، عوزە، پاسێیەح،

52 بێسەی، مەعونیم، نەفوسیم،

53 بەقبوق، حەقوفا، حەرحور،

54 بەچلوت، مەحیدا، حەرشا،

55 بەرقۆس، سیسرا، تەمەح،

56 نەچیەح و حەتیفا.

57 نەوەی خزمەتکارەکانی سلێمان:

نەوەکانی

سۆتەی، سۆفەرەت، پەریدا،

58 یەعلا، دەرقۆن، گیدێل،

59 شەفەتیا، حەتیل، پۆخەرەت‌هەچەڤایم و ئامۆن.

60 سەرجەم کۆیلە تەرخانکراوەکان و نەوەکانی خزمەتکارانی سلێمان، سێ سەد و نەوەد و دوو بوون.

61 ئەمانەش ئەوانەن کە لە شارۆچکەکانی تێل‌مەلەح، تێل‌حەرشا، کەروڤ، ئەدۆن و ئیمێرەوە سەرکەوتن، بەڵام نەیانتوانی پێناسەی بنەماڵە و ڕەچەڵەکیان دیاری بکەن کە لە نەوەی ئیسرائیلن:

62 نەوەکانی

دەلایا و تۆڤییا و نەقۆدا، شەش سەد و چل و دوو.

63 لە کاهینەکانیش:

نەوەکانی

حۆڤەیا، هەقۆچ و بەرزلای، کە کچێکی بەرزیلەیی گلعادی هێنا و بە نازناوی ئەوانەوە ناونرا.

64 ئەمانە بەدوای ڕەچەڵەکنامەکانیاندا گەڕان، بەڵام نەدۆزرانەوە، لەبەر ئەوە لە کاهینیێتی قەدەغە کران. 65 پارێزگارەکە پێی گوتن، نابێت لە هەرەپیرۆزەکان بخۆن هەتا ئەو کاتەی کاهینێک بۆ ئوریم و تومیم[a] دادەنرێت.

66 هەموو کۆمەڵەکە پێکەوە چل و دوو هەزار و سێ سەد و شەست کەس بوون، 67 جگە لە خزمەتکار و کارەکەرەکانیان کە حەوت هەزار و سێ سەد و سی و حەوت کەس بوون، هەروەها دوو سەد و چل و پێنج گۆرانیبێژی پیاو و ژنیان هەبوو. 68 حەوت سەد و سی و شەش ئەسپ[b]، دوو سەد و چل و پێنج هێستر، 69 چوار سەد و سی و پێنج وشتر، شەش هەزار و حەوت سەد و بیست گوێدرێژ.

70 هەندێک لە گەورەی بنەماڵەکان بەخشینیان بۆ کارەکە پێشکەش کرد، پارێزگارەکە هەزار درهەمی[c] زێڕی بە گەنجینەی بەڕێوەبردنی کارەکە بەخشی لەگەڵ پەنجا تاس[d] و سی و پێنج کراس بۆ کاهینەکان. 71 هەندێکیش لە گەورەی بنەماڵەکان بەخشینیان دایە گەنجینەی بەڕێوەبردنی کارەکە، بیست هەزار درهەمی زێڕ و دوو هەزار و دوو سەد[e] مەنای زیو. 72 ئەوەی پاشماوەی گەل بەخشییان، بیست هەزار درهەمی زێڕ، دوو هەزار مەنای زیو، لەگەڵ شەست و حەوت کراس بۆ کاهینەکان.

73 کاهین و لێڤی و گۆرانیبێژ و دەرگاوان و کۆیلە تەرخانکراوەکان، لەگەڵ هەندێک کەسانی دیکە، لە شارۆچکەکانی خۆیاندا نیشتەجێ بوون، پاشماوەی ئیسرائیلییەکانیش لە شارۆچکەکانیان نیشتەجێ بوون.

عەزرا تەورات دەخوێنێتەوە

کاتێک مانگی حەوت هات، نەوەی ئیسرائیل لە شارۆچکەکانی خۆیان بوون. ئینجا هەموو گەل وەک یەک کەس لە گۆڕەپانەکەی بەردەم دەروازەی ئاودا کۆبوونەوە و بە عەزرای مامۆستای تەوراتیان گوت، پەڕتووکی تەوراتی موسا بهێنێت کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوو بۆ ئیسرائیل.

عەزرای کاهینیش پەڕتووکی تەوراتی هێنایە بەردەم کۆمەڵەکە، ژن و پیاو و هەموو ئەوانەی بە تێگەیشتنەوە گوێ دەگرن، لە ڕۆژی یەکەمی مانگی حەوت. لە بەیانییەوە هەتا نیوەڕۆ، لەبەردەم گۆڕەپانەکەی پێش دەروازەی ئاو، بۆ ژن و پیاو و تێگەیشتووان خوێندییەوە، هەموو گەلیش گوێیان بۆ پەڕتووکی تەورات شل کردبوو.

عەزرای مامۆستای تەورات لەسەر ئەو دووانگەیە ڕاوەستا کە بۆ ئەو کارە لە دار دروستکرابوو، مەتیسیا و شەمەع و عەنایا و ئوریا و حیلقیا و مەعسێیاهو لەلای ڕاستیەوە ڕاوەستان و لەلای چەپیشییەوە پەدایا و میشائیل و مەلکیا و حاشوم و حەشبەدانا و زەکەریا و مەشولام ڕاوەستان.

عەزرا پەڕتووکەکەی لەبەرچاوی هەموو گەل کردەوە، چونکە لە سەرووی هەموو گەلەوە بوو، کە پەڕتووکەکەی کردەوە هەموو گەل هەستانە سەرپێ. عەزرا ستایشی یەزدانی پەروەردگاری گەورەی کرد، هەموو گەلیش دەستیان بەرزکردەوە و وەڵامیان دایەوە: «ئامین! ئامین!» کڕنۆشیان بۆ یەزدان برد و سەریان خستە سەر زەوی.

لێڤییەکان، یێشوع و بانی، شێرێڤیا، یامین، عەقوڤ، شەبەتەی، هۆدیا، مەعسێیاهو، قەلیتا، عەزەریا، یۆزاڤاد، حانان و پەلایا بۆ گەل ڕوون دەکردنەوە، گەلیش لە جێی خۆیان بوون. بە ڕوونی پەڕتووکی تەوراتی خودایان خوێندەوە، واتاکەیان لێکدایەوە بۆ ئەوەی گەل لەوە تێبگات کە دەخوێنرایەوە.

پاشان نەحەمیا کە پارێزگار بوو لەگەڵ عەزرای کاهین و مامۆستای تەورات و ئەو لێڤییانەی گەلیان تێدەگەیاند بە هەموو گەلی گوت: «ئەمڕۆ ڕۆژێکی پیرۆزە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، لەبەر ئەوە شیوەن مەگێڕن و مەگریێن.» چونکە هەموو گەل کاتێک گوێیان لە وشەکانی تەورات بوو گریابوون.

10 ئینجا نەحەمیا پێی گوتن: «بڕۆن لە قەڵەوەکان بخۆن و لە شیرینەکان بخۆنەوە و بەشی ئەوانەش بنێرن کە بۆیان ئامادە نەکراوە. ئەمڕۆ پیرۆزە بۆ یەزدانمان، دڵتەنگ مەبن، چونکە خۆشی یەزدان هێزتانە.»

11 لێڤییەکانیش هەموو گەلیان هێور دەکردەوە و دەیانگوت: «بێدەنگ بن، چونکە ئەمڕۆ پیرۆزە، دڵتەنگ مەبن.»

12 پاشان هەموو گەل چوون بۆ ئەوەی بخۆن و بخۆنەوە، بەشە خواردن بنێرن و ئاهەنگێکی گەورە بگێڕن، چونکە لەو وشانە تێگەیشتن کە فێر کران.

13 لە ڕۆژی دووەم گەورەی بنەماڵەکانی هەموو گەل و کاهین و لێڤییەکان لەلای عەزرای مامۆستای تەورات کۆبوونەوە بۆ ئەوەی پەیامی تەوراتیان تێبگەیەنێت. 14 جا بینییان لەو تەوراتەی کە یەزدان لەسەر دەستی موسا فەرمانی پێ کردووە، نووسراوە کە نەوەی ئیسرائیل لە کاتی جەژندا[f] کەپرنشین دەبن، لە مانگی حەوت، 15 پێویستە لەناو هەموو شارۆچکەکانیان و لە ئۆرشەلیمدا بانگەواز بکەن و بڵێن: «بچنە دەرەوە بۆ چیاکان و چڵی زەیتوون و زەیتوونی کێوی و مۆرد[g] و دار خورما و داری گەڵادار بهێنن بۆ دروستکردنی کەپر،» هەروەک نووسراوە.

16 جا گەل ڕۆیشتن و هێنایان و کەپریان بۆ خۆیان دروستکرد، هەریەکە و لەسەر بانی ماڵەکەی و لەناو حەوشەکانیان و حەوشەکانی ماڵی خودا و گۆڕەپانەکەی دەروازەی ئاو و گۆڕەپانەکەی دەروازەی ئەفرایم. 17 هەموو ئەو کۆمەڵەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە کەپریان دروستکرد و لەناو کەپردا دانیشتن، چونکە لە سەردەمی یەشوعی کوڕی نونەوە هەتا ئەو ڕۆژە نەوەی ئیسرائیل ئاهەنگێکی گەورەی لەو جۆرەیان نەگێڕابوو.

18 ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش لە پەڕتووکی تەوراتی خودا دەخوێنرایەوە، لە ڕۆژی یەکەمەوە هەتا ڕۆژی کۆتایی، حەوت ڕۆژ جەژنیان گێڕا و لە ڕۆژی هەشتەمدا بەپێی ڕێوڕەسم ئاهەنگی کۆتاییپێهێنان بوو.

دانپێدانانی گەل بە گوناهەکانیان

لە بیست و چواری ئەم مانگەدا نەوەی ئیسرائیل کۆبوونەوە، بە ڕۆژوو و جلوبەرگی گوش[h] و سەری تۆزاوییەوە. ئەوانەی لە ڕەچەڵەکی ئیسرائیل بوون لە هەموو ڕەچەڵەکە بێگانەکان جیا بوونەوە و ڕاوەستان و دانیان بە گوناهەکانی خۆیان و تاوانەکانی باوباپیرانیان نا. لە شوێنەکانی خۆیاندا ڕاوەستان و چارەکە ڕۆژێک لە پەڕتووکی تەوراتی یەزدانی پەروەردگاریان خوێندەوە، چارەکە ڕۆژێکیش دانیان بە گوناهەکانیان دەنا و کڕنۆشیان بۆ یەزدانی پەروەردگاریان دەبرد. لەسەر پێپلیکانەکە، لە لێڤییەکان، یێشوع، بانی، قەدمیێل، شەڤەنیا، بوننی، شێرێڤیا، بانی و کەنانی ڕاوەستان و بە دەنگێکی گەورە هاواریان بۆ یەزدانی پەروەردگاریان کرد. لە لێڤییەکان، یێشوع، قەدمیێل، بانی، حەشەڤنەیا، شێرێڤیا، هۆدیا، شەڤەنیا و پەتەحیا، گوتیان: «هەستن و ستایشی یەزدانی پەروەردگارتان بکەن کە لە ئەزەلەوەیە و هەتاهەتایە.»

با ناوی شکۆدارت بەرەکەتدار بێت، بەرزە بەسەر هەموو بەرەکەت و ستایشێکەوە. تۆ خۆت بە تەنها یەزدانیت. تۆ ئاسمانت دروستکرد، ئاسمانی ئاسمانەکان و هەموو هێزەکانیان، زەوی و هەموو ئەوەی لەسەریەتی، دەریاکان و هەموو ئەوەی کە تێیاندایە. تۆ ژیان بە هەموویان دەدەیت و هێزەکانی ئاسمان کڕنۆشت بۆ دەبەن.

«تۆ یەزدانی پەروەردگاریت، کە ئەبرامت هەڵبژارد و لە ئووری کلدانییەکانەوە دەرتهێنا و ناوت نا ئیبراهیم. بینیت لەبەردەمی تۆ دڵسۆزە، پەیمانت لەگەڵی بەست، کە خاکی کەنعانی و حیتی و ئەموری و پریزی و یەبوسی و گرگاشییەکانی بدەیتێ، بیدەیتە نەوەکەی، ئینجا بەڵێنەکەی خۆتت هێنایە دی، چونکە تۆ ڕاستودروستیت.

«تۆ زەلیلی باوباپیرانی ئێمەت لە میسر بینی و گوێت لە هاواریان بوو لەلای دەریای سوور[i]. 10 نیشانە و پەرجووت[j] لە دژی فیرعەون و هەموو کاربەدەستەکانی و گەلی خاکەکەی کرد، چونکە زانیت ئەوان زۆریان لێکردن. جا ناوێکت بۆ خۆت دروستکرد وەک ئەوەی ئەمڕۆ هەیە. 11 دەریاکەت لەبەردەمیاندا شەق کرد تاوەکو بەناو دەریاکە بەسەر وشکانیدا بپەڕینەوە، ڕاونەرانی ئەوانیشت فڕێدایە ناو قووڵاییەوە، وەک بەردێک لەناو ئاوە بەهێزەکان. 12 بە ڕۆژ بە ستوونی هەور ڕێت نیشان دان، بە شەویش بە ستوونی ئاگر، هەتا ئەو ڕێگایەیان بۆ ڕووناک بکەیتەوە کە پێیدا دەڕۆن.

13 «لەسەر شاخی سینا دابەزیت و لە ئاسمانەوە لەگەڵیاندا دوایت. حوکمە ڕێک و فێرکردنە ڕاست و فەرز و فەرمانە باشەکانت دانێ. 14 ڕۆژی شەممەی خۆتت پێ ناساندن، لەسەر دەستی موسای خزمەتکارت فەرمان و فەرز و فێرکردنەکانت دانێ. 15 لە برسیێتییاندا لە ئاسمانەوە نانت دانێ، لە تینووێتیشیاندا لە تاشەبەردەوە ئاوت بۆ دەرهێنان و پێت فەرموون: ”وەرنە ژوورەوە بۆ داگیرکردنی ئەم خاکە،“ ئەوەی سوێندت خوارد کە بیاندەیتێ.

16 «بەڵام ئەوان و باوباپیرانمان لەخۆبایی و کەللەڕەق بوون و گوێیان لە فەرمانەکانت نەگرت. 17 گوێگرتنیان ڕەتکردەوە و پەرجووەکانی تۆیان لە یاد کرد کە لەگەڵیاندا کردت، کەللەیان ڕەقکرد و لە یاخیبوونەکەیان سەرۆکیان دانا هەتا بگەڕێنەوە سەر کۆیلایەتییەکەیان. بەڵام تۆ خودایەکی لێبوردەی میهرەبان و بە بەزەییت، پشوودرێژیت، خۆشەویستی نەگۆڕت زۆرە. تۆ وازت لێ نەهێنان، 18 لەگەڵ ئەوەی پەیکەرێکی لەقاڵبدراوی گوێرەکەیان دروستکرد و گوتیان: ”ئەمە خوداوەندەکەمانە[k]، ئەوەی لە میسرەوە دەریهێناین!“ کاتێک سووکایەتییەکی گەورەیان کرد.

19 «بەڵام تۆ بە بەزەییە زۆرەکەت لە چۆڵەوانی وازت لێ نەهێنان، بە ڕۆژ ستوونە هەورەکە و بە شەویش ستوونە ئاگرەکە لەسەریان لا نەچوو بۆ ئەوەی ڕێگایان پیشان بدات، هەتا ئەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن ڕووناکی بکاتەوە. 20 ڕۆحە چاکەکەی خۆشت پێدان بۆ فێرکردنیان و مەنی خۆتت لە دەمیان نەگرتەوە و ئاوت پێدان بۆ تینووێتییان. 21 چل ساڵ لە چۆڵەوانی بەخێوت کردن و لە هیچیان کەم نەبوو، جلەکانیان دانەڕزا و پێیەکانیان نەئاوسا.

22 «پاشایەتی و گەلانت پێدان بەسەر هەرێمەکاندا دابەشت کردن، خاکی سیحۆنی پاشای حەشبۆن، هەروەها خاکی عۆگی پاشای باشانیان داگیر کرد. 23 کوڕەکانی ئەوانت وەک ئەستێرەکانی ئاسمان زۆر کرد و ئەوانت هێنا ئەو خاکەی کە بە باوباپیرانیانت فەرموو: ”وەرنە ناوییەوە داگیری بکەن.“ 24 ئینجا کوڕان هاتن و دەستیان بەسەر خاکەکەدا گرت، تۆش کەنعانییەکانی دانیشتووانی خاکەکەت لەبەردەمیاندا زەلیل کرد، پاشاکانی و گەلەکانیت دایە دەست ئەوان، هەتا ئەوەیان پێ بکەن کە پێیان باشە. 25 چەند شارێکی قەڵابەند و زەوی بەپیتیان گرت، ماڵیان داگیر کرد کە پڕ بوو لە هەموو جۆرە شتێکی باش، بیرە هەڵکەنراوەکان و ڕەزەمێو و ڕەزی زەیتوون و داری بەرداری زۆر. ئینجا هەتا تێر و قەڵەو بوون خواردیان و چێژیان لە چاکەی زۆری تۆ وەرگرت.

26 «بەڵام یاخی بوون و لێت هەڵگەڕانەوە و فێرکردنەکانی تۆیان فڕێدایە پشتیانەوە. پێغەمبەرەکانی تۆیان کوشت، ئەوانەی ئاگاداریان کردنەوە هەتا بیانگەڕێننەوە لای تۆ، سووکایەتییەکی گەورەیان ئەنجام دا. 27 ئیتر ئەوانت دایە دەست دوژمنەکانیان، ئەوانیش ستەمیان لێکردن. کاتێک لە تەنگانەدا بوون هاواریان بۆ کردیت، تۆش لە ئاسمانەوە گوێت لێ بوو، جا بەپێی بەزەییە زۆرەکەت چەند ڕزگارکەرێکت پێدان، کە لە دەست دوژمنانیان ڕزگاریان کردن.

28 «کاتێک حەسانەوە، گەڕانەوە بۆ ئەنجامدان خراپە لەبەردەمی تۆ، تۆش لەناو دەستی دوژمنەکانیان وازت لێ هێنان هەتا بەسەریاندا زاڵ بن، جا گەڕانەوە و هاواریان بۆت کرد، تۆش لە ئاسمانەوە گوێت لێ بوو، زۆر جار بەپێی بەزەییەکەت فریایان کەوتیت.

29 «ئاگادارت کردنەوە هەتا بیانگەڕێنیتەوە سەر فێرکردنەکانت. بەڵام ئەوان لەخۆبایی بوون و گوێیان لە فەرمانەکانت نەگرت و لە دژی حوکمەکانت گوناهیان کرد، ئەوانەی مرۆڤ کاریان پێ بکات پێیان دەژیێت. ئەوان کەللەڕەقانە پشتیان تێ کردیت و ملیان ڕەقکرد و گوێیان نەگرت. 30 لەگەڵیان ئارام بوویت و ساڵانێکی زۆر بە ڕۆحی خۆت و لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانتەوە ئاگادارت کردنەوە، بەڵام گوێیان نەگرت، تۆش ئەوانت دایە دەستی گەلانی دراوسێ. 31 بەڵام لەبەر بەزەییە زۆرەکەت کۆتاییت پێ نەهێنان، وازت لێ نەهێنان، چونکە تۆ خودایەکی میهرەبان و بە بەزەییت.

32 «ئێستاش ئەی خودای ئێمە، خودای گەورە، ئەی پاڵەوان و ئەی سامناک، ئەی ئەوەی پەیمانی خۆشەویستییەکەت دەبەیتەسەر، با بەلاتەوە کەم نەبێت هەموو ئەو ناخۆشییانەی کە تووشمان بووە، تووشی پاشا و ڕابەرەکانمان بووە، تووشی کاهین و پێغەمبەرەکانمان بووە، تووشی باوباپیرانمان و هەموو گەلەکەت بووە، لە ماوەی پاشایەتی پاشاکانی ئاشورەوە هەتا ئەمڕۆ. 33 لە هەموو ئەوەی بەسەرمان هاتووە تۆ ڕاستودروستیت، چونکە تۆ دڵسۆزیت ئەنجام دا، ئێمەش خراپە. 34 پاشا و سەرکردە و کاهین و باوباپیرانمان کاریان بە فێرکردنەکەت نەکرد و گوێیان نەدایە فەرمان و ئاگادارکردنەوە توندەکانت کە پێت دان. 35 تەنانەت لە پاشایەتییەکەی خۆیان و لەو چاکە زۆرەی تۆ کە داتە ئەوان لەو خاکە فراوان و بەپیتەی کە خستتە بەردەمیان، خزمەتی تۆیان نەکرد و لە کردەوە خراپەکانیان نەگەڕانەوە.

36 «ئەمڕۆ ئێمە کۆیلەین ئەو خاکەش کە داوتە بە باوباپیرانی ئێمە هەتا لە بەروبووم و خێروبێرەکەی بخۆن، ئەوەتا ئێمە کۆیلەین لەسەری. 37 لەبەر گوناهەکانمان بەروبوومە زۆرەکەشی بۆ ئەو پاشایانەیە کە لەسەر ئێمەت داناوە، کە بەسەر خۆمان و ئاژەڵەکانماندا زاڵن، بەپێی ئارەزووی خۆیان. ئیتر ئێمە لە تەنگانەیەکی گەورەداین.

پەیمانی خەڵک

38 «لەبەر هەموو ئەمانە، ئێمە پەیمانێک دەبەستین و دەینووسینەوە، ڕابەر و لێڤی و کاهینەکانیشمان مۆری دەکەن.»

کردار 3

چاکبوونەوەی ئیفلیجێک

لە کاتی نوێژی کاتژمێر سێی[a] پاش نیوەڕۆ پەترۆس و یۆحەنا سەرکەوتن بۆ پەرستگا. لەبەردەم دەرگای پەرستگادا کە پێی دەگوترا دەرگای جوان، پیاوێک بە زگماک ئیفلیج دانیشتبوو، هەموو ڕۆژێک هەڵیاندەگرت‏ و لەوێ دایاندەنا تاکو سواڵ بکات لەوانەی دەهاتنە حەوشەکانی پەرستگاکەوە. پەترۆس و یۆحەنای بینی بە نیازن بێنە ناو پەرستگا، داوای خێری لێکردن. پەترۆس لەگەڵ یۆحەنا تێیڕووانی، گوتی: «سەیرمان بکە!» ئەویش چاوی تێبڕین و چاوەڕێی دەکرد شتێکیان لێ وەرگرێت.

پەترۆس گوتی: «زێڕ و زیوم نییە، بەڵام ئەوەی هەمە دەتدەمێ. بە ناوی عیسای مەسیحی ناسیرەییەوە، هەستە و بڕۆ!» ئینجا بە دەستی ڕاستی گرتی و هەڵیستاند، دەستبەجێ هێز کەوتە پێ و پاژنەکانی. ئیتر هەڵبەزییەوە و ڕاوەستا و دەستی بە ڕۆیشتن کرد، لەگەڵیان چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا، دەڕۆیشت و هەڵدەبەزییەوە و ستایشی خودای دەکرد. هەموو خەڵک بینییان دەڕوات و ستایشی خودا دەکات. 10 جا خەڵکەکە ناسییانەوە کە ئەوەیە بۆ سواڵکردن لەلای دەرگای پەرستگا دادەنیشت، ئەوەی کە پێی دەگوترا جوان، سەرسامی و حەپەساویش دایگرتن لەوەی بەسەری هات.

وتاری پەترۆس لە پەرستگا

11 کاتێک پیاوەکە خۆی بە پەترۆس و یۆحەناوە هەڵواسی بوو، هەموو خەڵکەکە بە سەرسامییەوە ڕایانکردە لایان بۆ ئەو ڕێڕەوەی کە پێی دەگوترا ڕێڕەوی سلێمان، کە هەردوو لای بە کۆڵەکە گیرابوو. 12 پەترۆس ئەمەی بینی، پێی گوتن: «پیاوانی ئیسرائیل، بۆچی لەمە سەرسامن؟ بۆچی چاوتان تێبڕیوین وەک ئەوەی بە توانا یان بە لەخواترسیمان وامان کردووە بڕوات؟ 13 خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، خودای باوکانمان، عیسای خزمەتکاری خۆی شکۆدار کرد، ئەوەی بە گرتنتان دا و لەبەردەم پیلاتۆس نکۆڵیتان لێکرد، کە بڕیاری دابوو بەریبدات. 14 ئێوە نکۆڵیتان لە پیرۆز و ڕاستودروستەکە[b] کرد و داوای وەرگرتنەوەی بکوژێکتان کرد. 15 سەرۆکی ژیانتان کوشت، بەڵام خودا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە و ئێمە شایەتین بۆ ئەمە. 16 ئەم پیاوەی ئێوە دەیبینن ‏و دەیناسن،‏ باوەڕی بەناوی عیسا هەبوو، بۆیە هێز و توانای بۆ گەڕایەوە. بە ناوی عیسا و ئەو باوەڕەی بەهۆیەوە دێت، لە‏بەرچاوی هەمووتان ئەم تەندروستییە تەواوەی پێ بەخشی.

17 «ئێستاش برایان دەزانم بە نەزانی ئەوەتان کرد، هەروەک ڕابەرەکانیشتان. 18 بەڵام خودا ئەوەی پێشتر لەسەر زمانی هەموو پێغەمبەرانەوە ڕایگەیاند، کە مەسیحەکەی خۆی ئازار دەچێژێت، ئاوا هێنایە دی. 19 کەواتە تۆبە بکەن و بگەڕێنەوە بۆ لای خودا تاکو گوناهەکانتان بسڕێنەوە، تاکو لەلای یەزدانەوە کاتی حەسانەوەتان بێت و 20 مەسیحتان بۆ بنێرێتەوە، ئەو عیسایەی کە پێشتر بۆتانی دیاری کردبوو. 21 ئەوەی دەبێت لە ئاسمان بیهێڵێتەوە، هەتا کاتی چاککردنەوەی هەموو شتێک[c]، ئەوەی لە کۆنەوە خودا لەسەر زاری پێغەمبەرە پیرۆزەکانییەوە باسی کردووە. 22 موساش گوتی: [یەزدانی پەروەردگارتان لەنێو برایانتاندا پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ دادەنێت، لە هەموو ئەوەی پێتانی دەڵێت گوێی لێ بگرن. 23 جا هەرکەسێک گوێ لەم پێغەمبەرە نەگرێت لەنێو گەل دەبڕدرێتەوە.][d]

24 «هەموو پێغەمبەرانیش، لە ساموئێل بەدواوە، هەموو ئەوانەی قسەیان کردووە، باسی ئەم ڕۆژانەیان کردووە. 25 ئێوەش کوڕی پێغەمبەران و ئەو پەیمانەن کە خودا لەگەڵ باوکانتاندا بەستی، بە ئیبراهیمی فەرموو: [لە ڕێگەی نەوەی تۆوە هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی بەرەکەتدار دەبن.][e] 26 کاتێک خودا خزمەتکاری خۆی هەستاندەوە، یەکەم جار بۆ ئێوەی نارد، بۆ ئەوەی بەرەکەتدارتان بکات بە گەڕانەوەی هەریەکەتان لە خراپەکانی.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.